خالید عەزیزی: هیچ لایەنێک ناتوانێ فاکتۆری کورد لە داهاتووی ئێراندا نادیدە بگرێ

“ڕۆژی پنجشەممە، 23ی خەزەڵوەر پرێس کۆنفڕانسێک بە بەشداریی چەند کاناڵێکی میدیایی باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها پەیامنێری «ڕادیۆ فەردا» بۆ بەڕێز خالید عەزیزی، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕێوە چوو.

لەم پرێس‌ کۆنفڕانسەدا کە بەبۆنەی تەواوبوونی کۆنگرەی ١٧ی حیزبەوە پێک هات، سەرەتا کاک خالید عەزیزی باسێکی سیاسی لەسەر خوێندنەوە و دەرەنجامەکان بۆ کۆنگرە خستە ڕوو. لە بڕگەکانی دیکەی پرێس کۆنفڕانسەکەدا، پەیامنێری کاناڵەکانی ڕاگەیاندن پرسیار و سەرنجەکانی خۆیان بەرەوڕووی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان کرد کە لەلایەن بەڕێزیانەوە وڵام درانەوە.

لەم پرێس ‌کۆنفڕانسەدا کاناڵەکانی «کوردستان 24»، «تۆڕی میدیایی ڕووداو»، «ڕادیۆ فەردا»، «ڕۆژنیووز»، «کوردسات»، «سپێدە»، «کوردسات نیووز»، «ئێن ئاڕ تی»، «کەرکووک»، «گەلی کوردستان» و «کوردکاناڵ» بەشدار بوون.

«کوردستان» بە باشی زانیوە پرسیار و  وڵامەکانی ئەم پرێس‌ کۆنفڕانسە بۆ خوێنەرانی بگوازێتەوە:”

دەقی قسەکانی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە دەسپێکی پرێس‌ کۆنفڕانسەکەدا

بەیانیتان باش!

زۆر زۆر بەخێر بێن بۆ قەڵای دێموکرات!

هەر وەکوو ئاگادارن، نیزیک ساڵێک و دوو مانگ پێش لە ئێستا، ئەم قەڵایە کە ناوەندی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانە، ئەو حیزبەی کە بە ڕابردوو و بە سیاسەتێکی واقعبینانە کە هەیەتی و، لە نێوخۆی وڵات خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە؛ هێرشی مووشەکیی کرایە سەر.

لە دەستی ڕاستی مندا، وێنەی دوو هاوڕێی ژنی لێیە کە لە کۆبوونەوەی کومیتەی ناوەندیدا شەهید بوون. ئەگەر ئەو کات ئەم قەڵایە لایەکی بە مووشەک وێران کرا، بەڵام هەر بە ئیرادەی ئەو خەڵکە توانیمان ئاوەدانی بکەینەوە. ئێرە شوێنی کۆبوونەوەکانی کومیتەی ناوەندی و دەفتەری سیاسیی حیزبە و ئێمە ئێستا لە بەردەم ئەو شوێنەدا دانیشتووین _ بە یادی ئەوان کە ئێوە لەدوای پرێس کۆنفڕانسەکە ژووری یادبوودەکەشیان دەبینن_؛ بەردەوام لەسەر ئەرک و تێکۆشانی خۆی دەچێتە پێشەوە.

کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان، دیسان بۆ ڕێزلێنان لە شەهیدانی قەڵا (شەهیدانی ١٧ی خەرمانان)، بەو ناوە ناودێر کرا. ناوێک کە پڕبە پێستی بوو و، لەگەڵ سروشت و مەبەستی کۆنگرەش دەهاتەوە. ئەو ئیرادەیەی کە ئەو کات ئێمە هەمانبوو کە لە بەرامبەر مووشەکدا چۆک دانەدەین، هەر ئەو ئیرادەیە مێکانیزم و هاوکاری و بڕیارێکی لەنێو حیزبی ئێمەدا دروست کرد، کە ئێمە کۆنگرەی ١٧ بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو فشارە ڕەوانی و ئەمنیەتییانەی کە لەسەرمانە؛ دەیگرین و گرتیشمان. بڕیارمان دا بە لەبەرچاو گرتنی ئەساسنامەی حیزبی دێموکرات –کە ئێمە پێبەندین بەوە- سەرەڕای هەموو ئەو زەرەر و زیانانەی پێمان دەگەیەنن، ڕێبەرانمان تێرۆر دەکەن، بە مووشەک هێرش دەکەنە سەر قەڵا، هێرشێکی بەرینی مێدیایی لەلایەن کۆماری ئیسلامی و دەستوپێوەندییەکانیەوە لەسەر ئێمە هەیە، بەڵام دیسانەوەش ئێمە بڕیارەکانی ئەساسنامەی حیزب بەجێ دەگەیەنین و کۆنگرەکەمان دەگرین.

ئەندامانی حیزب، تەشکیلاتی حیزب، بەگشتی حیزبی دێموکراتی کوردستان کە لەژێر فشارێکی قورسدا بوو، بە داڕشتنی بەرنامەیەکی زۆر دەقیق و ڕێکوپێک بەجۆرێک کۆنگرەی گرت، کە لە ڕۆژی دەسپێکەوە تا کۆتایی هاتنەکەی نهێنییەکەی بەتەواوی پارێزرا و، ئەرکی هەرە قورسی پاراستنی ئەو نهێنییە بۆ ئەوەی کە درز نەکاتە دەرەوە لە ڕاستیدا دیسان دەگەڕێتەوە سەر ئەندامان و تەشکیلات و بەشی ئەمنیەتی حیزبی دێموکراتی کوردستان؛ کە زۆر زۆر ڕێکوپێک کاریان بۆ کرد.

بەخۆشییەوە ئێمە کۆنگرەی حەڤدەیەممان تەواو کرد و ئەوە بۆ ئێمە شانازییەکی گەورەیە. حیزبێک کە لە شەرایەتێکی ئاوادا هەموو ئەو فشار و زەختانەی لەسەرە، بتوانێ کۆنگرەی خۆی بە ڕێکوپێکی بگرێ، زۆر هونەرە و ئێمە ئەو هونەرەمان هەبوو و ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئیرادەی ئەندامانی ئەو حیزبە؛ هەم لە دەرەوەی وڵات و هەم لێرە لە هەرێمی کوردستان و هەمیش لە نێوخۆی وڵات. ئیرادەی سێ شوێنی جیاوازی جوغرافیایی بوو کە حیزبی دێموکراتیان لەو بوارەدا بە سەرکەوتن گەیاند.

