پێشمەرگەیەکی دێرینی ح د ک لە وڵاتی نۆروێژ کۆچی دوایی کرد

رۆژی یەکشەممە ٢٩ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، هاورێ “عەبدوڵڵا مینوویی” ناسراو بە عەبە باوە، پێشمەرگەی دێرینی حیزبی دێموکراتی کوردستان، پاش ساڵانێک زۆر بەربەرەکانی دەگەڵ نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ کۆجی دوایی کرد. عەبدوڵڵا مینوویی کوڕی سەید شەریف، ساڵی ١٣٢٣ی هەتاوی لە گوندی “نێ”ی ناوچەی مەریوان لە بنەماڵەیەکی کوردپەرەر و دیار و ناوداری ئەو ناوچەیە چاوی بە ژیان هەڵیناوە. پاشان ماڵیان باری کردووە بۆ شاری مەریوان و عەبدوڵڵای نێردراوەتە بەر خوێندن و توانیویەتی تا پۆلی شەشی سەرەتایی درێژە بە خوێندن بدات. ناوبراو هەر لە مێرمنداڵییەوە روو دەکاتە کار و کاسبی و ماوەیەکی زۆر سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و راوەماسی و فەترەیەک وەک چێشتلێنەر لە فەرمانداریی ئەوکاتی شاری مەریوان و چەند ساڵێکیش سەرقاڵی کاری شۆفێری لە رێگاوبانەکانی ئێران و کوردستان دەبێت. کاک عەبدوڵڵا وەک باقی شۆڕشگێڕان و نیشتیمانپەروەرەکانی دیکەی شاری مەریوان، لە ناڕەزایەتییەکان و خۆپێشاندانەکان دژ بە نیزامی پاشایەتی چالاکانە بەشداری دەکات و بە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧، یەکێک لەو کەسانە بووە کە بۆ پارێزگاریکردن لە خەڵکی شاری مەریوان لە کومیتەی شاری مەریواندا ئەندام بووە. پاش هێرشی نیزامی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان، عەبدوڵڵا دێتە ریزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات و وەک پێشمەرگەیەکی ئازا و دڵسۆز و وەفادار بە رێبازی هاوڕێ شەهیدەکانی، درێژە بە ئەرکی پێشمەرگانەی خۆی دەدات و لە ئۆڕگانە جۆراوجۆرەکانی حیزب خزمەت دەکات. دوای چەندین ساڵ پێشمەرگایەتی، لو کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٧٥ی هەتاوی، رێگەی هەندەران گرتە بەر و لە وڵاتی نۆڕوێژ گیرسایەوە و هەتا ئەو کاتەی کە تووشی نەخۆشی بوو، وەفادار بە بەڵێن و حیزبەکەی مایەوەو و وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزب درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی دا. هاوڕێ “عەبدوڵڵا” مرۆڤێکی بە بیروباوەڕ، قسە خۆش و مەشرەف خۆش، دڵپاک و خاکی و خەڵکی و هەر ئەو تایبەتمەندییانەش بوو کە لە ناو کۆڕی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و خەڵکی شاری مەریوان و دەوروبەریدا خۆشەویستیان کردبوو و جێی رێز و متمانەی هەموو لایەک بوو. شایانی باسە پاشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە ١ی رێبەندانی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بەشداری بنەماڵەی بەڕێزیان و خزم و کەسوکار و کۆمەڵێکی بەرچاو لە هاوڕێ و هاوسەنگەرانی و کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان، هاوڕێ “عەبدوڵڵا مینوویی” بە شاری “ساشبۆرگ”ی وڵاتی نۆڕوێژ بەڕێزەوە بە خاک سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان، بە بۆنەی کۆچی ناوادەی هاوڕێ عەبدووڵا مینووی،یەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.