لە شاری ستەڤانگێری وڵاتی نۆڕوێژ یادی کۆماری کوردستان بەرز راگیرا

ئێوارەی رۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بۆنەی دووی رێبەندان، ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان. بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگرانی حیزب، کومیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان، لە شاری ستەڤانگێری نۆڕوێژ، رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد. سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێک وەستان و بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری و بەختیاریی کوردستان دەستی پێ کرد. پاشان وتەی بەخێرهێنان لە لایان پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “دڵنیا مەحموودی”یەوە پێشکەش کرا. پاشان پەیامی کومیتە ناوچەی “رۆگلاند”ی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان هاوڕێ “قادر قازانی” بەرپرسی کومیتە ناوچەی “رۆگلاند”ەوە خوێندرایەوە. دوابڕگەی ئەو رێوڕەسمە کە بڕگەی هونەری بوو، بە دەنگی خۆش و هەستبزوێنی هونەرمەندان “شێرکۆ مەریوانی” و “نەجمان سندی” و بە دەست و پەنجەی رەنگینی مووزیکژەنی بەتوانا “دیار کەریم”، هاوکات دەگەڵ شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان، تا درەنگانی شەو بەردەوام بوو. شایانی باسە، هەر لە سنووری کومیتە ناوچەی “رۆگلاند” و لە یەکێک لە کەمپەکانی پەنابەری، بە دەستپێشخەری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ناوکانی هاوڕێیان “رامین رەحیم مستۆ” و “عەلی عەزیز پوور”، بۆ رێزگرتن لە یادی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان، رێوڕەسمێکی خنجیلانە بەڕێوە چوو. ئەو رێوڕەسمەش بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب و چەند ساتێکی بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەل دەستی پێ کرد. سەرەتا پارچە هۆنراوەیەک لە لایان “هاوڕێ رامین رەحیم مستۆ”وە خوێندرایەوە. بەدوای ئەودا “هاوڕێ عەلی عەزیز پوور” باسێکی لەسەر هۆکار و مێژوو و تایبەتمەندییەکانی کۆماری کوردستان پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. ئەو رێوڕەسمەش بە شایی و هەڵپەڕکێی ئامادەبووان تا دەرەنگانی شەو درێژەی کێشا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتە نۆروێژ