دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە

قادر وریا

دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژوویەکی ٧٥ساڵە، پوختەی ئەزموونەکان (بەشی یەکەم)

کورتە ئاماژەیەک؛ مێژوویەک پڕ لە دووانەی تەبا و ناتەبا

مێژووی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆمەڵەی «ژێ- کاف»ـەوە دەست پێدەکا. لەو کاتەوە هەتا ئێستا ئەو مێژووە پتر لە ٧٥ ساڵی خایاندووە. شاسواری ئەو مێژووە، واتە حیزبی دێموکرات، ئاڵاهەڵگری پرسی ڕەوای نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەباتە سەرەکییەکەشی، لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئێران بووە. بەڵام ئەو حیزبە لە نێوخۆیشیدا لە ڕووی ڕێبازی فکری و سیاسی و بەرنامەی تێکۆشانەوە، کەم وا هەبووە به‌بێ کێشە و ململانێی نێوخۆیی بووبێ. بە تایبەتی ململانێی نێوان دوو مەیلی جیاواز _من ناوم ناون مەیلە تەبا و ناتەباکان_ کە هەر دوو مەیل لە نێو حیزب و لە کۆمەڵی کوردستاندا، هەبوون. لەم وتارەدا ئاوڕێک لە چەند دەستەیەک لەو مەیلانە و ململانێی نێوانیان دەدەمەوە و، دەرسێک و ئاکامێکیش کە حیزبی دێموکرات لەو ململانێیانە وەری گرتوون یا پێویستە وەریان بگرێ، ئاماژە پێ دەکەم بۆ ئەوەی هەر وا لە خۆوە پشتیان تێنەکەین و لە داهاتووشدا چرای ڕێگای تێکۆشانمان بن:

سەربەخۆییخوازی و خودموختاریخوازی‌

(یەکەم دەرکەوتنی دووانە تەبا و ناتەباکانی ئەم مێژوویە)

ناچمە سەر ئەو هەلومەرجە ناوچەیی و نێودەوڵەتییە کە گەشەکردنی هەست و شعووری ناسیۆنالیستیی کورد و هەڵدانی بزووتنەوە نەتەوەییەکەی لێ کەوتەوە و لە ئاکامدا، ڕووناکبیران و پێشەنگانی نەتەوەیی و سیاسیی کورد لە سەرەتاوە کۆمەڵەی ژێ_کاف، دواتر حیزبی دێموکراتی کوردستانیان لە درێژەی هەمان ڕێچکەدا دامەزراند و ئاڵای کوردستانیان هەڵدا و کۆماری کوردستانیان ڕاگەیاند. باسی دەسکەوت و کار و کردەوەکانی کۆماریش ناکەم بۆ ئەوەی بابەتەکەم بەوە درێژ نەکردبێتەوە و زیاتر ئەو شتانەی مەبەستمن، باسیان بکەم.

هێندێک لە وتارەکانی پێشەوا قازی محەمەد لە سەرەتای دامەزرانی کۆماردا، مانشێتی ڕۆژنامەی «کوردستان» لەبارەی ڕووداوی ٢ی ڕێبەندان (جێژنی ئیستیقلال و سەربەخۆیی کوردستان)، شێعر و بابەتەکانی چاپەمەنیی ئەو کاتی حیزبی دێموکرات، ئەو خوێندنەوەیان لێدەکرێ کە ئەو کارەی کراوە، ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان یا پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بووە. هەڵدانی ئاڵا، پێکهێنانی سپای میللی‌، بوونی مەهاباد بە ڕووگەی خەباتکارانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و، کۆمەڵێک کردەوە و لێدوانی دیکەی ئەو سەردەمەش، ئەو بەرداشتە بەهێز دەکەن. بەڵام هەر خودی پێشەوا، لە وتووێژە چاپەمەنییەکانی دواتریدا، باس لە خودموختاری دەکا. دەچێتە تاران و هەوڵی ڕێکخستنەوەی پێوەندییەکانی تاران_مەهاباد و قەبووڵاندنی بڕیاری خودموختاریی کوردستان بە دەوڵەتی مەرکەزی دەدا. هەر ئەو کات حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لەگەڵ هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئەو سەردەمەی ئێران لە بەرەیەک دایە. ئەمانەش بەڵگەن بۆ ئەوەی پێناسەیەکی دیکە بۆ کۆماری کوردستان بکەین و نەک وەک ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بەڵکوو وەک چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە چوارچێوەی ئێراندا خوێندنەوەی بۆ بکەین.