لەم کۆنگرەدا بە تەبیعەتی سوننەتی حیزبی دێموکرات کە لە ئەساسنامەی حیزبیدا جێگیر بووە، ڕاپۆرتی کومیتەی ناوەندی پێشکەش کرا، دوایە ئەندامانی کۆنگرە لە فەزایەکی زۆر ئازاد و دێموکراتیکدا لەسەر هەموو بەندەکانی ڕاپۆرت قسەیان کرد _باسێکی سیاسیی تێر و تەسەل کە زۆرتر پێوەندی بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و بەگشتی پرسی کوردەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بوو_، هاتە گۆڕێ. ئێمە لەوێدا لەژێر ڕووناکایی ئەو واقعیەتە کە حیزبی دێموکرات، حیزبی کۆمەڵانی خەڵکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پێداگرییەکی زۆرمان لەسەر چەند و چۆنیی پشتیوانی کردن و بە هاناوە چوون و هاوکاری کردن و ڕێنوێنی کردنی ئەو خەباتە بەربەرین و جەماوەری و مەدەنی و سیاسییە کە لە نێوخۆی وڵات هەیە کردوەتەوە، چونکوو ئێمە پێوەندیمان لەگەڵ نێوخۆی وڵات چڕوپڕە و فیدبەکەکانیمان بۆ هاتبۆوە. ئینعکاسی ئەو جموجۆڵەش لە ساڵی ڕابردوودا بیندرا. کاتێ قەڵا کەوتە بەر هێرشی مووشەکەکانی ئێران، ئێمە مووشەکمان نەبوو شەڕی مووشەکییان لەگەڵ بکەین، بەڵام خەڵکمان هەبوو لە نێوخۆی وڵات. خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەر چوار ڕۆژ دواتر بە مانەوە لە ماڵەکانیان، بە ئیعتراز بە کۆماری ئیسلامی بە ئێمەیان گوت، ئێوە ڕێبەران و کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزبی دێموکرات ئەگەر مووشەکتان نییە لێیان بدەن، ئێمە لێرە بە سەدان هەزار کەس لەدژی کۆماری ئیسلامی ڕادەوەستین و پشتیوانیتان لێ دەکەین. بۆیە پەیامی ئێمە بۆ ئەوان و پەیامی ئەوانیش بۆ ئێمە لەم کۆنگرەیەدا، بەردی بناغەی پێوەندییەکی بەهێزتری دروست کردوە و ئێمە سەربەرزین بەوە.

ئێمە کاتێک مووشەکباران کراین، بێجگە لە دەوڵەتی ئامریکا کە لە شۆڕای ئەمنیەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو کردەوەی مەحکووم کرد و هەر ئەو کات سپاسمان کردن و، بێجگە لە هاودەردیی کۆمەڵانی خەڵک لە باشووری کوردستان کە بەڕاستی وەکوو هەمیشە بە هانامانەوە هاتن. لەوەش بگەڕێتەوە گرینگترین بەشی ئەم هاوخەمی و هاوسۆزییانە لە نێوخۆی وڵات بوو؛ کە لەدژی کۆماری ئیسلامی بە بەرنامە ڕاوەستان. جا هەر بۆیە قورسایی کاری ئێمە لە کۆنگرەدا ڕووی لە نێوخۆی وڵات بوو.

بەشێکی دیکەی کاری کۆنگرە ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات، لەبەر ئەوەی کە حیزبێکی نەتەوەییە؛ قەت بە نیسبەت ڕووداوی پارچەکانی دیکەی کوردستان کەمتەرخەم نەبووە. لە هەر هەڵکەوت و بۆنەیەکدا بووبێ، ئێمە ئەوەمان بە جۆرێک هەڵوێستە کردوە تەنانەت دەنگدانەوەی هەڵوێستی ئێمە لە نێوخۆی وڵاتیش کاریگەریی هەبووە. لە ڕێفراندۆمەکەدا، کاتێ جەنابی مام‌جەلال وەک سەرۆک‌کۆمار هەڵبژێردرا، کاتێ پرسی ڕۆژاوا هاتە گۆڕێ، بە هەر بۆنەیەکەوە بێ ئەوان لە مەیداندا بوون و پشتیوانیی خۆیان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دەربڕیوە. بەشێکی دەگەڕێتەوە سەر کولتووری هاودەردیی نەتەوەیی کە لە سەردەمی پێشەوا قازی محەممەدەوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستاندا جێگیر بووە. بۆیە لەو مەیدانەشدا ئێمە توانیمان گرینگی بەو ڕۆحە نەتەوەییە لە کۆنگرەکەماندا بدەین. بوارێکی دیکە ئەوە بوو کە حیزبی دێموکرات، سیاسەتێکی فرەڕەهەندی هەیە. بەردی بناغەی مقاومەت و مانەوەی ئێمە لە بەرامبەر کۆماری ئیسلامیدا _کە ٤٠ ساڵ پێش لە ئێستا هێرشی کردینە سەر و هەتا ئێستاش بەردەوامە_ بوونی پێشمەرگە بوو. پێشمەرگە هێمای حیزبی دێموکراتە، پێشمەرگە یادگاری کۆماری کوردستانە و، ئێمە لەسەر ئەوە پێداگریمان کردەوە کە خەبات و جووڵانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەگشتی و هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە لەدژی داعش لە دنیادا نەقشی بەست و، ڕابردووی پێشمەرگایەتیی حیزبی دێموکرات و لایەنەکانی دیکە؛ وەک هێمایەک هەمیشە جێگای ڕێز بووە و هیوادارین لە داهاتووشدا پێشمەرگە بەگوێرەی پێویست و لەژێر ڕووناکایی لێکدانەوەکانی ئێمەدا دەور و ڕۆڵی خۆی ببینێ.

