بەڕێوەچوونی خۆپێشاندانێک لە شاری ئاڵبۆرگ،ی وڵاتی دانمارک بۆ پشتگیری لە خۆپیشاندانەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان

لە درێژەی کاروچالاکییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێراندا، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۲۳ی نوامبری ی زایینی۲۰۱۹، لە شاری ئاڵبۆرگ، هەڵکەوتوو لە نیوچە دوورگەی یوولەندی دانمارک، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی بەڕێوە چوو. کۆبوونەوەکە کاتژمێر دوازدەی نیوەڕۆ لە گۆڕەپانی بەردەم وێستگەی سەرەکی شارەوە، بە درووشم و رێپێوان بەرەو ناوەندی شار دەستی پێکرد. لەم کۆبوونەوە و خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەدا کە بە بەشداری کوردانی هەر چوار پارچە و بەتایبەتی کوردانی رۆژهەڵات پێکهات، خۆپێشاندەران بە وتنەوەی درووشمی دژی کۆماری ئیسلامی بە زمانەکانی کوردی، فارسی، ئینگلیزی و دانمارکی رق و بێزاری خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دەربڕی و دەنگیان خستە پاڵ دەنگی شۆڕشگێڕانی کورد و ئێرانی کە لەم رۆژانەی دواییدا وڵاتیان لە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی کردووە بەگۆڕەپانی ڕووبەڕوو بوونەوەیەکی دلێرانە. پاش گەیشتنی خۆپیشاندەران بە بە گۆڕەپانی ناوەندی شار، بەیاننامەی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە کوردی و دانمارکی خوێندرایەوە. پاشان لە لایەن نوێنەری ماڵی کوردەوە پارچە شێعرێک و چەند وتەیەک پێشکەش بە ئامادەبووان کرا. ئەم رێپێوانە پاش نزیک بە دوو کاتژمێر بە سروودی ئەی شەهیدان و بە یاد و بیرەوەری نوێترین شەهیدانی رێگەی ئازادی کۆتایی پێهات.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کۆمیتە دانمارک