ناسر باباخانی :ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌، سه‌رهه‌ڵدانێكی خۆڕسكه‌ كه‌ دواجار كۆماری ئیسلامی تێكه‌وه‌ ده‌پێچێ!

دیمانە: عەلی بداغی

ئاماژه‌: خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بە دژی گەندەڵی، ناعەداڵەتیی کۆمەڵایەتی، گه‌ڵاڵه‌ چەوتە سیاسی و ئابوورییەکانی دەسەڵات و هەروەها لەپێناو ماف و شوناسخوازیدا هەتا دێ زیاتر و بەربڵاوتر و ڕادیکاڵتریش دەبن، هەر بەو پێیەش سەرکوتی ناڕەزایەتییەکان توندتر و بێبەزەییتر. پرسیار ئەوەیە خۆپیشاندانەکان لە ئێران بۆ زوو دادەمركێن؟ چۆن دەکرێ بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان بەرفراوانتر و بەربڵاوتر ببنەوە؟ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرخستنی ناڕەزایەتییەکان دەبێ چ بکەن و لە چی خۆ ببوێرن؟

“کوردستان” ئەم تەوەر و بابەتانەی لەگەڵ کاک ناسر باباخانی، مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی له‌ واشنگتۆن هێناوەتە گۆڕێ.

ئەگەر بمانەوێ ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارە لەگەڵ ئەوانی پێشوو جیا بکەینەوە و تایبەتمەندیی جیاوازی پێبدەین، جیاوازییەکان و ئەدرەسە تایبەتەکانی چین؟

سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م دواییه‌ی خه‌ڵكی ئێران به‌ دژی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی ئه‌م وڵاته‌، له‌ ڕاستیدا ده‌كرێ وه‌ك كامڵ بوون یان باڵغ بوونی سیاسیی قۆناغ به‌ قۆناغ، له‌ ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابردوودا سه‌یر بكرێ. ڕێك بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بزووتنه‌وه‌یه‌ك سه‌ری هه‌ڵدا كه‌ ده‌كرێ وه‌ك ورده‌بزووتنه‌وه‌ی خوێندكاری ناوزه‌د بكرێ، ده‌ ساڵ دواتر سه‌رهه‌ڵدانی چینی مامناوه‌ندیی ئێران به‌تایبه‌تی له‌ تارانی پێته‌ختی ئه‌م وڵاته‌ ورده‌بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیی به‌ ناوی بزووتنه‌وه‌ی سه‌وز ساز كرد، به‌ڵام له‌ دوو ساڵی ڕابردوودا سه‌رهه‌ڵدانێك ساز بووه‌ كه‌ خۆی له‌ قاوغی وردبزووتنه‌وه‌ ده‌رهاویشتووه‌ و له‌ هه‌ندێ ڕه‌هه‌نده‌وه‌ جیاوازیی سه‌ره‌كی له‌گه‌ڵ ورده‌بزووتنه‌وه‌كانی به‌رله‌ خۆی هه‌یه‌.

له‌ ڕاستیدا ئه‌م بزووتنه‌وه‌ی دوایی، بزووتنه‌وه‌یه‌كی سه‌رانسه‌ری بوو كه‌ جوغرافیایه‌كی زۆر به‌رینتری له‌خۆ گرتبوو كه‌ له‌ پاش یه‌كه‌م ڕاپه‌ڕینی ته‌نیا دوو ساڵی پێویست بوو سه‌رله ‌نوێ سه‌رهه‌ڵداته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌ ڕوانگه‌ی چنایه‌تییه‌وه‌ له‌وه‌ پێشتر ئه‌گه‌ر خۆپیشانده‌ران سه‌ر به‌ چینی خوێندكار و چینی مامناوه‌ند بوون، ئه‌وه‌ ئێستا چینی هه‌ژار و پێخواس و ته‌نانه‌ت چینێكی دابڕاو له‌ چینی مامناوه‌ند كه‌ پێی ده‌وترێ lower-middle class (كه‌ زۆر كات خوێنده‌وارن و نه‌مرنه‌ژی ده‌ژین) هێمای سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌كه‌ن.

به‌پێی داتا فه‌رمییه‌كانی كۆماری ئیسلامی زیاتر له‌ یه‌ك له‌سه‌ر پێنجی خه‌ڵكی ئێران له‌ په‌راوێزی گه‌وره‌شاره‌كاندا ده‌ژین و له‌به‌ر هۆكاری داڕمانی ئابووری و نه‌بوونی خۆشبژیوی و وێرانی كشتوكاڵ و بێكاری له‌ گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كان كۆچیان كردووه‌ بۆ قه‌راغ شاره‌ گه‌وره‌كان كه‌ زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆریان گه‌نجن، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ داتا نافه‌رمییه‌كان باس له‌ بوونی ٢٤ملیۆن كه‌س له‌ په‌راوێزی گه‌وره‌شاره‌كان ده‌كه‌ن! كه‌ ئه‌گه‌ر وته‌ی پارله‌مانیی كۆماری ئیسلامی بكه‌ین به‌ بنه‌ما، كه‌ ده‌ڵێ هێڵی هه‌ژاری له‌ ئێران ٠٠٠\٨٠٠\٤ تمه‌نه‌، ڕاده‌ی ئه‌م حه‌شیمه‌ته‌ له‌ ٢٤ملیۆن زۆر زیاتر ده‌بێ، واته‌ له‌شكرێكی تووڕه‌ و وه‌زاڵه‌هاتوو كه‌ دواجار ده‌توانێ ده‌وری یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ بگێڕێ بۆ هه‌موو پێشهاتێكی سیاسی كۆمه‌ڵایه‌تی.

