پوختەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

پوختەی ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندی بۆ کۆنگرەی 17ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

 (ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن کاک مستەفا مەولوودی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پێشکێش کرا)

هاوڕێیانی خۆشەویست!

بەشدارانی بەڕێزی حەڤدەهەمین کۆنگرەی حیزبەکەمان!

لە لایەن کومیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانەوە پڕبە دڵ بەخێرهاتنتان دەکەم بۆ کۆنگرەی (١٧)ی حیزبە تێکۆشەرەکەمان و، بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێ دەكه‌م. هیوادارم بە هاوکاری و یارمەتیی ئێوەی بەڕێز و بە توانا فیکرییەکانی هەموو لایەکمان، کۆنگرەیەکی پڕدەسکەوت و سەرکەوتوومان هەبێ، کۆنگرەیەک کە وێڕای هەڵسەنگاندنی سیاسەت و تێکۆشانی حیزب لە ماوەی نێوان کۆنگرەی ١٦ و ١٧، بتوانێ بەرچاوڕوونی و ڕێنوێنی بداتە ڕێبەرایەتیی داهاتووی حیزبەکەمان و هەموو ڕێڕەوانی ڕێگەی دێموکرات.

هەموومان دەزانین کە بەستنی کۆنگرە لە ژیانی سیاسی و ڕێکخراوەیی هەر حیزبێکی سیاسیدا گرینگە و، کۆنگرە گرینگترین ئۆرگانی حیزبە و بە هەنگاوێکی تەشکیلاتیی چارەنووسساز دادەنرێ. دیارە هەلومەرجێکیش کە کۆنگرەی حیزبێكی تێدا دەبەسترێ، دەتوانێ کاریگەریی لە سەر بایەخ و هەستیاریی ئەو ڕێکخراوە سیاسییە هەبێ. بە داخەوە سروشتی مەسەلەی کورد و چارەنووسی نەتەوەکەمان تا ئێستاش بە شێوەیەک بووە کە خەباتکارانی ئەو گەلە لە هەموو بەشەکان، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زۆربەی کات بەرنامەی سیاسی و حیزبیی خۆیان لە هەلومەرجی هەستیار و نائاساییدا داڕشتوه‌ و جێبەجێ كردوه‌. دیارە ئەوە ئەگەر بۆ هه‌موو کۆنگرەکانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانیش دروست نەبێ، بۆ کۆنگرەی حەڤدەهەمی حیزبەکەمان واقعییەتێکی حاشاهەڵنەگرە؛ لەبەر ئەوەی:

 یەکەم، هەر وەک لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب بۆ کۆنگرەی ١٦دا ئیشارەی پێ کرابوو، سەرەڕای خەبات و فیداکاریی بێدرێغ و بەردەوامی تێکۆشەرانی گەلی کورد بۆ دابینکردنی مافە ڕەواکانی ئەو گەلە، ئەو فاکتەر و ئاستەنگانە کە بوونەتە کۆسپی سەر ڕێگای چارەسەر، یان  لانیکەم بردنەپێشی مەسەلەی کورد لە ئێران بە ڕێگەی سیاسیدا، بەداخەوە ئاڵوگۆڕێکی ئەوتوێی  بەسەردا نەهاتوە، و سەرەڕای زۆر ئاڵوگۆڕی سیاسی کە لە دنیا و ناوچەی ئێمه‌دا و تەنانەت لەگەڵ پرسی کورد ڕوویان داوە، خەباتی کورد لە ئێران بۆ مافەکانی هەروا ڕێگەیەکی سەخت و دژوار دەپێوێ.

