چەخماغەی ڕاپەڕینێکی دی ئەمجارەیان لە بەستێنی نسکۆی ڕێژیم‌دا

عەلی لەیلاخ

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ خۆپیشاندانەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان بۆ جارێکی دیکە دەریخست، کە ئێران وەک بەرپرسانی باڵای ڕێژیم ئیدیعا دەکەن دوورگەیەکی ئارام نییە، بەڵکوو لەگەڵ ئەوپەڕی قەیرانی متمانە و مەشرووعیەت ڕووبەڕوویە. سەرکوتی توندوتیژ و بێوێنەی خۆپیشاندانەکانیش دەری خستەوە کە ئەم ڕێژیمە ئامادە نییە گوێ لە هیچ داوا و ویستێکی خەڵک بگرێ.

ئەگەر ئاوڕێک لە تێچووی هاتنە سەرشەقام و ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران بدەینەوە لانی‌کەم لە  کۆتاییەکانی دەیەی هەفتای هەتاوی تا ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ٨٨ و بەفرانباری ساڵی ٩٦ی هەتاوی و مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، ئەم دوو پرسیارە دەورووژێن کە هۆکاری بە کام نەگەیشتنی سەرهەڵدانەکان چین و بۆ چی هەم بەئاسانی و هەم بەم جۆرە توندوتیژ کپ و سەرکوت دەکرێن؟ هەروەها بە سەرکوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری  ئەمساڵ، دوورەدیمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی چون دەبێ و کپکردنی دەنگی خەڵک هەناسەی تازەی بە دەسەڵات بەخشیوە یان نا؟

شارەزایانی سیاسی لەسەر ئەم باوەڕەن کە هاتنە سەر شەقامی خۆڕسکانە و ناوەناوەی خەڵکی ئێران لە هەمبەر  کێشە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا، بەهۆی نەبوونی «پڕۆژە»یەکی سیاسی و دیاریکراو بەئاسانی بڵاوەیان پێدەکرێ و سەرناگرن. هەروەها لە ڕادیکاڵترین دروشمەکانیشدا، ئاراستەیەکی سیاسی بەدی ناکرێ و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆرینەی خەڵک نەچنە ڕیزی خۆپیشاندانەکان و سەرکوتکردنی خەڵکیش لەلایەن دەسەڵاتەوە ئاسان دەبێ. گرفتێکی دیکە لە بەردەم ناڕەزایەتییەکانی ئێران ئەوەیە کە بەڕوونی داوای خەڵکی  خۆپیشاندەر دیار نییە و لیدەر و ڕێکخەرەکانی نادیار و نەناسراون؛ هەروەها پێگەی بەهێز و شوێندانەریان نییە.

 بە لەبەرچاو گرتنی  هەردوو سەرهەڵدانەکەی بەفرانباری ٩٦ی هەتاوی _کە لانیکەم ٦٠ کەسی تێدا کوژرا و سەد شاری ئێرانی گرتەوە_ و خۆپیشاندانەکانی مانگی ڕابردوو _کە باس لە کوژرانی نزیک بە ٢٠٠٠ کەس دەکرێ_، خاڵی هاوبەشیان ناڕەزایەتی‌دەربڕینە لە هەمبەر دۆخی خراپی ئابووریی وڵات و گرانیی هەوسارپچڕاو لە ئێران کە بەخێرایی بۆ ناڕەزایەتییەکی بەربڵاو بەدژی دەسەڵات گوازرایەوە و دروشمەکان تەنانەت ڕێبەریی باڵای نیزامیشی گرتەوە.

