کۆچی دوایی مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر ئەندامێکی دێرینی ح د ک لە وڵاتی سوید

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ٢ی دێسامبری ٢٠١٩ی زایینی، مرۆڤێکی نێشتمان پەروەر و ئەندامێکی پێشووی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە شاری مالمۆ،ی وڵاتی سوید ماڵ ئاوایی لە ژیان کرد.

بە پێی هەواڵی گەشتوو ڕۆژی دووشەممە وەستا سەعید ئیسماعیلی، ناسراو بە شاتر سەعی، پاش ماوەیەکی زۆر بەربەرەکانێ لەگەڵ نەخۆشی، ماڵئاوایی لێکردین. کاک سەعید ئیسماعیلی یەکێک لەو تێکۆشەرانە بوو کە لە سەرەتای دەسپێکی شۆڕش و ئاشكرا بوونی خەباتی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی دا لە شاری مەریوان، پەیوەندی بە ڕیزەکانی حیزبەوە کرد. بە هۆی ئەزموونێکی زۆر کە لە سەردەمی پێشمەرگایەتیی لە ساڵەکانی دەیەی ٦٠ و ٧٠ی زایینی لە باشووری کوردستان هەیبوو، زۆر زوو توانی جێی خۆی لە ڕیزەکانی حیزب دا بکاتەوە. لە زۆربەی شەڕ و تێکهەڵچوونیەکانی نێوان هیزی پێشمەرگە و سوپای داگیرکەری ڕژیمی تازە بە دەسەڵات گەشتووی ئیسلامی ئێراندا بەشدار بوو. پاش گیرانەوەی شاری مەریوان، وەستا سەعید و بنەماڵەکەی پەڕیوەی باشوور کوردستان بوون و لە ناوچەکانی پێنجوێن و سلێمانی گیرسانەوە. بەڵام پاش پەڕیوەبوونیشی بۆ باشوور لە حیزب دانەبڕاو. ماڵی وەستا سەعید جێگەی حەسانەی پێشمەرگە و هاوڕییانی حیزبی بوو و هەم خۆی و هەم بنەماڵەکەی هەموو کات بە دڵ و باوەشێکی ئاوەڵا پێشوازیان لە پێشمەرگەکانی حیزب دەکرد. پاش زەخت و زۆری دەزگای ئیتلاعاتی ڕژیمی ئیسلامی و هاتنە ئارای کەشی تێرۆر و کوشتنی تێکۆشەرانی ڕۆژهەڵات لە باشوور، ناچار وەستا سەعید و بنەمالەکەی ڕوویان لە وڵاتی سوید کرد. لە ماوەی ئەو چەند ساڵەش دا کە لە دەرەوەی ولات ژیان، هەموو کات دڵسۆزی شۆڕش و بزووتنەوە ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بوون.

بە داخەوە مەرگ مەودای نەدا بۆ جارێکی دیکە چاوی بە وڵاتی کوردستان بکەوێتەوە ئازادی و سەربەخۆیی گەلەکەی بە چاوی خۆی ببینی و ڕۆژی دووشەممە ٢-١٢-٢٠١٩ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مالمۆ،ی وڵاتی سوید ماڵئاوایی لە گەل و نیشتمانەکەمان کرد.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی کۆچی ناوادەی ئەو مرۆڤە تێکۆشەرەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەمالە و کەس و کاری لە ناوخۆ و دەرەوەی ولات دەکات و خۆمان لە خەمیاندا بە شەریک دەزانین.