زمانی دایکی هەرهەمووی لە خاڵیگەی دایکەوە دەست ‌پێدەکا!

عەلی فەتحی

زمانی دایکی،    زیادتر لەو زمانەیە کە فێری‌بووینە قسەی پێ‌بکەین. زمانێکە پێمان ‌دەڵێ خەڵکی کام شوێن و وڵاتی دیاریکراوین و لێی لەدایک‌بووینە. زمانی دایکە و لە سەرەتاوە بیستوومانە ئەو قسەی پێ‌دەکا، وەختێک هێشتا لەنێو مناڵدانی ئەودا بووینە. زمانێکە، هەر ئەو دایکە دواتر بەخێرهاتنی پێکردووین و هەستە جوانەکانی بەو دەربڕیوە، وەختێک چاومان بە دنیا پشکووتوە.

هەر کۆرپەیەکی ساوا لە مناڵدانی دایکدا، بە شێوەیەکی تایبەت گوێی لە دەنگی دایکی دەبێ. ئەو شێوە تایبەتە ناسراوە بە بیستنی «هەناوی». بەواتایەک، ڕاست لەو کاتەدا کە دایک دەخوازێ گوتەیەک بڵێ، پەردەی دیافراگمی کارادەکا بۆوەی دەنگی جۆراوجۆر بخوڵقێنێ، کۆرپە خوو بەو جووڵە جیاوازانەی دیافراگمی دایک دەگرێ. وەختێک لەدایک دەبێ و ڕاستەوخۆ گوێی لە قسەکردنی دایکی دەبێ، تۆنی دەنگی دایک و ڕیتمی ئاخاوتنەکە بۆ زەینی مناڵەکە ئاشنایە و پێشتر لەنێو مناڵداندا لەگەڵی ڕاهاتوە.

وەختێک مناڵ چاوی بە دنیا دەپشکوێ، شێوەی قسەکردنی دایک و باب لەگەڵ ئەو مناڵە تەواو جیاواز و تایبەتە. ئەوان زۆر لەسەرەخۆ و ئارام، زۆر خاوێن و ڕوون، شیرین و تەژی لە خۆشەویستی قسەی لەگەڵ دەکەن و گنی و بۆڵە لە دەربڕینی دەنگی پیتەکاندا بەدی ‌ناکرێ. چونکە دەزانن کەسێک لە بەرامبەریاندا هەیە و گوێی لە قسەی ئەوان گرتوە و ئەویش زارۆکی خۆیانە. هەروەها هەوڵ ‌دەدەن، ئەو مناڵە وشەکان وەرگرێ و لەگەڵیان بیڵێتەوە و بە لاساییکردنەوە فێری دەنگی پیتەکان بێ و تۆن و ڕیتم و ئاوازی گوتەکە لە زەینی خۆیدا تۆمار بکا. لێکۆڵینەوەیەک لە دانیشگای واشنگتۆن دەری‌ خستووە کە ئەگەر هەر هەمان قسەکردنی دایکوباب لەگەڵ مناڵ بەشێوەی تۆمارکراوی بۆ مناڵەکە دانێین، شتێکی ئەوتۆی لێ‌فێرنابێ و وەری ‌ناگرێ، تەنانەت ئەگەر دەنگەکە بەشێوەیەکی زۆر تایبەت و پرۆفێشناڵیش تۆمارکرابێ.

کۆرپە ساواکان جیا لە چاوەکان، بەردەوام سەیری زاری دایک دەکەن، چونکە دەنگ لەوێوە دێت. کۆرپەکان سەرنج دەدەن بە جوڵەی لێوەکان و بەرز و نزمکردنی دەنگی دایک لە کاتی گوتنی وشەدا. مناڵ خاوەن هێزێکی لەڕادەبەدەری لاسایی‌کردنەوەی ئەو وشانەیە کە لە زاری دایک دێنەدەر. ئەوەش بەتایبەت دوای پڕکردنی تەمەنی یەک ساڵی دەقەومێ و یەکەم وشەکان لەو تەمەنەدا دەڵێنەوە. کۆرپەکان، هەڵبەت زۆر پێشتر لە دەستپێکردنی ئاخاوتن، لە وشەکان تێدەگەن. وێنەی لەو شێوە قسەکردن و دەربڕینە بۆ ئێمەش دەقەومێ وەختێک سەرقاڵی فێربوونی زمانێکی بیانی دەبین. ئێمەش لە سەرەتادا لە زمانەکە تێدەگەین، بەڵام لە ئاخاوتندا گرفتمان هەیە.