لایه‌نێكی تر ڕادیکاڵیزە بوونی ئەم شۆڕشەیه‌، واته‌ خۆپیشانده‌ران چی تر خوازیاری سازش و سازان لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی نین و لە هەموو دروشمەکانی ئاڵوگۆڕ و ڕیفۆرم و بەخۆداچوونەوە و ئەو جۆرە چەمکانەی بۆ چاکسازی دەکار دەکرێن لایان داوە و خوازیاری گۆڕانن، ئەویش گۆڕانێکی بنەڕەتی.

خاڵێكی تر كه‌ دەبێ ئاماژەی پێبکەین، ماوه‌ی سەرهەڵدانه‌كانه‌، ئێستا ئەو ماوە و بڕگە زەمەنییە زۆر کەم بۆتەوە و گەیشتۆتە دوو ساڵ. سه‌یر كه‌، لە بزووتنەوەی خوێندکاران ساڵی ٧٨ تا دەگەیە بزووتنەوەی سەوزی ساڵی ٨٨ ده‌بێته‌ ده‌ ساڵ، تا دێینە سەرهەڵدانەکەی ساڵی ٩٦ کە خەڵک لەبەر پرسی ئابووری ڕژانە سەر شەقام ده‌بێته‌ هه‌شت ساڵ و دوو ساڵ دواتر سەرهەڵدانێکی ڕادیکاڵتر، گشتگیرتر و لە جوغرافیایەکی زۆر بەربەرینتردا ڕوو دەدا. ئەمە بە چ واتایەک دێ؟ بە واتای کەڵەکەبوونی داخوازە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی خەڵک دێ کە لە لایەن دەسەڵاتەوە، وڵامی پێ نەدراوەتەوە، بۆیە سەر لە نوێ دوای دوو ساڵ هەڵەسوونی هێناوەتەوە.

جەنابت پێشتریش باسی ئەوەت کردبوو کە خەڵک دێن و شەقام لە دەست دەسەڵات دەستێننەوە. یانی ئێمە ئێستا لە قۆناغی خاوەنداریی خەڵک لە شەقام و داخوازەکانیان داین؟

وەک پێشتریش گوتوومە یەکێک لە خاڵە هەرە بەهێزەکانی ئەو جۆرە سەرهەڵدانانە، ئەستاندنەوەی شەقامە لە دەسەڵات. دەبینین لەم سەرهەڵدان و خۆپیشاندانانەدا شەقام دەکەوێتە دەست خەڵک و دەبێتە پێگەیەکی زۆر بەهێز بۆ ئەوەی کە دەسەڵات بەرەوڕووی تەنگەژە بکا و دواجار بەرەو گۆڕینی ببا یا لانیکەم تووشی چاکسازیی بنەڕەتیی بکا. لە نیزیکبوونەوەی مەودای خۆپیشاندانەکانیشدا ئەو کۆدە دەخوێنینەوە کە ئەگەری ئەوەی هەیە ئێمە بۆ ساڵێکی دی یان بۆ شه‌ش مانگی دیکە یان زووتر یان بە هاتنە گۆڕێی هەر دەرفەت و بیانوویەکی دی، خەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان، بۆیە بە باوەڕی من ئەوەش وەک خاڵێکی گرینگ دەبێ زۆر بەوردی سەرنجی بدرێتێ.

دەسڕاگەیشتنی ئازاد بە زانیارییەکان و بەربڵاویی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چ کاریگەرییەکی لەسەر سەرهەڵدانەکان و بەردەوامییان بووە و دەبێ؟

ئەوە سۆنامییەکە کە بەڕاستی کۆماری ئیسلامی زراوی لێی چووە. وەک پۆمپێئۆ باسی دەکا زیاتر لە ٢٠هەزار گرته‌ویدیۆ و وێنه‌ بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا نێردراوە کە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ لە ئێران و سەرکوتی خۆپیشاندەران و قەڵتوبڕی ئەوان لە لایەن دەزگا ئەمنی و نیزامییەکانی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا دەکەن. کۆماری ئیسلامی لە جۆری پێوەندیی خەڵکی ئێران لەگەڵ دنیای ئازاد و دێموکراتیک دەترسێ بۆیە تا ئێستا بەم ڕادەیە سانسۆڕ نەخراوه‌ته‌ سەر میدیاکان و نەبیندراوە کە خێرایی ئینتێرنێت تا ئەم ڕادەیە خاو بکرێتەوە. بۆ یه‌كه‌م جار له‌ مێژووی هه‌موو دنیادا ئێران بوو به‌ یه‌كه‌م وڵات كه‌ خێرایی ئینتێرنێت تا ئه‌م ڕاده‌یه‌ خاو كاته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت به‌ پێی ڕاپۆڕته‌كانی نێت بلاكس (NetBlocks) ڕاده‌ی كه‌لك وه‌رگرتن له‌ ئینتێرنێت له‌ سه‌تا بگاته‌ پێنج و دواجار سفر، بۆ سازكردنی دوڕگه‌یه‌كی ئایزۆله‌ی دابڕاو له‌ دنیای ئازاد و بۆ كۆنتڕۆڵ و سه‌ركوت و داسه‌پاندنی كه‌شی ئه‌منی به‌سه‌ر وڵاتدا و پێشگیری له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵه‌ مه‌ترسیداره‌كانی نێوخۆ كه‌ له‌ ده‌وری كوشتنی خۆپیشانده‌ران خولی ده‌خوارد. هه‌ر بۆیه‌ ماوه‌ی ده‌ ڕۆژ ئێرانی له‌ جیهان دابڕاند، ته‌نانه‌ت ئێستاش ئه‌م خاوی ئینتێرنێته‌ به‌رده‌وامه‌ و تا ئه‌م ساته‌ کە ئێمە خەریکی ئەو وتووێژەین لە خوزستان و بەلووچستان و لە هەندێک شوێنی دیکە ئینتێرنێت وەسڵ نەبۆتەوە!

به‌ڵام وه‌ك دیتمان سۆنامی گرته‌ڤیدیۆییه‌كان له‌ پاش به‌رقه‌رار بوونه‌وه‌ی هێڵی ئینتێرنێت دنیای هه‌ژاند و جیهان ئاگاداری جه‌نایه‌ته‌كانی كۆماری ئیسلامی ده‌رحه‌ق به‌ خۆپیشانده‌ره‌كان بوو، سه‌یری هه‌ڵوێستی ئه‌مریكا و وڵاتانی ئورووپایی بكه‌ی بۆت ده‌دره‌كه‌وێ كه‌ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چه‌نده‌ شوێندانه‌رن.

به‌هه‌ر حاڵ سەرەڕای هەموو ئەم حەوڵالەی ڕژیم، ئێستا هه‌موو كه‌س وه‌ك «شارۆمه‌ند-پەیامنێر» به‌س به‌ موبایلەکەی خۆی سەرکوت و جه‌نایەتەکانی کۆماری ئیسلامی تۆمار ده‌كا.

وەک دەزانین و باسیشمان کرد، ناڕەزایەتییەکان زۆر بەتوندی سەرکوت کران، بۆ؟

دیاره‌ ئه‌وه‌ تایبه‌تمه‌ندیی هه‌موو سیستمێكی دیكتاتۆرییه‌، به‌ڵام ئەمن پێم وایە بۆ شرۆڤەی هەموو ڕووداوێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، ده‌بێ باسی ده‌ور و كرده‌وه‌ی كه‌سانی پشت ڕووداوه‌كه‌ش بكه‌ین! بۆ وێنە ئاكاری تڕامپ ڕێك له‌ ڕوانگه‌ی سایکولۆژییه‌وه‌ ده‌توانی شرۆڤه‌ی دروستی بۆ بكه‌ی.

له‌ سه‌رجه‌م ڕووداوه‌كانی ئێرانیش ئه‌وه‌ خامنه‌ییه‌ كه‌ ده‌بێ وەک چه‌ق و ناوه‌ندی بڕیاره‌كان لێی بڕوانین. خامنەیی لەباری کەسێتیی و لەڕووی سایکۆلۆژییەوە نەخۆشیی دەروونیی هەیە! نەخۆشیی دەروونی وەک چی؟ تۆ ئەگەر سەیر بکەی هه‌ر له‌ دوای مەرگی خومەینی بە یەک شەو لە «حجه‌الاسلام»ڕا بوو به‌ «آیت الله‌«، ئەو ڕقەی لە ڕەفسەنجانی هەیبوو ده‌گه‌ڕاوه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ كه‌ ڕه‌فه‌سه‌نجانی کەسێکی نیزیکتر بوو لە خومەینی، بۆیه‌ ئه‌م كینه‌شی نه‌شارده‌وه‌ تا ئەم کارەساتەی بەسەر هێنا و لەسەر ڕێی خۆی لایدا، یان با بڵێین له‌ پێوەندی جۆری هه‌ڵسوكه‌وتی لەگەڵ «آیت اللە» مونتەزیریدا كه‌ هه‌رگیز خامنه‌یی به‌ هیچ دانانه‌نا یا تەنانەت لەگەڵ ڕێبەرانی بزووتنەوەی سەوزدا عه‌ینی شت. ئەگەر تۆ سەیری ئەدەبیاتی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی بکەی، ئاخاوتنه‌كانی بەدوورن لە شەئنی دیپڵۆماسی و تەنانەت بەدوور لە شەئنی ئەخلاقی بۆ ڕێبەری وڵاتێک. بۆ نموونە چەند ساڵ لەوە پێش ئایدیۆمی «نفووز»ی کرد بوو بە بنێشتەخۆشکە و، دەست و پێوەندییەکانی لە میدیاکان بەردەوام ئەوەیان دەجوو. پێرارەکە تێرمی «اراذل و اوباش»ی بۆ خۆپیشاندەران بەکار هینا. ئەم ساڵ هات و «اشرار»ی بۆ لەکارکردن. هەمووی ئەوانەش کۆدێکن بۆ ئەوەی ناوەندە ئەمنییەتی و بەسیج و هێزە چەکدارەکان بەپێی هەمان دەستەواژەی بەناوبانگی «آتش بە اختیار» لە هیچ نەپرینگێنەوە و بە هەموو هێزەوە خەڵک سەرکوت بکەن. لە ڕاستیدا ترسی دیکتاتۆر و ترسی دەسەڵاتێکی ملهۆر هەمیشە لەبەر ئەوەیە کە دەسەڵاتەکەی لەکیس بچێ، بۆیە خەڵک بێبەزییانە سەرکوت کران. ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە ئەوان لە تەنیشتەوە لوبنان و عێراق دەبینن کە خەڵک هاتۆتە سەر شەقامەکان و ترسی ئەوەیان لێ نیشتووە ئاڵوگۆڕ لە پێکهاتەی سیاسیی وڵاتدا پێک بێ و تەنانەت ئەم ڕێژیمە بەیەکجاری هەر تێکەوە بپێچرێ. بۆیە ئەم ناڕەزایەتییانە بەم شێوە توندە سەرکوت کران.

