بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی دووی ڕێبەندان لە وڵاتی سوید

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲٥ی ژانوێ ۲٠۲٠ یادی دووی ڕێبەندان ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان ، بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاوی ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد بەرز ڕاگیرا.

دەسپێکی ڕێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب بوو کە لە لایەن کۆرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەش کرا و پاشان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردوکوردستان ساتێک بێدەنگی ڕاگەیەندرا.


بەڕێوەبەرانی بەرنامە بەڕێزان مەریوان نستانی و ڕێزان باڵەکی بە زمانی کوردی و سوئێدی بەخێرهاتنی بەشداربوانیان کرد و داوایان لە بەڕێز نەبەز عەلیدوست جێگری بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە وڵاتی سوئێد کرد کە پەیامی کۆمیتەی سوئێد پێشکەش بکات. هاوڕێ عەلی دوست پاش بەخێرهاتنی بەشداربووان بە کورتی باسی لەسەر مێژووی دووی ڕێبەندان و دەسکەوتەکانی کرد و هیوای خواست کە ئامانجەکانی بەدی بێ.


بەڕێز سەعید بیگزادە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی پێشکەش کرد. بەڕێز بیگزادە لە درێژەی باسەکەی دا ئاماژەی بە ناڕەزایەتیەکانی کۆمەڵانی وەزاڵەهاتووی ئێران و بێدەسەڵاتی ڕێژیمی لە ئاست ئەو تەوژمەدا کرد. ئەو ڕووداوە تازانەش وادەخوازن کە هەموو هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان و ئێران بەرپرسیارانە و یەکگرتووانە بەرەوڕووی ڕووداوەکان ببنەوە، ئەو پێداگری لەسەر ڕۆڵی گرینگی ناوەندی هێزە کوردستانیەکان کرد و پێی گرینگ بوو کە لایەنەکانی دیکەش لە قەوارەیەکی یەکگرتوو کۆببنەوە، تەنانەت چالاکوانان و ڕووناکبیران و هەموو تاکێکی کورت لە ئاست رووداوەکان دا بەرپرسایەتیی گرینگیان هەیە و هاوکات خەباتی ژینگەپارێزان و چالاکوانانی ناوخۆی کە پێشمەرگەئاسا هەنگاو دەنێن بەرزنرخاند.

پەیامی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن د. سۆزان فەتحی پێشکەش کرا.

پەیامی حیزبی سوسیال دیموکراتەکانی سوئێد لەلایەن ئەندام پەرلەمان سەرکان کۆسە پێشکەش کرا.

پەیامی پارتی چەپی (ڤێنستر پارتی) سوئێد لەلایەن توبیاس تێنگسترۆم پێشکەش کرا.

پەیامی حیزبی ژینگەی سوئێد لەلایەن کاک کەماڵ حەسەنپوور خوێنرایەوە.

پەیامی ڕێکخراوەی لاوانی سۆسیال دێموکرات (SSU) لە لایەن نوێنەری ڕێکخراوەکەیان شاهین خوسرەوی پێشکەش کرا.

پەیامی یەکیەتیی ژنانی دیموکراتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد لەلایەن بەرپرسی ئەو رێکخراوە خاتوو لەتیفە جەباری پێشکەش کرا.

پەیامی یەکیەتیی لاوانی دیموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆمیتەی سوئێد لەلایەن بەرپرسی لاوان ئاکار نستانی خوێندرایەوە.

ھەروەھا ئەم حیزب و ڕێکخراوانەی خوارەوەش پەیام و بروسکەی پیرۆزبایی خۆیان بۆ ڕێوڕەسمی ٢ی ڕێبەندان ناردبوو:

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران کۆمیتەی سوئێد کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان کۆمیتەی سوئێد ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێری کوردستان کۆمیتەی سوئێد

پارتی دیموکراتی کوردستان

یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان

بزوتنەوەی گۆڕان

فدراسیۆنی کۆمەڵە کورد و کوردستانیەکان لە سوئێد

حیزبی کومونیستی ئێران

ریکخراو دیموکراتیک یارسان

پارتی سوسیالیستی کوردستان پ .س.ک.

پەیامی کاک سەید عەلی ھاشمی

رێکخراوی خەباتی شوڕشگێڕی کوردستان پەیامی نوێنەرایەتی کۆمەڵە لە دەرەوەی وڵات

بەڕێز ڕەحمان نستانی بە وتنی حەیرانێک بەشداری کرد.

کۆتایی بەشی یەکەمی مەراسمی دووی ڕێبەندان بە سروودێک و نمایشی هەڵپەرکێی کوردی کە لە لایەن یەکیەی لاوانەوە پێشکەش کران کە لە لایان بەشداربووانەوە بە گەرمی پێشوازیان لێکرا.

بەشی دووهەمی مەراسمەکە بە دەنگی هونەرمەندانی بە توانا ڕۆژ کەریم، حەمید عوسمان و باوان کەریمی و چەندین موزیکژەنی بەتوانا تاکو کاتژمێر ۱ی شەو درێژەی هەبوو.