پرسیار ئەمەیە ئەو دوو ئەزموونە لە هاتنەسەر شەقامی خەڵک بەو تێچووە قورسەی بۆ خەڵک هەڵگری چ پەیامێکن؟ بۆوەی خۆپیشاندانە مەدەنییەکان لە داهاتوودا ئاوا پڕ تێچوو نەبن؟ دواجار کۆماری ئیسلامی  تا چەند و تا کەی دەتوانێ ئەو دۆخە مەترسیدارە بە سەرکوت و زەبر و زۆر کۆنتڕۆڵ بکا؟

دوای سەرکوتی خوێناویی خۆپیشاندانەکانی مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ دیسان ئەم پرسیارە بوو بە ڕۆژەڤی کۆڕ و کۆبوونەوە سیاسییەکانی نێوخۆ و، دەرەوەی وڵات  کە ئەساسەن خۆپیشاندەران چ «گەڵاڵەکی سیاسییان» هەیە؟ جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی و سیستمی ئابووری و سیاسیی ئەو وڵاتە چی دەبێ؟  کام ڕێکخراو یان ڕێبەر لە پێشەوەی خۆپیشاندانەکانە و زۆرینە قسەی لێوەردەگرن؟

ناڕوونیی وڵامی ئەو پرسیارانە شوێنی نەرێنیی لەسەر دڵگەرمیی خەڵک و مانەوەیان لەسەر شەقامەکان بووە و هاتەریب لەگەڵ ئەوە سەرکوت و دەمکوتی دڕندانەی کۆماری ئیسلامیش خێرایی بە کپکردنی دەنگی شەقام بەخشیوە.

لە ڕاستیدا لە خۆپیشاندانەکانی نێوخۆی ئێران سەرەتا گرووپ و چینێکی کەم وەکوو چینی مامۆستایان، دووکانداران، خانەنشین کراوان دێنە سەر شەقام و بەهۆی ئەوەی کە پلانێکی گشتگیر نییە کە ئەوان ڕێک بخا و خەڵکانی دیکە پاڵپشتیان بن، هەر ئەمەش هۆکاری سەرەکییە کە بەئاسانی سەرکوت بکرێ بەکورتی ناڕەزایەتی و هاتنەسەر شەقامی چین و توێژەکان لە ئاستی کۆمەڵگە‌دا کەمینەن و، پێویستیان بە پشتیوانی چینی مامناوەندیی کۆمەڵگە و خڕبوونەوە بە دەوری «پڕۆژەی سیاسی»ـیە.

هاتنەسەر شەقام و ناڕەزایەتی‌دەربرینی خەڵک تەنانەت ئەگەر ڕێژەشیان کەم بێ دەتوانێ ببێتە بزاڤێکی بەربڵاوی مەدەنی، بەو مەرجەی لە قاوغی خواستێکی سینفی و پیشەیی بێتە دەرێ و ببێتە ویستێکی گشتی و بەربڵاو، بەو مەرجەی بەشێکی بەرچاوی خەڵک خۆیان بەدوور نەگرن و نەبنە سەیرکەری ناڕەزایەتییەکان. بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ئەمە بەو مانایە نییە کە ناڕەزایەتییەکانی تا ئێستا هیچ دەسکەوتێکی نەبووە و  دوورگەی بەڕواڵەت ئارام و مەندی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی نەشڵەقاندوە.

لە لایەکی دیکەوە سەرکوتی دڕندانەی خۆپیشاندانەکان پێمان دەڵێن کە ئەو ڕێژیمە پادگانییە سەرەڕای بە بارمتەگرتنی خەڵک لە باری ئابووری و ئەمنیەتییەوە، کەوتۆتە هەناسەبڕکێ و، لە جۆری کۆمەڵکوژی و ڕەشبگیریی خەڵک بەڕوونی دیار بوو کە چ دەسەڵاتێکی لەرزۆک و دەستەوەستانە لە چارەسەری قەیرانەکان و؛ تەنیا بە زمانی چەک و وەقسەهێنانی باتۆمە دەتوانێ لەگەڵ خەڵکی ناڕازی و دەسبەتاڵ و مافخوراو بدوێ.

