دوورەدیمەنی ڕێفۆرمخوازان لە ژینگەی سیاسیی ئێراندا

سامان فەقێ‌نەبی

نیوەی دووەمی دەیەی حەفتای هەتاوی و نیوەی یەکەمی دەیەی ‌هەشتای هەتاوی لە مێژووی کۆماری دەسەڵاتداریی ئیسلامیدا بە قۆناغی لووتکە بۆ پڕۆژەی ڕێفۆرمخوازیی لە ئێران دادەنرێ. قۆناغێک کە هیواگەلێک وەک تەرکیز خستنەسەر بەشی “جمهوورییەتی” سیستمی زاڵ و سەرنج خستنەسەر ئەو بەشانە لە پێکهاتەی دەسەڵات کە لە ڕێگای هەڵبژاردن دیاری دەکرێن، بوون بە دروشم و توخمی شوناس بەخشین بە ڕەوتی ڕێفۆرمخواز لە وڵاتدا.

ڕوداوەکانی ١٨ی پووشپەڕ و لە ئاکامدا بیچم‌ گرتنی کەشی بێمتمانەیی لە نێوان بزووتنەوەی خوێندکاری و باڵی ڕێفۆرمخوازی نێو دەسەڵات و دواتر قەبووڵی ئاسانی داخستنی وێکڕای زۆربەی ڕۆژنامە ڕێفۆرمیستەکان لەلایەن ڕێبەران و سیما دیارەکانی ڕەوتی ڕێفۆرمخواز، وای کرد کە بەرەبەرە چرای ئەو ڕەوتە بەرەو کزبوون بچێ.

باڵی ڕێفۆرمخوازی نێو پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا هەر لەسەرەتاوە لە ماتەوزەی چینی مامناوەندی کۆمەڵگەی ئێران بەتایبەتی توێژەکانی وەک خوێندکاران، ژنان، ڕووناکبیران و فەرمانبەرانی نێونجیی نێو دامودەزگا حکوومییەکان وەک پێگەی کۆمەڵایەتی کەلکی وەرگرت و بەرەبەرە، بەهۆی ناکامی لە وڵامدانەوە بە ویست و خواستەکانی ئەو چین و توێژانە بەشێکی بەرچاو لە متمانەی کۆمەڵایەتیی لەدەست دا.

لە ماوەی دوو دەیەدا یاریکەرانی گۆڕەپانی سیاسەت لەنێو ڕێفۆرمخوازاندا بەهۆی گوشاری باڵی بەرامبەر واتە ئۆسوولگەراکان لە خاتەمی و مووسەوییەوە بەرەو ڕەفسەنجانی و ڕۆحانی شیفتیان پێکرا و لەو سۆنگەیەوە خێرایی داشکانی پێگەی سیاسیی ئەو ڕەوتە لەنێو چینی مامناوەندیی ئێران زیاتر بوو.

بەشێکی دیکە لە سەرمایەی مرۆیی و بەدەنەی پاڵپشتی ڕەوتی ڕێفۆرمخواز لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا نەتەوە بندەستەکانی وڵات بوون، لە سۆنگەی ئەو هیوایە کە دەلاقەیەک بۆ گەیشتن بە بەشێک لە مافە سیاسییەکانی ئەو نەتەوانە لە چوارچێوەی دروشم و بانگەوازەکانی ڕێفۆرمخوازان لە کاتی هەڵبەژاردنەکاندا ڕەنگدانەوەی پەیدا کردبوو، کە ئەم خولیایەش لە ئاستی کرداریدا گۆڕانێکی ئەوتۆی بەسەردا نەهات و هەڵاواردن هەر بە میراتی ئەو نەتەوانە مانەوە.

کارنامەی شکستی ڕێفۆرمخوازان لە چەسپاندنی ئیسلاحات لە ستراکتۆری دەسەڵاتدا و ناکامی لە هەموارکردنەوەی یاسای بنەڕەتی بۆ وێنە لە پێوەندی لەگەڵ یاسای ئازادیی بڵاڤۆکەکان یان پێداچوونەوە بە یاسای چاودێریی ئێستسوابی و کورتکردنەوەی دەستی سپای پاسداران لە کەرتی ئابووریی وڵات، دەکرێ وەک هۆکارگەلێکی دیکە بۆ دابەزینی ئاستی سەرنجڕاکێش بوونی وێژمانی ڕێفۆرمخوازی لەنێو چین و توێژەکانی پشتیوانی ئەو ڕەوتە ئەژمار بکرێ.

