پارلەمان لە کۆماری ئیسلامی ئێران دا

ن: رەحمەت مەحمودپوور

لە هەل و مەرجی ئێستای هەڵبژاردنەکانی نوێنەرانی پارلەمانی ئێران دا، بیر و رای حیزب و رێکخراوە سیاسیەکان و کۆمەڵانی خەلک سەبارەت بە چاوەڕوانیەکانیان لە پارلەمانتارە کوردیەکان بە چ شێوازێکە؟ سەرەتا کورتەباسێک لە بارەی پارلەمانی ئێران دا، سەرەتایی ترین ئەرکی پارلەمان چارەسەری گیر و گرفتە ئابووری و سیاسیەکانی ناوخۆیە لە زۆربەی وڵاتەکان دا، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە ئایا پەرلەمانی ئێران و نوێنەرانی خەڵک بە شێوەی یاسایی و دێمۆکراتیک دەتوانن وەڵامدەرەوەی پێداویستیە ئابووری و سیاسیەکانی وڵات بن؟ پارلەمانی حکوومەتی ئیسلامی ئێران لە حەوتی جۆزەردانی ساڵی ۱۳٥۹ هش دا دوابەدوای رووخانی پاشایەتی و هاتنە سەرکاری حکومەتی کۆماری ئیسلامی بە دروشمی ( پەرلەمان لە سەرووی هەموو ئەرکەکان) دامەزرا کە بە واتەی خۆیان بنیادنانی یاسای سەرەکی وڵاتیان بە پێی دەستووری یاسایەکانی ئیسلام بەرێوەچێ. پارلەمانی ئێران ۲۹٠ کورسی لەخۆ گرتوە کە لەوێدا پارلەمانتارەکان دەتوانن بە تێپەڕکردنی دوو قۆناغی هەڵبژاردن دا بگەنە پارلەمان. هەڵبژیردراوانی پارڵەمان لەژێر چاوەدێری ئۆرگانی سەرووتر بەناوی شۆرای نیگەهبان دەبێ تەئییدی سەڵاحیەت بکرێن کە خۆی شورای نیگەهبانیش لەژێر چاوەدێری راستەوخۆی رێبەری ئێران دایە، لە قۆناغی دواتر دا و دوای تەئیدی سەڵاحیەتی ئەوان ناویان دەچێتە ریزی هەڵبژێردراوەکان کە کۆمەڵانی خەڵک بە شێوەیەکی شانۆیی بچنە سەر سندوقەکان و دەنگیان پێ بدەن. مادام نوێنەرانی خەڵک هەنێردراوی شورای خەڵک نیە و لەژێر هێڵەگی دەست و پێوەندە دەسەڵات دارەکان دا هاتوون و تەئیدکراوی خۆیانن، ناتوانێ هەڵبژاردنێکی دێموکراتیک بێ. لەو هەڵ و مەرجە دا کە گروپێکی دەسەڵاتداری دیکتاتۆر یاسای لەپێش دیاریکراوی خۆی بەسەر هەموو ئۆرگانەکانی ناو پارلەمان دا سەپاندووە، بێگومان پارلەمانتاران ناتوانن وەکی بکرێ داخوازیە دێموکراتیەکانی خەڵک بگەیەننە گوێی حکوومەت و ناشتوانن بێجگە لە پەیرەوکردنی چوارچێوەی دیاریکراوی ئەوان گۆڕانکاری لە یاسا دا بکەن. لە ئێران دا یەکەم بڕیاردەر رێبەرە، ئەگەر بێت و گۆڕانکاریەکی یاسایی بێتە ئاراوە، دەبێ چەند دانە ئۆرگان تەئیدی بکەن، بگاتە دەستی رێبەر و بڕیاری کۆتایی لەسەر بدرێ بۆ بەڕێوەچوون. کاتێک کە خەڵک راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ ناتوانن هیچ بڕیاردەرێک بن لەسەر بەڕێوەچوونی یاسا و وەکی هەموومانیش ئاگادارین لەماوەی ئەو سی و نۆ ساڵەی دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دا پارلەمان هیچ بووژانەوەیەکی فەرهەنگی و ئابووری بۆ گەلانی خەڵک نەبوە. بۆ نموونە گرانکردنی نرخی بێنزین و دەیان بڕیاری سەربەخۆی دیکەی داوە کە بەپێچەوانەی داخوازیەکانی گەلانی ئێران و هەروەها پارلەمانتارەکانیش بووە. هەر بۆیەش کاتێک ئێمە ناتوانین بریار لەسەر حەقی یاسایی خۆمان بدەین، باشترین کار ئەوەیە کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی پارلەمان بکەین و بەو شێوەیە دەنگی نارەزایەتی خۆمان بگەیەنینە گوێی دەسەڵاتدارانی ئێران و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی.

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*