لە بۆچوونی فرەڕەهەندیدا، ڕەهەندێک نێوخۆی وڵات بوو کە بە چڕوپڕی ئاماژەم پێکرد. ڕەهەندێک بواری تەشکیلاتیی حیزبی دێموکرات بوو کە چۆن بەهێزی بکەین، هەم لە نێوخۆی وڵات هەم لە دنیای دەرەوە و هەمیش لێرە. ڕەهەندێکیش بواری دیپلۆماسی بوو. حیزبی دێموکرات سەرەڕای قۆناغی جۆراوجۆر، هەمیشە هەوڵی داوە لە بواری دیپلۆماسیدا باش کار بکا و بچێتە پێشەوە. ڕەهەندێکی دیکە ئەوە بوو کە هەموو ئەوانە کاتێک بەباشی دەچێتە پێش کە ئێمە یەکگرتووییمان هەبێ، لانیکەم ئێستا ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانێ بنەمایەکی باش بێ بۆ ئەوەی کە هەموومان بەیەکەوە کۆ بکاتەوە و لە درێژەی خۆیدا ببێ بە ئالتێرناتیڤێک کە ئێمە بەیەکەوە بەهێزتری بکەین. وە ڕەهەندێکی دیکە ئەوە بوو ئێمە هەرێمی کوردستان بە دەسکەوتێکی بەرزی نەتەوەیی دادەنێین کە جێ کەوتووە و، حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ئێستا و لە داهاتووشدا؛ سەرکەوتنەکانی ئێرە بە سەرکەوتنی خۆی دەبینێ. ئاڵقەی پێوەندی و تێکەڵاویی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ خەڵکی باشووری کوردستان، لەمێژە نەهادینە بووە. بۆیە جیاواز لە لایەنی سیاسی، ئەو هاوسۆزی و خۆشەویستییانە لە جێگای خۆیدا هەر بەباشی دەمێنێتەوە.

دیسان بەخێرهاتنتان دەکەم و ئامادەی وڵامدانەوە بە پرسیارەکانتانم.

گەلی کوردستان: ئەمڕۆ گەلی کورد بەگشتی پێویستییەکی زۆری بە یەکگرتوویی هەیە، ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش گرووپی کاریی هەبوو کە بەداخەوە لەم دواییانەدا وابزانم حیزبێکیان هەر بەتەواوی لێی کشاوە، لە کۆنگرەی تازەی ئێوە و لە باسکردنی نێوەرۆکی کۆنگرە و دواتریش چ هەنگاوێکتان هەیە بۆ لێک نیزیکتر کردنەوەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؟

هەنگاوی یەکەممان ئەوەیە کە ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، تێبکۆشین و جارێکی دیکە جەخت لەسەر پێداویستی و هاوکاری بکەینەوە و، هۆکاری سەرەکیشمان ئەوەیە هەتا ئێمە لێک نیزیک دەبینەوە و هاوکاریی یەکتر دەکەین، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکێکی زۆرتر دڵخۆش دەبێ، پتر بە هانای داواکانی ئێمەوە دێن؛ بۆیە ئەوە بەردی بناغەیەتی. دووهەم، لە بواری نێودەوڵەتیدا حەول دەدەین کار بکەین کە ناونیشانێکی بەهێز و گونجاو بۆ کوردی ئێران دروست بکەین، لەو بەربڵاوییە بێینە دەرەوە. سێیەمیش ئەوەیە کە ئێمە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، بە هەر بۆچوونێکی سیاسیی کە هەیانە و کار دەکەن، تێبکۆشین هەر حیزبێکی ئێمە تەنیا بە سەرنجدان بە عیلاقاتی خۆی، خەسار بە پرسی کورد نەگەیەنێ؛ بەڵکوو هەموومان بەیەکەوە. ئەوە دەکرێ بڵێین سێ تەوەری سەرەکییە کە لەمەو بەدوا کاری لەسەر دەکەین.

کوردستان ٢٤: باست لە ڕەهەندە دیپلۆماسییەکان کرد کە حیزبی دێموکرات گرینگیی پێ دەدا، بەتایبەتی لە ئێستادا یەکێک لە ڕێگا کاریگەرەکانە چونکوو ئێران بەرەو گۆشەگیری لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەچێ؛ ئایا حیزبی دێموکرات لە ڕووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، لە ڕووی لابی‌گەری و پێوەندی دروستکردن چۆن ئەو دەرفەتە دەقۆزێتەوە؟ پرسیارێکی دیکەم ئەوەیە، لە ئێستادا کە ئێران بەرەو سەپاندنی زیاتری سزاکان دەچێ، حیزبی دێموکرات پێی وایە ئەو سزایانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر دەسەڵاتی سیاسیی تاران دادەنێن؟ ئایا سزاکان بە باش دەبینن، لە کاتێکدا بەشێکی گەورەی کوردانی ڕۆژهەڵات خەسارێکی زیاتر دەبینن لە سزا ئابوورییەکان؟

سروشتی دیپلۆماسیی ئێمە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە بوارێکی بەرینتردا وەک حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە ڕاستیدا کاریگەریی پێوەندیی تاران لەگەڵ دنیای دەرەوەی بەسەرەوەیە. ئەگەر دنیای دەرەوە بەردەوام بێ لە فشارهێنان بۆ سەر ئێران بەتایبەت واشینگتۆن و، ئەگەر دنیای دەرەوە دیسان بەتایبەت واشینگتۆن لە دەستووری کاری خۆی لەدژی ئێراندا، بڕێک بەرینتر بیر بکاتەوە هەموو بابەتەکان بەرتەسک نەکاتەوە بە بەرجام؛ سروشتییە ئەوە دەبێتە هۆی ئەوە کە لە دنیای دەرەوە هاواهەنگییەکی زۆرتر هەبێ. حیزبی ئێمە حەولی داوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تێبکۆشێ بە دنیای دەرەوە بە تایبەت بە واشینگتۆن بڵێ، داواتان لێدەکەین بە یەک چاو، چاو لە ئێران مەکەن؛ واتە کێشەی ئێران تەنیا کێشەی ناوکی و بەرجام نییە. ئەگەر ئێران ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێ، دەبێ لە نێوخۆی وڵات دەست پێبکا. حکوومەتێک لە نێوخۆی وڵات وڵامدەر بێ بەرامبەر بە خەڵک و شارۆمەندانی خۆی، بێگومان لە بواری نێودەوڵەتیشدا گونجاو و بە بەرپرسیارەتییەوە دەجووڵێتەوە. ئێمە تێدەکۆشین لەمەو بەدوا بەتایبەت وەک ناوەندی هاوکاری، سەرنجی دنیای دەرەوە بۆ سەر ئەو پرسە گرینگانە ڕابکێشین، بەڵام هەمیشە وتوومانە، ئەزموونی کورد لە عێراق، تورکیە و سووریە دەرخەری یەک ڕاستییە، تاکوو لەو وڵاتانە کێشەی کورد چارەسەر نەبێ، لە یاسای بنەڕەتیدا نەیەنە بەر باس؛ ئەو وڵاتانە بە ئاسانی هێمنی و ئاسوودەیی بە خۆیانەوە نابینن. یەکێک لە بنەماکانی سەقامگیری و هێمنایەتی لە عێراقدا بەخۆشییەوە هەرێمی کوردستانە و، هەرێمی کوردستان دەتوانێ دەرفەتێک بێ بۆ ئەوە. وتوومانە چارەسەری کێشەی کورد لەو وڵاتانەدا، دەرفەتە بۆ سەقامگیر بوونی دێموکراسی و تەوافوق لە پێتەختەکانیان. جا مادام ئێمە ئەو پەیامەمان داوە بە دنیای دەرەوە، لە لای ئەوان کەم و زۆر ئەوە هەیە ئەگەر بیانهەوێ فشار بۆ سەر ئێران بێنن نابێ پرسی کورد لەبەرچاو نەگرن.

