ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران خۆپیشاندانی پشتیوانی رۆژھەڵاتی کوردستان و گەلانی ئێرانی لە شاری لەندەن بەرێوە برد

رۆژی شەممە رێکەوتی 23-11-2019 کوردانی بریتانیا، هاودەنگ لەگەڵ گەلانی عەرب و بەلوچ و فارسی دژ بە ڕژیمی ئێران و لە سەر داواکاری ناوەندی ھاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران و ھاوکات لەگەڵ ھەموو شارەکانی ئۆروپا خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان بۆ پشتیوانی لە ڕاپەڕینی کوردانی رۆژھەڵات و گەلی ئێران لە شاری لەندەن و لە بەردەم باڵوێزخانەی ڕژیمی ئێسلامی ئێران بەرێوە برد. ئەو خۆپیشاندانە بە سرودی ئەی رەقیب و خۆلەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەھیدانی کوردستان دەستیپێکرد. پاشان بەرێز ئەدیسۆن فەرامەرزی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە بریتانیا، بەیاننامەی ناوەندی ھاوکاری حێزبەکانی کوردستانی ئێرانی خۆێندەوە. لە بەشێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە بەرێز کەیوان رەسوڵی ئەندامی کۆمیتەی بریتانیایی حدک بەیاننامەی ناوەندی ھاوکاری حێزبەکانی کوردستانی ئێرانی بە زمانی فارسی پێشکەشی بەشداربووان کرد. لەوخۆپیشاندانەدا چەندین پەخشان و دروشم دژ بە دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێسلامی بە زمانی کوردی و فارسی و ئێنگلیزی گوترانەوە. لەبەشێکی دیکەی ئەو خۆپیشاندانەدا بەرێز حافز فازڵی ئەندامی دەفتەری سیاسی حێزبی تەزامۆنی ئەھواز، پەیامی شۆرای دێمۆکراسی خوازانی ئێرانی پێشکەش کرد. لە بەشی کۆتایی بەرنامەکەدا ئامادەبووان وێڕای مەحکومکردنی جنایەتکانی ڕژیمی کۆماری ئێسلامی ئێران دژ بە گەلانی ئێران بە تایبەتی گەلی ھەمیشە زۆڵملێکراوی رۆژھەڵات، داوایان لە وڵاتانی دۆنیا و نەتەوە یەکگرتۆکان کرد کە دژ بە سەرکوت و گرتن و ئێعدامی خەڵکی ئێران لە لایەن ڕژیمی تێرۆریستی ئیسلامییەوە رابوەستن و بە ھانای گەلی ئێرانەوە بچن. خۆپیشاندانەکە کاتژمێر ٤ی پاشنیوەرۆ بە کاتی لەندەن کۆتایی ھات.

حێزبی دێموکراتی کوردستان-کۆمیتەی بریتانیا