لە پاریسی پایتەختی فەڕانسە خۆپیشاندانێک دژ بە ڕژیمی ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٣ی نۆڤامبری ٢٠١٩ی زایینی، کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی فەڕانسە، بە هاوکاری حیزبەکانی ئەندام لە کومیتەی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، چەند حیزبی ئێرانی و بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە کوردستانی و ئێرانیانی دانیشتووی وڵاتی فەڕانسە، خۆپیشاندانێکی نارەزایەتی دژ بە سیاسەتی سەرکوت و ئەشکەنجەی ڕژیمی کۆنەپەرستی ئیسلامی ئێران بەڕێوە چوو.

خۆپیشاندانەکە لە گۆڕەپانی سەن مشێل،ی پاریس،ی پایتەختی فەڕانسە بەڕێوە ڕێکخرابوو. لەو خۆپیشاندانە دا سەرەتا پەیامی کومیتەی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن تێکۆشەری دێرین و شۆڕشگێڕی ماندوو نەناس کاک جەلیل گادانی،یەوە خوێندرایەوە. پاشان چەند پەیامی دیکە پێشکەش کران. خۆپیشاندەران بە بەرز کردنەوە ئاڵای کوردستان و دەیان درووشـمی جۆراوجۆر، پشتگیری و پشتیوانی خۆیان بۆ خەڵکی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە و هەروەها ڕق و بێزاری خۆیان دژ بە سیاسەتی گرتن، ئەشکەنجە و ئێعدامی جیابیران و بە تایبەت گیراوانی خۆپیشاندانەکانی چەند حەفتەی ڕابردوو دەربڕی.

پێویست بە ئاماژەیە کە بەیاننامە و درووشمەکانی ناوەندی هاوکاری بە شێوەیەکی بەربڵاو لە ناو خەڵک دا بڵاو کرانەوە.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- فەڕانسە