بە نیسبەت ئەو سزایانە، بە بڕوای ئێمە ئەو سزایانە لەم دواییانەدا بەتەواوی کاریگەریی خۆی لەسەر حکوومەتی کۆماری ئیسلامی داناوە، تا ڕادەیەکی زۆریش بووەتە هۆی ئەوە هەست بەوە بکرێ سیستمی سیاسیی ئەو دەسەڵاتە وەک جاران کارایی نییە. بەڵام بێگومان کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵکیش داناوە و، ئەوەش تاوانەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە. ئێستاش ئەم ڕێژیمە بەتەواو مۆنۆپۆلی سیستمی ئەرز و دۆلار و بانک و سەروەت و سامانی ئێرانی کردوە. لەو شوێنەی کە پێویستە خەرجی خەڵکەکەی بکا، نایکا بەڵام لە ڕێگەی پرۆژە تێرۆریستییەکانی خۆی، شێواندنی ناوچەکە و چەوساندنەوەی خەڵک بەکاریان دێنێ. ئەمن پێم وایە لە درێژەی ڕەوتی خۆیدا ئەو سزایانە هەر بەردەوام دەچێتە پێشێ و، هیوادارم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی یەکگرتوو بێ لەدژی ئێران.

ئێن ئاڕ تی: دوو پرسیارم هەیە، یەکەمیان لەسەر ئەوەی _کە ئێستا بەڕێزیشتان باستان کرد_ ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە ئێران لە گۆڕێدایە، پێشتروڕێگرییەک هەبووە لەوەی کە لەگەڵ حیزبە ئێرانییەکان وتووێژ بکەن؟ ئایا کۆنگرەکانی تر کە دەگیران لەوێدا وەکوو حیزبی دێموکرات ڕێککەوتنێک لەسەر ئەوە هەبوو کە هەنگاو بنێن بۆ ئەوەی دانوستان لەگەڵ ئێران بکەن؟ لەم کۆنگرەیەدا هیچ باس لە خاڵێکی وا کراوە؟ پرسیاری دووهەم، هەمیشە لە باشووری کوردستان دەڵێن سکرتێری حیزبەکان خۆیان هەڵدەبژێرن بۆ ئەوەی لەسەر کورسیی دەسەڵات بمێننەوە، ئەم قسەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ڕاستە؟ یا ڕۆژهەڵات تایبەتمەندیی خۆی هەیە و پێویستییەکانی دەبێتە هۆی ئەوەی ئێوە بۆ جارێکی تریش خۆتان هەڵبژێرن؟

لە ڕاستیدا لە مێژووی حیزبی دێموکراتدا هیچ کات وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی و حیزبەکانی دیکەش وەلا نەندراوە. دوای دامەزرانی کۆماری کوردستان پێشەوا قازی محەممەد لەگەڵ تەورێزیشدا وتووێژی کرد بۆ دۆزینەوەی خاڵی هاوبەش لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و ئازەری، لەگەڵ تاران _قەوامو سەڵتەنە_ ش وتووێژی کرد و، لە دوای شۆڕشی ئێرانیش ئێمە دانیشتنی زۆرمان هەبوو لەگەڵ دەوڵەتی کاتیی ئێران، لە نێوان خومەینی و شەهید دوکتور قاسملوو، بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەیامگەلێک دەستاودەست کرا. دواتریش دیسان وتووێژ کراوە و، لەم دواییانەشدا هەندێک چاوپێکەوتن و دانیشتنمان هەبووە. کاتی خۆی هەر حیزبی ئێمە لە هەرێمی کوردستان شەش_حەوت ساڵ پێش لە ئێستا وتووێژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا بووە. ئێستاش بەخۆشحاڵییەوە بیرۆکەی وتووێژ لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی وەک بیرۆکەیەکی ئەقڵانی و پەسەندکراو سەیر دەکرێ. حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش مەبەست ئەوانەی وا لە ناوەندی هاوکاریدا بەشدارن، هیچکات دژی وتووێژ نەبوون. هەردوو لای دێموکرات و کۆمەڵەش لە کاتی خۆیدا پێکەوە وتووێژیان کردوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی، جا کەوایە وتووێژ شتێکی تابوو نییە؛ بەڵام ئەوەی کە ئێستا ئەم چوار لایەمان پێکەوە ئەو دانیشتنانە دەبەینە پێشەوە، ئەوە دەسکەوتێکی گەورەیە. ئەوەش بڵێم کە ئێمە هێشتا نەچووینەتە قۆناغی جدیی وتووێژەوە، دانیشتن بووە و بەش بە حاڵی خۆم بە دەسکەوتێکی باشیشی دەزانم و لانیکەم ئێمە وەک چوار حیزب ئەو کارە دەکەین؛ لە کۆنگرەکانی پێشووتری حیزبیشدا ئەو باسە هەر هەبووە.

