بەشداری ھەیئەتێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆنفڕانسی ئیلھام ئەحمەد

ڕۆژی ھەینی ڕێکەوتی ٢٩ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی کاتژمێر ٥ی ئێوارە لە پەڕلەمانی دانمارک لە شاری کۆپێنھاگ، کۆنفڕانسی بیرکاری کورد بەڕێز “ئیلھام ئەحمەد” بەڕێوە چوو کە لە سەر بانگھێشتی حیزبی دانمارکی “ئێنھیس لیستێن”، ھەیئەتێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکھاتوو لە بەڕێزان “ڕەحیم خالید نژاد” بەرپرسی کۆمیتە، “ئەحمەد ڕەحمانی” بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندن و “حوسێن مەحموودی” ئەندامی دەستەی بەڕێوە بەری کۆمیتە تێیدا بەشدار بوو.
لە بەشی یەکەمی ئەو کۆنفڕانسەدا بەڕێز “ئیلھام ئەحمەد” وتارێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژئاوای کوردستان بە گشتی و ڕەوشی کورد لەو بەشەی کوردستان پاش ھێرشی دڕندانەی ڕژیمی تورکیا بە تایبەتی ھێنایە بەر باس. لە بەشێکی وتارەکانیان بەڕێزیان ئاماژەیان بە چۆنیەتی ساز بوونی داعش لە عێراق و پەرەستاندنی وەک ئێپیدێمی ئەو گرووپە دڕندە بۆ سووریە شێوازی بەرەنگاری خەڵکی قارەمانی ڕۆژئاوا لە بەرامبەر ئەو گرووپە و تێک شکاندنیان بە لەخۆبردوویی خۆیان کرد و هەروەها باسیان لەوە کرد کە گرووپی داعش بە تەواوەتی لە گۆی زەوی و بە تایبەت لە سووریە پاک نەبوونەتەوە و چەندین گرووپیان بە بەربڵاوی خەریکی پیلان گێڕانن و هەر بەو بۆنەیەوە هێرشی ناجوێنمێرانەی ڕژیمی تورکیا بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەتوانێ ببێتەی هۆی ئەوەی کە بەڕبەڕەکانی داعش کە لە بەندیخانەکانی ڕۆژئاوا دیلن، ڕزگار ببن و دووبارە ئەو گرووپە ترسناکە ساز بکەنەوە. لە بەشێکی دیکەی باسەکەیان بەڕێزیان لە سەر گۆڕینی دێمۆگرافی ئەو ناوچەیە لە لایان ڕژیمی فاشیستی تورکیاوە هاتنە ئاخافتن. بەڕێزیان باسیان لەوە کرد کە دەوڵەتی تورکیا ڕێگری لە کوردەکانی ئاوارەی ڕۆژئاوا دەکات کە بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچە و خەریکی ڕاگوێز کردنی تورکمانەکان لە باشووری کوردستان و تورکیایە بۆ ئەو ناوچە و هەروەها خەریکی گۆڕانکاری لە شێوازی پەروەردە کردنی قوتابیەکانی ڕۆژئاوا و کولتوری پەروەردە کردنی منداڵەکانی ئەو ناوچەیە و دەست لە ئیسلامیزە کردنی قوتابخانەکان و کۆمەڵگا بۆ گەیشتن بەو ئامانجە قێزەونەی خۆی ناپارێزێ.
بەشی دووھەم و کۆتایی کۆنفڕانسەکە تایبەت بوو بە پرسیارەکانی بەشدار بووان و بەڕێز “ئیلھام ئەحمەد” بە وردی وڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
کۆنفڕانسەکە کاتژمێر ٦:٣٠ی ئێوارە کۆتایی پێ ھات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی دانمارک