دووهەم، دۆخێکی تایبەت کە چەند دەیەیە بە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زاڵە و بۆتە هۆی به‌رته‌سكبوونه‌وه‌ی تێکۆشانی هێزە سیاسییەکانی و، مانەوەی ڕێبەرایەتییەکانیان لە دەرەوەی سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروا بەردەوامە و بەداخەوە بە هۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوە، کۆنگرەی ١٧ی حیزبەکەمان بەبێ بەشداریی نوێنەرانی تەشکیلاتی نێوخۆی وڵات دەگیرێ. حاشا لەو ڕاستییەش ناکرێ کە درێژەکێشانی ئەو دۆخە نەخوازراوە، بە شێوەیەکی گشتی شوێنەواری نێگەتیڤی لەسەر ڕێژەی بەشداریی چالاکانەی خەڵک لە ژیانی ڕێكخراوه‌ییدا داناوە.  سێیەم، یەکێک لە باسەکانی پلینۆمی نۆهەمی کومیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوی كۆنگره‌ی ١٦ی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، باس لە بەستنی کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزب و هەڵبژاردنی کومیتەی ئامادەکردنی کۆنگرە بوو کە لە ڕۆژی ١٧ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا (بەرامبەر بە ٨ی سێپتامبری ٢٠١٨ی زایینی) کاتژمێر ١٠:٤٥ی پێشنیوەڕۆ، کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کەوتە بەر هێرشی مووشەکیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و بەداخەوە ١٤ کەس لە کادر و پێشمەرگەکانی حیزب شەهید بوون کە ٦  کەسیان ئەندامی ڕێبەریی حیزبەکەمان بوون. هەروەها لەو مووشەکبارانەدا پتر لە ٤٠ کەسیش لە ئەندامانی ڕێبەری، کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی حیزب و بنەماڵەکان بریندار بوون. به‌هۆی ئه‌و ڕووداوە تاڵ و خوێناوییەوە، پێشنیار دەکەین کە کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبەکەمان بە «کۆنگرەی شەهیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای دێموکرات» ناودێر بکرێ. هیوادارین ئەم ناوە زیاتر هانمان بدا تا بە هێز و وزەیەکی زیاترەوە درێژەدەری ڕێگای خەباتی شەهیدانی ١٧ی خەرمانان و هەموو شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزب و گەلەکەمان بین و بە ئاوڕدانەوەیەک لە مێژووی خوێناوی و پڕ لە کارەسات و قوربانیدانی حیزبەکەمان و سەرباری هەموو کەند و کۆسپەکان، شانازی بکەین کە ئەمڕۆ ئێمە میراتگر و هەڵگری پەیامی شەهیدان و جێگای هیوای ئۆگرانی بزووتنەوەی مافخوازانەی خەڵکی کوردستان و ڕێبواری ڕێبازی حیزبی دێموکراتی کوردستانین. ئه‌وه‌ کە ناوی پیرۆزی شەهیدان لە سەر ئەم کۆنگرەیەیە، دەبێ زیاتر هانمان بدا بۆ ئەوەی بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو فاکتەرانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێ کراوە، ئازایانە و بە ڕۆحێکی شۆڕشگێڕانەوە کار و چالاکییەکانی خۆمان و چۆنیەتیی خەباتەکەمان هەڵسەنگێنین و بە لێکدانەوەی ورد و بەرپرسیارەتییەوە خۆمان لە جاران زیاتر ئەرکدار بکەین. هیوادارم بە ئاڵوگۆڕی بیروڕا و پێشنیار و دۆزینه‌وه‌ی ڕێکاری گونجاو و دروست، کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو و پڕ دەسکەوتمان هەبێ، تا لە ژێر ڕۆشنایی بڕیاره‌كانی کۆنگرەدا خۆمان بۆ قۆستنەوە و کەڵکوەرگرتن لە دەرفەتەکان باشتر ئامادە بکەین. خۆ ئامادەکردنێک کە بتوانێ کاریگەریی بەرچاوی لەسەر خەباتی فرەڕەهەندی حیزب و گەلەکەمان هەبێ و بتوانین کەرەسەی پێویست و ڕێکخراوی تۆکمەی بۆ ئامادە بکەین. ئەرکی ئەندامانی بەشداری کۆنگرەیە کە بە لێکدانەوەی سیاسی لە پێوەندی لەگەڵ هەلومەرجی ئێران، ناوچە و جیهاندا و به‌ پێشنیاری بەرنامە و پلان؛  گوڕوتینێکی زیاتر بدەینە ڕەوتی تێکۆشانی حیزب و جووڵانەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە داهاتوودا. هەر لەو کاتەدا بە لێکدانەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە تێ بکۆشین حیزبەکەمان بە جۆرێک تەیار و ئامادە بکەین کە وەڵامدەری پێویستییەکانی خەبات و ئەرک و بەرپرسیارەتییەکان بۆ ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێ و بە هەڵسەنگاندن و تاوتوێکردنی هەمەلایەنەی ڕووداو و فاکتەرەکان بتوانین ڕاپۆرتەکە دەوڵەمەندتر و حیزبەکەمان بەهێزتر بکەین. پلان و بەرنامەکانمان بۆ ماوەی نێوان دوو کۆنگرەیە و پێویستە ئەرکە گرینگەکان بۆ کورتماوە و درێژماوە دیاری بکەین، سەرنج بدەینە خاڵە بەهێز و لاوازەکانمان بۆ ئەوەی لە بەرنامەڕێژیی کار و تێکۆشانی داهاتووماندا و، لە بازنەی بەربڵاوتری خەباتی فرەڕەهەنددا، خەباتی حیزب و جووڵانەوەکەمان ببەینە پێشێ.