ئەم ناتەباییە هەست پێکراوە، ئەم دوو ڕوخسارە جیاوازەی کۆماری کوردستان لەنێو مێژوونووسان و سیاسییەکانی کورد‌دا، زۆر جار بووە بە هەوێنی لێکدانەوەی جیاواز و جاری وایە دژ بە یەک. ئەوەی بۆ خۆم پێی گەیشتووم ئەوەیە کە ڕێبەران و سەردەمدارانی ئەو کاتە، جگە لەوەی کە ئارەزووی سەربەخۆیی کوردستانیان لە دڵدا بووە، لە سەرەتاوە بە لێکدانەوەیەکی خۆشبینانە لە ڕووداوەکان، چوونەتە نێو پرسەکە. خوێندنەوەیان بۆ سیاسەتی یەکیەتیی سۆڤیەت و پشتیوانییەکەی لە حکوومەتی میللی ئازەربایجان و کۆماری کوردستان، خۆشبینانە بووە. بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە واقیعیەتی سیاسی، لە لاوازبوونی بناغەکان بۆ ئەو سەربەخۆییەی لە سەرەتاوە بیریان لێ کردۆتەوە، حاڵی بوون. لە ئاکامدا، واقیعیتر تەعامولیان لە گەڵ ڕووداوەکان کردووە و گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە، لە ڕێگای پێناسەکردنەوەی وەک دەسەڵاتێکی خودموختار لە چوارچێوەی ئێراندا، لەنێو گێژاوی ڕووداو و ئاڵوگۆڕە خێراکانی نێوان ئێران و وڵاتانی دراوسێدا، ئەو جمهوورییە بپارێزن.

دیارە ئەو ململانێیە لە نێو دوو مەیلی سەربەخۆییخوازی و چارەسەرکردنی پرسی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی ئێراندا، لە قۆناغەکانی دواتریش، جاری وایە لاواز، هێندێک جار بە هێز، هەر هەبووە. ململانێی نێوان ویستێکی ڕەوای گەورە بەڵام هەتا ئێستا نامومکین، لە گەڵ ویستێکی نەتەوەیی بچووکتر بەڵام لە واقیع نیزیکتر. دروشمی ئێستای حیزبی دێموکراتی کوردستان، سەنتیزێکی ژیرانە و هەر لەو کاتەدا بوێرانەیە لە پێکەوە حاواندنەوەی ئەو دوو مەیلە: «پێکهێنانی کۆماری کوردستان لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدڕاڵدا» کە بناغەکەی لە سەر «یەکیه‌تیی داخوازانە و دادپەروەرانە» دامەزرابێ. گرنگیی ئەو دروشمە لە پێداگری لە سەر»پێکهێنانی کۆماری کوردستان» دایە کە هاوکات وێڕای دابینبوونی مافی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سیستمی حکوومەتی لەو بەشەی کوردستانیشی ڕوون کردووەتەوە و دیاریکردنی ناو و جۆری سیستمی حکوومەتیی کوردستانی نەبەستووەتەوە بە ڕەزامەندی و بڕیاری دەوڵەتی ناوەندی. هەر لەو کاتەشدا یەکیه‌تیی داخوازانە و دادپەروەرانەی وەک مەرج بۆ مانەوە لە ئێرانێکی دێموکراتیک و فیدڕاڵدا، دەستنیشان کردووە. ئەوەی کە گومانی تێدا نییە ئەوەیە کە خۆبواردنی ڕێژیمەکانی ئێران لە قبووڵ و بەڕەسمی ناسین و دابینکردنی مافە نەتەوەیەکانی کورد لە ئێران و بەردەوامبوونیان لە سەر سەرکوتی ئەو نەتەوەیە، هەروەها دژایەتیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەگەڵ داننان و بەڕەسمی ناسینی ئەو مافانە، مەیلی سەربەخۆییخوازی و جیابوونەوە لە ئێران لە نێو کورددا و هەر بەم پێیە لە نێو حیزبی دێموکراتیشدا، بە هێزتر دەکەن.