هەموو دایکێک کاتی قسەکردن لەگەڵ کۆرپەکەی، شێوازێکی تایبەتی ڕوون و ناسک و شیرن دەکار دەکا و بەواتایەک بە زمانێکی مناڵانە دەدوێ کە لەگەڵ ڕوحی کۆرپەکە بگونجێ. ئەو تایبەتمەند‌ییانە لە زمانەکاندا جیاوازن. بۆ وێنە دەتوانین جیاوازی ئاخاوتن و لاواندنەوە و لایەلایەی دایکانی ئاڵمانی و کوردی بە ئاشکرا ببینین. هەڵبەت، بە گریانی مناڵانی تازەلەدایکبووش دەتوانین جیاوازی زمانی دایکی‌ مناڵەکان ببینین. مناڵان خۆیشیان لە تەمەنی ١٢ مانگیدا بەئاشکرا هەست بە جیاوازی زمانەکانیتر لەگەڵ زمانی دایکی خۆ‌یان دەکەن.

هەمووی ئەو باسەمان تا ئێستا لەبەر ئەوە بوو کە بڵێین «زمانی دایکی»، وەکوو دەستەواژەیەک چەندە گرینگ و بەنرخە. ئاخر گوتمان کە زمانێکە کۆرپە لە زگی دایکییەوە خووی پێدەگرێ و کاتێک چاویشی بە دنیا دەپشکوێ، هەر بەو زمانە لە جیهانی دەوروبەری خۆی تێدەگا. دەستەواژەی «زمانی دایکی» بۆ یەکەمجار لە سەدەی 6ی زایینیەوە لەلایەن ڕاهیبەکانی کلیسای «گۆرزە» هاتەگۆڕێ. ئەوانە ڕاهیبەکانی کلیسای ڕۆمانی «کلۆنی»یان ناچارکرد ئیزنیان پێ‌بدەن لە خوتبەکانیاندا کەڵک لە زاراوەی فرانسی وەرگرن. بەپێی زانیارییەکان، ئەوەندەمان لێ ڕوونە کە ژنانی دەڤەری «گۆرزە» بە زاراوەی تایبەتی خۆیان قسەیان کردووە و پیاوەکانیان ڕوویان لە فێربوونی دیالێکتی ڕۆمانی کردووە کە زمانی ئاخاوتنی کلیسا بووە.

ئەگەر قبوڵی ئەو خاڵە بنەڕەتییە بکەین کە زمان هەرتەنیا ئامرازی پەیوەندی گرتن نییە، بەڵکوو ئاوێنەی بیر و هزر و دەرخەری دنیای هەست و سۆزیشمانە، ئەوسا تێدەگەین کە وەختێک قسە دەکەین، بەڕاستی کێین. وەک  کسێنۆس و تێئایتیتۆس، فیلسۆفە ئیفلاتوونییەکان دەڵێن: زمان و فکر یەک شتن. کسێنۆس دەڵێ: گوتە و فکر یەک شتن، تەنیا جیاوازییان لەوەدا کە فکر دیالۆگێکی دەروونی مرۆڤە لەگەڵ ڕوح، بێ ئەوەی هاتبێتە سەر زار و دەنگی لێوە هاتبێ.