نێونەتەوەیی

له‌ ده‌سپێکی سه‌ده‌ی 21 و هه‌ره‌سهێنانی یه‌کیه‌تیی سۆڤیه‌ت و ته‌واو بوونی جه‌مسه‌ربه‌ندیی خۆرهه‌ڵات و خۆرئاودا به ‌ڕواڵه‌ت وا چاوه‌ڕوان ده‌کرا ململانێی بلووکی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا تا ڕاده‌یه‌ک له‌ کزی بدا و ڕکه‌به‌ریی ئابووری جێگای بگرێته‌وه‌، به‌جۆرێک دنیایه‌کی دیکه‌ وێنا ده‌کرا. به‌ڵام ئێستا پاش نیزیک به‌ 20 ساڵ له‌ سه‌ده‌ی 21 ده‌بینین جه‌مسه‌ربه‌ندییه‌کان به‌ شێوه‌ی دیکه‌ و به‌ڵام به‌ هه‌مان نه‌فس و تێڕوانینی ڕابردوو شکڵیان گرتۆته‌وه‌ و شه‌ڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان، ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی به‌ره‌وڕووی زۆر ئاسۆ و سێناریۆی ناڕوون کردۆته‌وه‌.

له‌ هه‌لومه‌رجی زاڵ به‌سه‌ر نه‌زمی نوێی جیهانیدا ڕێژیمی ئێران تا ئێره‌ زۆرترین سوودی لێ وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام وا شیمانه‌ ده‌کرێ ده‌ستێوه‌ردانی حکوومه‌تی ئێران له‌ کاروباری وڵاتان، فشاری سیاسی و ئابووریی ده‌ره‌وه و ناوەوە‌ له‌سه‌ر ڕێژیمی ئێران، له‌ درێژخایه‌ندا کاریگه‌ریی نه‌گەتیڤی بۆ ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران و خەڵکی ئەم وڵاتە بەدواوە ‌‌بێ.

ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست

ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست‌ گرینگیی تایبه‌ت به‌ خۆی هه‌یه‌، وه‌ک گرێدانی سێ قاڕه‌ی ئاسیا و ئورووپا و ئه‌فریقا، ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ سامانی سروشتی زۆر و زه‌وه‌ند، شوێنی سه‌رهه‌ڵدانی سێ ئایینی یه‌هوودی و مه‌سیحی و ئیسلام که‌ مێژوویه‌کی دوور و درێژ و خوێناوییان له‌گه‌ڵ یه‌کتر هه‌یه‌. مه‌زهه‌بی شیعه‌ به‌ ڕێبه‌ریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆته‌ مه‌رجه‌عی زۆربه‌ی شیعه‌ مه‌زهه‌به‌کان، ئه‌وه‌ش وای کردووه‌ کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست ده‌ستی کراوه‌تریش بێ بۆ ده‌ستێوه‌ردان له‌ کاروباری نێوخۆیی وڵاتان له‌ ناوچه‌که‌دا. هه‌روه‌ها له‌به‌ر ئه‌وه‌ش له‌ نه‌خشه‌ی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک ئیراده‌ی گه‌لان خوێندنه‌وه‌ی بۆ نه‌کراوه‌، به ‌زۆری به‌رژه‌وه‌ندیی ئابووری و سیاسیی وڵاتی زلهێزی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیی له‌به‌ر چاوه‌. ئه‌و ناوچه‌یه‌ ئێستاش چه‌قی ئاڵۆزی و کێبه‌رکێیه‌کانه‌؛ بەڵام بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لانی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست به‌ مافی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی بگه‌ن، پێویسته‌ مافی گه‌لان و پێکهاته‌کان به‌پێی ویستی خۆیان و به‌پێی مه‌نشووری ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان دابین بکرێ و کۆتایی به‌ ده‌ستێوه‌ردانی نابەرپرسانەی ده‌ره‌کی بهێندرێ.

