لە پەسنی خۆڕاگریی بەندیی سیاسیدا

هەردی سەلیمی

زیندان یا بەندیخانە بە شوێنێک دەوترێ کە کەس یا کەسانێک لەژێر ناوی تاوانبار لەوێدا ڕادەگیرێن و لە ئازادیی تاکەکەسییان بێبەش دەکرێن. دەسەڵاتداران لە پێناسەی زینداندا باس لەوە دەکەن کە ئەم شوێنە بە مەبەستی پاراستنی کۆمەڵگە و چاککردنی کەسانێکە کە بەهەر هۆیەک و بە هەر شێوەیەک لە نۆرم و بایەخە باوەکانی کۆمەڵگە لایان داوە –ئەو نۆرم و بایەخانەش کە باسی لێ دەکرێ چەمکگەلێکی ڕێژەیین، واتە لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەتوانن جیاواز بن-. ئەم ئیدیعایە لەسەر بنەمای ڕزگاریی تاک و کۆمەڵگە چەندە دەتوانێ ڕاست بێ بەتایبەت لە وڵاتێکی وەک ئێراندا –کە نووکە ڕمبی باسەکە ڕوو لەوێیە- و بەتایبەتتر لە ئێرانێک کە لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا بێ؟! بێگومان شایەتحاڵان و ئەو کەسانەی کە لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئازاد بوون لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیم بەگشتی و بەرپرسانی زیندانەکان بەتایبەتی لەم بارەوە هاوڕا نین.

بەپێی ئامارە دەوڵەتییەکان، ٣٠٠ هەزار زیندانی لە ئێراندا هەیە، ئەویش تەنیا لە ٢٥٠ زینداندا!  ئەگەر هەر تەنیا ئەم ئامارە بکەینە پێوەر -کە بێگومان دەزانین ڕێژەی زیندانییەکان پتر لەوەندەیە- بۆمان دەردەکەوێ کە زیندان لانیکەم لە کۆماری ئیسلامیدا چ جۆرە جێگایەکە و، ئەو کۆمەڵگەیە هەتا چ ڕادەیەک لە تاوان نزیکە و بەپێچەوانەی پرۆپاگاندای ڕێژیم کۆمەڵگەی ئەم وڵاتە کۆمەڵگەیەکی نەخۆشە و، بێجگە لەوەش ڕێژەی زیندانییانی سیاسی لەم وڵاتەدا ڕێژەیەکی بەرچاوە و لەم پێوەندییەشدا لە ڕیزی هەرە سەرەوەی وڵاتانێکە کە زۆرترین ڕێژەی زیندانییانی سیاسی لەخۆ دەگرێ.

بەپێی ڕاپۆرتی جاوید ڕەحمان، نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا کە لەم دوواییانەدا بڵاو بووەوە؛ نیوەی ڕاستی زیندانییانی سیاسیی ئێران کوردن، ئەمە لە کاتێکدا جێی سەرنجێکی زیاترە کە نەتەوەی کورد لە ئێرانێک کە ڕێژەی حەشیمەتەکەی ٨٥ میلیۆن کەسە، تەنیا هەشت بۆ دە لەسەدی حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێک دێنێ. بەداخەوە نەتەوەی کورد هەر لە ئاستی گشتیدا نییە کە ڕێکۆردی بەدەستە، بەڵکوو لە ئاستی تاکەکەسیشدا کۆنترین و بە پێشینەترین زیندانییانی سیاسیی ڕێژیم هەر لە ڕۆڵەکانی ئەم گەلەن.

ئازادبوونی ئەم دواییانەی عوسمان مستەفاپوور و محەممەد نەزەری دوو زیندانیی بە پێشینەی زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی، دەنگدانەوەیەکی بەرچاوی هەبوو. عوسمان مستەفاپوور پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاویدا لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بەدیل گیرا و، هەتا ئەم دوواییانە لە زیندانەکانی ئەم ڕێژیمەدا واتە بۆ ماوەی پتر لە ٢٨ ساڵ ڕاگیرابوو. محەممەد نەزەری ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان ٢٥ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەسبەسەر و ماوەی چارەگە سەدەیەک لە ژیانی خۆی لە بەنددا تێپەڕ کرد.