بەدوای ڕووداوەکانی بزووتنەوەی سەوز لە ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی و سەرکوتی چینی مامناوەندی بە شێوازێکی توندوتیژ، هێما و ئەکتەرەکانی ڕێفۆرمخواز لەنێو کایەی ململانێی دەسەڵات لەنێو کۆماری ئیسلامیدا بەسەر دوو دەستەدا دابەش بوون، بەشێک تاکوو ئێستا هەر  لە چوارچێوەی کەشی سیاسیی زاڵ بەسەر وڵاتدا و هەر لە بازنەی بەشداریی سیاسی لەنێو پێکهاتەی دەسەڵات لە کۆماری ئیسلامیدا دەسووڕێنەوە و؛ بەشێکیش وەک بە بنبەست گەیشتوو فازی “تێپەڕین لە ئیسلاحات”ـیان کردە ڕێباز.

لە ڕاستیدا باڵی ڕێفۆرمخوازی نێو پێکهاتەکانی کۆماری ئیسلامی، هیچکات نەیتوانیوە تێکەڵ بە ویست و خواستی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەک بزاڤی یەکسانخوازیی ژنان، ویستی شارۆمەندتەوەریی نەتەوە بندەستەکان، ویستی دێموکراسیخوازیی خوێندکاران و خواست بۆ ژیانێکی سەردەمیانەی چینی مامناوەندی بەگشتی و، توێژی لاوان بەتایبەتی و لە بڕی ئەمە وەک تاکێک و خەسڵەتێکی ئۆپۆرتۆنیستی تەنیا بە خۆبەستنەوە بە قۆناغی هەڵبژاردنەکان و کەلکوەرگرتنی کاتی لە فەزای سیاسیی نیوەکراوە لەو مەجالانە خۆی نواندوە، ئێستاکەش ئەو باڵە تێدەکۆشێ کە بە هێنانە ئارای مژاری “پساخامنەیی” و ئەگەر و دەرفەتەکانی دابین بوونی بەستێنی ڕێفۆرم دوای نەمانی ناوبراو پاساوێک بۆ ڕەوایی و هەبوونی پەسیڤیان لە قۆناغی هەنووکەییدا دابتاشێ.

حاشای لێ ناکرێ کە باڵی ڕێفۆرمخواز کارکردی زیاتری بوون بە “سوپاپی ئیتمینان” بۆ کوێ دەسەڵات لە بەرامبەر بزووتنەوە ناڕازییەکانی سەر شەقام لە قۆناغە جیاوازەکان و یارمەتیدان بە دەسەڵات بۆ دامرکاندنەوەیان بووە، پاساو هێنانەوە بۆ توندوتیژیی دامودەزگا ئەمنییەکان لە کاتی جەماوەر و فەزاسازیگەلێک وەک زەقکردنەوەی فۆبیای “بە سووریەیی بوون”ـی وڵات لە ئەگەری لاوازیی ئیقتداری کۆماری ئیسلامی، نموونەی ئەو چەشنە کارکردە نێگەتیڤانەی ڕێفۆرمخوازانە.

لە دوایین ڕووداوی سیاسەتیشدا واتە لە جەریانی خۆپیشاندانە خۆڕسکەکانی ڕۆژانی کۆتایی مانگی خەزەڵوەردا دیسان زۆرینەی ڕێفۆرمخوازانی نێوخۆی وڵات و دیاسپۆرا کەوتنە پەلەقاژە بۆ پاساوهێنانەوە بۆ سەرکوتی خوێناویی سەر شەقامەکان و ڕەوایی دان بە وەها دەسەڵاتێکی ناوڵامدەر و، جیا لە چەند کەسایەتییەکی نێو بەندیخانە یان حەسری زۆرە ملی، باقیی کاردانەوە نەرێنییەکانی ڕێفۆرمخوازان کەلێنی نێوان جەماوەر و ئەو باڵەی پتر گەورەتر کردەوە و، پێدەچێ بەهۆی بچووکتر بوونی بازنەی چینی مامناوەندی، ڕەوتی ڕێفۆرمخوازی و ڕەساڵەتی نوسخەکانی لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا زیاتر لە هەمووکات لە تراویلکە بچێ.