ئەوە ڕاستە کە هیچ دیکتاتۆرێک خۆی پێ دیکتاتۆر نییە و پاش تێپەڕینی زیاتر لە چل ڕۆژ لە سەرکوتی خەڵکی ئێران و کوردستان، دەسەڵات لە ڕێگای میدیا و دەنگوڕەنگی حکوومەتییەوە بەردەوامە لە پرۆپاگاندای چەواشەکارانە و هەڵبەستنی درۆ و دەلەسە هەتا ئەوەندەی دەکرێ ڕووی ناشیرینی خۆی بەرامبەر کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بشارێتەوە و خۆی وەک قوربانیی ڕووداوەکان بناسێنێ، نەک بکەری جینایەت و تاوانەکان! بۆ ئەوەش لە هیچ شتێک کەمیان دانەناوە، لەوە کە بڵێن زۆربەی کوژراوەکان لە هێزە ئەمنیەتییەکان بوون هەتا لێدانەوەی قەوانە کۆنەکە کە خۆپیشاندانەکان دەستی دەرەکییان لەپشت بوو.

هەر لە دوای سەرکوتی خۆپیشاندانەکەی «کوی دانشگاە» لە پووشپەڕی ٧٨ی هەتاوی و پاش قەتڵە زنجیرەییەکان لە سەردەمی دەوڵەتی ئیسڵاحات،  ڕوون بوو کە ئاگری ئەو ناڕەزایەتییانە بەئاسانی دانامرکێن و سیستمی ئیستالینی و پۆلیسی لە ئێران هەتا سەر ناتوانێ بە دادی ڕێژیم بگا. چونکی بن‌پێی دەسەڵاتی ڕێژیم هوڵۆڵ بووە و ڕۆژ بە ڕۆژ ئەگەری داڕمانی زیاترە. هەروەها سەرکوتی خۆپیشاندانەکان لە ساڵانی ٨٨ تا ٩٨ـیش ئەو ڕاستییەی سەلماندەوە کە کۆماری ئیسلامی بە زەبروزەنگ و توندوتیژیی زیاتر  «هەیمەنە» و هەیبەتی خۆی شکاندوە هەتا نواندنی ئەم شکۆیە.

نیزیک دوو مانگ دوای خۆپیشاندانەکانی کۆتایی خەزەڵوەر، بەردەوامیی گوشارەکان و دۆخی خەڵک و کۆمەڵگە ئاماژە بەوە دەدەن کە شەپۆلێکی نوێی سەرهەڵدان بەڕێوەیە، ئەویش لە کاتێکدا کە ڕێژیم لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆی ژان و قەیرانێکی نوێ ئەزموون دەکا، ئەویش لێکەوتەکانی کوژرانی قاسم سولێمانی، فەرماندەی «سپای قودس»ـی ڕێژیمە.

بۆ هەمووان بەتایبەتی ئەوانەی بەدواداچوون بۆ شێوەی حکوومەتداریی کۆماری ئیسلامی دەکەن ئاشکرایە کە قاسم سولێمانی تەنیا فەرماندەیەکی پلەبەرزی سەربازیی ڕێژیم نەبوو کە کوژرا، بەڵکوو بە نەمانی ناوبراو بەهێزترین باسکی ڕێژیم لە قەیرانخوڵقێنی، دەستێوەردان، سەرکوتی بزووتنەوە مافخوازەکان و کێشەنانەوەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا لێ کرایەوە. ئەم ڕووداوە گرینگە چونکی ئەو دیوی سنوورەکانی ئێران بەتایبەت وڵاتانی «عێراق، یەمەن، لوبنان، فەلەستین و بەحرەین» و ئاژاوەگێڕییەکانی ڕێژیم، لەو وڵاتانەدا هەمیشە بیانوویەک بووە بۆ دوورخستنەوەی کێشەکانی نێوخۆیی و هەم تەڕاتێنی نیزامی و سیاسیی ڕێژیم؛ بۆیە کورتیهێنانی ڕێژیم لەم مەیدانە و قەیرانی متمانە و مەشرووعیەتی ڕێژیم لە نێوخۆی وڵات بەستێنێکی لەبارە بۆ تەقینەوە جەماوەرییەکان و کۆتایی هێمنییەکەی پێش تۆفان. ئەم بارودۆخەش ئەرک دەخاتە سەر شانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی کە باشتر خۆیان بۆ سەرهەڵدانە نوێیەکان و هەرچەشنە ناڕەزایەتییەکی شەقام ئامادە بکەن.