بەنیسبەت هەڵبژاردنەوەی خۆم و کولتووری ڕێبەری کردنی حیزب لە حیزبە کوردییەکاندا، پێم وایە هەر حیزبێک مێکانیزمی خۆی هەیە. چەندوچۆنیی چارەسەر کردنی کێشە دەروون‌ حیزبییەکان پێڕەوی لە ڕێککەوتنی ئەندامانی ئەو حیزبە لە نێوان یەکتر دەکا. هەر لە ئورووپا و ئامریکاش کە خاوەنی دێموکراسین، ئەگەر حیزبەکان پێک بگرین هەر کام لەوان مێکانیزمی تایبەت بە خۆیان هەیە و، ئەو مێکانیزمەش کە مادام بۆخۆیان هێناویانە و بۆخۆیشیان دەنگیان داوەتێ؛ ئەوە پەسەندە. بەڵام کاتی خۆی، من وازم هێنا و ئەوەش نەبووە هۆی ڕاوەستانی کاری حیزبی و زۆر بە شێوەیەکی دێموکراتیک جێگۆڕکێی دسەڵاتمان کرد. ئێستا لەم کۆنگرەیەدا بە هەر هۆکار و خوێندنەوەیەک بووبێ دیسان، جێگۆڕکێیەکی سیاسی کراوە و من بوومەتەوە سکرتێر، هەموو ئەوانە بە لێک تێگەیشتن بووە. جا بۆیە بە باوەڕی من ئەم شتە ئەو ئیستعدادەی لە حیزبی ئێمەدا دروست کردوە، کە ئەگەر لە ئێستا و داهاتووشدا سکرتێرەکان بگۆڕدرێن، هیچ قەیران نییە و ئەو خەبات و تێکۆشانە بەردەوام دەچێتە پێش و، هیوادارم ئێمە مێکانیزمێک بدۆزینەوە کە ئەندامانی حیزب پێی ڕازین. ئەو بەشە من ناوی «ڕێککەوتنی دەروون‌حیزبی»ی لێ دەنێم.

ڕادیۆ فەردا: دوو پرسیارم هەیە، یەکەم لە پێوەندی لەگەڵ بوونی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستانە؛ ئەگەر دەوڵەتی ناوەندیی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بیانهەوێ ئێوە ئێرە بەجێ بێڵن، ڕوو لە کوێ دەکەن؟ پرسیاری دووەم؛ پێوەندیی ئێوە لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی عێراق هەروەها حیزبە کوردستانییەکان لە چ ئاستێکدایە؟

بوون و چالاکییە سیاسییەکانی ئێمە لە باشووری کوردستان هیچکات زیانێکی بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان نەگەیاندوە، ئێمە لە درێژەی ئەم ساڵانەدا کە لێرە بووین، ڕێزمان لە یاساکانی عێراق چ لە بواری نێوخۆیی و هەروەها ناوچەییشدا گرتوە. تا بە ئێستاش دەوڵەتی عێراق و یاخود هەرێمی کوردستان هیچ هەڵوێستێکیان نەبووە لەسەر ئەوەی کە بوونی ئێمە وەک حیزبی دێموکرات، کێشەی بۆ ئەوان دروست کردبێ. ڕێبەرانی عێراق حیزبی دێموکرات و خەباتی ئەم حیزبە بەباشی دەناسن. ئەگەر ئێمە لەگەڵ بەغداد پێوەندییەکیشمان هەبێ زۆر ئاساییە، سیاسەتی حیزبی دێموکرات ئەوە بووە کە هیچکات لە سیاسەتی نێوخۆیی وڵاتانی دراوسێدا دەستێوەردان نەکا. کەواتە کاتێک کە ئێمە ڕێز لە یاساکانیان دەگرین، ئیدی لەو بڕوایەدا نیم کە لە داهاتوودا ببێتە هۆی کێشە لەگەڵ حکوومەتی عێراق. لە پێشدا لەبەرچاو گرتنی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئێمە گرینگە، کە هەر ئەوەش بریتییە لە ڕێزگرتن لە یاسای دەوڵەتی عێراق. ئێمە لە دۆخێکدا نین کە بیر لەوە بکەینەوە عێراق بەجێ بێڵین.

کوردسات: جاری یەکەم کە بەڕێزتان بوون بە سکرتێر، هەندێک لە شەقامی ڕۆژهەڵات ناوی قاسملووی دووەمیان لێ نای، ئەو نازناوە زۆر گەورەیە. بەڕێزتان دیسان هاتنەوە، چۆن خۆتان وەک شەخسی سکرتێر لە ئاستی ئەو نازناوەدا دەبینن؟

یەکەم، حیزبی دێموکرات بەخۆشییەوە خاوەنی پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری کوردستانە. خاوەنی دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، سیاسەتمەدارێکی بەتوانا، بیرمەندێکی گەورە، دیپلۆماتێکی دوورەندیش، کەسایەتییەکی گەورەی کورد و ئێرانییە. هەروەها خاوەنی دوکتور شەرەفکەندییە، کە سیاسەتمەدارێکی زیرەک و بەتوانا لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بوو. ئەمن وەک ئەندام و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستان، شانازی دەکەم کە لە ڕیزی حیزبێکدام کە خاوەنی ئەو ڕێبەرە مەزنانە بووە. ئەگەر نەک بەتەنیا من _کە بۆخۆم لە ئاستی گەورەیی دوکتور قاسملوودا نابینم_ بەڵکوو هەرکام لە ئەندامانی ڕێبەریی ئێمە، بەشێکی کەم لە تایبەتمەندییەکانی سێ ڕێبەری شەهیدیان تێدا بێ کە بەخۆشییەوە هەیە؛ ئێمە بەیەکەوە زۆر سەربەرزین. بەخۆشحاڵییەوە توانیومانە بەشێک لە تواناییە شۆڕشگێڕییەکانی ئەوان لە خۆماندا ببینینەوە. من بەش بە حاڵی خۆم حەولی کرداری بۆ ئەم ڕێبازە دەدەم و تێدەکۆشم جێگیر ببێ، کە دەڵێم جێگیر بێ مەبەستم لە پێڕەو، پرۆگرام، ستراتێژی و ئامانجەکانی حیزبەکەمانە کە بە پێشەواوە دەستی پێ کرد، بە دوکتور قاسملووەوە گەیشتە لووتکە و بەشی دوکتور سەعید بەداخەوە ماوەیەکی کورت بوو و، ئەو ڕێبەرە بە توانایەمان شەهید بوو. ئەگەر بتوانین بەشێک لەوانە جێبەجێ بکەین ئەوە بەو واتایە کە سەرمایە و تواناکانی دوکتور قاسملوو لەنێو ئێمەدا چەسپاوە و بە میرات بە ئێمە گەیشتووە. ئەوەی کە دەیڵێم بەو مانایە کە ئەگەر ئەمن و هاوڕێیانی دەفتەری سیاسیشمان نەمێنین، ڕێبوارانی ڕێبازی دوکتور قاسملوو هەتا دێ زیاتر دەبن و ئەمن دڵنیام کەسانی زۆر بەتوانا دێنە گۆڕەپانی خەباتەوە؛ هەر ئەزموونی مووشەکباران و لەدەست دانی پۆلێک لە هاوڕێیانمان ئەوەی نیشان دا. بۆیە ئەو کولتووری مرۆڤ‌سازییە لەنێو حیزبی ئێمەدا بۆ هەمیشە ماوەتەوە و هیوادارم لە داهاتووشدا بتوانین ئەم سەرمایەیە مودیریەت  بکەین. کاتێک کە باس لە حیزبی دێموکرات دەکرێ پێشەوا و قاسملوو و شەرەفکەندییان وەبیر دێتەوە، کەواتە ئێمە هەوڵ دەدەین _هەرچەند کەمی دێنین_ بەڵام بەتاڵاییەکان پڕ بکەینەوە.