زیندانەکانی ئێران لەگەڵ ئەوەی کە لە باری ڕێژەییەوە کەمن، سەرەکیترین پێداویستیی هیچکام لە زیندانییەکانیش دابین ناکرێ و ئەمەش دابندرێ لەسەر شێوەی هەڵسوکەوتی نەشیاوی مەئموور و زیندانبانەکان بەتایبەت لەگەڵ زیندانییانی سیاسیی کورد، هەر لە یەکەم ڕۆژی دەسبەسەر کردنیانەوە بە ئەشکەنجە و پرسیاری لەسەریەک و وەڕەزکەر هەتا ئەو کاتەی لەوێ دەمێننەوە، وێنەیەکی گشتی و دروستمان لەو شوێنانە پێدەدا. بیرکردنەوە لەوەی کە سەرەڕای ئەشکەنجە جەستەیی و ڕۆحییەکان، نەک ساڵانێکی زۆر لە تەمەن بەڵکوو هەر ماوەیەکی کەمیش ژیان بردنە سەر لە دۆخێکی وەهادا، تاڵ و ترسناکە. کاتێکی زۆر مانەوە لە ڕیزی خواردن وەرگرتن، چوونە ئاودەست، تێکەڵاوی لەگەڵ ئەو بەندییانەی وا بەهۆی تاوانی کۆمەڵایەتییەوە گیراون –بەتایبەت لە شارە چکۆلەکان- کە تاوانبار بوونی ئەوانەش لەجێی خۆیدا دەگەڕێتەوە سەر شێوەی سەقەتی بەڕێوەبەریی وڵات، «کف‌خوابی» بەهۆی زۆریی زیندانی –بەتایبەت لە کاتی خۆپیشاندان و ڕەشبگیرەکاندا- و دووری لە خزم و دۆستان و بنەماڵە، تەنیا گۆشەیەک لە ناخۆشییەکانی دنیای بەندییەکە.

ئەم قارەمانە خۆڕاگرانە کە بەدرێژایی ساڵانێکی زۆر و بگرە دەتوانین بڵێین تەمەنێک لە ژیانی خۆیان لە چوارچێوەیەکی بەرتەسکی دەوراندەور دیوار و تێل‌دڕوو بەسەر بردووە، تەمەنێک ئازاری جۆراوجۆریان چێشتووە، تەمەنێک بێڕێزییان پێ کراوە، لەو ماوەیەدا نزیکترین کەسانی خۆیان لەدەست داوە، بەبێ ئەوەی تاقە خولەکێک بێڵن بەشدار بن لە هاوسۆزی دەربڕین لەگەڵ باقیی کەسوکاردا، شەو و شەونخوونی و دڵەڕاوکێی ئێعدام، دوورکەوتنەوە لە ژیانی ئاسایی و دواکەوتن لە ڕەوتی گۆڕینی دنیا، لەدەست دانی هاوڕێیانی هاودەم و هاودڵ، جیابوونەوە لەوان و سەر لەنوێ هەست بە تەنیاییەکی تازە کردنەوە، بەرد دەتوێنێتەوە، ئاسن دەڕزێنێ؛ بەڵام عوسمان و محەممەدی ڕاوەستاوتر لە هەمیشە کردوە.

لە ماوەی ئەم ساڵانەدا بە چەندین کەس بوونەتە سەرۆکی داد لەم وڵاتەدا، بەڵام هیچ کامێکیان ئاوڕێکیان لە ناڕوونیی دۆخی ئەم کەسانە نەداوەتەوە، ئەوانیش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ڕووکردە نامرۆڤانەی کاربەدەستان هیچ کات نە لێیان پاڕاونەتەوە و نە داوای ئازادییان لێ کردوون؛ بەڵکوو تەنیا پێداگرییان لەسەر بێتاوانیی خۆیان و نامرۆڤانەبوونی حوکم و بڕیاری دەزگای دادی ڕێژیم کردووەتەوە.

ئەوان بە نەبەزی و سەر دانەنەواندنی خۆیان هەوای ئازادییان هەڵمژیوە، نەک بە لێخۆشبوون چونکوو تاوانێکیان نەبووە هەتا لێیان خۆش بن؛ بەڵکوو مافی لێخۆشبوون لە دەستی ئەم ئازار چێشتووانەدایە کە دڵنیام نە لێیان خۆش دەبن و نە لەبیری دەکەن ژانی تەمەنێک بەندکران.