سێهەمین کۆنفڕانسی شوڕای دیموکراسیخوازانی ئێران لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پایتەختی سوید بەڕێوە چوو

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بەرامبەر بە ٨ی فێبریواری ٢٠٢٠ی زایینی لە شاری ستۆکهۆڵم،ی پایتەختی سوید بە بەشداری حزبەکانی پێکهێنەری شوڕای دیموکراسیخوازانی ئێران کۆنفڕانسی سێهەمیان بەڕێوە برد.

لەم کۆنفرانسەدا کە بە بەشداریی بەشێک لە ئەندامانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە کوردستانی و ئێرانییەکان و لەژێر چەتری ناوەندی شۆڕای دێموکراسی‌خوازانی ئێران و، بە ئامادەبوونی بەشێکی بەرچاو لە سیما ناسراوەکانی گۆڕەپانی سیاسیی ئێران، چالاکانی سیاسی، حیزب و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی و چەندین کاناڵی تەلەفزیۆنی، کوردی، ئێرانی و عەرەبی وەک تەلەفزیۆنی کوردکاناڵ، ئێران ئینتێرناسیۆناڵ، ئەلعەرەبییە، ئەلحەدەس، سکای نیوز، کەلێمە و هەم ئاوا بەڕێوەچوو. شاندێکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە سەرپەرەستیی کاک خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزب بەشدار بوو.

ئەو کۆنفڕانسە سەرەتا بە بەخێر هێنانی میوانان لە لایەن بەڕیوەبەری بەرنامە خاتوو هێرۆ نامداری دەستی پێکرد، پاشان هاوڕێ کەمال حەسەنپوور بە دوو زمانی سویدی و ئینگلیسی، ناسنامەیەکی پوخت و تێرو تەسەلی سەبارەت بە چۆنیەتی دامەزرانی شۆڕای دیموکراسی خوازان و سیاسەت و کارکردی ئەو شۆڕایە پێشکەش کرد. بە دوای ئەو دا بەڕێز کاک ئەحمەد مورتەزایی ئەندامی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵە و وتەبێژی دەورەیی شۆڕای دیموکراسی خوازان، کۆنفڕانسەکەی بە ڕەسمی کردەوە.
بەرنامەی کاری کۆنفڕانس دابەش کرابوو بە سەر دوو پانێل دا و بەشی کۆتاییش تەرخان کرا بۆ وتاری میوانان.

وتار بێژی یەکەم بەڕێز خالید عەزیزی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان بوو. سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە باسەکەی خۆیدا ئاماژەی بەوە کرد کە، خودی ئۆپۆزیسیۆن بوون ناتوانێ ئەرکی سەر شانی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان سووک بکا، لەبەر ئەوەی زۆرینەی خەڵکی ئێران ئێستا لە بەرەی دژبەری کۆماری ئیسلامی‌ دان، هەر بۆیە پێویستە حیزبە سیاسییەکان لە ئاستی ئۆپۆزیسیۆن بوون هەڵکشێن و بیر لە بوون بە ئالتێرناتیڤی کۆماری ئیسلامی بکەنەوە. بەڕێزیان لەم بەشە لە وتارەکەیدا پێی وابوو ئەگەر کەشوهەوایەکی شۆڕش بەسەر ئێراندا زاڵە و خەڵک بە بەردەوامی ناڕەزایەتی دەردەبڕن؛ بەڵام بەبێ ڕێبەرییەکی کارامە، بێتوو شۆڕشیش سەر بگرێ دەتوانێ لە داهاتوودا لێکەوتەی نەرێنیی هەبێ.
لە درێژەی وتەکانیدا، بەڕێز خالید عەزیزی بە لەبەر چاو گرتنی فرەنەتەوەیی بوونی ساختاری جوغرافیایی ئێران باسی لە، مێژووی هاوچەرخی ئەم وڵاتە و هەروەها سیستمی دەسەڵاتی ناوەندگەرای ئەم وڵاتە لەم ماوە زەمەنییەدا کرد و، لەسەر ئەم باوەڕە بوو کە ئەگەر پێشتر سەرنج بدرایەتە سەر گەلانی تری ئێرانیش؛ ئێستا هیچ کام لە گەلانی ئەم وڵاتە بە تایبەتی گەلی کورد بەرەوڕووی ئەم کێشە هەنووکەییانە نەدەبۆوە.
سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە بەشێکی تری باسەکەیدا: “بەشداریی چالاکانەی گەلانی ئێران لە سیستمی ئیداریی ئەم وڵاتە، یارمەتیدەری بەرەوپێشچوونی وڵات لە ڕووی سیاسی، ئابووری، ئەمنیەتی و کۆمەڵایەتییە و، ئەوەی کە خەڵک لە لەتبوونی ئێران دەترسێنێ؛ سیاسەتێکە بۆ ئەوەی حاشای لە نەتەوە بندەستەکان بکا و، دەبێ وەکوو فاکتۆرێکی گرینگی گەیشتن بە دێموکراسی سەیری گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد بکرێ.
کاک خالید عەزیزی لە بەشی کۆتایی قسەکانیدا باسی لە سێ فاکتۆری سەرەکیی دابینکەری دێموکراسی لە داهاتووی ئێران کرد، کە بریتی بوون لە؛ یەکەم: سازان و تەوافوق، دووهەم: بە چاوی دەرفەت سەیری گەلان و کەمینەکانی ئێران بکرێ و، سێهەم: لەمپەر دروست نەکردن لەبەردەم گەیشتن بە مافی گەلی کورد لە داهاتوودا، لە بەر ئەوەی ئەگەری ئەوەی هەیە سیاسەتی پەرچەکردارانەی لێ بکەوێتەوە.