ڕووداو: لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ململانێیەکی توند هەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی و ئامریکادا و هەروەها کۆمەڵگەی نێونەتەوەییش بەجۆرێک تێیدا بەشدارن، بەتایبەت لەم دواییانەدا کۆماری ئیسلامی بڕێک پاشەکشەی کرد؛ دەکرێ پێمان بڵێن ئێوە داهاتووی کۆماری ئیسلامی لەدوای ئەوەی کە ڕووداوەکان زۆر بەخێرایی و لە ئاستێکی گەورەدا ڕوو دەدەن، چۆن دەبینن؟

بە هەموو لێکدانەوەیەکی ئێمە، ئەگەر فاکتۆرە جۆراوجۆرە ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لەبەرچاو بگیرێ؛ کۆماری ئیسلامی توانای درێژە دان بەم دۆخەی ئێستای نییە. کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشارێکی قورسدایە، بەڵام ئەوەی کە تا ئێستا توانیویەتی خۆی ڕابگرێ، یەکیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتێکی ڕەهای نیزامیی هەیە، دووەم ئەوەی کە سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران بەتەواوی لە ئیختیاری دەسەڵاتدارانە و ئەوە لەپێناو مانەوەی خۆیاندا بەکار دێنن. بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو فاکتۆرانەی وا باسم کرد بەشی گرینگ و بەرچاوی خەبات لەدژی ئەم ڕێژیمە لە ڕێگەی کار و چالاکی لە نێوخۆی وڵاتەوە دەکرێ و لەوێوە دەتواندرێ کۆتایی بە سەرەڕۆیی ئەم دەسەڵاتە بهێندرێ. ئەگەر دەرفەتێکیش بێتە گۆڕێ لە ئێراندا خەڵکی ئێران بە هەموو پێکهاتە و نەتەوە جۆراوجۆرەکانیەوە بەتایبەتی گەلی کوردیش کە قوربانییەکی زۆری لەپێناو ڕزگاریی نەتەوەییدا داوە ئاوا بە ئاسانی لە کۆماری ئیسلامی خۆش نابن. کۆماری ئیسلامی جۆرێک خۆی پێناسە کردوە، مێکانیزمی مانەوەی خۆی بە شتگەلێکەوە بەستووەتەوە کە هیچکات لەکۆڵ ئەو کێشانە نابێتەوە. قەیرانە سیاسی، ئابووری، نێودەوڵەتییەکان ئیدی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەمێنێتەوە و لەگەڵی دەڕوا؛ بەجۆرێکە ئەگەر هەرکام لە قەیرانەکان تێپەڕ بکا قەیرانێکی دیکە بەدوایدا دێ. ئەمن دڵنیام لەوەی کە کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ وڵاتانی ناوچە و جیهان بووەتە پێناسەی کۆماری ئیسلامی، واتە ئەم ڕێژیمە بە کێشەکانی دەناسنەوە. هەر بۆیە ئەم شێوە لە خۆ پێناسەکردنە لەلایەن کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە وەرناگیرێ. خاڵێکی گرینگیش کە لێرەدا دەکرێ ئاماژەی پێ بکرێ ئەوەیە کە خەڵکی ئێران سەرەڕای توند و تیژییەک کە لەسەر سەریانە بەڵام لە ئاستێکی بەرز لە شعووری سیاسیدان، داوای زۆریان هەیە و بەدواداچوونیشی بۆ دەکەن. هەموو ئەم فاکتۆر و ڕاستییانەی کە هەن ئەو پەیامە دەدەن کە کۆماری ئیسلامی زوو یا درەنگ دەبێ بڕوا. سەرەڕای ئەوانە کۆمەڵگەی ئێران تووشی داڕمانێکی کۆمەڵایەتیی بووە و، ئەمەش ئاکامی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامییە و، لێرەدا خەڵک دەبێ خۆیان یەکلا بکەنەوە لەگەڵ ئەم هەمووە کێشە و ئارێشانەی بەردەمیان؛ کە من پێم وایە ئەو کارە دەکەن.

گەلی کوردستان: یەکێک لە پرسیارەکان کە لەلایەن خەڵک و بژاردە سیاسییەکانی کوردستان بەرەوڕووی هەردوو لای دێموکرات دەبێتەوە، پرسی یەک‌نەگرتنەوەیە کە ماوەیەکە بێدەنگی لێ هێندراوە؛ ئێوە بەتایبەت لەدوای کۆنگرەی 17 چ بەرنامەیەکتان بۆ یەکگرتنەوەی ئەم دوو حیزبە هەیە؟