کە هەڵسەنگاندن بۆ خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە چەند ساڵی ڕابردوودا دەکرێ، «بۆشایی ڕێبەریی دیاریکراو» یەکەم شتە قسەی لەسەر دەکرێ. بەو حاڵە و لە بەردەوامیی ئەو دۆخە، داهاتووی سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییەکانی خەڵک چۆن دەبێ؟

ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانێكی كلاسیك تا ڕاده‌یه‌ك ڕاست بێ، بەڵام له‌ نه‌بوونی ڕێبه‌رێك كه‌ ئیجماعی گشتیی له‌سه‌ر بێ، هەندێ جار نەبوونی ڕێبەرییەکی دیاریکراو خۆی لەخۆیدا دەبێ هۆکارێک بۆ ئەوەی کە یەکگرتووییەکی زیاتر – به‌تایبه‌تی له‌م جۆره‌ سه‌رهه‌ڵدانانه‌دا – ساز بێ. چون له‌به‌ر جیاوازیی لایه‌نه‌كان بەهەر حاڵ بەشێک لە خەڵکانی ئێران هەن کە لەگەڵ لایەنێکی سیاسیدا نین، یان بەشێک لە نەتەوەکان لەگەڵ حیزبێکی سیاسیدا نین.

بۆیه‌ به‌ ڕای من بۆ به‌رده‌وامیی ئه‌م خۆپیشاندانانه‌ كه‌ بێ سه‌ره‌ و ڕێبه‌ری نییه‌، سۆشیال میدیا ده‌توانێ جۆرێ یه‌كیەتیی سه‌رانسه‌ری ساز بكا كه‌ به‌ ته‌عبیری مانوئێل كاستێلز وه‌ك تۆڕێكی به‌ربڵاو و دوورودرێژ «هیوا» و «تووڕه‌یی» له‌ هه‌ناوی یه‌كتردا كۆكاته‌وه‌. ئه‌گه‌رچی شوێنی لۆكاڵیی سه‌رهه‌ڵدان شه‌قامه‌ و تووڕه‌یی خه‌ڵك له‌وێ خۆده‌رده‌خا، به‌ڵام سۆشیال میدیا شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رانسه‌ری و ئاڵوگۆڕی زانیارییه‌كانه‌ و هیوا به‌ دواڕۆژێكی باشتر. بۆیه‌ شه‌قام وه‌ك هێزی ڕه‌ق ئامێری و سۆشیال میدیا ده‌بێ وه‌ك هێزی نه‌رم ئامێری ڕه‌چاو بكرێ.

كۆماری ئیسلامیش ئەوی بەباشی بۆت دەرکەوتبوو بۆیە بە هەموو توانایەوە دەستی کرد بە فیلتێرینگی سۆشیال میدیا و خاوکردنەوەی خێرایی ئینتێرنێت، بۆ ئەوەی کە ئەو دەوری ڕێبەرییە لە سۆشیال میدیادا له‌نێو به‌رێ.

ئیزنم بده‌ بڕێك باسه‌كه‌ بكه‌مه‌وه‌، وه‌ك بۆخۆشت ده‌زانی بۆ سەرهەڵدانی زۆربەی هەرە زۆری شۆڕشە گەورەکانی دنیا چەند هۆکاری سەرەکی هەیە بۆ وێنه‌ بۆ سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی فه‌ڕا‌نسە وه‌ك گه‌وره‌ترین شۆڕشی مێژووی مرۆڤایه‌تی، دوو هۆكاری سه‌ره‌كی ڕه‌چاو ده‌كرێ. یه‌كه‌م بوونی پاشخانێكی ڕۆشنبیری مێژوویی له‌م وڵاته‌دا و دووهه‌م گرفت و كێشه‌ی ئابووری. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ی ئێستا له‌ ئێران سه‌ریهه‌ڵداوه‌ له‌بری پاشخانه‌ ڕۆشنبیرییه‌كه‌ی فه‌ڕانسە، ئه‌وه‌ سۆشیال میدیایه‌ كه‌ ئه‌م بۆشاییه‌ی بۆ پڕ ده‌كاته‌وه‌ و له‌باری…

…ئابووریشه‌وه‌ هه‌موومان ده‌زانین كه‌ ئێران چه‌نده‌ كاول بووه‌!