پاشان بەڕێز محەمەد میسری بەنوێنەرایەتی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بابەتێکی لەسەر پێویستی هاودەنگبوون لەم کات و ساتە هەستیارەدا پێشکەش کرد. وتاربێژی سێهەم بەڕێز عەباس خورسەندی لە بەرەی دیموکراتیکی ئێران بوو. بەڕێزیان ئاماژەی بە هاوکاری نیوان شۆڕا و کۆڕبەندەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و هەرەوها حیزب و ڕێکخراوەکانی سیاسی ئێران و نەتەوەکانی جێگیر لە جوغرافیای ئێران کرد و وتی: دەرگای شۆڕا بۆ گشت حزب و لایەنەکانیتر ئاوەڵەیە. چوارەم وتاربێژی پانێلی یەکەم بەڕێز دکتۆر کەریم عەبدیان بوو کە باسێکی گرنگی لەسەر دۆخی نێوخۆ و نێودەوڵەتی ئێران پێشکەش کرد. پاشان بەڕێز ئەحمەد لبادی لە حیزبی دیموکراتی کوردستان کە یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەو کۆنفڕانسە بوو،بە ئاماژە بە خاڵ و بڕگەکانی پانێلی دووهەم، داوای لە کۆڕگێڕان کرد کە بۆ پێشکەش کردنی وتەکانیان خۆیان ئامادە بکەن. لە پانێلی دووەمدا بەڕێز ناسر بلیدایی سکرتێری گشتیی حزبی خەڵکی بەلووچستان، خانم د.سیمین سەبری نوێنەری بیرلیک، بەڕێز فەرامەرز بەختیار سکرتێری گشتیی حزبی لوڕستانات، بەڕێز یوسف کۆڕ لە ڕێکخراوی سیاسی و کولتووری تورکمان، بەڕێز عەزیز دادیار لە بەرەی یەکگرتووی بەلووچستان وتارەکانیان خوێندەوە. بەشی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە تەرخان کرابوو بۆ وتاری میوانەکان کە بریتی بوون لە: ئاغای شەهریاری ئاهی، ئاغای حەسەنی ئیعتمادی، دوکتور یحیای، عەلی جەوانمەردی، ئاغای سەدرالشرڕافی و بیژەن قارەمانی. پاشان چەند پارجە موزیکی ئازەری لە لایەن گرووپێکی موزیکەوە پێشکەش کرا کە جێی رەزامەندی ئامادەبووان بوو. بەشی کۆتایی ئەو کۆنفڕانسە بڕیاڕنامەی کۆنفڕانسەکە بوو کە بە دوو زمانی ئینگلیسی و فارسی لە لایەن بەڕێزان د.کەریم عەبدیان و ئازاد مستۆفی خوێندرایەوە. لە بڕیارنامەکەدا پشتگیریی لە پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر بۆ ڕووخانی ئێران و هەروەها پشتگیریی لە هەموو بزووتنەوە مەدەنییەکانی نێوخۆ کرابوو. لە کۆتایی بڕیارنامەکەدا هاتووە: شووڕای دیموکراسیخوازان باوەڕی وایە ئەو هێزە دەتوانێ دیموکرات بێ کە دووچاوگی نەتەوەیی و ڕەگەزیی و مەزهەبی و شارۆمەندیی و هەروەها مەزهەبی فەرمی وڵاتی وەلاوە نابێ. حزبەکانی پێکهێنەری شووڕای دیموکراسیخوازان بریتین لە:
– حیزب دیموکراتی کوردستان
– ڕێکخراوی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستان
– ئیتحادی دیموکراتیکی ئاذربایجان، بیرلیک
– جبهە دیموکراتیکی ئێران
– بەرەی یەکگرتووی بلوچستان
– بزووتنەوەی یەکگرتووی دادخواە  
– حیزبی تەزامونی دیموکراتیکی ئەهواز
– حیزب لورستانات
– حیزبی گەلی بلوچستان
– ڕێکخراوی فەرهەنگی سیاسی ئاذربایجان
– ڕێکخراوی فرهنگی سیاسی تورکمن سەحرا