زمانی دایکی ئەگەر زمانی ئاخاوتنە، ئەگەر ئامرازی پەیوەندی گرتنە و بە یارمەتیی ئەو دەتوانین بەیانی هەستە ڕوحییەکانی خۆمان بکەین، لە هەمان کاتیشدا وەکوو پێناسێکی نەتەوەیی مرۆڤ سەیردەکرێت. گرینگی تایبەتی پێ دەدرێ چونکە نەخشی بنەڕەتی لە گەشە و پەروەردەی مناڵدا هەیە. وڵاتانی پێشکەوتوو، یەک لەوان سوئێد، بەپێێ ئاکامی لێکۆڵینەوەکان، ساڵانێکە بەو قەناعەتە گەیشتوە کە دەبێ ئیمکاناتی تەواو بۆ پەروەردەی مناڵە بیانییەکان تەرخان ‌بکا بۆوەی بتوانن باشتر و زانستیانەتر ڕابێن و زمانی دایکیی ئەو مناڵانەش پێپلەکانی مەحکەمی سەرکەوتنیانە لە کۆمەڵگای سوئێدی‌دا.

زمانی دایکی ئەگەر بە ناوی دووهەمی پێناسە‌ بکرێت، «زمانی ‌نەتەوەیی» باشترین و گونجاوترین پێناسەیە بۆی. چونکە گرینگترین ئامرازی پەیوەندی کۆمەڵایەتییە، ئامرازێک کە دەتوانێ بەیانی فەلسەفەی تایبەتی ژیانی هەر تاکێک لە کۆمەڵگەدا بکا. زمان بنیاتێکی کۆمەڵایەییە و فەلسەفە و شێواز و ئەخلاقی تایبەتی ژیانی کۆمەڵگەی پاراستوە و بەیانی دەکا. گشت ئەزموونەکان، بەها و ئەرزیشەکان، بیروبۆچوون و فکرەکان، هەرهەمووی ئەوانەی بەدرێژایی مێژوو لە کۆمەڵگەیەکدا پەسند کراون و مڵکی نەتەوەیەکن و، لە زمانی ئەو نەتەوەیەدا تۆمارکراون. تەواوی ئەوانەش بە یارمەتیی ڕێزمان، مۆرفۆلۆژی و شێواز، وشە و مانا و ئیستعارە و چەمک و مەبەست مێژووی کلتووری سیاسی نەتەوەکە پێک‌ دێنن.

زمانی دایکی هەروەک گوتمان دنیای ئەو نەتەوەیەیە، هەر چی لەباری فەرهەنگییەوە دەوڵەمەندتر بێ، لە زانست و پەروەردەدا پێشکەوتووتر بێ، خاوەن دەوڵەت و ئابووری سەربەخۆی بەهێزتر بێ، زمانەکەشی دەوڵەمەندتر، زیندووتر و قابیلتر دەبێ. ئاڵفۆنس دوودە، نووسەری فەڕانسەوی ڕستەیەکی زۆر جوانی هەیە و دەڵێ: «هەر نەتەوەیەک زمانی دایکیی خۆی فەرامۆش بکا، ڕاست وەکوو ئەوە وایە یەخسیرێکی زیندانی کلیلی ژووری زیندانەکەی ون‌کردبێ.»

ئێمە ئێستا کە لە مانا و گرینگی زمانی دایکی وەکوو زمانی نەتەوەیی تێگەیشتین، بەدڵنیاییشەوە دەبێ هەست بە مەترسی کزکردن و پاشگوێ ‌خستن و لەپەراوێز هاویشتن و فەوتاندنی زمانەکەمان لەلایەن نەفام و نەیاران بکەین. زمانی کوردیمان، ئاوێنەی باڵانوێنی شارستانیەتی ئێمەیە و مەرگی ئەو نەک بە مانای مەرگی گۆشەیەک لە شارستانییەتی جیهانە، بەڵکوو فەوتان و توانەوەی نەتەوەکەشمانە. هەموو زمانەکانی دنیا لە بەرامبەر مەترسیدان، ئەگەر بەشێوەی کردەیی دەکارنەکرێن و نەپارێزرێن. بەپێی ئاماری ڕێکخراوی یۆنسکۆ کە دەڵێ ٦٥٠٠ زمان لە دنیا هەیە و نیوەیان مەترسی فەوتانیان لەسەرە و لەگەڵ ئەو تێداچوونەش جیهانێک لە کەلتوور و شارستانییەت و میراتی فەرهەنگی و فکری  دەفەوتێ. تەنیا لە ٣٠٠ ساڵی دواییدا، ژمارەیەکی سەرسوڕهێنەر لە زمانەکان بەتایبەتی لە ئوسترالیا و ئامریکای لاتین فەوتاون و نەماون. هەر بەپێی ئامارەکانی یۆنسکۆ، لە ئێرانی بەڵا و مەلا لێدراودا، بیست و چوار زمان مەترسی فەرامۆشی و فەوتانیان لەسەرە، دوو زمان هەر بە تەواوی تێداچوونە و پێنج زمانیش کەس قسەیان پێ ‌ناکا. لەخۆڕا نییە ڕێکخراوی یۆنسکۆ ڕۆژی ٢١ فێورییەی وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی بەشێوەی سیمبۆلیک پەسند و دیاری‌کردوە. ئەو دەخوازێ گشت ساڵێک لەو ڕۆژەدا، هەم بیروڕای جیهانی وشیار بکاتەوە هەم خەڵک و دەوڵەتان هان‌بدا بەمەبەستی پاراستنی زمانەکانی دنیا ڕێوشوێنی پێویست و خێرا و گونجاو بگرنەبەر. یۆنسکۆ هەوڵ‌ دەدا پێش بە فەوتانی کولتوور و شارستانییەتی میللەتانی بێدەرەتان بگرێ، چونکە باش دەزانێ مەترسیی تێداچوونیان لەسەرە.

