پێکهێنانی کومیتەی هاوکاری لە نێوان چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستان لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٠ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی لە سەر بانگهێشتی کۆمەڵەی کوردانی باکووری کوردستان، کۆبوونەوەیەک بۆ نوێنەری چەندین حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی جێگیر لە ڕۆژئاوای ئوسترالیا پێک هات. مەبەستی سەرەکی لە ڕێکخستنی ئەو کۆبوونەوەیە پێکهێنانی کۆدەنگییەک بوو لە نێوان کوردانی هەرچوارپارچەی کوردستان بۆ داکۆکی لە مافە ڕەواکانی گەلەکەمان و گەیاندنی خەڵکی کورد بە گوێی خەڵکی ئوسترالیا. بەڕێز کاک ئەسعەد قەیدی بە نوێنەرایەتی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی ئۆسترالیا لەو کۆبوونەوەیەدا بەشدار بوو.

بەڕێز ئوزال کە میوانداری کۆبوونەوەکەی لە ئەستۆ بوو، باسێکی تێروتەسەلی لە پەیوەندی لەگەڵ مەبەست و ئامانجەکانی پشت پێک هێنانی ئەو کۆبوونەوەیە پێشکەش کرد. بەڕێز ئوزال داوای کرد کە لەمەودوا بۆ هەرچی باشتر گەیاندنی دەنگی رەوای کورد بە کۆڕ و کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان، هەوڵ بدرێ کاروچالاکییەکان پێکەوە و بە پشتگیری گشت و حیزب و ڕێکخراوەکان ئەنجام بدرێن.

بە دوای ئەو دا ئەسعەد قەیدی بە نوێنەرایەتی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ئوسترالیا، باسی لە دۆخی نالەباری مانگی ڕابردووی ئێران و سەرهەڵدانەکانی خەڵک لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرکوت و گرتن و کوشتنی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد.

جێگەی ئاماژەیە کە بەشدارانی دیکەش هەر یەکەو لای خۆیەوە باسی لە ڕەوشی بەشە جیاوازەکانی کوردستان کرد و هەموو هاوڕا بوون لە سەر ئەوەی کە کۆدەنگی و یەکدەنگی کورد لەو ناوچەیە دەبێتە پێگەیەکی باش بۆ ناساندنی دۆزی ڕەوای کورد بە خەڵکی ئوسترالیا.

حیزب و لایەنە بەشدارەکان بریتی بوو لە:

حیزبی دیموکراتی کوردستان

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی کوردانی باکوور

کۆمەلەی کورد ڕۆژئاوا ی ئوسترالیا

حیزبی دیموکراتی کوردستان- ئوسترالیا