ناخی ڕاستەقینەی حەسەن ڕۆحانی و ڕووهەڵماڵاویی دەڵاڵەکانی!

قادر وریا

ئەگەر چی هەموو کارنامەی سیاسیی حەسەن ڕۆحانی، سەرکۆماری ئێستای ڕێژیمی ئێران، پڕە لە خزمەت بەو ڕێژیمە تاوانکار و تاوانخولقێنەی بە زەبری تاوان و سەرکوت لەسەر کارە، بەڵام ناوبراو لە دوو ساتەوەختی مێژووی خەبات و بەربەرەکانیی پڕتێچووی خەڵکی ئێراندا،  ڕووی ڕاستەقینەی خۆی بە تەواوی نیشان دا. لە هەر دوو جارەکەدا، سەلماندی ئەو ڕوخسارەی بۆ خۆی و دەڵاڵەکانی دەیانەوێ لە ناوبراو وێنای بکەن، هەروەها ئەو ئاوەڵناو و لەقەب و دەستەواژانەی دەیدەنە پاڵی، چەندە پووچ و بێ‌نێوەرۆک و ساختە و هەڵبەستراون.

ڕۆحانی لە کاتی سەرکوتی ناڕەزایی دەربڕینی پووشپەڕی ١٣٧٨ی خوێندکاران لە تاران، سەرۆکی شۆڕای بەرزی ئەمنیەتی  میللیی ئێران بوو. قسەکانی ئەو بە دوای سەرکوتی ئەو ناڕەزایەتیدەربڕینە و تاوانە دڵتەزێنەکانی سپا و بەسیج و لیباس شەخسییەکان  لە «کوی دانشگاە»دا، هەتا ئێستاش لە گوێی مێژوودا دەزرینگێنەوە. لەبیر نەچوونەوەی ئەو قسانە، دەگەڕێتەوە بۆ چەپەڵیی ئەو مێشک و ئەو ناخەی لەو بڕگەیە لە مێژووی خەباتی ئازادیخوازیی خەڵکی ئێران، قسەکانیان لێوە دەهات. ناخێکی ئاخنراو لە دژایەتی لەگەڵ ئازادی و ئازادیخوازی کە بەو پەڕی بێشەرمی هەوڵی پاساودانی  سەرکوتی  خوێناویی خوێندکارەکانی دەدا.

ئەمجاریش بە دوای سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی خەڵکی زیاتر لە ١٠٠ شاری ئێران،  ئاخوند ڕۆحانی وەک سەرکۆمار هاتەوە مەیدان هەتا هەمان ناخ و دیوە راستەقینەکەی خۆی، نیشان بداتەوە. هاتەوە مەیدان تا بە ئەقڵی هەموو ئەوانە پێبکەنێ کە بە ڕوخساری ڕیاکارانە و «کلیل»ی دەستی ناوبراو هەڵخەڵەتان و  بە هۆی پەنابردنی خۆی و دەڵاڵەکانی بۆ کۆمەڵێک وشەی وەک «اعتدال» و «تدبیر» و «امید» لە کاتی هەڵبژاردندا، ڕووی ڕاستەقینەی ئەم فێڵبازەیان لە بیر چووبۆوە!

قسەکانی ڕۆحانی هەمان قسەی جاری پێشوو بوون: «ژمارەیەکی کەم»ی «بەکرێگیراوی بێگانە» کە دوو ساڵ بوو لە لایەن دوژمنانی دەرەوە ئامادە کرابوون بۆ زەبر لێدان لە نیزام، کەوتنە توندوتیژی نواندن. بەڵام «ئۆممەتی هەمیشە لەسەر شانۆ» بە گژیاندا چوونەوە و پیلانەکەیانی پووچەڵ کردەوە!

«جمهور» واتە جەماوەر (خەڵک)! «سەرۆک کۆمار» تەنانەت لە سیستمێکی دیکتاتۆریی وەک ڕێژیمی ئێرانیشدا، مانا ڕواڵەتییەکەی ئەوەیە کە سەرۆک و هەڵبژاردەی خەڵکە. ئەگەر تۆسقاڵێک ئەخلاقی سیاسی و کەمترین ڕێز بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵک لەو بەناو سەرکۆمارەی ئێراندا هەبا، لە ئاست دروێنەی سەدان کەس لە برسییەکان و ڕەشوڕووتانی وڵاتەکەی بە هۆی هێزە حکوومەتییەکان  و، بریندارکران و گیرانی هەزارانیان، دەبوایە دەستی لە کار کێشابایەوە. بەڵام ڕۆحانی چونکە فڕی بە سەر ئەو خەڵکەوە نییە و، کۆڵەکە و مۆرەیەکی ئەو سیستمەیە کە مانەوەی لە گرەوەی  سەرکوت و هێشتنەوەی ئەو خەڵکە لە ڕۆژڕەشیدایە، وەک دیکتاتۆرێک، وەک ژێنڕاڵێک و بەڕێوەبەری حکوومەتێکی نیزامی، بەرەوڕووی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەبێتەوە و هەڕەشەی کوشتن و گرتنی  ژمارەیەکی هەر چی زیاتریان لێ دەکا.

دیارە ئەوانە هیچیان شتێکی چاوەڕوان‌نەکراو نەبوون و نین. ئەوەی دەبێ چاوەڕوان‌نەکراو و ڕێگەپێ‌نەدراو بێ، ئەوەیە کە جارێکی دیکە کۆمەڵێک دەڵاڵی سیاسی، لەژێر دێوجامەی کۆمەڵێک وشەی وەک «اعتدال» و «میانەروی» و جیاوازبوونی ئەم قۆڵ لە قۆڵێکی دیکەی ڕێژیم، بکەونەوە فریودانی خەڵک و، ئەو قەسابخانەیەی دوێنێ و پێرێ لەسەر شەقامەکان و هەر ئێستا لەنێو بەندیخانەکان بەدژی خەڵکی ناڕازیی ئێران وەڕێ خراوە، لەبیریان بەرنەوە.