بەرێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە شاری نەشویل،ی ئامریکا بەمەبەستی پشتگیری لە ڕاپەرینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سەر لە ئێوارەی رۆژی دوشەممە رێکەوتی ۱۱/۲٥/۲٠۱۹ لەسەر داوای ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە شاری نەشویل،ی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، خۆپێشاندانێکی هێمنانە بۆ پشگتیری لە داوا رەواکانی خەڵکی ئێران و کوردستان و ڕاپەڕینی جەند ڕۆژی ڕابردوو و هەروەها سەرکۆنە و ڕیسوا کردنی ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی ئێران و هەروەها گەیاندنی دەنگی نارەزایەتی خەڵک بە گوێی کارەبەدەستانی ئەمریکا و خەڵکی ئەو وڵاتە بەرێوە چوو. خۆپێشاندەران بە دانی درووشم و گوتنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە هاوخەمی ونارەزایەتی خۆیان لە کردەوە دژی مرۆڤایەتییەکانی رژێمی ئێران دەربڕی و دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی خەڵکی مافخوازی ئێران و کوردستان کرد.
ئەو خۆپێشاندانە کە لە یەکێک لە سەرەکیترین شەقامەکانی ئەو شارە پێکهات، دوای زیاتر لە ۲ کاتژمیر شار بە گوتنی سرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب کۆتایی پێهات.جێگەی ئاماژەیە کە خۆپیشاندەران دەیان ئاڵای کوردستان و درووشمی جۆراوجۆریان بە دەستەوە بوو.
حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی ئەمریکا