هەر دوابەدوای لەتبوون یەکەمین پەیامی ئێمە ئەوە بوو کە لەتبوون بەسەرماندا سەپا، ناچمەوە نێو ئەو باسانە. هەر ئەوکات ڕامانگەیاند ئێمە ئامادەی وەسەریەک کەوتنەوەین، هەر دوو لای دێموکرات بە دانیشتن بێین خەسارناسی بکەین و یەک بگرینەوە و بەیەکەوە ئیدارەی بکەینەوە. لەژێر ڕووناکایی ئەو سیاسەتە دروستە کە ڕەچاومان کرد و داواکاریی کۆمەڵانی خەڵکیش لە نێوخۆی وڵات، لایەنی ئێمە دەسپێشخەر بوو لە وتووێژ کردن لەگەڵ لایەنی بەرامبەر واتە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. ئێمە باش چووینە پێشەوە و کۆمەڵێک دانیشتن و وتووێژ هاتنە گۆڕێ، هەیئەتێک داندرا کە بە چڕوپڕی لە کۆبوونەوە و دانیشتندا بوون لەگەڵ لایەنەکەی دیکە؛ کە بەداخەوە بە ڕێککەوتن نەگەیشتین. لایەنی ئێمە ئیمتیازی دا بەڵام لایەنەکەی دیکە بەجدی وەر نەگرت و وەلای نا. بۆ مێژووش بێ با ئەوە بڵێم من وەک خۆم ڕامگەیاند کە ئامادەم بۆ ئەوەی دێموکراتەکان یەک بگرنەوە، بۆ ئەوەی سیمایەکی بەهێز لە حیزبی دێموکرات بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نیشان بدەین، من ئامادەم واز لە پۆستی سکرتێری بێنم. تەنانەت هەنگاوێکی دیکەش چوومە پێشێ و گوتم ئەگەر کێشەی ناو هەیە، ئێمە شەڕی ناو ناکەین بۆ ئەوەی حیزبی دێموکرات توانیبێتی یەک بگرێتەوە با ناوەکەش ناوی ئەوان بێ. بەداخەوە ئەوان هیچکام لەوانەیان وەر نەگرت. ئەوەی ئێمە کردمان هەست بە بەرپرسایەتییەکی نەتەوەیی بوو، تەنانەت لە حیزبەکەی خۆماندا گلەیی لە من و لەو دوو بەخششە هاتە گۆڕێ. لێرەوە هەتا ئەو جێگەی پێوەندی بە کۆمەڵانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتەوە هەیە ڕادەگەیەنم کە ئێمە هەموو حەولێکمان دا لەم پێناوەدا؛ جا بۆیە ڕەنگە ئەمن داوای لێبوردنێک بە ئەندامانی حیزبەکەی خۆمان قەرزدار بم کە زۆر چوومە پێشێ و ڕەعایەتی حاڵی ئەوانم نەکرد. بەڵام سەرەڕای ئەمانەش کۆنگرە دیسان باسی یەکگرتنەوەی کردوە و ئەوەی ئەسپاردوە بە کومیتەی ناوەندیی داهاتوو. با ئەوەش بڵێم کێشەی ئەم دوو لایەنە دەبێ پێخۆشبوونی هەر دوو لای تێدا بێ دەنا بە هیچ شێوەیەک چارەسەر نابێ. ئەم کەیسە لەلای ئێمە هەر ئاوەڵایە و ئەگەر دیسان دانیشتن و وتووێژ بێتەوە گۆڕێ کومیتەی ناوەندی دەتوانێ لەژێر تیشکی ئەوەی کە لە کۆنگرەدا هاتە بەر باس لەم پێوەندییەدا، حەولی چارەسەر کردنی کێشەکان بدەن. بەڵام ئەگەر سەرکەوتووش نەبووین لە یەکگرتنەوەدا، کۆتایی ژیان و سیاسەت نییە. ئێستا هەردوو لا، لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەیەکەوە هاوکاریمان هەیە، لەوێ لەژێر ناوی ئەو ناوەندەدا بەیەکەوە بەیاننامەش دەردەکەین. لە کۆتایی وڵامی ئەو پرسیارەدا بڵێم ئەگەر یەکگرتنەوەش جێبەجێ نەبێ ئەوە ئێمە بەخۆشحاڵییەوە هەندێک پێوەندیمان هەیە کە دەتوانێ هاوکاری و هاواهەنگیی هەردوو لامانی لە کارەکاندا لێ بکەوێتەوە.

کوردسات نیووز: وەک باستان کرد ئەو کات ئێوە لەپێناو کۆنگرەدا تەنازولێکی زۆرتان بۆ لایەنی بەرامبەرتان کردوە، ئایا ئێستاش لەسەر هەمان باوەڕن و بە هەمان ڕێچکەدا دەڕۆن؟

ئەوان کۆنگرەی خۆیان گرتوە و کۆمەڵێک گۆڕانکارییان لە قەوارە و مێکانیزمەکانی حیزبی خۆیاندا هێناوەتە گۆڕێ، ئێمەش کۆنگرەی خۆمان گرتووە بۆیە ئێستا دۆخەکە لەچاو دوو ساڵ و سێ ساڵ پێش لە ئێستا گۆڕانی بەسەردا هاتووە. ئەگەر بڕیار بێ دەست پێ بکەینەوە، بە خوێندنەوەیەکی دوو لایەنە، دوو حیزب لەگەڵ یەکتر دادەنیشن، یەکیان حیزبی دێموکراتی کوردستان و ئەوی دیکەیان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە، ئەوە یەکەم هەنگاوە. کە ئەوە دیاری کرا، دوایە دەکرێ بچینە نێو وردەکارییەکانەوە و خەسارناسی بکرێ کە چۆنە هەتا ئێستا نەمانتوانیوە یەک بگرینەوە. لەمەو بەدوا دەست پێبکەین کە چ بکەین باشە، بە حوکمی ئەوەی کە پێشتر بە ڕێککەوتنێک نەگەیشتوون. لەدوای کۆنگرەکەی ئەوان و کۆنگرەی ئێمە هەموو ئەو شتانە دەتوانین بڵێین نەماون.

