بەڕێوەچوونی جێژنی دووی رێبەندان لە دانمارک

ڕۆژی شەممە رێکەوتی ١١ی ژانویەی ٢٠٢٠، بە بەشداری بەرینی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دیموکرات و کوردانی دانیشتووی ناوچەی یوولەندی وڵاتی دانمارک، جێژنی دووی رێبەندان، ۷٤مین ساڵوەگەری دامەزرانی کۆماری کوردستان بەڕێوەچوو.
جێژنەکە بە خوێندنەوەی سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لە لایان گرووپێک لە ئەندامان دەستی پێکرد و هەروەها لە لایان پێشکەشکارانی کۆڕەکە، بەڕێزان “ئیبراهیم ڕەسووڵزادە” و “نازی بایەزیدی” ساتێک بێدەنگی بۆ گیانی پاکی شەهیدان ڕاگەیاندرا و پاشان پەیامی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە لایەن بەڕێز “عیسا مەحموودی”یەوە پێشکەش کرا. ناوبراو لە پەیامەکەیدا وێڕای ئاوڕدانەوە لە چۆنێتی دامەزران کۆمار و هەڵومەرجی جیهانی ئەو کات و کارنامەی پڕشنگداری تەمەنی کورتی کۆماری کوردستان، زیاتر جەختی کردە سەر رووداوەکانی ئەم دواییانەی ناوچەکە. “مەحموودی” وێڕای ئاماژە کردن بە چۆنێتی سەرهەڵدان و تێکەوەپێچرانی خەڵافەتی رەش (داعش)، لە سەر دوایین رووداوی ناوچەکە دوا، کە کوژرانی گەورە تیرۆریست و بەواتایەکی دیکە رێکخەر و سەرپەرشتیاری سەرەکی زۆربەی هەرە زۆری گرووپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە قاسم سولەیمانی بوو. بابەتێکی دیکەی جێی سەرنجی پەیامەکەی کومیتەی دانمارک ئاماژە کردن بە روانینی ئەو حکوومەتانە بوو کە تا ئێستا لە تاران هاتوونەتە سەرکار. لەم روانگەیەوە تەنیا گۆڕینی سیستەم و رێژیمەکان لە تاران ئەقڵییەتی و روانین بەرابەر بە پرسی کورد و نەتەوەکانی دیکە ناگۆڕێ، بۆیە یەکگرتوویی و یەکڕیزی کورد و لایەنە کوردییەکان گرەنتی ماف و داهاتوومان دەکا.
پاشان پەیامی سازمانی دیموکراتیکی یارسان لە لایان نوێنەری ئەو ڕێکخراوە خوێنرایەوە.
بەدوای ئەو دا سروودی “هاتەوە دووی رێبەندان” بە مێلۆدی و ئاوازێکی نوێوە لە لایەن “پێژمان رەسووڵزادە”وە پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. “بۆ ڕێبوارانی ڕێگەی کۆمار” ناوی پەخشانێکی پڕ سۆز بوو کە لە لایان “ئەحمەد ڕەحمانی”یەوە پێشکەش کرا. دواتر لە لایەن کۆمیتەوە داوا لە خاتوونە بەڕێزەکان کرا بەیادی ٧٤ مین ساڵڕۆژی دووی رێبەندان حەفتاوچوار مۆم داگیرسێنن و چەپکە گوڵی کۆمیتە وەک دیاری وەرگرن.
کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەم بۆنەوە پیرۆزەوە، بە پێدانی لەوحێک لە لایەن کاک ڕەحیم خالید نژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە دانمارک بە هەندێک لە تێکۆشەرانی ڕێی خەباتی حیزب، رێزی لە تێکۆشان و کار و خەباتی ئەو ماندوونەناسانە گرت، کە بڕگەیەکی دیکەی جێژنەکە بوو.
کورتە پەخشانێک لە لایەن “ئیبراهیم ڕەسووڵزادە” و شێعرێکی حەماسی لە لایەن “حامید بێلکامە”وە بڕگەکانی دیکەی جێژنەکەیان رازاندەوە.
دوابەشی جێژنەکە بە گۆڕانی و موزیکی هونەرمەندان “خەلیل زەهاوی” و “ئاڕمان رەزایی” و شادی و خۆشی ئامادەبووان درێژەی پێدرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک

[NPG id=7007]