رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان لە نۆڕوێژ بەرز راگیرا

ئێوارەی رۆژی شەممە ٢١ی دیسامبەری ٢٠١٩ی زایینی، بە بۆنەی ٢٦ی سەرماوەز رۆژی ئاڵا و پێشمەرگەی کوردستان، کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە هاوکاریی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان و بە بەشداری بەشێکی بەرچاو لە ئەندامان و لایەنگران حیزب و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییە کوردستانی و نۆڕوێژییەکان و چەند هونەرمەندی ناسراوی گەلەکەمان، رێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

سەرەتای رێوڕەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی “ئەی رەقیب” و چەند ساتێک وەستان و بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی رێگای رزگاریی کوردستان بەتایبەت شەهیدانی راپەڕین و خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییانەی رۆژهەڵاتی کوردستان و بەخێرهێنانی بەشداران و نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە لایان پێشکەشکاری بەرنامە خاتوو “بەفرین رۆستەمی”یەوە، دەستی پێ کرد. پاشان پەیامی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایان هاوڕێ “حەسەن غەمبار” بەرپرسی کومیتەی نۆڕوێژەوە پێشکەش کرا. لە بەشێک لە پەیامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە لە سەرجەم هێزی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان، هاتبوو: ” ڕۆژی ٢٦ی سەرماوەز ئەو ڕۆژە پیرۆزەیە کە ئاڵای کوردستانی تێدا هەڵکرا و ئێستا هەموومان لە ژێر ئەو ئاڵایەدا کۆبووینەوە و هەموومان شانازی پێوە دەکەین. هەر ئەمڕۆژە یەکێک لە ڕۆژە مێژووییەکانی گەلی کوردستانە کە فیداکارترین ڕۆڵەی کوردستانی بە نێوی پێشمەرگە تێدا نێودێر کرا و پێشمەرگە و ئاڵا بوونە دوانەیەکی لێکدانەبڕاو و هەموو کورد بە چاوی ڕێز و ئەمەگناسییەوە سەیریان دەکا.

هەر وڵات و نەتەوەیەکی سەر گۆی زەوی بۆ پاراستنی خەڵک و خاکەکەی پێویستی بە هێزێکی چەکدار هەیە کە بتوانێ سەروەرییەکانی بپارێزێ و ببێتە پاسەوانی خەڵک و نیشتمانەکەی، گەلی کوردیش خاوەن هێزێکی گیان لەسەردەست و فیداکارە و نێوی پیرۆزی پێشمەرگەی لەسەر داناوە. بێگومان ئێستا پێشمەرگە و ناوی پێشمەرگە ڕێز و ناوێکی جیهانی هەیە و فیداکارییەکانی ئەو هێزە گیان لەسەر دەستە بە تایبەت لە شەڕ دژ بە گەورەترین و دڕندەترین هێز و حکوومەتی تێرۆریستیی جیهان، بوو بەجێی شانازی کۆمەڵگەی جیهانی وبەڕێزەوە سەیری دەکرێ.

هەروەها هاوڕێ “حەسەن غەمبار” گوتیشی: “سەدەی ٢١ کە بە سەدەی کورد باسی لێوە دەکرێ، وێڕای هەموو نەهامەتی و کارەسات و کۆمەڵکوژییەکان، پێشمەرگە و گیانبازی پێشمەرگەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی کورد و دۆزی کورد زیاتر بناسرێ و بچێتە ڕۆژەڤەوە. ئەوەی ئێستا دەیبینین لە هەر چوار بەشی نیشتمان و ڕۆڵەکانی کورد لە شاخ و شار توانیویانە بە هاوکاری و یەکدەنگی دۆزی کورد لە جاران زیاتر بە کۆمەڵگەی جیهانی بناسێنن. وێڕای ئەوەی کە دەوڵەتان و بە تایبەت زلهێزەکان بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا دەگەڕێن، بەڵام لە سایەی فیداکاری ڕۆڵە چەک بەدەستەکانی کوردە کە ئێستا ناتوانن حاشا لە دۆزی گەلێکی بەشخوراو و خاک داگیراکراو بکەن.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران یەکێک لە دەوڵەتە هەرە سەرەڕۆ و دوژمنی کورد، لە هەموو کاتێک زیاتر تووشی داڕمانی و دابڕان بووە. گەمارۆکانی سەر ئەو ڕێژیمە، دەستێوەردانەکانی لە کاروباری نێوخۆی وڵاتان، هێژموونیخوازی، هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی، ئاژاوەگێری و کردەوە تێرۆریستییەکانی و لە هەموویان گرینگتر دەنگی ناڕەزایەتی گەلانی ئێران لە هەموو کات زیاتر کۆڵەکە ئەسڵییەکانی ئەو ڕێژیمەی وەلەرزە خستووە و لە هەموو لایەکەوە لەژیر گوشاردایە و لە هەمووکات زیاتر لە کۆمەڵگەی جیهانی دابراوە و هەر بۆیە پێویستە بە چاوی ئومێدەوە سەیری داهاتووی کوردو ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان بکەین.”