شوێنه‌واری کشانه‌وه‌ی ئا‌مریکا له‌ به‌رجام

 به‌رجام ڕێککه‌وتنێک بوو له‌ پاش دوو ساڵ وتووێژی چڕوپڕ ئیمزا کرا، به‌ڵام سێ ساڵ دوای ڕێککه‌وتنی به‌رجام سه‌ره‌نجام ئا‌مریکا له‌ ڕێککه‌وتنی به‌رجام کشایه‌وه‌. کشانه‌وه‌ی ئا‌مریکا له‌ ڕێککه‌وتنی به‌رجام ده‌توانێ چ شوێنه‌وارێکی له‌سه‌ر حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی و خه‌ڵکی ئێران هه‌بێ؟ ئه‌وه‌ی ڕوونه‌ تا ئێستا کشانه‌وه‌ی ئه‌مریکا، کۆماری ئیسلامیی تووشی گه‌لێک کێشه‌ و قه‌یرانی قووڵی سیاسی و ئابووری کردووه‌، به‌ڵام سیاسه‌تی دژه‌ گه‌لی و جۆری مودیریه‌تی قه‌یرانه‌کان له‌ لایه‌ن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ دووکه‌ڵی ئه‌و گوشارانه‌ پتر بچێته‌‌ ‌چاوی خه‌ڵکی هه‌ژار و بێده‌ره‌تانی وڵات و ئاسه‌واری خراپ له‌سه‌ر ژیانی خه‌ڵک دابنێ.

هه‌روه‌ها وا پێشبینی ده‌کرێ ڕێژیمی ئێران به‌هۆی گوشاری سیاسیی ده‌ره‌کی، قه‌یرانی ئابووری و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان له‌ نێوخۆ له‌ به‌رده‌م گۆڕانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تیدا بێ‌، دوو هۆکاری ده‌ره‌کی و نێوخۆیی که‌ پێیوه‌ندییان به‌ لایه‌نی ئابوورییه‌وه‌ هه‌یه‌، واتا گوشار و گه‌مارۆ ئابوورییه‌کانی ئا‌مریکا وه‌ک گوشاری ده‌ره‌کی و داڕمانی ئابووریی وڵات وه‌ک هۆکاری نێوخۆیی ده‌توانێ ڕێژیم تووشی قه‌یرانی جیدی بکه‌ن، به‌ڵام هەر وەک بە وردی لە ڕاپۆرتدا ئاماژەی پێکراوە، ئه‌مانه‌ بەبێ هێندێک هۆکاری نێوخۆیی نابنه‌ هۆی ئاڵوگۆڕی بنه‌ڕه‌تی له‌ ئێراندا، دیاره‌ باسی کۆمه‌ڵه‌ فاکتۆرێکیش کراوە که‌ به‌ده‌ست حکوومه‌تی ئێرانەوە هه‌یه‌ که‌ ده‌توانێ تا ئێستاش خه‌ڵکی پێ کۆنتڕۆڵ بکا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای هه‌موو فاکتۆرێکی نێوخۆیی و ده‌ره‌کی؛ ته‌جروبه‌ نیشانی داوه‌ که‌ حکوومه‌تی ئێران له‌ موقابیل فشاری ده‌ره‌کیدا لەپێناو پاراستنی ڕێژیمەکەیاندا مل‌بدا به‌ خواستی وڵاتانی زلهێز.