دیاریکردنی ڕۆژی ٢١ی فێورییە لەلایەن یۆنسکۆوە هەروا لەخۆڕا نەبووە. ئەو ڕۆژە پێشینەیەکی مێژوویی خوێناوی هەیە. لەو ڕۆژەدا خوێندکارانی دانیشگاکانی شاری داکای پێتەختی بەنگلادێشی ئەمڕۆ کە ئەو سەردەم هێشتا سەربەخۆیی دەستەبەر نەکردبوو و بەناوی پاکستانی ڕۆژهەڵات دەناسرا ڕێپێوانیان ڕێک خستوە. خوێندکارەکانی دانیشگای داکا و دانیشگای پزیشکی بەتایبەت نەخشی بنەڕەتییان هەبووە. ئەوانە داوایان کردوە زمانی دایکی (بنگالی) وەکوو زمانی دووهەم لەتەنیشت زمانی ئۆردوو بخوێندرێ. مەخابن پۆلیس دەستڕێژی لێکردوون و ژمارەیەکی زۆری لەو خوێندکارانە کوشتوە. دواتر کە بەنگلادش سەربەخۆیی دەستەبەرکرد، داوا لە ڕێکخراوی یۆنسکۆ کرا بەیادی ڕێزگرتن لەو قوربانییانە ئەو ڕۆژە وەکوو ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی دیاری ‌بکا. یۆنسکۆ لە ١٧ی نوامبری ساڵی ١٩٩٩دا ڕۆژی ٢١ی فێورییەی پەسندکرد و لەوساوە ئیدی ئەو ڕۆژە هەموو ساڵێک ڕێزی لێ دەگیرێ.

دوایین وتەمان لەو بارەوە، دەبێ بڵێین کە زمانی دایکی شێوەی ڕەنگی چاو، قەوارەی کەپۆ، چۆنیەتی و هێمای برۆ و گەلێک تایبەتمەندی عەینی و زێهنی مرۆڤن و ئێمە خۆمان لە دیاریکردن و هەڵبژاردنیاندا نەخشمان نەبووە و بوونەتە بەشێک لە پێناسەی ئێمە. بۆیە لەهەر جێگایەک بژین، یا بۆ هەر شوێنێ سەفەر بکەین، پێویستە لەگەڵ مناڵەکانمان بە زمانی دایکی بدوێین و ئەوان هان ‌بدەین و فێریان بکەین زمانی دایکی بەچاکی فێربن و لێی‌تێبگەن. دەبێ یارمەتیان بدەین و بەردەوام داستان و شێعریان بۆ بخوێننەوە و باسی کولتوور و شارستانیەتی خۆمانیان بۆ بکەین و هەوڵ‌بدەین گوێیان بە مۆسیقا و چاویان بە فیلم و ڕوحیان بە شانازی و سەرکەوتنەکانی نەتەویی خۆمان ئاشنا بکەین.