بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی یەکیەتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١١ ـ ٠١ ـ ٢٠٢ی زایینی، یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێد کۆنفرانسی ساڵانەی خۆی بەڕێوە برد. كۆنفرانس بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد. لە لایەن خاتوو فەریبا وەیسی بەرێوەبەری کۆنفرانس و بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی بەرێوەبەری بەخێرهاتنی گشت لایەک کرا و دواتر بەرێزیان ڕێرەوی کارەکانی کۆنفرانسی پێشکەش کرد و داوای لە خاتوو گوڵاڵە شەرەفکەندی چالاکی سیاسی لە ریزەکانی حدک و هەروەها چالاکی بواری ژنان و ئەندامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کرد کە بە ڕەسمی کۆنفرانس بکاتەوە.  باسەکەی خاتوو گولاڵە سەبارەت بە بەشداری ژنان لە سیاسەت دا بوو. بەرێزیان گوتی: بەو راستییە کە دێمۆکراسی بە مانای نوێنەرایەتی کردنی هەموو کۆمەڵگا، هەموو چینێکە و مادام لە ئەحزاب و لە سیاسەت و لە سەر مێزی بڕیار دانی سیاسی نیوەی کۆمەڵ واتە ژنان نوینەرایەتیان نەبێ، دێمۆکراسی دەستەبەر ناکرێ، رێژەی ژنانی بەشدار لە پارلمانەکانی دونیا لە باشترین حاڵەت لە وڵاتانی سکاندیناویەن ئێستاس نیوە نییە، لە ئامریکا ١ لە ٤، لە باقی وڵاتانی ئوروپایی و لە ئافریقا ١ لە ٤هەتا ٥ ، لە ئاسیا ١ لە ٥ و لە وڵاتانی عەرەبی ١ لە ٦ هەتا ١ لە ١٠ ئەندام لە پارلمان ژنە بۆیە ئەو بریارانەی دەدرێن ناتوانێ بە جۆری پێویست بەرژەوەندی نیوەی کۆمەڵگا لە بەر چاو بگرێ. لێکۆڵینەوەکان نیشان دەدا بۆ ژنان بریار لە سەر تەندروستی، پەروەردە و یەکسانی و ژینگە بە تەرتیب لە سەرەوەی باقی بریارەکانن، لە کاتێک دا بۆ پیاوانی بریاردەر ئابووری یەکەم تەوەرە. بەڕێزیان گوتی: بەبڕاوی من یەکیەتیی ژنان نەک تەنیا یەک رێکخراوی سینفی بەڵکوو رێکخراوێکی سیاسی سەر بە حیزبە بۆ پەروەردە کردنی ژنانی دێموکرات بۆ گۆرینی شێوەی کاری سیاسی لە نێو حیزبێکی سیاسی و بۆ بەشداری پێکردنی زۆرتری ژنان، هەروەها ئەو رێگرییانە کە بۆ بەشداری کردن لە کاری سیاسی دا هەن و باسی لە شێوەی بەرەنگارەبوونەوە لە گەڵ بەربەستەکان کرد و شەهیدان سوهەیلا قادری و نەسرین حەددادی وەک سەمبۆلی وەفاداری و ئیمان بە رێبازی یەکیەتیی ژنانی دێموکرات بەنموونە هێنایەوە. بە دوای ئەو دا پەیامی کومیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید لە لایەن خاتوو کوێستان بابایی بەرپرسی کۆمیتەوە پێشکەش کرا. لە پەیامەکە دا ئاماژە بە بارو دوخی ئێستای کوردستان و فشارە دەرەکی و نێوخۆیەکان کرابوو کە لە سەر خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی ژنانی کورد لە ئارا دایە، هەروەها لە بەشێک لە پەیامەکەی دا پشتیوانی حیزب و کۆمیتەی سوئێدی بۆ ئەندامانی بەشدار لە کۆنفرانس دووپات کردوە و گووتی کە یەکیەتیی ژنان هەمیشە هەوڵی سەرەکی ئەوە بووە کە ژنانی یەکسانیخواز لە دەوری خۆی کۆبکاتەوە و کار بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان بکات. پەیامی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن بەڕێز هیوا عەبدوڵلاهی ئەندامی کۆمیتەی بەرێوەبەری یەکیەتیی لاوان پێشکەش کرا. لە پەیامی لاوان دا کار و چالاکی ژنان بەرز نرخێندرا بوو هەروەها خۆشحاڵی خۆیان لە هاوکاری نێوان ئەو دوو ڕێکخراوەیە دەربڕێبوو.
بەشی دووهەمی کۆنفڕانس تەرخان کرا بۆ ڕاپۆرتی ئۆرگانەکان و پاش پێشکەش کردنی ڕاپۆرتەکان، لە لایەن بەشداران تەئید کران.

بەشی کۆتایی کۆنفڕانس تەرخان کرا بۆ هەڵبژاردنی بەڕێوەبەرییەکی نوێ بۆ کومیتەی یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان، بەرێزان خاتوو ماپەرە قەرەگۆلی و خاتوو کوێستان بابایی دوای باسێکی کورت لە سەر هەڵبژاردن و شێوەکانی هەڵبژاردن بۆ کاری کۆمیتەی بەرێوەبەری و هەروەها کۆمیتەی بەرێوەبەری دەرەوەی وڵات داوایان کرد کە ئەندامان لە هەڵبژاردن دا چالاکانە بەشداری بکەن و لەو بەشەش دا کۆمەڵێک لە ژنانی چالاک خۆیان بەربژێر کرد و بە دەنگدانی نهێنی چەندین کەسیان بۆ کومیتەی نوێ هەڵبژێردران.

یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید

[NPG id=7043]