شۆڕشی فه‌را‌نسەش سه‌ره‌تا ڕێبه‌ری نه‌بوو، خاوه‌نی نه‌بوو، به‌ڵام دواتر بوو به‌ خاوه‌ن سه‌ر و له‌ ڕه‌وتی به‌ره‌وپێش چوونیدا خۆی ڕێكخست. توندوتیژییه‌كانی سه‌ره‌تای شۆڕشیش كه‌ به‌ هێرشكردن بۆ سه‌ر به‌ندیخانه‌ی باستیل ده‌ستی پێكرد له‌ ڕاستیدا هێرش بۆ سه‌ر نمادی سته‌م و نادادپه‌روه‌ری بوو. ڕووخانی باستیل، ڕووخانی هه‌یبه‌تی ده‌سه‌ڵات بوو. وه‌ك چۆن شۆڕشی فه‌ڕا‌نسە به‌رهه‌می ساڵ و دوو ساڵ و سێ ساڵ نه‌بوو به‌ڵكوو به‌رهه‌می هه‌فتا_هه‌شتا ساڵ كه‌ڵه‌كه‌ بوونی…

…گرفته‌كانی كۆمه‌ڵگەی ‌فەڕانسە بوو، بزووتنه‌وه‌ی نوێی خه‌ڵكی ئێرانیش به‌رهه‌می چل ساڵ كه‌ڵه‌كه‌ بوونی كێشه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوورییه‌كانی كۆماری ئیسلامییه‌.

بەشێکی پرسیارەکەش ئەوە بوو کە داهاتووی سەرهەڵدانەکان چۆن دەبێ؟

وەک باسم کرد بێگومان سەرهەڵدانەکان بەردەوام و پێم وایە زیاتریش دەبن. چون حکوومەت و دەسەڵات ناتوانێ چارەسەری کێشەکان بکا، حکوومەت تووشی گوشارێکی لە ڕادەبەری ده‌ره‌كی و ژووره‌كی بۆتەوە و له‌ لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئەساسەن ماهییەتی ئەو حکوومەتەش، ماهییەتێکی نەگۆڕە و هه‌ڵگری ڕێفۆڕم نییە، لەبەر ئەوەی ژیانی خەڵک بەرەو دۆخێکی خەراپتر دەڕوا و تەنانەت وەک پێشتر باسم لە کەسێتیی خامنەیی کرد هه‌ر ئه‌و بوو کە چراسەوزی دا بە هێزەکان بۆ ئەوەی کە خه‌ڵك سەرکوت بکەن. خووی دیكتاتۆر ئه‌وه‌یه‌ كه لە‌ بڕیارەكه‌ی پاشگەز نابێته‌وه‌. ئەوەش وا دەکا کە گوشاری سەر خەڵک زیاد بێ و دواجار وه‌ك هۆکاریک بۆ دیسان سەرهەڵدانی خەڵک، ئەویش لە سەرانسەری ئێراندا.

بزووتنه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ به‌ پێی ئه‌وه‌ كه‌ دوای ماوه‌یه‌كی كورت (پاش دوو ساڵ) سه‌ری هه‌ڵداوه‌ و له‌ باری جوغرافیایی و ڕاده‌ی حه‌شیمه‌ت زۆر به‌رفره‌وانتر و ڕادیكاڵتر بوو ئه‌گه‌ری سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی له‌ كورتماوه‌دا و ڕاماڵینی سیستم، یه‌كجار زۆره‌، من پێموایه‌ چیی وای نه‌ماوه‌ دواپه‌رده‌ی شانۆی كۆماری ئیسلامی ببینین!

ئەدی چۆن دەکرێ ناڕەزایەتییەکان بەربڵاوتر بکرێن، ئەسڵەن لە بنەڕەتڕا دەکرێ شۆڕشێک بەدژی ئەم ڕێژیمە وەڕێ بخرێ، ڕێژیمێک کە خۆی بەرهەمی شۆڕشە؟ مەلزووماتەکەی چییە؟

ئەمە پرسیارێکە کە چل ساڵە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی بەدوویدا وێڵه‌، ته‌نانه‌ت وڵاتانی بیانی و له‌سه‌روویانه‌وه‌ ئا‌مریكا کە چۆن دەکرێ شۆڕشێک بەدژی ئەو شۆڕشە وەڕێ بخرێ؟ هەر لەم ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستەدا یا تەنانەت لە ئامریکای لاتیندا شۆڕش ڕووی داوە و کەسێک هاتۆتە سەر کار وەک شۆڕشگێر، وەک نموونەی ئەم ئەفسەرانی عەرەبی وڵاتیی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست کە وەک قارەمان، وەک ڕزگاریدەر هاتنە سەر کار کەچی دواتر بۆخۆیان بوون بە دیکتاتۆر و هەر بە شۆڕشیش لەبەین چوون. بۆ نموونە لە عێراق و میسر و یەمەن و…

جا بۆیە بۆ ئەوەی کە سەرلە نوێ شۆڕشێک وەڕێ بخرێتەوە ڕەنگە بەو مانا کلاسیکییەی کە ئێمە لە شۆڕش دەڕوانین ڕوو نه‌دا، لەبەر ئەوەی بارودۆخەکە ئاڵوگۆڕی زۆری بەسەردا هاتووە. تا ئێستا ئێران پێی وابووە کە لە نەبوونی ئاڵتێرناتیڤێکی جیدیدا دنیا بە هەموو جۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکا، یانی ترسی بەسووریە بوونی ئێران و ئەو کابووسەی کە ئێستا لە سووریە ڕووی داوە، بووە هۆکاری ئەوەی دنیا له‌به‌رامبه‌ر كۆماری ئیسلامیدا نه‌وی بكێشێ.

چون له‌ ڕاستیشدا لە ئێستادا ئێران ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدی نییه‌، ئۆپۆزیسیۆنێک کە هەندێ ڕوخساری دیار هەبێ نییه‌تی.