دووهەم دووانەی تەبا و ناتەبا، سەرانسەری بوون و ناوچەیی بوون

حیزبی دێموکرات هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە هەمیشە لەگەڵ ئەو گرفتە بەرەوڕوو بووە کە لە لایەک بۆخۆی حیزبێکی ناوچەییە و ئەو پرسەش کە ئاڵاهەڵگرییەتی _پرسی کوردی ڕۆژهەڵات_ هەر ناوچەییە، بەڵام بەردەنگەکەی و بەرامبەرەکەی _ەو ئادرەسەی کە دەبێ وەڵامدەری ئەو داوایە بێ_ دەسەڵاتی سەراسەریی وڵاتێکی گەورەیە. چارەسەربوونی پرسی نەتەوەیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چوارچێوەی ئێراندا پێویستیی بەوە هەیە کە نیزامێکی دێموکراتیک لە ئێران لە سەر کار بێ کە مافی کورد قبووڵ بکا و بە ڕەسمی بناسێ و دابینی بکا.  قبووڵی ئەو داوایە لە لایەن نیزامی سیاسیی ئێرانەوە، هەر یەک تاقە ڕێگای نییە. لە حاڵەتێکی تایبەتدا دەکرێ، دەوڵەتی ناوەندی زۆر لاواز بێ و بزووتنەوەی کورد زۆر بەهێز بێ و داوا و مافەکانی ئەو گەلە، بە سەر تاراندا بسەپێندرێن. بەڵام حاڵەتی هەرەباش ئەوەیە کە سیستمەکە هەم لە نێوەرۆکدا و هەم لە میکانیزمی هاتنە سەرکار و بەڕێوەچوونەکە‌یدا، دێموکراتیک بێ و وێڕای قبووڵی مافی کورد، کوردیش بە ڕادەی سەنگی خۆی لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ناوەندیدا بکاتە شەریک. بەڵام حیزبی دێموکرات، حیزبێکی نەتەوەیی و تایبەت بە ناوچەیەکی دیاریکراوی ئێرانە و سەرانسەری نییە. کەوایە چۆن دەتوانێ کاریگەریی لە سەربزووتنەوەی سەرانسەری هەبێ؟

ئەوە کە لە چەند قۆناغدا حیزبی دێموکرات هەوڵی داوە بەرەیەکی سەرانسەری لە هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکان پێک بێ، لە مەوقعیەتی سیاسیی خۆی و کوردی ڕۆژهەڵات (ناوچەیی بوون) لە نێو وڵاتیکی گەورە و سیستمێکی سەرانسەریدا، سەرچاوە دەگرێ. نیزیکیی سیاسی و تەشکیلاتی لەگەڵ حیزبی توودە لە دەیەی ٣٠ی هەتاوی، هاوپەیمانی لە گەڵ موجاهیدین لە دەیەی ٦٠ی هەتاوی، کۆمەڵێک هاوکاری و هاوپەیمانەتیی سنووردار و کەم ماوەی دیکە لەم دوو دەیەی دواییدا لەگەڵ ڕێکخراوە ئێرانییەکان، لەم یەک دوو ساڵی ڕابردووشدا، چوونی بۆ نێو دوو ئیتیلافی سیاسی لەگەڵ لایەنە کورد و ئێرانییەکان، ڕیشەیان لەم واقیعەی سیاسەتی ئێمە دایە.

ئاماژەکردنم بەو دوو واقیعە بەرامبه‌ر یەک وەستاوە, لە ڕیزی دووانە تەبا و ناتەباکانی مێژووی حیزبدا، بەو مانایە نییە کە لە حیزبی ئێمەدا، مەیلی بوون بە حیزبێکی سەرانسەری (ئێرانی) هەیە. مەبەستەکە ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ئەوەی حیزبی ناوچەیەکی دیاریکراو و پرسێکی دیاریکراوین، بەڵام ناتوانین سروشتی چارەسەری مەسەلەی خۆمان لە ئاستی سەرانسەریدا نەبینین. دیارە لە هەر قۆناغ و سەردەمێکدا، هەوڵ دراوە ڕێگەیەک بۆ لێکگرێدان و پێکهاتنی ناوچە و مەرکەز، بزووتنەوەی ناوچەیی و سەرانسەری بدۆزرێتەوە. ئەمەش کێشەیەکە نە دەتوانین خۆی لێ لادەین و بڵێین لە خێری دەگوزەرێین، نە هەتا ئێستا دەسکەوتێکی ئەوتۆمان لێ وەرگرتووە.

