دیداری پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئوسترالیا

ڕۆژی چۆارشەممە ٢٩/١/٢٠٢٠ سەعاتی ٩و نیوی بەیانی سەلاح پورئەسەد بەرپرسی بەشی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا لەگەل گراھام پیریت، نوێنەری پارلمانی فیدرالی ئوسترالیا وبەرپرسی لێژنەی مافی مرۆڤی پارلمان کۆبۆوە.

لەو کۆبوونەوەیە دا، سەرەتا سەلاح پورئەسەد باسێکی لە بارەی خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانەی ئێران و کوردستانی کرد کە خەڵکی وەزاڵە ھاتووی دژی دیکتاتۆری مەزھەبی بەڕێوەیان برد. ئاماژە بە ڕادەی پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ و سەرکوتەکانی کۆماری ئیسلامی دژی خۆ پێشاندەران کرد کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژ دا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس بە دەستی بەکرێگیراوانی ڕژیم شەھید و ھەزاران بریندار و ھەزاران گیراوی لێ کەوتەوە. ھەروەھا باسی ئەوەش کرا کە چۆن بە فەرمانی خامنەیی دەستوری کوشتاری بە کومەڵ دراوە و بۆ بڵاو نەبوونەوەی ھەواڵی ئەو کوشتارە ئینترنیتیان لە خەڵک بڕیوە. لە بەشێکی دیکەی باسەکان دا، سەلاح پورئەسەد ئێشارەی بە چوونە سەری رێژەی بێکاری لە ئێران  بە گشتی و کوردستان بە تایبەتی بە هۆی بە ئەمنیەت کردن و میلیتاریزە کردنی لە لایەن دەولەتەوە کرد، کە  ئەم بێکارییە بۆتە هۆی ئەوەی کە خەلک بۆ بژێوی ژیان مەجبور  بە رۆیشتن و جێهێشتنی مال وزێدی خۆیان دەبن، نەتەوە دەستەلاتدارەکان ئەم هەلە دەقۆزنەوەو خۆیان لە جیاتی کوردەکان لەوێ نیشتەجێ دەبن کە ئەمە لە درێژ خایەندا دەبێتە هۆکاری گۆرینی دێموگرافی ناوچە کورد نشینەکان لە  ئێران، ئەم  کردەوەی رژیم کەمتر لە جنایەیەکانی دیکەی  نییە. ئاخر بەشی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بوو بە وەزعیەتی نالەباری کۆڵبەران و ئەو کوشتارانەی بە درێژایی سنوور لەو کەسانە دەکرێ کە بۆ بژیوی ژیان کاری کۆڵبەری دەکەن. لە کۆتایی کۆبوونەوەکە دا ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی لە سەر ژومارەی شەھید، بریندار و گیراوەکانی خۆپێشاندانەکان ئەو دواییانە و تێکرای گیان بەخت کردوەکانی کۆلبەر و بریندارەکان درایە دەست گراھام پیریت. ناو براو وێرای خۆشحاڵی لەو چاو پێکەوتنە بە وردی گوێی بۆ باسەکان ڕاگرت و وێڕای بە داخ بوون لە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی بە بایەخەوە دۆکیمەنتەکانی پێشکەش کرا و بەڵێنی دا بۆ داواکاری حیزبی دێموکراتی کوردستان لەوپیوەندیەدا بەدواداچون بۆ ئاگادار بوون لە وەزعی گیراوەکان بکات و ئەوکێشە بە نوسراوە بگەیەنێتە وەزیری دەرەوە و بە نامە جواب وەرگرێتەوە.ھەروەھا بەڵێنی ئەوشی دا کە کارئاسانی بکەن بۆ کوردەکانی ڕۆژھەڵات کە لە ئەیالەتەکانی دیکە دەژین بۆ ئەوەی بتوانن بە دیتنی هەرچی زیاتری ئەندامانی پارلمان و سناتۆڕەکان بۆ دانی زانیاری پێویست تا ئەوانیش بەدواداچون بکەن بۆ چارە نووسی گیراوەکان و هەروەها پێشێل کاریەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان.

پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان – ئوسترالیا