بۆیه‌ سه‌ره‌تا پێویسته‌ ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و بەهێز هەبێ، بۆ ئەوه‌ی کە لە دنیای دەرەوە وه‌ك ئاڵتێرناتیڤ و بەدیلێکی شیاو سه‌یریان كا و دواتر بتوانن لانیکەم وەک حکوومەتێكی كاتی یان گوزار لە کۆماری ئیسلامی شكل بگرێ و، پیشانی بدەن کە ئەم ئۆپۆزیسیۆنە یەک دەستە و تایبه‌تمه‌ندی دێموکراتیکی هەیە و دواجار بە هەڵبژاردن کارەکانی بەڕێوە دەبا. بۆیە من پێم وایە بەر لە هەموو شتێک سەرەکیترین کار دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەشە و تا کاتێکیشئەو بەرە هاوبەشە لە نێو ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا نەبێ ئامریکا و دنیای دەرەوە دەستیان بۆ هیچ ناچێ.

بۆ نموونە کۆبوونەوەی «معارض»یی عێراقی به‌ ناوی كۆنگره‌ی له‌نده‌ن بۆ لابردنی سەدام بە ئیبتکاری وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئامریکا ساز بوو. ئەو دەم هەندێک فەیس لە نەتەوە جۆربەجۆرەکان، کورد و عەڕەبی شیعە و عەڕەبی سوننی یەکیان گرت و دواجار توانییان دەسەڵاتەکە بگوازنەوە بۆ ئەم کۆنگرەیە. بۆیە شتێکی هاوشێوەی وه‌ك كۆنگره‌ی له‌نده‌ن ده‌كرێ، بەڵام ئامریکا ئەوە نابینێ، ئورووپا ئەوە نابینێ و هەر‌وه‌ها هەندێ فاکتۆری دیکە وەک پێوەندییە ئابوورییەکانی ئەمریکا لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی دراوسێی ئێران و کەنداو دەور دەبینن کە لەواندا ئێران وەک گورگەکەی چیرۆکی هەیاس بۆ ترساندنی ئەوان بەکاری بێنن. لە هەر حاڵدا پاشنەئاشیلی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر دەتوانێ ئەوە، بێ کە بە دروستبوونی بەرەیەکی یەکگرتووی گۆڕانخواز و دێموکراتدا خەبات دژی کۆماری ئیسلامی بچێتە فازی كۆتاییه‌وه‌ ئه‌مه‌ كاتالیزۆره‌ بۆ به‌رده‌وامیی ناڕەزایەتییەکان، به‌ڵام له‌ یادمان نه‌چێ كه‌ خه‌ڵك له‌ نێوخۆ هه‌میشه‌ هه‌نگاوێك له‌ پێش ئۆپۆزیسیۆن بووه‌!

هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەدا چییە؟ وە لە داهاتوودا ئۆپۆزیسیۆن چۆن دەتوانێ کۆمەگ بێ و ببنە فاکتۆرێکی شوێندانەر؟

ئەگەر بێنم ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی کورد پێک بگرم دەتوانم بڵێم ئۆپۆزیسیۆنی کوردی بە حوکمی ئەو پاشخانە فکرییە، بە حوکمی ئەو چوارچێوە ئۆرگانیک و ڕێکخراوەییه‌ی کە هەیەتی لە هەموو ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکە دەتوانێ لە داهاتوودا زیاتر شوێندانەر بێ، دیارە ئەگەر بە گوتاری هاوبەشەوە بچێتە بازنەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانییەوە. بەهەر حاڵ ئێستا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەیە و ئەگەرچی خۆم ڕەخنەم لێی هەیە بەڵام دەتوانێ دەسپێکێكی باش بێ.

لە پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆن بەگشتیدا ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لە ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەدا بە باوەڕی من ڕۆڵێكی ئۆرگانیك نه‌بوو. ئەم سەرهەڵدانانە، سەرهەڵدانێکی خۆڕسک بوون وەک زۆربه‌ی سەرهەڵدانەکانی تر.

به‌ڵام کۆماری ئیسلامی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی عه‌زه‌مه‌تی گیان بازی خه‌ڵك و بە جۆرێ داشکاندنی سەنگی خۆپیشاندانەکان دەیهەوێ کە بەسەر ئۆپۆزیسیۆنیدا بێنێ و بە تایبەتی یەک دوو جەریان (وه‌ك كوڕی شا و موجاهیدین) زەق دەکاتەوه‌ كه‌ نه‌ توانایی ئه‌م ڕێكخستنه‌یان هه‌یه‌ و نە ئەو پێگە کۆمەڵایەتییە کە بتوانن کارێکی لەم چەشنە بکەن. بۆیە ئەمن سەرهەڵدانەکان بەخۆڕسک دەزانم و دیاره‌ حاشا له‌ ئینتیمای سیاسیی خه‌ڵكی ئێرانیش ناكه‌م.

كه‌وا بوو کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە تیرێک دوو نیشان بپێکێ: یەکەم کەشەکە ئەمنییەتی بکا و دواتر خەڵک تاوانبار بکا بەوەی بە فیتی دەرەکی هاتوونە دەرێ بۆوەی بێبەزه‌ییانە سەرکوتیان بکا. (بڕوانه‌ سێناریۆی هه‌میشه‌یی: ئێعتراف وه‌رگرتن له‌ خه‌ڵك له‌ تلویزیۆنی كۆماری ئیسلامیدا) لە کوردستانیش باس لە حیزبەکانی «ضد انقلاب» بنێشته‌خۆشكه‌ی سه‌ر زارێتی!