ئەزموونی مێژووی ململانێی ئەو دوو واقیعە بەرامبەر یەک وەستاوە، پێمان دەڵێ  ئێمەی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نابێ کوێرکوێرانە بچینە نێو هاوپەیمانەتی لەگەڵ هێزە ئێرانییەکان. کە دەچینە نێو هاوپەیمانەتی لەگەڵیان، دەبێ وەک هێزە سیاسییەکانی کوردستان و، بە یەکگرتوویی بچین نەک بە بەربڵاوی و ناهەماهەنگی. هەروەها لە سەر ئەساسی داننانی هاوپەیمانەتییەکە بە پرسی نەتەوەیی لە ئێران و قبووڵی مافە نەتەوەیییەکان بێ نەک دڵخۆشکردن و هەڵفریوان بە بەڵێن و قسەی بێکردەوەی هەڵگیراو بۆ دوای سەرکەوتن و بەدەسەڵات گەیشتنیان. دەتوانم بڵێم ڕێنوێنیی ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ سیاسەتکردن لەم پانتاییەدا، پوختەی ئەو ئەزموونەیە. حوکمێکی کە بەبێ دوودڵی دەتوانین بیدەین ئەوەیە ئەگەر تەبایی و هاوکاری و هاوپەیمانەتی لەنێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستاندا پێک بێ و، ئەم هاوپەیمانەتییە، بتوانێ لە لایەک داوا و مافەکانی خەڵکی کوردستان بباتە نێو ئامانجە سیاسییەکانی ئیتیلاف لەگەڵ هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، لە لایەکی دیکەشەوە، لە ناوەندی ڕێبەری و بڕیاردانی یەکگرتن لەگەڵ ئەو هێز و لایەنانەدا ڕۆڵ و شوێنێکی شیاوی هەبێ، شانسی وەدیهاتنی چاوەڕوانی و داخوازەکانی خەڵکی کوردستان، لە ئەگەری گۆڕانی سیاسی لە ئێراندا، زۆر بە هێزتر دەبێ. شاراوەش نییە کە پێکهێنانی ئامادەیی لە نێو خەڵکی کوردستان بۆ پشتیوانی لەو هاوپەیمانەتییە لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا، پێویستە یەکێک لە ئەرکە گرنگەکانی حیزبی دێموکرات و هێزە سیاسییەکانی دیکە بێ.

سێهەم دووانەی تەبا و ناتەبا، چەپ بوون و نەتەوەیی بوون

یەکەم بەرنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لە ٨ خاڵ پێک هاتووە و بە مانیفێستی ئەو حیزبە لە کاتی دامەزرانیدا دێتە ئەژمار، تەنیا یەک مادەی تێدایە کە نێوەرۆکێکی کۆمەڵایەتی هەیە (مەبەستم پێوەندیدار بە ژیان و بەڕێچوونی خەڵکەوەیە). مادەکەش ئەوەیە:

«٥- دەبێ لە سەر ئەساسی قانوونێکی گشتی لە نێوان لادێیی و خاوەن مڵکدا ڕێککەوتنێک پێک بهێنرێ و دواڕۆژی هەر دوو لا دابین بکرێ.»

