کۆچی دوایی تێکۆشەرێکی لە مێژینەی ح د ک، لە وڵاتی سوێد

بە پێی هەواڵی گەیشتوو لەوڵاتی سوێدەوە، ڕۆژی یەکشەممە،  بیست‌وچواری نوامبر، سەعات یازدە و بیست دەقیقەی بەیانی، کاک سەید برایمی حوسێنی، تێکۆشەرێکی لەمێژینەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان، لە تەمەنی ٧٥ ساڵی دا و دوای چەندین مانگ بەربەرەکانی لەگەڵ نەخۆشیی شێرپەنجە، لە نەخۆشخانەی شاری ڤێستڕۆسی شوێنی ژیانی، ماڵاوایی لە ژیان و بنەماڵە و هاوڕێیانی کرد و تێکەڵ بە دنیای هەرمان بوو.

سەید برایمی حوسێنی ساڵی ١٩٤٦ی زاینی لە گوندی “سەخسیتەپە”ی ناوچەی سندووسی نەغەدە لە باوەشی بنەماڵەیەکی ناسراو و خۆشناو دا دایک بوو. ئەو هەر لە تەمەنی مێرمنداڵییەوە لەگەڵ بێبەشی و ستەملێکراویی نەتەوەکەی و بیری کوردایەتی ئاشنا بوو و بە ئاواتەوە بوو ڕۆژێک نەتەوەکەی لە بەندی ژێردەستی بێتە دەرێ و بە ڕزگاری بگا.

سەیدبرایم ساڵی ٤٦ی هەتاوی لە لایەن مەئموورەکانی ڕێژیمی پاشایەتییەوە گیرا و بۆ ماوەیەک لە بەندیخانە دا مایەوە. پێش دەستپێکردنی شۆڕشی ئێران و دوای ئەوەی کۆمیتەی زاگرۆسی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان پێک‌هات و تێکۆشەرانی حیزب لە دەرەوەی وڵاتەوە بۆ وەگەڕخستنەوەی تەشکیلاتی حیزب گەڕانەوە نێوخۆی وڵات، سەید برایم دەسبەجێ ئامادەیی خۆی بۆ هاوکاری و خزمەت بە نەتەوەکەی ڕاگەیاند و وەک ئەندامێکی هەڵسووڕ و بەباوەڕی حیزب دەستی بەکارکرد.

دوای ڕووخانی ڕێژیم و دەسپێکرانی تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێمۆکڕات، کاک سەیدبرایم چەکی پێشمەرگایەتی لە شان کرد، ماوەیەک بەرپرسایەتیی لە بەشی پێشمەرگە لە ناوچەی نەغەدە دا هەبوو و دواتریش کاتێک یەکەم کۆنفڕانسی کۆمیتەی شارستانی نەغەدە پێک هات، بوو بە ئەندامی کۆمیتەی شارستانی نەغەدەو بەرپرسایەتیی کۆمیتەی ناوچەی خەڵیفەلیانی نەغەدەی کە یەکێک لە گەورەترین کۆمیتە ناوچەکان بوو، وەئەستۆگرت. لە ساڵی ٦٣ی هەتاوییش دا، دوای ماوەیەک کارکردن لە کۆمیتەی شاروێرانی سەروو، لە لایەن کۆمیتەی شارستانی نەغەدەوە بەرپرسایەتیی نەخۆشخانەی ٢٥ی گەلاوێژی حیزبی پێ‌سپێردرا و ماوەی سێ ساڵیش ئەو ئەرکەی بە دڵسۆزییەوە بەڕێوەبرد.

سەرەتای ساڵی ٨٨ زاینی، کاک سەید برایم بەبنەماڵەوە وەک پەنابەری سیاسی پەڕیوەی وڵاتی سوێد بوون. لە ژیانی ئاوارەییش دا ئەو هەر کۆڵی نەدا و ئەوەندەی لە توانای دا هەبوو، تێکۆشا، خزمەتی بە بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەی کرد و بە وەرگرتنی کار و بەرپرسایەتی لە کۆمیتەی ڤێستڕۆس و هاوکاری و یارمەتیدانی کۆمیتەی سوێدی حیزب، ئەرکی خۆی بەڕێوە برد. سەید برایمی حوسێنی مرۆڤیکی زۆر دەست و دڵ ئاواڵە، خۆشمەشرەف، دڵپاک، کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و هاوڕێیەکی بەئەمەگ ودڵسۆز بوو و هەتا دواڕۆژی ژیانیشی ئاواتی گەورەی ئەوە بوو کە خەڵک و وڵاتەکەی لە ژێردەستی ڕزگار بن.

ناوەندی ڕاگەیاندن و کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوید بە بۆنەی کۆچی ناوادەی ئەو تێکۆشەرە دێرینەی حیزبەکەمانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەس و خزمانی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکات وخۆمان لە خەمیان بە شەریک دەزانین.