بەرێوەچوونی کۆنفرانسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە وڵاتی سوید

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۷ی دیسامبری ۲٠۱۹ی زایینی کۆنفرانسی گشتیی کۆمیتەی سوێدی یەکیەتیی لاوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەشداری ئەندامانی یەکیەتیی لاوان و نوێنەری کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و ڕێکخراوە پیشەییەکان و نوێنەری لاوانی حیزبی سۆسیال دێموکرات لە شاری ستۆکهۆڵم بەریوەچوو. سەرەتا کۆنفرانس بە سروودی نەتەوەیی ئەی رەقیب و خولەکێک بێ‌دەنگی بۆ شەهیدان دەستی بەکارەکانی خۆی کرد و پاشان سۆران عەلیپوور سکرتێری پێشووی یەکیەتیی لاوان بە باسێک لە مێژوو و زەرورەتی هەبوونی ئەو ڕێکخراوە کۆنفرانسەکەی کردەوە. لە درێژەی کۆنفرانس دا پەیامی کۆمیتەی سوئێدی حیزبی دێموکرات لە لایەن سکاڵا حەکیمزادەوە پێشکەش کرا و پشتیوانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئێدی بۆ یەکیەتیی لاوان دووپات کردەوە و هاوکاتیش باسی لە ڕۆڵ و کاریگەری لاوان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان و حیزبی دێموکراتی کوردستان دا کرد. پەیامی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانیش لە لایەن شلێر حەسەنپوور بەرپرسی ئەو کۆمیتەیە لە سوئێد پێشکەش کرا، لە بەشێک لە پەیامەکەدا باس لە کاری هاوبەشی نێوان ڕێکخراوەکانی لاوان و ژنان کرا بوو و هاوکاتیش ئاوڕێکی خێرای لە چونیەتی دامەزرانی یەکیەتی لاوان و خزمەتەکانیان دابۆوە و ئاماژەی بە ئەرک و ڕۆڵی لاوان بۆ قۆناخی ئێستای خەباتی نەتەوایەتی و درێژەدانی ڕێگای پڕ سەروەری شەهیدان قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی کردبوو . لە بەشێکی دیکەی کۆنفرانس دا هاوڕێ پێشەوا عەلیپوور سکرتێری گشتی یەکیەتیی لاوان لە ڕێگەی گرتەیەکی ڤیدیۆییەوە پەیامی خۆی پێشکەش کرد کە ئاماژەی بە ڕۆڵی گرینگی لاوان لە گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا کردبوو، پاشان نۆبە گەیشتە پەیامی ڕێکخراوی لاوانی سۆسیال دێموکرات کە لە لایەن بەڕێز شاهین خوسرەوی پێشکەش کرا و ئاماژەی بە هاوکاری و هاوپێوەندی و گەرمتر کردنی پەیوەندیەکانی نێوان هەردوولا کردبوو. خاتوو موژدە عەزیزی وەک بەرپرسی یەکیەتیی لاوان لە سوئێد بە خوێندنەوەی ریزی بەرنامەکان و هەروەها پێشکەش کردنی چەند پێشنیار بۆ کاری داهاتووی ڕێکخراوەکە، بڕگەی دووهەمی کۆنفرانسی ڕاگەیاند و هاوکات ئاماژەی بە چۆنیەتی بەشێک لە کارەکانیان لە وڵاتی سوئێد کرد. کۆنفرانس بە پێشکەشکردنی ڕاپۆرتی کاروچالاکیەکان لە لایەن کاک هیوا عەبدوڵڵاهی‌یەوە درێژەی بەکارەکانی خۆیدا و پاش گفتوگۆکردن لەسەر نێوەرۆکی ئەو ڕاپۆرتە و پەسندکردنی نۆبە گەیشتە بەرنامەی نێوخۆی کۆمیتەی سوێد کە خاتوو سۆزان فەتحی بە وردی باسی لە سەرکرد و دواتریش لەو بەشە دا ئامادەبووان بە گەرمی بەشداری باسەکانیان کرد و بەرنامەی کار و تێکۆشانی داهاتووی ئەو کۆمیتەیان پەسند کرد. پاش ناوبڕێکی کورت دوایین بەشی کۆنفرانس بۆ هەڵبژاردنی کۆمیتەی نوێی سوێد تەرخان کرا و لەوبەشەش دا لاوەکان بە دڵگەرمیەوە هاتنە پێش و شانیان خستە بەر بەرپرسایەتیی ئەو کۆمیتەیە و دوای پەسندکردنی کاندیدەکانی کۆمیتەی بەڕێوەبەری لە لایەن کۆنفرانسەوە، کۆمیتە لە کۆبوونەوەیەکی کورت دا هاوڕێ ئاکار نستانی وەک بەرپرسی کۆمیتە دیاری کرد. بەم شێوەیە کۆنفرانس کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا و بەشدارانیش دوای ماڵئاوایی کردن بەرەو شوێنی ژیانی خۆیان بەرەو شارە جۆراجۆرەکانی سوئێد گەڕانەوە. یەکێتی لاوانی دێموکڕاتی کوردستان -کۆمیتەی سوێد