هەواڵە پێوەندیدارەکان بە کوژرانی قاسم سلێمانییەوە

سەر لەبەیانی ڕۆژی هەینی قاسم سلێمانی فەرماندەی سپای قودسی سپای پاسداران لە لایەن دەوڵەتی ئەمریکاوە کوژرا.
دوای ئەوەی کە لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە خۆپێشاندانێکدا لە بەغدای پێتەختی عێراق هەڵیانکوتایە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکا و زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاند، ئەمریکا هەڕەسەی تۆڵەسەندنەوەی کرد و ڕایگەیاند کە کردەوەیە بە فەرمانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە.
ئەمڕۆ هەینی سپای ئەمریکا لە ڕێگەی هێرشێکی هەواییەوە قاسم سلێمانی و ئەبوو مەهدی موهەندیس یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی و دۆست و هاوکاری نزیکی قاسم سلێمانی و چەند کەسی تر لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
لە یەکەم کاردانەوەدا دۆناڵد تڕامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا بە نیشآنی سەرکەوتن و ئێقتداری ئەمریکا، ئاڵای ئەمریکای لەسەر پەیجی تویتەر دانا.
سپای پاسداران کوژرانی قاسم سلێمانی و مەهدی موهەندیسی پشتڕاست کردەوە.
دەوڵەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە کوشتنی قاسم سلێمانی بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرۆکی ئەمریکا بووە و لە ڕاگەیەندراوەکەی پێنتاگۆندا هاتوە کە قاسم سلێمانی بە نیازی کوشتنی کاربەدەستانی ئەمریکایی بووە.
هەر ئێستا شوڕای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران خەریکی پێکهێنانی کۆبوونەوەیەکی خێران لە سەر ئەو هێرشەی ئەمریکا و کوژرانی قاسم سلێمانی.
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند کە لە هەموو ڕیگەیەکەوە هەوڵدەدەن لە ژێر ڕۆشنایی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران وەڵامی ئەمریکا بدەنەوە.

سەناتۆر تام کاتن لە ئەمریکا ڕایگەیاند کە بە کوژرانی قاسم سلێمانی ئێستا ئەمریکا ئەمنترە.
بڕیارە تا چەند خولەکی تر دۆناڵد تڕامپ لەسەر ئەو هێرشە لێدوان بدا.
سەناتۆرێکی ئەمریکایی ڕایگەیاند کە ئەگەر کۆماری ئیسلامی بەردەوام بێ لەسەر هێرشەکانی بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکایی، دەبێ چاوەڕوانی باجێکی قورس بێ.