بەڕێوچوونی خۆپیشاندانێک لە ڤانکۆڤێر,ی کانادا بۆ پشتگیری لە ڕاپەڕینەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

به‌ مه‌به‌ستی پرۆتێستۆ و شه‌رمه‌زار كردنی كرده‌وه‌ی دڕندانه‌ و كوشتاری بێ بەزەیانەی خۆپیشانده‌رانی سه‌ر شه‌قامه‌كانی ئێران بە گشتی و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان بە تایبەتی له‌ لایه‌ن ڕێژیمی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌، ڕۆژی یەکشه‌ممە ۲٤ی نۆڤامبر کاتژمێر ۱۲ی نیوەڕۆ له‌ ئارت گالەری ناوەندی شاری ڤانکۆڤێری کانادا کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکی جه‌ماوه‌ری ڕەوەندی کورد، کە بە هاوکاری ماڵی کورد و ناوه‌ندی هاوكاری حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران پێکهاتبوو به‌ڕێوه‌چوو.
هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموكراتی كوردستان و حیزبه‌كانی تر و ڕەوەندی کورد بە گشتی به‌شدارییه‌كی به‌رچاو و چالاكانه‌یان هه‌بوو. سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كه وێڕای بە خێرهێنانی بەشدار بووان لە لایەن بەڕێوەبەری بەرنامە تەها سولەیمان‌ به‌ سروودی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌ی ڕه‌قیب و خوله‌كێك بێده‌نگی بۆ یادی شه‌هیدانی ڕاپەڕیوی شه‌قام ده‌ستی پێكرد.
دواتر پەیامی ماڵی کورد لە لایەن ئەنوەر کەریمی پێشکەش کرا. له‌ به‌شێك له‌ پەیامەکەدا وێڕای پشتگری کردن لە ویست و داخوازیەکانی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تائبەتی، هێرشی ڕێژیم و کوشتن و بریندار کردنی سەدان کەس لە خۆپێشاندەرانی وەزاڵە هاتوو و ڕاپێچ کردنی هەزاران کەس بۆ زیندانەکانی ڕێژیمی كۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی مەحکووم کراو و، داوا لە ڕێکخراوەکانی لایەنگری مافی مرۆڤ و وڵاتانی خاوەن هەڵویست کرابوو کە پشتیوانی مەعنەوی و ئینسانی گەلانی ڕاپەڕیوی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن. لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو کە ڕەوندی کورد لە کانادا وێڕای کرنۆش بردن بۆ ئێرادەی بە هێزی جەماوەری ڕاپەڕیوو و شەهیدە سەربەرزەکان، بەڵێنیان دووبارە کردەوە کە خوشک و براکانیان لە تاراوگە دەبنە دەنگی هاواری بەرزی یەکگرتوانەی جەماوەری ڕاپەڕیوی کوردستان بۆ داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانیان و لە هەوڵ تێکۆشانیان بۆ لەقاو دانی سیاسەتی زەبر و زەنگ و کوشتن و تاوانەکانی ڕێژیمی ترۆریستی ئێران دژ بە گەلانی ماف زەوتکراوی ئێران و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەردەم بیروڕای گشتی جیهان بەردەوام دەبن .لە کۆتایی پەیامەکەدا وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵە سەربەرزەکانی سەرجەم شەهیدانی خۆپێشاندانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ، هیوای ساڕێژ بوونەوەی برینی بریندارەکان و چاکبوونەوەیان ئاواتە خواز بوون.لە بەشێکیتری کۆبوونەوە جەماوەریەکەدا پەیامی ئینگلیسی ماڵی کورد لە لایەن خاتوو تەڵا خوشکەلام، پەیامی ئینگلیسی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر بەو بۆنەیەوە لە لایەن سمایل ئیبڕاهیمی ، پەیامی کۆمەڵەی یەکسانی لە لایەن کاوە سوور و پەیامی یەکێتی ژنانی کوردستانی ئێران لە لایەن کەژاڵ حاجی میرزایی خوێندرایەوە.

ئینجا بە گوتنەوەی چەندین دروشمی حەماسی بە زمانەکانی ئینگلیسی و کوردی لە لایەن تەها سولەیمان و ناسیار و ، شەکاندنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشم دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێپێوانێکی سەرەنج ڕاکێش لە ئارت گالەریەوە بۆ بەردەم بینای هەواڵنێری سی بی سی دەستی پێکرد و دوای چەندین دروشمی خۆپێشاندەران دژ بە ڕێژیمی ترۆریستی ئێران کۆتایی بە ڕێپێوانەکە هات.
پێویستە بگوترێ ئەو خۆپێشاندانە بە بەشداری نزیک بە سێ سەد کەس و بە هاوکاری ماڵی کورد لە ڤانکۆڤێری کانادا و ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران ڕێکخرابوو.
حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
کومیتەی ڕۆژئاوای کاناداـ ڤانکۆڤێر
۲٤ی نوڤامبری ۲٠۱۹ی زایینی