ڕه‌وشی ئابووریی وڵات (ئێران)

به‌ پشتبه‌ستن به‌ ناوه‌ندی ئاماری ئێران، به‌پێی ئاماری ڕه‌سمی و نیوه‌ڕسمی له‌ زۆربه‌ی بواره‌کانی ئابووریدا، وڵات تووشی قه‌یرانی جۆربه‌جۆری جیدی بۆته‌وه‌، خه‌ڵکی وڵات به‌ ده‌ست هه‌ژاری، بێکاری له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر، ئاوسان، دابه‌زینی بایه‌خی دراوی نیشتمانی، له‌ که‌میدانی توانای کڕینی خه‌ڵك و قه‌یران له‌ نیزامی بانکی و سندووقی خانه‌نشینان و بواره‌کانی دیکه‌ ده‌ناڵێنن و تووشی نه‌هامه‌تی گه‌وره‌ بوونه‌ته‌وه‌‌. وا لێک دراوه‌ته‌وه‌ حکوومه‌ت بە ئاسانی توانای چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی ئابووری و دابینکردنی پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانیانی نییه‌. پرسی نه‌ته‌وه‌کان و مافه‌کانیان له‌ نیزامی کۆماری ئیسلامیدا، که‌ ئێران وڵاتێکی فره‌نه‌ته‌وه‌یه‌ و زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کان مافی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییان بەئاشکرا پێشێل ده‌کرێ، حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامی به‌ شێوه‌یه‌کی سیستماتیک ئه‌و مافانه‌ پێشێل ده‌کا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرینگە و لە ڕاپۆرتدا به‌رز نرخێندراوه‌، نه‌ته‌وه‌ غه‌یره‌ فار‌سه‌کان به‌ تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌ی کورد به‌رده‌وام له‌ خه‌بات و تێکۆشان دان؛ بۆ دابینکردنی مافی نه‌ته‌وایه‌تی و سیاسی که‌ ئه‌وه‌ لە ئێستادا بۆ ڕێژیمی ئێران…

درێژە بۆ لاپەرەی ٧

گه‌وره‌ترین چالشه‌.

لە ڕاپۆرتی کۆمیتەی ناوەندیدا و له‌ درێژه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌کاندا باسی بێ‌مافیی شارۆمه‌ندان ده‌کرێ،‌ که‌ خه‌ڵكی ئێران به‌گشتی له‌ژێر سایه‌ی حکوومه‌تی کۆماری ئیسلامیدا له‌ مافی ئازادی و دێموکراسی و هەروەها مافە کۆمه‌ڵایه‌تییەکانیان بێبه‌ش کراون. شه‌قامی ئه‌مڕۆی ئێران ته‌ژییه‌ له‌ تێکۆشان و مافی ویستی پێکهاته‌ و شارۆمه‌ندانی ئه‌و وڵاته‌. هه‌ر له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگە و خه‌ساره‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان که‌ ئێستا به‌رۆکی کۆمه‌ڵگه‌ی ئێرانی گرتۆته‌وه‌، وه‌ک بێکاری، هه‌ژاری، ته‌ڵاق، ئیعتیاد به‌ ماده‌ هۆشبه‌ره‌کان، قه‌تڵ و توندوتیژی، تاوانکاری و له‌شفرۆشی و لادانه‌ جنسییه‌کان و خۆکوژی و په‌راوێزنیشینی و وێرانییه‌کانی ژینگه‌ که‌ به‌ ئامار نموونه‌ی کاره‌ساتبارمان نیشان ده‌ده‌ن. به‌تایبه‌ت له‌و بوارانه‌دا ژنان، لاوان و خوێندکاران زۆرترین خه‌سارییان پێ گه‌یشتووه‌، فشاریان خراوه‌ته‌ سه‌ر، به‌ڵام هیچ کام له‌ توێژەکان، بەتایبەت ژنان و لاوان و خوێندکاران له‌ تێکۆشان و هه‌وڵ بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانیان سڵیان نه‌کردۆته‌وه‌.

ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی

یه‌کێک له‌ هۆیه‌کانی مانه‌وه‌ی ڕێژیم نه‌بوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدی و یه‌کگرتوویه‌. به‌ڵام لە ئێستادا به‌پێی هه‌لومه‌رج جموجۆڵیک له‌ نێو ئۆپۆزیسیۆندا په‌یدا بووه‌، حیزب له‌و پێوه‌ندییه‌دا له‌ نێوخۆی وڵات و ده‌ره‌وه‌ له‌سه‌ر خه‌ته‌ بۆ کارکردن له‌گه‌ڵ ئۆپۆزیسیۆن. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش تواندراوه‌ له‌ دوو هاوپه‌یمانی به‌ ناوه‌کانی «شۆڕای دێموکراسیخوازان» و «هاوپێوه‌ندی بۆ ئازادی و به‌رابه‌ری له‌ ئێران» کە له‌ چه‌ند حیزب و لایه‌نێک پێک هاتوون بەشدار بێ، که‌ ده‌توانێ ئادره‌س بێ بۆ لێکتێگه‌یشتنی زۆرتری ئۆپۆزیسۆن. به‌ له‌به‌رچاو گرتنی هه‌لومه‌رجی ئێستا حیزبی ئێمه‌ دیالۆگ و دانیشتن له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان به‌ دروست ده‌زانێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هێز و‌ لایه‌نانه‌ ده‌چینه‌ نێو هاوپەیمانیی هاوبه‌شه‌وه‌ که‌ باوه‌ڕیان به‌ گۆڕانی ڕێژیم و دابینکردنی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و دامه‌زراندنی حکوومه‌تێکی دێموکراتیک و فیدڕالییه‌. هه‌روه‌ها ‌ دیالۆگ و دانو‌ستان بۆ چاره‌سه‌ریی پرسی کورد ڕه‌د ناکه‌ینه‌وه و‌، ئه‌وه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ر هاوپه‌یمانییەکدا وه‌ک تایبه‌تمه‌ندیی کوردستان پێویسته‌ له‌به‌رچاو بگیردرێ.

پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان

وەک لە ڕاپۆرتدا هاتوە، هه‌ر چه‌نده‌ شۆڤینیزمی ئێرانی و تورک و عه‌ره‌ب، هه‌موو هه‌وڵێکیان خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ داماڵینی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی له‌ کورد له‌ هه‌ر کام له‌ به‌شه‌کان، به‌ڵام نه‌ک هه‌ر پلانه‌که‌یان سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه‌، به‌ڵکوو ئه‌وه‌ کورد بووه‌ به‌ خه‌بات و تێکۆشان توانیویە‌تی وه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌کی شوناسخواز؛ بوون و مانه‌وه‌ی خۆی بسه‌لمێنێ. دوای باسکردن لە پرسی کورد له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕوانگه‌ و هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان بەڕوونی لەسەر هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان باس کراوه و‌، خوێندنەوە و ڕاسپاردەکانی حیزب ئه‌وه‌نده‌ی پێوه‌ندی به‌ سیاسه‌تی حیزب هه‌یه‌ خستراوەتە ڕوو؛ بەبێ ئه‌وه‌ی ده‌ستوه‌ردانی له‌ کاروباری پارچه‌کانی دیکه بە ڕەوا بزانێ.

لێرەدا جێگای خۆیەتی هەڵوێستەیەک لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان بکەین.

بە لەبەرچاو گرتنی هەلومەرجی ناوچەکە، لەم قۆناغەدا خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژاوای کوردستان ئەزموونێکی باشی سیاسی و کۆمەڵایەتیی لە ئیدارەکردنی وڵاتدا لە خۆی نیشان دا. لەو دۆخەدا کورد بووەتە فاکتەرێکی دیار و بەرچاو  لە شەڕی دژی داعش و ئەگەر نەبێتە قوربانیی پیلانگێڕیی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، ئەوە دەتوانێ ببێتە لایەنێکی دیار لە داڕشتنەوەی یاسای بنەڕەتیی وڵاتی سووریە و بەشێک لە مافەکانی خەڵکی ڕۆژاوای کوردستان دەستەبەر بکا.