کەرکووک تیڤی: ئەگەر ئێوە ئەو هەلەتان بۆ هەڵکەوێ لەگەڵ وڵاتانی زلهێز بۆ نموونە ئامریکا ڕێک بکەون، بەڵام لە لایەکی تریشەوە ئەگەر کۆماری ئیسلامی ڕازی بێ لەگەڵ ئێوەدا وتووێژ بکا و بهێڵێ بچنەوە بەتایبەت کە ئەزموونی دوکتور قاسملووش لەبەر دەستدا هەیە [لەمەڕ وتووێژەوە]؛ ئایا ئێوە ئامادەن بچنەوە یا هەر درێژە بە خەباتی شاخ دەدن؟

کێشەی دنیای دەرەوە لەگەڵ تاران لەسەر پرسی کورد نییە، بەڵکوو کێشەی ئەوان لەسەر بەرژەوەندیی خۆیانە. سەرۆک کۆمارەکانی ئامریکا هاتن و ڕۆیشتن و هەر یەکە و سیاسەتێکیان بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی هێنا گۆڕێ و خستیانە نێو بازاڕی سیاسەت بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان؛ بەڵام خەبات و تێکۆشانی ئێمە لەدژی کۆماری ئیسلامی لەدوای ئینقلابەوە دەستی پێکرد، ڕەوایی ئەو خەباتەی ئێمە هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتوە و، بەپێچەوانەی سیاسەتی سەرۆک کۆمارەکانی ئامریکا سیاسەتەکانی ئێمە بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی نەگۆڕدراوە. بۆیە ئەوە دەڵێم سیاسەتی ئێمە لەدژی ئەم ڕێژیمە پێڕەوی لە سیاسەتی واشینگتۆن ناکا. ئەوان کاتێک کە بەرژەوەندییەکانیان کێشەی لەگەڵ یەکتر نەبوو دەتوانن پێک بێنەوە. بەڵام تێدەکۆشین لەو کێشانەی دێتە پێشێ، بە حوکمی گرینگیی پرسی کورد لە ئێران وەک نەتەوەیەک و هەلومەرجی حیزبی دێموکرات لە مەیداندا بین. بۆیە هاوکێشە نێونەتەوەییەکان لەسەر بەرژەوەندییەکان بنیات دەنرێن و کەواتە ئێمەش چاوەڕوانیی ئەوەمان نییە کە وڵاتێکی زلهێز یاخود وڵاتێکی ناوچەیی بێت و لەسەر پرسی ئێمە پڕۆژە دابنێ. بەڵام هەر وڵات و لایەنێک کە بەرنامەی لەسەر ئێران هەبێ ناتوانێ پرسی کورد لەوێ لەبەرچاو نەگرێ، ئەگەر وا نەکەن دیسان ئێران ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ. بۆیە دەوڵەتە ناوچەییەکان و دەوڵەتە جیهانییەکانیش بەتایبەت زلهێزەکان هەر خەونێکیان بۆ ئێران هەیە، چ بە شەڕ و چ لە ڕێگای ئاشتییانەوە، دەبێ فرەنەتەوەیی بوونی ئێران لەبەرچاو بگرن و کورد فاکتۆرێکی بەهێزە لەم نێوەدا.

ڕۆژ نیووز: بەحوکمی ئەوەی کە دەگوترێ دوژمنی دوژمنەکەم دۆستی منە، ئێوە لەسەر ئەم بنەمایە وەکوو حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەتا چ ڕادەیەک لە دوژمنانی کۆماری ئیسلامی لەسەرووی هەموویانەوە ئامریکا؛ نیزیک بوونەتەوە؟

هەتا ئەو جێی پێوەندی بە لێک نیزیکی هەیە، دەبێ دەستووری کار و پلانێک هەبێ لە پێوەندی لەگەڵ ئێراندا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت واشینگتۆن، ئەوان هەتا ئێستاشی لەگەڵدا بێ کێشەکەی خۆیان لەگەڵ ئێران بە کێشەی ناوکی و ئەوەی کە ئەم وڵاتە هۆی ناسەقامگیریی ناوچەکەیە پێناسە کردوە. لەوەی دووەمدا ئێمەش هاوڕاین و پێمان وایە ئێران هۆی ناسەقامگیرییە. جیاواز لەوانە حیزبی دێموکرات پێوەندیی لەگەڵ واشینگتۆن هەر هەبووە، ئێمە نوێنەرمان لەوێ بووە، سەردانی ئەوێمان کردوە، کونسوولەکانیان هاتوون سەردانی ئەم قەڵایەیان کردوە، ئێمەش سەردانی کونسوولەکانیانمان کردوە و لە زۆر شوێن و بەبۆنەی جۆراوجۆرەوە یەکترمان بینیوە. ئەوانیش ئەو عیلاقاتانەیان بە نیسبەتی ئێمە ڕەد نەکردووەتەوە هەتا ئەو جێگەی لە ئاستی حیزبێکدا دەگونجێ؛ هەر وەکوو باسم کرد تەنیا وڵاتێک بوو کە مووشەکبارانی قەڵای دێموکراتی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا مەحکووم کرد. هەر چەند مانگ پێش لە ئێستا بۆخۆم لە لایەن ڕێبەریی حیزبەوە لە ئامریکا بووم و ئامریکاییەکانمان بینی و لەگەڵیشیان دانیشتین و باسی ئێران و وتووێژ و سیاسەتەکانی ئەوان بەرامبەر بە ئێرانیش کراوە. جا ئێمە وەک حیزبی دێموکرات سیاسەتێکی وا ناگرینە بەر کە دژایەتی لەگەڵ زلهێزێکی وەک ئامریکا و کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی بکەین. ئێمە لە هەموو شوێنێکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتوومانە، کورد فاکتۆرێکی بەهێزی ئاشتی و هێمنایەتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستە؛ پشتیوانیی لێ بکەن. جا هەر بە پێڕەوی لەم فاکتۆرە کورد لە ئێرانیش هەر وایە. ئێمە لە ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش باسێکمان هەیە کە لەمەو بەدوا چۆن دیپلۆماسیی کوردی ئێران ڕێک بخەین، بۆ ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، ئێمە بە چەند حیزبی لێکبڵاو چاو لێ نەکەن. یەکێک لە هۆیەکانی مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئەوەیە کە ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتوو و تۆکمە و بە بەرنامەی نییە. من زۆر جار گوتوومە ئۆپۆزیسیۆن بوون، هونەر نییە ئەوە هەموو کەس دەتوانێ بیکا، بەڵام هونەری ئۆپۆزیسیۆن ئەوەیە ببێ بە جێگرەوە. بۆیە کوردیش لەم بوارەدا پێویستە خۆی ڕێک بخا و، ئێمە لە پێشدا وەک کورد و دوایەش وەک ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی، پێویستە هاودەنگییەکمان هەبێ؛ پەیامێکمان پێ بێ بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کە لە ئەگەری نەمانی کۆماری ئیسلامیدا ئەوە ئێمە هەین.

***