کوردانی نۆڕوێژ پشتیوانی خۆیان لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە

لەسەر بانگەوازی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران و بە مەبەستی پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان و شەرمەزارکردنی کۆماری ئیسلامی لە هەمبەر کوشتاری بێ بەزەیانەی خۆپێشاندەران و دەستبەسەرکردنیان، پاشنیوەڕۆی رۆژی شەممە ٢ی سەرماوەزی ١٣٩٨ی هەتاوی، بە بەشداری چالاکانەی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵێک لە ئەندامان و لایەنگرانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکان و کوردانی تاراوگە، خۆپێشاندانێکی هێمانە لە بەردەم باڵوێزخانەی کۆماری ئیسلامی لە ئۆسڵۆی پایتەختی نۆڕوێژ بەڕێوە چوو.

خۆپێشاندەران بە گوتنەوەی سروودی ئەی شەهیدان و هاوکات بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان و دروشمی جۆراوجۆر، پشتیوانی خۆیان لە شەقام و دەنگی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات کردەوە و کۆماری ئیسلامییان مەحکووم و شەرمەزار کرد. لەو خۆپێشاندانەدا، وێڕای خوێندنەوەی چەندین پەیامی پشتگیری و پشتیوانی، بڕیارنامەی خۆپیشاندان و ئاکسیۆنی کوردانی دەرەوەی وڵات بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە لایان ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانەوە بڵاو کراوەتەوە، لە لایان هاوڕێ “هەمزە ئاگوشی” ئەندامی کومیتەی نۆڕوێژی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە خوێندرایەوە کە لە بەشێک لەو بڕیارنامەدا هاتبوو:

لای هەمووان ئاشکرایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی چل ساڵی رابردوودا بە زبروزەنگ، سەرکوت، ئیعدام، زیندانیکردنی ئازادیخوازان و جیابیران و پێخوستکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵک دەسەڵاتی خۆی بە سەر ئێراندا سەپاندووە.

ئەم ڕێژیمە لە هەموو ئەو ماوەیەدا وڵاتی ئێرانیان لە گەلان و پێکهاتەکانی ئەم وڵاتە کردۆتە زیندان و لە چوار دەیەی ڕابردوودا بێجگە لە شەڕ و ماڵوێرانی، هەژاری و بێکاری، زەوت کردنی ماف و ئازادییەکان و پەرەسەندنی خەسار و زیانە کۆمەڵایەتییەکان هیچ شتێک و چ خێروبێرێکی بۆ خەڵک نەبووە. جگە لەوەش بەهۆی سیاسەتی ئاژاوەخوڵقێنیی لە ناوچەدا و ئەم سزا و گەمارۆ ئابوورییانەی لەو سۆنگەیەوە خراوەتە سەر ئێران، خەڵک ئەوەندەی دیکەش باجی سیاسەتە دژەگەلییەکانی ڕێژیمیان داوە، تا ئەو ڕادەیە کە ئیدی بڕستیان لێ بڕاوە.

ڕەگداکوتان و پەرەسەندنی هەژاری و گرانی و بێکاری لە وڵاتێکی دەوڵەمەندی خاوەن کانزا و سەرچاوە سروشتییەکانی وەک ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەبەرچاوی خەڵکی وڵات بە میلیاردها دۆلار خەرجی تەیارکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان لە ناوچە دەکا و لە پێناو خەونی ئیدۆلۆژیکیی “هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی”یەکەیدا نانی ئیشکیشی لە سفرەی خەڵکی وڵاتەکەی بڕیوە. بۆیە خەڵکی ئێران لە هەر دەرفەتێکدا بۆیان هەڵکەوتبێ و لەهەر هەلومەرجێکدا بۆیان رەخسابێ، هاتوونەتە سەر شەقام و سەرەڕای هەموو تێچووە قورسەکان، درێژەیان بە حەرەکەتە ئێعترازییەکان و ناڕەزایەتی دەربرینەکەیان داوە.”

هەروەها لە بڕیارنامەکەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا گوترابوو:

“ئێمە لێرە کۆبوینەوە بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتیی خۆمان تێکەڵ بە دەنگی گەڵانی وەزاڵەهاتوو لە کۆماری ئیسلامی بکەین و پشتیوانیی خۆمان لە خۆپێشاندەرانی ناڕازی لە دەسەڵاتدارانی تاران ڕابگەیەنین. لە هەمان کاتدا داواکارین:

• کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ، دەوڵەتان، کەسایەتییە زانستی و هونەری و وەرزشی و مرۆڤدۆستەکان کرداری کۆماری ئیسلامی دەرحەق بە خۆپێشاندەران مەحکووم بکەن و؛ هەموو توانای خۆیان بۆ ریسواکردنی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکاندا بەکار بێنن.


• ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەموو ئامرازی سیاسیی و دیپلۆماسی کەڵک وەربگرێ بۆ پشتیوانی لە داوای ڕەوا و بەرحەقی خۆپێشاندەران و، لە هەمان کاتدا بەرپرسایەتیی پاراستنی گیانی خۆپێشاندەران؛ بەتایبەتی برینداران و گیراوەکان بخاتە ئەستۆی دەستەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی.


• هێزە سەرکوتکەرەکانی رێژیم کە بکەری سەرکوتی توندوتیژ و تەقەکردن و بریندارکردنی خۆپێشاندەرانن، بکەونە لیستی تەحریمەکانی یەکیەتی ئوروپاو ئەمریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و فەرماندەکانیان ئیزنیان پێ نەدرێ سەردانی وڵاتانی دەرەوەی ئێران بکەن .


• ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتیوانی لە دەنگی بەرحەقی گەڵانی ئێران و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان دەکا و، هەموو توانای سیاسی و دیپلۆماسیی خۆی بەکار دێنی بۆ ئەوەی دەنگی ناڕەزایەتی دەربڕینی گەڵانی ئێران بە گوێی ناوەندەکانی شوێندانەری جیهانی بگەیەنێ.


• لە کۆتاییدا سەری کڕنۆش لە بەرامبەر ئیرادەی خۆپێشاندەران لە شارەکانی ئێران و کوردستان دادەنوێنین و سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەهیدانی تازەمان کە بە خوێنی خۆیان ئیرادەی مافویستیی خۆیان سەلماند و؛ لەو پێناوەدا گیانیان دانا بەڵام بەچۆکدا نەهاتن.”


حیزبی دێموکراتی کوردستان- کومیتەی نۆڕوێژ