ئەوەی جێی باس و سەرنجە ئەمەیە کە وێڕای دەسکەوتی چەند ساڵەی کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، بەڵام لەوێش هێزە سیاسییەکانی کورد پێویستیان بە بەخۆداچوونەوە و ڕێکخستنەوەی نێوماڵی کورد هەیە. پێویستە بەستێنێکی سیاسیی گونجاو بۆ کار و چالاکیی هەموو هێزە کوردییەکان لە ڕۆژاوا بڕەخسێندرێ و هەموو لایەک بە هەستکردن بە بەرپرسایەتی لە ئاست ڕووداو و مەسەلە چارەنووسسازەکاندا کۆدەنگ و یەک هەڵوێست بن.

لە ئێستاشدا کە قۆناغێکی تازە دەستی پێکردوە و شیمانە دەکرێ هێزەکانی ئەمریکا لە ڕۆژاوای کوردستان بکشێنەوە، لە ئەگەرێکی وادا نەخش و ڕۆڵی ڕووسیە، تورکیە، ئێران و سووریە لە ناوچەکەدا زیاتر دەبێ و ئەوانیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان بیر لە چارەسەری کێشەکانی سووریە دەکەنەوە، کە بێگومان باس لە ماف و ئازادییەکانی گەلی کورد وەکوو پێویست ناکرێ. لەو بارودۆخەدا پێویستە کورد وەک هێزێکی خاوەن ستراتێژی، یەکگرتووانە و بە وریایی بیر لە پاراستنی خاک و ماف و ئازادییەکانی بکاتەوە و نەهێڵێ ناکۆکییە نێوخۆییەکان ببنە هۆی لە دەستچوونی ئەو دەسکەوتانەی کە بە خوێنی هەزاران شەهید وەدەست هاتوون.

هاوڕێیان!

هەر وەک لە ڕاپۆرتدا پێشبینی کراوە زۆری پێ نەچوو و هاوکات کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، تورکیە هێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە بووە هۆی داگیرکردنی بەشێک لە خاکی ڕۆژاوا و کوشتار و وێڕانیی زۆر و ئاوارەبوونی خەڵكی ئەو دەڤەرەی لێ کەوتەوە

حیزبی ئێمە ئەو هێرشەی مەحکووم کرد و بڕیاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوە لە سووریەی بە هەڵنەسێنگدراو و زیانبار بۆ کوردەکان و بۆ ناوچەکەش لەقەڵەم دا. لەگەڵ نیگەرانیی زۆر لە چارەنووسی خەڵكی دەڤەرەکە، دیارە شەرڤانان بەرگرییەکی زۆر ئازایانەیان کرد و کۆڕوکۆمەڵی سیاسی و دەوڵەتی و تەنانەت نێودەوڵەتی هێنایە سەر خەت و؛ خەڵک بەتایبەتی خەڵكی کوردستان و بە تایبەتیتر خەڵكی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاتنە سەر شەقام و، وێڕای پشتیوانی لە خوشک و براکانیان لە ڕۆژاڤا هێرشی تورکیەیان مەحکووم کرد و هەموو ئەوانە؛ تا ڕادەیەک کارتێکەریی لەسەر سیاسەتی ئەمریکا و گۆڕانی دۆخەکە تا ڕادەیەکی هەستپێکراو داناوە.

لە ئێستاشدا هەرچەندە سێناریۆکان ناڕونن و پێشبینی بۆ داهاتووی ئەو هەرێمە زەحمەتە، بەڵام بە لەبەرچاو گرتنی ئیمکانات و هەلومەرجێک کە بەرێوەبەرایەتیی ڕۆژئاوایی کوردستان بە دەستیانەوەیە و تێیدان؛ دەزانین ڕێگا و مەجالی مانۆڕدانی زۆریان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام تا ئێرە باشیان کار کردوە و توانیویانە ئۆگرییەکی زۆری خەڵك و کۆڕوکۆمەڵی سیاسی و دەوڵەتان بۆ  لای خۆیان ڕابکێشن.