له‌ كۆتایی وڵامی پرسیاره‌كه‌تدا ده‌بێ بڵێم ئۆپوزیسیۆن لەم سەرهەڵدانانەدا دەور و ڕۆڵێکی ئه‌وتۆی نەبووە. بەڵام لە داهاتوودا چۆن دەبێ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رخۆیان. وەک گوتم ئێمە وك كورد دەبێ هاوکاریی بەکردەوە و گوتاری هاوبەشمان هەبێ و لە پێوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا لای کەم تا ئێستا پێموانییە ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی ئەوپوتانسیەلەی هەبێ و ئەو هێزە بتوانێ فاکتۆرێکی شوێندانەر بێ.

جەنابت ڕۆڵی ژنان لە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەردا چۆن هەڵدەسەنگێنی. پێت وانییە سەرکوتی توندی ژنان لە پێشتریشدا لەو ترسەوە سەرچاوە دەگرێ کە ڕێژیم نایهەوێ ئەم کڵێشە نوێیە تەحه‌ممول بکا؟

وه‌ك خۆت ئاماژەت پێکرد لە پرسیارەکەتدا، ڕێژیم نایهەوێ سەرچەشنێکی دیکە لە نێو بزووتنەوەی سەراسەریی ئێراندا بەو ورده‌بزووتنەوانە زیاد بێ. ئێستا بزووتنەوەی کرێکاریمان هەیە، بزووتنەوەی خوێندکاریمان هه‌یه‌، بزووتنەوەی نەتەوەییمان هەیە و بزووتنەوەی دیکە. ترسی ڕێژیم لە بزووتنەوەی ژنان ئەوەیە کە بە جۆرێک ئه‌مه‌ ڕێك چاوی ئەسفەندیاری ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی نیشانه‌ گرتووه‌! واتە لە ماوەی ٤٠ساڵ دەسەڵاتی سیاسیی خۆیدا، ڕۆخساری ژنی باش و ژنی خەراپی وێنا کردووە. ژنی باش بریتییە لەو ژنەی کە چارشێوێکی بەسەره‌وه‌، دایکێک کە لە ماڵ خەریکی چێشت لێنانە و کاری بە هیچ كێشه‌یه‌كی سیاسی و کۆمەڵایەتییه‌وه‌ نییە و دەچێتە وانەکانی قورئان و، ئەگەر لەو پەڕی خۆیدا چالاکیی کۆمەڵایەتیی هەبێ ئەوە یان بۆ ئیمام حوسێن یان بۆ بۆنە جۆربەجۆرەکانی مەزهەبییە و چاوی بەسەر ئەوەیە کە منداڵەکانی تووشی کێشە نەبن، ئەوە خوێندنەوەیەکی فه‌رمییه‌ لە ژنی باش و ژنی موسڵمان لە کۆماری ئیسلامیدا. بەڵام ئێستا لەو سەردەمەدا ئێمە دەبینین دەوری ژنان زۆر زۆر بەرچاوە، وەک ژن و وەک هێزی شوێندانەر. یانی کاتێک لە بزووتنەوەیەکدا ژن دێت هاوشانی پیاو دەست پێدەکا بە خەبات و درووشم دەدا، چەشنێک لە چالاکیی ڕۆمانتیسیزم لە نێو كه‌شی ئەو سەرهەڵدانەدا ساز دەبێ کە لە هەموو فەزای دنیادا شتی وا هه‌یه‌. تەنانەت بە جۆرێک لە جۆرەکان په‌یوەندییەکی ئەوینداری لە نێو خۆپێشاندەران ساز دەبێ و پێوەندییەکی عاتفی باڵ بەسەر سەرهەڵدانەکەدا دەکێشێ. ڕێژیم ده‌مه‌كه‌ به‌مه‌ی زانیوه‌ داوە و هەوڵ دەدا ڕێی لێبگرێ. چون سیمین دوبووار گوتەنی ئەوە ژنی ئازایە کە دەتوانێ منداڵی ئازا و ڕەها و چاونەترس ڕابێنێ، بۆیە لە داوێنی ئەو ژنەیە کە منداڵ پەروەردە دەبێ و دواجار ئەو منداڵە لەسەر بنەمای ئەو بارهێنانە و ئەو پەروەردە کردنە دەتوانێ بەدژی زوڵم و زۆری دەنگ هەڵبڕێ. تەنانەت لە نێو ئەدەبیاتی ڕه‌سمیی ده‌سه‌ڵاتدا توندوتیژییەکی گوفتاری و سووکایەتی زمانی بەرامبەر بە ژن هه‌یه‌ یان وه‌ها باو كراوه‌ كه‌ کاتێک ژنێك ده‌سبه‌سه‌ر ده‌كرێ یان بازجوویی لێدەکرێ ئابرووی بنەماڵەکەی دەچێ، ئابرووی ئەو ژنەی دەچێ واته‌ لە کەرەسەی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرن بۆ ئەوەی ژن وەک هێز و دینامیزمێک لە بزووتنەوەدا پاشەکشەی پێ بکرێ و بیبەنەوە چوارچیوەی ماڵ و بیانخه‌نه‌ ێر چاوەدێریی باب و برا و مێردەوە و بەم شێوەیه‌ دەیانەوێ ڕێیان لێ بگرن. بەڵام بە خۆشییەوە ئەمە بە دڵی کۆماری ئیسلامی ناچێتە پێشێ و بەشداریی ژنان لە مەیدانی ناڕەزایەتی تۆختر بووە و تەنانەت هەندێک جار تۆ لەو گرتە ویدیۆییانەدا دەبینی کە ژن دەوری لیدێر دەگێرێ. ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی لەو هێزە تۆقیوە و لە داهاتوودا ژنان دەورێکی زۆر سەرەکی دەگێڕن.

