بەڕێوەچوونی سمینارێکی سیاسی لە وڵاتی نۆروێژ

پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢٨ی بەفرانباری ١٣٩٨ی هەتاوی، لە بەرەبەری ٢ی رێبەندان ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی نۆروێژ، سمینارێکی سیاسی تەشکیلاتی بۆ هاوڕێ “سەعید بەگزادە” ئەندامی کومیتەی ناوەندی و بەرپرسی گشتیی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێک هێنا. ئەو سمینارە کە بە بەشداری کۆمەڵیکی بەرچاو لە ئەندامانی حیزب و چەند هاوڕێیەکی رێبەری بەڕێوە چوو، بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و بەخێرهێنانی بەشداران و راگەیاندنی خولەکێک وەستان و بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان لە لایان هاوڕێ “جەماڵ فەرخەپوور” ئەندامی کومیتەی نۆڕوێژەوە دەستی پێ کرد. پاشان هاوڕێ “حەسەن غەمبار” بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژ، وێڕای بەخێرهێنانی ئەندامانی رێبەری و ئەندامانی حیزب و هاوکات پیرۆزبایی٢ی رێبەندان، مەبەست و گرنگی ئەو سمینارەی بۆ ئامادەبووان خستە روو.
ئەوجار هاوڕێ “سەعید بێگزادە” وێڕای پیرۆزبایی ٧٤ەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی کۆماری کوردستان، باسێکی پوختی لە سەر بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کێشەکانی ئەو دواییانەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ دنیای دەرەوەو رووداوەکانی دوای کوژرانی قاسم سولێمانی فەرماندەی سوپای قودسی کۆماری ئیسلامی بەدەستی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و دژکردەوەی کۆماری ئیسلامی و خستنەخوارەوەی فڕۆکە نەفەرهەڵگرەکەی ئۆکراین و کوژرانی ١٧٦ کەسی بێ تاوان و مەدەنی و دەرهاویشتە و لێکەوتە و هەڵوێستە نێودەڵەتییەکان لەمەڕ ئەو ئەو رووداوانە، پێشکەش کرد. “بێگزادە” وێڕای ئاماژە بە بارودۆخی هەنووکەی ناوخۆی ئێران و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییانە و چەند مانگی رابردووی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان دژ بە کۆماری ئیسلامی، لەبەشێک لە قسەکانیدا گوتی کە کۆماری ئیسلامی تووشی قەیرانیکی جیددی هاتووە و ئەگەر لە لایەک کەوتووەتە ژێر گوشار خەڵک و گەمارۆ ئابوورییەکانی ئەمریکا، لە لایەکی دیکەشەوە سەرەڕۆییەکانی ئەو نیزامە کارێکی وای کردووە کە ئیدی وڵاتانی ئورووپاییش هاواریان لێ بەرز بووەتەوە و بەرە بەرە خەریکن گوشارەکانیان بۆ تریکخستنەوەی کۆماری ئیسلامی رۆژدەگەڵ رۆژ زیاد و زیاتر دەکەن. ئەمەش ئاسۆیەکی روونی بۆ گەلانی ئێران لێ بەدی دەکرێ.
هاوڕێ “سەعید بێگزادە” هەروەها باسی لە ئەگەری ئاڵوگۆڕەکانی ئێران و ناوچەکە و پەیوەندی هێزە سیاسییەکان کرد و گوتی یەکگرتوویی هێزە سیاسییەکانی بە تایبەت لەو قۆناغە هەستیارەدا، زەروورییە و لەو راستایەشدا حیزبی دێموکراتی کوردستان یەکێک لەو حیزبانە بووە کە بەردەوام لە هەوڵی یەکگرتوویی هێزەکاندا بووە و هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵگرتووە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران دەستکەوتێکی باشە و پێویستە هەوڵی زیاتر بدرێ بۆ فراوانکردنی ئەو ناوەندە. بەشی دووهەمی سمینارەکە کە تەرخان کرابوو بۆ راو سەرەنج و تێبینی و رەخنەی ئەندامانی حیزب و لەو بەشەشدا ئەندامانی حیزب زۆر چالاکانە بەشدارییان کرد و کۆمەڵیک بابەتی بەسوود و جێی سەرەنجیان هرووژاند، هاوکات وڵامی پرسیارەکان لە لایان بەرپرسی گشتی دەرەوەی وڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە بە تێروتەسەلی درانەوە. شایانی باسە، سمینارەکە دوای زیاتر لە ٤ کاتژمێر، کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژ