پۆلیسی ئێران لە ئەرکی دابینکردنی ئەمنیەتەوە بۆ هێزی سەرکوتی خەڵک؟!

عومەر باڵەکی

لەو ماوەدا هەموو دنیا شاهیدی ناڕەزایەتیی گەلانی ئێران بوون بەدژی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی و لە هەمان کاتدا، شاهیدی سەرکوتی بێبەزەیانە و دوور لە پێگەی مرۆڤایەتیی خۆپیشاندەران لە لایەن هێزە بەناو ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی بوون، کە ئامارەکانی ئەو سەرکوتەی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقام سەرسووڕهێنەرن بە چەشنێک کە لە ماوەی چەند ڕۆژێک خۆپیشاندان بەپێی ئامارەکان هەتا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس شەهید بوون و بە هەزاران کەس بریندار و دەستبەسەر کراون.

 ناڕەزایەتییەکان بەڕواڵەت بە چوونە سەری سێ قاتی نرخی بێنزین ڕۆژی هەینی سەریان هەڵدا و لەماوەیەکی کورتی یەک ڕۆژەدا نزیک بە تەواوی شار و ناوچە جیاجیاکانی ئێرانی گرتەوە و، ئەو پەرەگرتنە خێرایە پێش هەر لێکدانەوەیەک لەسەر خۆپیشاندانەکان دەتوانین بڵێین نێشانەی لاواز بوونی پێگەی کۆماری ئیسلامییە لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا. ئەوەی لەم نووسینەدا دەمانهەوێ ئاماژەی پێ بدەین و هەڵوێستەی لەسەر بکەین، کردەوەی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامییە کە هەروەکی پێشتر باس کرا بکەری ئەسڵیی کوشتار و بریندارکردن و دەسبەسەر کردنی هەزاران خۆپیشاندەرن لە ماوەی چەند ڕۆژدا.

مێژووی پێکهاتنی پۆلیس لە ئێراندا بە شێوەی ئەمڕۆیی بۆ سەدەیەک لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و بە چاولێکەری لە وڵاتانی ئورووپایی، ناسرەدین شای قاجاڕ بڕیاری پێکهێنانی دا و، بە تێپەڕبوونی کات و لە سەردەمی پەهلەویدا ئەو هێزە بوو بە دوو ئۆرگانی سەرەکی، پۆلیس لەنێو شارەکان کە بەڕواڵەت ئەمنیەت و نەزمی شارەکانی لە ئەستۆ بوو و، ژاندارمێری کە ئەویش خۆی لە دوو ئۆرگان پێک دەهات کە یەکێکیان بۆ نەزم و ئەمنیەتی گوندەکان دیاری کرابوو و ئەرکی ئەوەی تریش پاراستنی ئەمنیەتی سنوورەکان بوو.

لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی دوای ڕووخانی نیزامی پاشایەتی، کومیتەکانی ئینقلابی ئیسلامی پێک هاتن و هاوتەریبی پۆلیسی ئەو کاتی ئێران کاریان دەکرد و، تەنانەت ئەو کومیتانە خۆیان بەبێ لەبەرچاو گرتنی حوکمی دادگا خەڵکیان دەسبەسەر دەکرد و، هەر خۆیشیان حوکمی زیندان یا ئێعدامیان بەسەر گیراوەکاندا دەسەپاند. دوای ١٣ ساڵ لە دەسەڵاتدارەتی کۆماری ئیسلامی و باڵادەستیی کومیتەکانی ئینقلابی ئیسلامی بەسەر پۆلیس و دادگاکاندا، لە ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بە یاسایەک کە لە مەجلیسی شۆڕای ئیسلامی دەرچوو، سێ ئۆرگانی پۆلیس، ژاندارمێری و کومیتەکانی ئینقلابی ئیسلامی پێکەوە تیکەڵ کران و ئەو هێزەی لێ دروست بوو کە ئێستا بەناوی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانناسین.

کە چاو بە قانوون و مێژووی دروستبوونی پۆلیس لە ئێراندا دەخشێنین هەر لە سەرەتاوە لەپێناو بەرژەوەندیی خەڵکدا دروست نەبووە، بەڵکوو بۆ پاراستنی دەسەڵات و سەرکوتی ناڕازییەکان لە دەسەڵات پێک هاتووە. لە سەردەمی پاشایەتیدا ئامرازی دەستی دامودەزگای پاشایەتی بوون و لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا هەمان ئەرکیان پێ سپێردراوە، بەڵام بەو جیاوازییە کە لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا پۆلیس یا هێزە ئینتزامییەکان لە چوارچێوەی ئیدئۆلۆژیی کۆماری ئیسلامیدا، سەرکوتی خەڵک بە کارێکی ڕەوا و شەرعی و خزمەت بە ئایینی ئیسلام و مەزهەبی شێعەی باوەڕمەند بە ویلایەتی ڕەهای فەقیهـ دەزانن. بەواتایەکی دیکە ئەگەر پێش هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی پۆلیس و ژاندارمێری ئەرکی سەرکوتی خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵاتیان، بەناوی قانوون و خزمەت بە نیزامی پاشایەتی لە ئەستۆ بوو و قەت نەچوونە خانەی پارێزگاری لە ئەمنیەت و ئاسایشی خەڵک، بەڵام ڕادەی دەسەڵات و هێزیان بۆ سەرکوتی خەڵک ئەوەندە نەبوو کە بتوانن ناڕەزایەتییە گشتگیرەکانی وەک ساڵەکانی ٥٦ و ٥٧ی هەتاوی سەرکوت بکەن، بۆیە لەو کاتدا دەسەڵات بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی پەنای بردە بەر ئەرتەشی ئێران. بەڵام ئێستا دەبینین هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی توانای ڕەهای هەیە بۆ سەرکوتی خەڵکی ناڕازی و لە ساڵەکانی ٨٨ و ٩٦ و ٩٨ی هەتاوی دەبینین یەک لایەنە هێزەکانی ئینتزامی، دێنە مەیدانی سەرکوتی خەڵک و بەبێ ڕەچاوکردنی قانوون و ڕێوشوێنە جیهانی و ئایینییەکان بە هەموو کەرەسە و چەکی بەردەستیان تەقە لە خۆپیشاندەرانی دەست بەتاڵ دەکەن و لە شەقامەکان حەمامی خوێن وەڕێ دەخەن بەبێ ئەوەی لە بەرامبەر قانووندا بەرپرسیار بن.

کۆماری ئیسلامی وەک سیستمێکی سیاسی و بەڕێوەبەری و دەسەڵاتداری هەر لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنی، قانوونی بنەڕەتیی کە نوێنگەی ئامانجەکانی رێبەر و دامەزرێنەری ئەو نیزامە بوو بەسەر گەلانی ئێراندا سەپاند. بەڵام سەیر ئەوەیە دەسەڵاتدارانی نیزامی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا لەو جێگا و کاتەدا کە بزانن کورسی دەسەڵاتدارییان دەکەوێتە لەرزین و ترسی داڕمان بە دەستی خەڵکیان هەیە، هەموو بنەماکانی خۆیان بەتایبەتی قانوونی بنەڕەتیی ئەو نیزامە ژێرپێ دەنێن. بۆ نموونە ئەسڵی ٢٧ی قانوونی بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی لەبارەی خۆپیشاندان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی ئاوا دەڵێ: «وەڕێخستنی کۆبوونەوە و ڕێپێوانەکان، بێ‌چەک، بەو مەرجە دژایەتی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام نەبێ، ڕێگە پێدراوە.» وە لە مادەی ٣ی قانوونی هێزە ئینتیزامییەکاندا ئامانجی پێکهێنانی ئەو هێزە دەستنیشان کراوە: «ئامانج لە پێکهێنانی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دابینکردنی نەزم و ئەمنیەت و ئاسایشی گشتی و تاکە کەسییە.» ئەگەر لە ماوەی ئەو چل ساڵە و بەتایبەتی لەم چەند حەوتووەی ڕابردوو دا چاو لە کردار و هەڵسوکەوتی هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی بکەین، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێ لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ خەڵک بەو جۆرە نەجووڵاونەوە کە لە قانوونەکان باس کراوە.

بەپێی قانوونی بنەڕەتیی ئێران هەروەکی لە سەرەوە باس کرا، ڕێپێوان و پێکهێنانی کۆبوونەوەی جەماوەری ئازادە بەو مەرجە کە بێ‌چەک بێ و دژایەتیی لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام نەبێ. هەموو خەڵکی ئێران و گەلانی دنیا و دەوڵەتەکانی سەر گۆی زەوی ئەو ڕاستییە دەزانن کە خۆپیشاندانی ئەم جارە و ساڵەکانی ڕابردووش خەڵکی ناڕازی لە دەسەڵات چەک بەدەست نەبوون و هیچکام لە شوعار و کردەوەکانیان دژایەتیی نەبووە و نییە لەگەڵ ئایینی ئیسلام، بەڵام هێزی ئینتزامی بێ‌گوێ دان بەو بنەما قانوونییانە بۆ پاراستنی دەسەڵات دەستیان بۆ چەکەکانیان بردووە و کەوتوونە کوشتاری خۆپیشاندەران. بەواتایەکی دیکە هەم دەسەڵات و هەم هێزەکانی ئینتزامی ترسی تەواویان لە ناڕەزایەتیی خەڵک ڕێنیشتووە، کە ئەگەر سەرکوتێکی بێ‌بەزەییانەی خەڵک نەکەن ڕەنگە کونتڕۆڵ کردنیان لە دەست بچێتە دەرێ و نیزام بەرەو ڕووخان پاڵ پێوە بنرێ.

بەڵام دوای کوشتن و بریندار کردنی خەڵکی ناڕازیی سەر شەقام لەلایەن هێزی ئینتزامییەوە، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەتی دەزگای قەزایی و ئیتلاعات بۆ بیروڕای جیهانی و نێوخۆی خەڵک، دەکەونە پاساوهێنانەوە بۆ ئەو کوشتار و بریندار کردن و دەسبەسەر کردنانە و، باس لەوە دەکەن کە خۆپیشاندەران گێرەشێوێن و چەکدار و پیاوی بێگانە بوون و، تەنانەت لەوەش پتر دەچنە پێش و دەڵێن شەڕی جیهانی بووە بەدژی کۆماری ئیسلامی و، توانیومانە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو هێرشە جیهانییە تێک بشکێنین. بەڵام هەموو لایەک دەزانن کە ئەو دەربڕینەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی دوورە لە ڕاستی و تەنیا پاساوێکە بۆ کردارێکی دوور لە ئەخلاقی ئینسانی و قانوونی.

ئەوەی لێرەدا لە پێوەندیی هێزە ئینتزامییەکان جێگای باس و سەرنجە، پێبەندیی ئەخلاقییە بە بنەماکانی مرۆڤایەتی. ڕاستە پۆلیس وەزیفەکەی پاراستنی نەزم و ئەمنیەتی کۆمەڵگەیە، بەڵام ئەو پاراستن و پارێزگارییە لە بەرامبەر تاوانکار و کەسانێکە کە بە کردار و ڕەفتاری خۆیان نەزمی کۆمەڵگە دەشێوێنن، واتە تاوان بۆ دەستەبەر کردنی ئامانجی تاکەکەسی دەکەن و ئەوەی هێزی ئینتزامی لە ئێران تووشی بە لاڕێدابردن لە وەزیفەی خۆی کردووە، ئەوەیە کە بە چاوی تاوانکار دەڕوانێتە خۆپیشاندەران ئیدی بیر لەوە ناکاتەوە کاتێک لە شارێکدا بە هەزاران کەس بە ناڕەزایەتی لە بڕیار یا قانوونێکی دەسەڵات دەڕژێنە سەر شەقام و، بەو کارە دەیانهەوێ دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان بگەیەننە گوێی دەسەڵاتداران و، بەپێی هەموو پێوەرە جیهانییەکان و تەنانەت یاساکانی کۆماری ئیسلامیش هاتنە سەر شەقامی خەڵک ناتوانێ تاوانکاری و گێرەشێوێنی بێ.

 هەر وەکی لە پێشدا باس کرا تاوانکاری جیاوازیی تەواو ئاشکرای هەیە لەگەڵ خۆپیشاندانی جەماوەری، چونکە تاوانکار پێشێلی نەزمی کۆمەڵگە و مافی شارۆمەندی تاک و کۆ دەکا و ئامانجی تاکەکەسی هەیە، بەڵام خۆپیشاندان مافی بێ‌ئەملاولای خەڵکە و پێویستە کە ئەو مافە لە لایەن دەسەڵاتەوە پارێزراو بێ. بە واتایەکی دیکە خۆپیشاندەران نەک سنووری بایەخە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە دەپارێزن بەڵکوو خۆیان لە ڕیزی ئەو کەسانەدان کە پێبەندن بە بایەخە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگە. خۆپیشاندەران بەدوای ئامانجی تاکەکەسیدا نین بەڵکوو هەموو کات بەدوای ئامانجی کۆمەڵێک لە مرۆڤەکاندا هەن جا ئەو ئامانجە دەتوانێ سێنفی، کۆمەڵایەتی، ئابووری یا سیاسی بێ و ئەگەر هێزە ئەمنییەکان لە چرکەساتی یەکەمدا ئەرکیان پاراستنی خۆپیشاندەران بێ و، بەربینگیان پێ نەگرن ڕەنگە هیچ تێکەڵچوون یا شێواوییەک دروست نەبێ و پۆلیس و هێزە ئینتزامییەکان بە چاوی تاوان و تاوانکاری نەڕواننە خۆپیشاندەران؛ زۆر سروشتییە خۆپیشاندرانیش هەوڵ نادەن دژکردەوەی توندوتیژی لە خۆیان نیشان بدەن.

بەداخەوە لە ڕۆژی دامەزرانی پۆلیسی ئێران و بەتایبەتی لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، شێوە تێگەیشتنێکی دوور لە بنەماکانی مرۆڤایەتی و قانوونی لە لایەن هێزی ئینتزامی و پۆلیسی ئێران لە پاراستنی نەزمی گشتی کراوە و، بەردەوام ئەوە ئەوان بوون بە هۆکاری شێواندنی نەزم و ئەمنیەت بەناوی جێبەجێکردنی قانوون بەتایبەتی لەو کاتانەدا، کە گرووپێک یا زۆرینەی خەڵک لە بڕیار و بەڕێوەبەریی دەسەڵات ناڕازین و بۆ دەربڕینی ئەم ناڕەزایەتییە دێنە سەر شەقامی شارەکان.

ئەگەر ئەو تێگەیشتنە لای پۆلیس و هێزی ئینتزامی دروست ببوایە کە خۆپیشاندانی خەڵکی بەدژی بەڕێوەبەریی دەسەڵات تاوان نییە، ڕەنگە هیچ شوێنێک نەسووتێندرابایە و کەسیش خوێنی لە لووت نەهاتبایە. بەڵام هێزی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامی ڕوانگەیان هەڵقوڵاو لە بیر و ئەندێشەی ویلایەتی ڕەهای فەقیهە وخۆیان بەستووەتەوە بەو ئیدئۆلۆژییە و لە مەکتەبی ئەواندا ئەخلاقی قانوونمەند و ئینسانی جێگای نابێتەوە. بۆیە بە جێگای ئەوە پارێزەری نەزم و ئەمنیەتی کۆمەڵگە بن خۆیان هۆکاری شێواندنی نەزم و ئاسایشی کۆمەڵگەن و، لە ئاکامدا دەتوانین بێگومان بڵێین کە هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامی، تاوانباران بە شێواندنی نەزمی کۆمەڵگە و ڕشتنی خۆینی هەزاران هاووڵاتیی ئێرانی بێ‌تاوان؛ تەنیا لە بەر پاراستنی ئەو دەسەڵاتەی خۆیان باوەڕیان پێیەتی.

هەر بۆیە پێویستە لەسەر کۆمەڵگەی جیهانی، بەتایبەتی کۆڕ و کۆمەڵی پاراستنی مافی مرۆڤ، فەرماندەرانی ئەو هێزە بە هۆکاری جینایەتی دژەمرۆڤی لانیکەم بخرێنە لیستی تەحریمەکانەوە.