بەشداری هەیئەتێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە دانمارک

ڕۆژی پێجشەممە ڕێکەوتی ۲۸ی نوامبری ۲٠۱۹ی زایینی کاتژمێر ٦ی ئێوارە کۆبوونەوەی کۆمیتەی هاوکاریی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە دانمارک لە شاری کۆپێنهاگ بەڕێوە چوو. لەو کۆبوونەوەدا هەیئەتێکی کۆمیتەی دانمارکی حیزبی دێموکراتی کوردستان پێکهاتوو لە بەڕێزان “وریا مەللاک” بەرپرسی گشتی تەشکیلاتی حیزب لە دانمارک و “حوسێن مەحموودی” ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمیتەی دانمارک بەشدار بوو.
سەرەتای کۆبوونەوەکە، نوێنەری لیژنەی ئامادەکاری رەشنووسی کۆمیتەی هاوکاری، باسێکی لە سەر شێواز و چۆنیەتی نووسینی ڕەشنووسەکە پێشکەش کرد. پاشان بەشدار بووان لە سەر یەک بە یەکی خاڵەکانی ڕەشنووسەکە پێدا چوونەوەیان کرد و پێشنیار و بۆچوونەکانی خۆیان هێنایە بەر باس.
پاشان دەستەی بەڕێوەبەری کاتی بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو تەرخان کرا کە پێکهاتووە لە پێنج کەس و هەر پارچەیەکی کوردستان لانی کەم یەک ئەندامی هەیە.
شایانی باسە کە تا ئێستا حیزبەکانی ئەندام لە کۆمیتەی هاوکاریی پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لە دانمارک دوازدە حیزبی سیاسی هەر چوار پارچەی کوردستانن کە بریتین لە:
۱. حیزبی دێموکراتی کوردستان
۲. یەکیەتی نیشتمانی کوردستان
۳. پارتی ئازادی کوردستان ـ باکوور
٤. پارتی دێموکراتی کوردستان ـ سووریە
٥. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٦. پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باشوور
۷. پارتی سۆسیالیستی کوردستان
۸. پارتی دێموکراتیکی کورد لە سووریە
۹. کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
۱٠. پارتی دێموکراتی کوردستان ـ باکوور
۱۱. کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
۱۲. هاک پار
لە کۆتایی دا بەشدار بووانی کۆبوونەوەکە کۆمیتەی بەڕێوەبەریان بۆ پلان داڕشتن بۆ بەڕێوەبردنی چالاکی لە چەند ڕۆژی مێژوویی و نەتەویی کوردیدا ئەرکدار کرد و کۆبوونەوەکە کاتژمێر ۹:۳٠ ئێوارە کۆتایی پێهات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیتەی دانمارک