کاک ناسر کەمێک پێشتر ئاماژەت بەو دەستەواژانە دا وەک «خەڵک» و «خەڵکی ڕاستەقینە». خامنەیی چەند ڕۆژ پێش لە کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک بەسیجیدا گوتی کە ئیرادەی «خەڵک» توانیی بەسەر «پیلان»ەکەدا سەر بکەوێ. کاک ناسر ئەگەر هەڵوێستەیەک لەسەر ئەم قسانە بکەین، کام خەڵک و کام پیلان؟

خامنەیی ده‌مێكه‌ له‌ وشه‌ی «مردم»، واته‌ خەڵک كه‌لك وه‌رده‌گرێ، بۆ ئه‌و «مردم» بریتین له‌ ده‌ستوپه‌یوه‌ندی گوێڕایه‌ڵی خۆت كه‌ له‌ شه‌قامه‌كان به‌ ئه‌مری ئه‌و خه‌ڵك ده‌ده‌نه‌ به‌ گولله‌ له‌ ڕوانگه‌ی نیزامه‌وه‌ ئه‌وانه‌ «خەڵکی ڕاستەقینە»ن، بۆیه‌ به‌ یارمه‌تی وه‌رزره‌ته‌كان و ده‌زگاكان خەڵک دێننە سەر شەقامەکان کە زۆربه‌یان مووچه‌خۆر و خوێندکار و قوتابی و مامۆستان كه‌ ناچاریان دەکەن کە دەبێ ئیمزا بدەن و دەبێ خۆپیشاندان بكه‌ن و له‌سه‌ر شاشه‌ی تلویزیۆنیش ناوی ده‌نێن حه‌ماسه‌ی خه‌ڵك!

مەسەلەیەکی چینی دەڵێ کاتێک شتێک بەراوژوو نیشان دەدەی؛ واتە درۆ دەکەی. ئەمە پیشەی وڵاتانی دیكتاتۆری و دواکەوتوویە کە ڕاستییەکانی نێوخۆ بە پێچەوانە نیشان دەدەن بۆ شاردنەوەی کەموکوڕییەکانی وڵات.

خامنه‌یی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا، بەتایبەتی پاش مردنی خومەینی كه‌ دەسەڵاتی گرتە دەست، ئیستراتیژیی سەرەکیی ئەم وڵاتەی بۆ نێوخۆ و دەرەوە لەسەر بنەمای بەراوه‌ژوو نیشاندانی واقعییەتەکانی کۆمەڵگە داڕشتووه‌. ئه‌مه‌ بەڵکوو دوکتورینێک بووه‌ کە لە سەرەوەی هێرەمەکە واته‌ خۆی بۆ خوارەوە دیکتە دەکرا و لە هەموو بوارەکاندا بەجۆرێک هەوڵ دراوە کە سیمای ڕاستەقینەی دیاردەکان بشاردرێنەوە. شەخسی خامنەیی لەسەر بنەمایەکی پاڕانۆییدی بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕاستییەکان لە زۆر تاکتیکی سەیروسەمەرە کەڵکی وەرگرتووە، بۆ وێنە ئەم دەستەواژانە بە بەردەوامی لە گوتارە سیاسییەکانی ئەو حکوومەتەدا کە لە زمانی «ولی فقیه‌« دەگوازرێتەوە بەدی دەکرێوەک پیلان، دوژمن، تەماح، سیخۆڕی، دەستەواژەی نفووز، خەیانەت، هەڕەشەی دەرەکی، دەستی پشتی پەردە، ئەرازل و ئەۆباش و، ئەشرار لەم دواییانەدا و، ئەمە بۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی کە بە هەر جۆرێک بەر بە هەر چەشنە پلۆرالیزمێکی سیاسی بگرێ. ئەم «خەڵک»ەی کە جەنابیشت باست فه‌رموو دەچێتە خانەی ئەم دەستەواژانەی ئەو بۆ مەرامەکانی بەکاری دێنێ.

بەڵام بەپێی هەموو ئامار و داتاکان کە لە ناوەنده‌ ئاكادیمیك و باوەڕپێکراو نێونەتەوەییدا هەیە، کۆماری ئیسلامی بەپێچەوانە ئیدیعای ڕێبەرەکانی، ڕێژیمێکی داڕماوە، ئەم داتایانە تەعبیر لە دۆخی کارەساتباری ئێران دەکەن کە لە ڕاگەیاندن و میدیاکانی کۆماری ئیسلامیدا نەک باس ناکرێ، بەڵکوو باس کردنەکەشیان باسی سەرە؛ بۆیە لە حەقیقەتدا ئەو قەرائەتە ڕەسمییەی کە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شەقامەکان دەیداتە دەرەوە، ڕێک بەراوه‌ژوو نیشان دانی حەقیقەتەکان و، ئه‌وه‌ی مرۆڤكوژ و خوێنڕێژه‌ پیاوه‌كانی ڕێبه‌رن نه‌ك خه‌ڵكی ئێران!

کاک ناسر سپاس بۆ بەشداریت لەم دیمانەیەدا.

سپاس بۆ ئێوه‌ و سه‌رجه‌م هاوكارانتان، «كوردستان» ئاوه‌دان!