بەدوای ئەودا پەیامی کومیتەی نۆڕوێژی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستان لە لایان “خاتوو فەریبا رەشیدی” ئەندامی چالاکی یەکێتی ژنانەوە خوێندرایەوە، کە وێڕای پیرۆزبایی ئەو رۆژە، گوتی: ئێمه‌ ئه‌مڕۆ وه‌ك ژنانی میراتگری كۆماری سه‌ربه‌خۆی كوردستان وانه‌كانی پێشه‌وامان له‌بیر ناكه‌ین. ئێمه ئه‌مڕۆ لافاو لافاو دێینه‌ مه‌یدان و سنووره‌كانی مه‌یدانداری له‌ به‌شدارییه‌وه‌ ده‌بڕین بۆ پێشه‌نگایه‌تی، و شەهیدانی ١٧ خه‌رمانان، سوهه‌یلا قادری و نه‌سرین حه‌داد هه‌ڵگری ئه‌و په‌یامه بوون. ئه‌وان سه‌لماندیان كه‌ ئێمه ژنانی كورد ده‌توانین ببین به‌ پێشه‌نگی قاره‌مانی ئه‌م شۆڕشه، و له‌ سه‌نگه‌ری تێكۆشاندا سروودی ئازادی بچڕین و چیرۆكی ژیان بڵێینه‌وه‌. ژنانی قاره‌مانی كورد له‌ ١٠ ساڵی ڕابردوودا له‌ گشت كوردستان سه‌لماندیان كه‌ ئیتر «ژنان یه‌كه‌مین قوربانیانی هه‌ر شه‌ڕێك نین» به‌ڵكو ‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیمان كرده شاهیدی ئه‌وه‌ كه‌ «مه‌زنترین قاره‌مانانی شه‌ڕی ئازادی و ژیان، ژنانی كوردن» و ناهێڵین مێژوو هه‌رگیز ئه‌وه‌ له‌ بیر بكات.”

ئەوجار هەریەک لە بەڕێزان خاتوو “یانە برۆتن” بە نوێنەرایەتی حیزبی سەنتەر پارتی نۆروێژ، بەڕێز “هالودان بەرگ” بە نوێنەرایەتی پارتی (ئێس ڤێ)، “پیتەر تۆرپ” بە نوێنەرایەتی حیزبی سووری نۆڕوێژ و “شیلاند” بە نوێنەرایەتی حیزبی ژینگە (ئیم دێ گێ)، بەم بۆنەوە پەیامیان هەبوو و پشتیوانی خۆیان لە خەباتی رەوای گەلی کورد دووپات کردەوە و پیرۆزبایی ئەو رۆژەیان لە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرد و گوتەکانیان بە بژی پێشمەرگە و بژی کوردستان دەست پێ کرد.

هەر بەم بۆنەوە و بە دوای ئەو پەیامانەدا، کاک “رەحمەت مەحموودپوور” بە پەخشانێک و شاعیری هەست ناسک “کارۆ ئاسنگەر” بە پارچە هۆنراوەیەک بەشدارییان لەو رێوڕەسمەدا کرد و رێزیان لەو یاد و لەو رۆژە مەزنە گرت..

لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو رێوڕەسمەدا، هەریەک لە هونەرمەندانی ناسراو و خۆشەویستی گەلەکەمان بەڕێزان کاک مستەفا دادار، خاتوو شنۆ ئەحمەدی و کاک قادر ئەسعەد بە هاوکاری موزیکژەنانی بەتوانا کاک “دارەوان بەرزەنجی” کاک “پێشڕەو زەرد”، بە چەندین گۆرانیی خۆش و سروودی شۆڕشگێڕی و نیشتمانی، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان بەم بۆنەیە بەخشی و رێوڕەسمەکەیان هەرچی زیاتر رازاندەوە و لە لایان ئامادەبووانەوە پێشوازییەکی گەرم و گوڕیان لێ کرا.

شایانی باسە، ئەو حیزب و رێکخراوانەی کە بەشداری ئەو بۆنە پیرۆزە بوون و برووسکەی پیرۆزباییان ناردبوو و چەپکە گوڵی وەفا و خۆشەویستییان پێشکەش کرد بریتی بوون لە:

– لێژنە ناوچەی نۆڕوێژی پارتی دێموکراتی کوردستان
– یەکێتی نیشتیمانی کوردستان
– کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
– کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (ک.ن.ک)
– پارتی یەکێتی دێموکرات (پەیەدە)
– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
– رێکخراوی ئۆسڵۆی پارتی دێموکراتی کوردستان
– پارتی دێموکراتی کوردستان – باکوور
– فدراسیۆنی کۆمەڵە کلتوورییەکانی کوردستان لە نۆڕوێژ
————————————————–

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژ