لە نیوەی کۆتایی ئەم سادەیەدا

عەلی لەیلاخ

لە نیوەی سەرماوەزی ئەمساڵدا چاوم بە کۆمەڵێک شێعری ڕامان سۆفی سوڵتانی لەژێر ناوی «لە نیوەی کۆتایی ئەم سادەیە‌دا» کەوت.

ڕامان لە چینی شاعیرانی بەرەی چواردا جێی دەبێتەوە کە پاش ١٨ ساڵ  بە ٦٤ شێعری کورت و نیوە کورت ئەزموونێکی دیکەی لە شێعری کوردی تاقی ‌کردۆتەوە.

لە کورتە شێعرەکانیدا بۆنی «خاک»ی مارف ئاغایی و خاك و خۆڵی کۆڵانی منداڵی و شەقامەکانی هەرزەکاری و بۆکانی لێ دێت.

ژانری کورتە شێعر کە هونەرێکی ئاستەم و بەبڕەوە  ئەگەرچی لەژێر کاریگەریی ئەدەبی فارسی گەیشتووەتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەڵام هەر زوو بە ماندووبوونی شاعیرانی کورد پێناسەیەکی کوردانەی بۆ کرا و ئێستاش لە هەڵکشاندایە.

ڕامان لە ئەزموونە نوێیەکەی خۆیدا هەوڵی داوە  لە سەربنچینەی شێعری کوردی‌ نوێگەرایی بکا و تا ڕادەیەکیش سەرکەوتوو دیارە. بە گوتەی خۆی « فڕین چ سادەیەکی ئاڵۆزە» هەر بۆیە هەڵفڕینی شێعر و هەستی ئەمجارەی ڕامان سۆفی سوڵتانی ئاڵۆزییەکی پێوە دیارە، هەڵقوڵاویی ناسادەیی فڕینی هونەرمەندانەیە و باڵکشانە بە ئاسمانی هەستدا.

ئەگەر پێناسەیەکی سادەی شێعر ئەمە بێ کە دەڵێین: «شۆڕشی زمانە لە وڵاتی خەیاڵدا»، بە چاوخشاندنێک بە «لە نیوەی کۆتایی ئەم سادەیە‌دا»، نووسەرێکی شوڕشگێڕ لە زمان و داڕشتنەوە دەبینین کە خاوەنی وڵاتێکی ئاڵۆز، شڵەژاو، پڕ لە هەڵاکات و کارەساتە… خودی شێعر کارەساتە و شاعیر خۆڵقێنەری کارەساتە زمانی و ئیحساسییەکانە.

ئاشقانەکانی ڕامان، ڕامانێکی ورد و جوان و نۆستالێژیایە بۆ وشە و گەشەپێدان بە هەستی ئەویندارانە کە لە ئەسمەرێیەکی بۆکانییەوە  باوەش بە چارەڕەشیی خاکێکدا دەکا کە لە خولیاکانی «فەوزییە»وە تا «هێمن» هەوێنی خاک‌ویستی و نیشتماندۆستی بووە.

لە نیوەی کۆتایی ئەم سادەیە‌دا ، نووسەر نایهەوێ بە ناوی نوێخوازی لە ئەدەب، ساکارەکانی خۆی تێک بدا و سەوداسەرییەکانی ئاڵۆزتر بکا بەڵکوو زۆر بە سانایی و جوانی دەنووسێ:

«ئێستا دڵم زۆر تەنگ بووە

 خانمەکەی ماڵ لەسەر کووچەی خۆمان

 خۆمان کە کووچەیەکمان  پڕپڕ هەبوو  لە جمەت

لە گمەت

کە نەختە ئەزایە دڵمان

کە ئێستا زۆر زۆر تەنگ بووە

بۆت.»

جیا لە هارمۆنیای جێکەوتووی وشە و داڕشتنی ژیرانە، لێرەدا کووچە  چ وەکوو نۆستالژیا چ وەکوو ئاشنایەتی، هەڵگری پێناسەیەکی دیکەشە مادام شاعیر لەسەرەوە باس لە دڵتەنگی دەکات.

هێمن وتەنی دڵم هێند تەنگە هەر جێی تۆ دەبێ و بەس، دڵتەنگییەکەی ڕامان سۆفی سوڵتانیش لە هەمان چەشن و لە هەمان خەفەتە، خەمێکی ئەزەلی و ئازارێک  بۆ ئازادی.

هیواخوازم بەردەنگە جیدییەکانی شێعری کوردی بەوردی سەرنجی شاعیرانی هاوچەرخ بدەن و قەڵەمی ڕەخنەگرانی شێعری کوردیش بۆ جوانتر و بەهێز کردنی بەرهەمە نوێیەکان زیاتر ماندوو ببن.

«بیر لە پیتەکانت دەکەمەوە

زەڕنەقووتەی قامکەکانی تۆ لەکوێ و،

ڕمووزنەی پەلەپیتکەی کڵاشینکۆف لە کوێ؟

بیر لە پیتەکانت دەکەمەوە…»

ڕامان سۆفی سوڵتانی وا دەڵێ و منیش جیا لە کڵاشینکۆف، هیواخوازم قامکەکانی ئەو شاعیرە بۆ نووسینی وشە  یاخییەکان گەرمتر و هەردەم هەناسەی تازەتر.

***