دیارە هەم هەلومەرجی ئەو کات، هەم تەرکیبی حیزب بە تایبەتی ڕێبەرانی، هەم پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌کەش، هەر ئەوەی لێ چاوەڕوان دەکرا کە زۆرترین گرنگیدان بۆ پرسی نەتەوەیی و کەمترین ئاوڕدانەوەش بۆ کێشە و پرسە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی کۆمەڵ بێ. بەڵام لەگەڵ تێپەڕینی زەمان، ئەو کەم بایەخدانە، گۆڕانی بە سەر دادێ. هۆکارەکەی هەر چییەک بووبێ، بڵاوبوونەوەی بیری چەپ و سۆسیالیستی لە جیهاندا بە گشتی و لە ئێراندا کە مەبەستی ئێمەیە بە تایبەتی، پێکهاتنی گۆڕان لە کۆمەڵی کوردستان لە ڕووی گەشەی شارنشینی، خوێندەواری، پەلهاویشتنی سەرمایەداری بۆ شارەکانی کوردستان و هتد، هاتنی نەسلێکی نوێ بۆ نێو ڕێبەری و کادرە بەرزەکانی حیزب، دەبێتە هۆی ئەوە بیری چەپ (گرنگیدان بە چەوسانەوەی چینایەتی و لایەنگری لە دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ئامانجی سۆسیالیزم و خۆ بە‌دۆست ‌زانینی وڵاتانی سۆسیالیستی و هیزە چەپەکان) لە حیزبی دێموکراتدا جێگای خۆی بکاتەوە. لە کۆنگرەی سێهەمەوە، ئەم مەیلە، هەم لە بەرنامەی حیزب، هەم لە سیاسەتی ڕۆژانەی حیزبدا، به‌بێ ئەوەی پرسە سەرەکییەکە کە پرسی نەتەوەیییە وەبن خۆی بدا، دێتە ئاستێکی بانتر.

لەو کاتەوە هەتا ئێستا زۆر گۆڕان بە سەر بەرەی سۆسیالیستیی جیهان و بەرەی چەپدا هاتووە، شتێک بە ناوی وڵاتانی سۆسیالیستی و کۆمەڵگە و سیستمی سۆسیالیستی نەماوە. خودی فکر و ئایدۆلۆژیای چەپیش تووشی قەیران و خۆنەقدکردنەوە و بەخۆداچوونەوەی گەورە بووە. ژانی ئەو گۆڕانانە و هەژانەکانی، هێزە سیاسییەکانی کوردستان و یەک لەوان حیزبی دێموکراتیشیان گرتووەتەوە. حیزبی دێموکرات، سەرەڕای ئەو گۆڕانە جیهانییانەش هەتا ئەو کاتەی حیزبێکی یەکگرتوو بوو، سۆسیالیزمی دێموکراتیکی وەک ئامانجی دواڕۆژی خۆی هێشتبۆوە. دیارە «حیزبی دێموکراتی کوردستان» هەتا ئێستاش سۆسیالیزمی دێموکراتیکی لە بەرنامەی خۆیدا هێشتووەتەوە، هەڵبەت بە خوێندەوەیەکی نوێتر، جیاواز لە پێشوو و، گونجاو لەگەڵ واقیعی جیهانی ئێستا. بەرنامەی ئێستای حیزب لە زۆر ڕەهەندی دیکەشدا کاریگەریی بیروباوەڕی چەپی پێوە دیارە و ئەم حیزبە پێیان وەفادار ماوەتەوە.

لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا، وا هەبووە مەیلێک خوازیاری پشتگوێخستنی ئەوی دیکە بووە، یا ئەوی دیکەی پێ سەرەکی و گرنگ نەبووە. بەڵام لە ‌سەر‌یەک، پرسە سەرەکییەکە، هەر پرسی نەتەوەیی بووە و هاوکات هەتا ئێستاش پرسی کۆمەڵایەتی و هەبوونی بەرنامە و چارەسەر بۆ ئەو پرسە لە ڕوانگەیەکی چەپەوە، جێی پێ لەق نەبووە. ئەمەش خاڵێکی بەهێزی سیاسەت و بەرنامەی ئەو حیزبەیە. چونکە هەم گرنگیدانە بە کێشەکانی دوای چارەسەربوونی پرسی نەتەوەیی و، کۆمەک دەکا بیری گرنگیدان بە کۆمەڵێک پرس و لایەنی ژیانی خەڵک و دواڕۆژبینی لەم پێوەندییەدا، لە ڕوانین و خوێندنەوە و کاری فکری و سیاسیی حیزبدا بەردەوام حزووری هەبێ. هەم ناچاری دەکا پشت نەکاتە مەیدانێکی دیکەی کار لە نێو خەڵک (کڕیکاران، چین و توێژە زەحمەتکێشەکان و خەڵکی هەژار و ڕەشوڕووت) و بەم جۆرە پشتیوانیی ئەوانیش لە خۆی دەپارێزێ.