سەردانی هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک لە پارلەمانی دانمارک

دوانیوەڕۆی رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٢ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی هەیئەتێکی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک، پێکهاتوو لە بەرپرسی کۆمیتە رەحیم خالیدنژاد، شاهۆ پیرانی و وریا مەلاک بەرپرسانی پەیوەندی و تەشکیلاتی حیزب سەردانی پارلمانی دانمارکیان کرد و چاویان بە لارس ئەسلان غاسمووسن پارلمانتاری دانمارکی و سەرۆکی هەیئەتی دانمارک لە شورای ئورووپادا لە سەر ناوی حیزبی سۆسیال دێموکراتی دانمارک کەوت.
لە چاوپێکەوتنەکەدا بە وردی ئاماژە بە ئاستی هاوکاری نێوان هەردووک حیزب و گرینگی ئەم هاوکاریانە کرا و پلانی ڕێژە و ئاستی هاوکاریەکانی داهاتوویان بۆ ماوەی یەک ساڵ داڕشت کە بریتین لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵە کۆنفڕانس و ۆرکشۆپێک لە پارلمانی دانمارک و سەردان و چاوپێکەوتنی دوو لایەن لە بارەگاکانی یەکتر و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ ئاشنایی سیاسەتمەدارانی دانمارکی لەگەڵ کورد و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کوردستان.
لە میانەی چاوپێکەوتنەکەدا هەیئەتی حیزب بە ڕاشکاوی تێبینی و سەرنجی خۆی لەمەڕ ئەگەری پەیوەست بوونی دانمارک و پێنج وڵاتی دیکەی باکووری ئەورووپا بە رێکەوتنی ئێنستێکس هێنایە بەر باس و مەترسیەکانی دیکەی رژیمی ئێرانی لە ناوچەکە و جیهاندا بە گوێی ناوبراودا دایەوە، کە بریتین لە ترۆریسمی نێودەوڵەتی، پێشێلکاری مافی مرۆڤ و مووشەکە دوورهاوێژەکانی ئێران. لەم پەیوەندییەشدا نمونەی کەیسی تیرۆری ئەندامانی ئەلئەھواز لە دانمارک و هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەکانی حیزب لە کۆیە و کوشتوبڕی خۆپێشاندەرانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێرانیان هێنایە سەر مێزی گفتوگۆکە.
لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەدا تیشکخرایە سەر مەسەلەی پەنابەران و چۆنیەتی مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە و گرینگیدانی زیاتر بە مافی پەنابەران بەگشتی و پەنابەرانی کورد بە تایبەتی، لەم بابەتەشدا بە درێژی باس لە کێشەی کەمپە داخراوەکان و نادیاری چارەنووسی پەنابەران کرایەوە و داوای چارەسەری بەپەلەی ئەم بارودۆخە نالەبارەیان کرد، ناوبراو وڵامی ئەرێنی بە هاوکاری زیاتر لەم بابەتەدا دایەوە و بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم کێشانە دەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بە یاوەری حیزب پێکبێنێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستان- کۆمیتەی دانمارک