کوردستانیانی بەڕێز لە سوئێد، حیزب و لایەنە سیاسیە کوردستانی و سوئێدیەکان، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبەکان!

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دا کە لە سەرتاسەری ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکەکەمان کەوتبوونە بەر هێرشی دڕندانەی رژیمی تیرۆریست و داگیرکەری ئێران و بە دەیان و سەدان کەس گیانیان فیدای ئازادی کرد و هەزاران کەسیش دەستبەسەر و ڕەوانەی گرتوخانەکان کران، ئەوە لە کاتێک دا بوو کە ئەو خەڵکە کەمترین مافی خۆیان دەویست و هۆکاری گرانی بێنزینیان قۆستەوە بۆ ئەوەی بانگی ئازادی بە گوێی جیهان بگەیەنن و داوای نەمانی دیکتاتوری بکەن و دەست تێوەردانی تیروریستی ڕژیم لەجیهان دا مەحکوم بکەن، کەوتنە بەر ڕق و تۆڵەی ڕژیمی دڕندە و دژە ئینسانی و تیرویستی کۆماری ئیسلامی ئێران. ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سوئێد داوای لە کوردستانیان و ئێرانیانی ئازادیخواز کرد کە بەشداری خۆپێشاندانەکان بکەن تا وێکڕا و پێکەوە دەنگی ناڕەزایەتی ئەو خەڵکە کە لە ژێر گولە و باتۆم دان و خوێنیان دەڕژێ بەرز بکەینەوە. سوپاسی هاودەنگی و هاوهەڵوێستی و هاوکاری کوردستانیەکانی سوئێد بە گشتی حیزب و لایەن و ناوەندە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی دیکە و هەروەها سوپاسی گەرمی ئەندامانی تێکۆشەری هەر چوار حیزبی ناوەندی هاوکاری و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەین. سوپاسی گەرم بۆ پاڵپشتی دۆستانی سوئێدیمان، پارلەمانتاران و سیاسەتمەداران و ڕۆژنامەنووسان و دەزگا ڕاگەیەندنەکان و …کە بەشدار بون و هەڵوێستیان گرت. بەڕێزان ئێمە هەموو پێکەوە دەتوانین بە سەر کەند و کۆسپەکان دا زاڵ بین و دەست لە دەستی یەک ئاسانتر و کاریگەرتر دەتوانین بەسەر دیکتاتوران و تیرۆریستان و داگیرکەران دا زاڵ بین و لە داهاتوی ئێران دا لە جێگای فاشیست، سیستمێکی جوانی دێموکراتی سیکۆلار بونیاد بنێین.

ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە سوئێد