ئێمە هیوادارین بە فشاری کۆڕوکومەڵی نێودەوڵەتی و ئیقداماتی عەمەلی لە سەر چۆنیەتیی پاراستنی ناوچەی ئارام لەو سنوورە بەتایبەتی بە ‌هیزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی و بەرگریی کوردەکان و پشتگیریی دەوڵەتانی خاوەن بڕیار لە ناوچەدا، لە دەستووری داهاتووی سوورییەدا کە کار بۆ نووسینەوەی دەکرێ؛ مافی دێموکراتیک و سیاسیی هەموو پێکهاتەکان جێگیر بکرێ و کوردیش مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی دەستەبەر بکرێ.

ڕوانگه‌ و هه‌ڵوێستی حیزبی دێموکراتی کوردستان

 ئامانجی سیاسیی حیزبی دێموکرات به‌ڕوونی هاتووه‌ که‌ حیزبی دێموکرات بۆ وه‌دیهێنانی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خه‌ڵکی کوردستان تێده‌کۆشێ، به‌ڵام به‌هۆی تایبه‌تمه‌ندیی سیاسی و مێژوویی و جۆغرافیایی و هه‌لومه‌رجی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌یی له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا، پێداگری ده‌که‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر  گۆڕینی نیزامی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نیزامێکی دێموکراتیکی فیدراڵ و ((دامه‌زراندنی کۆماری کوردستان له‌ چوارچێوه‌ی ئێرانێکی دێموکراتیکی فیدراڵدا)).

حیزبی ئێمه‌ له‌ هه‌لومه‌رجی ئێستادا پێداگریی له‌سه‌ر هێندێک چه‌مک و ده‌سته‌واژه‌ی وه‌ک ڕۆژهه‌ڵات ته‌وه‌ری که‌ مه‌فهوومه‌که‌ی زۆر ڕوونه‌ ده‌کاته‌وه‌ و به‌ بایه‌خی تایبه‌تییه‌وه‌ له‌ چالاکیی پێشمه‌رگانه‌ و خه‌باتی چه‌کداری و نه‌خشی پێشمه‌رگه‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی سیاسیی کوردستان ده‌ڕوانێ، له‌سه‌ر بوون و به‌هێزکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ و پێناسی ئه‌رکی پێشمه‌رگه‌ له‌ ئێستا و داهاتوودا پێداگری ده‌کا، له‌گه‌ڵ تێکۆشانی پێشمه‌رگانه‌. حیزب گرینگیی زۆر تایبه‌ت به‌ کۆمه‌ڵه‌گه‌ی مه‌ده‌نی له‌و سه‌رده‌مه‌دا ده‌دا، به‌ به‌شێکی گرینگی خه‌باتی شوناسخوازی و نه‌ته‌وه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌زانێ، جارێکی دیکه‌ش پێداگری له‌سه‌ر پشتیوانی له‌ چالاکان و تێکۆشه‌رانی بواری جۆراوجۆری مه‌ده‌نی ده‌کاته‌وه‌. له‌سه‌ر تێرۆری ڕه‌شی سیاسی ـ مه‌زهه‌بیی ڕێژیمی ئێران، حیزبی دێموکرات که‌ یه‌کێک له‌ قوربانیانی تێرۆری ده‌ستی ڕه‌شی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانه‌. هه‌ر چه‌ند له‌ نێوان دوو کۆنگره‌دا به‌داخه‌وه‌ زیاتر له‌ 20 که‌سی لێ تێرۆر و شه‌هید کردووین، حیزبی دێموکرات تێرۆر بە‌هه‌ر شێوه‌ و ناوێکەوە ڕه‌د ده‌کاته‌وه‌ و؛ ئه‌و پڕەنسیپه‌ ده‌پارێزێ که‌ مافی خه‌ڵكی کوردستان ڕه‌وایه‌ و به‌ خه‌بات و تێکۆشانی ڕه‌وا جوانترین ڕوو و ڕوخساری به‌ خه‌باتی ڕه‌وای خه‌ڵكی کوردستان داوه‌ و، ئه‌و شێوازه‌ له‌ خه‌بات درێژه‌ ده‌دا.

حیزبی دێموکراتی کوردستان و حدکا، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ حدک و حدکا، حیزبی ئێمه‌ پێداگری ده‌کاته‌وه‌ له‌سه‌ر پرسی یه‌کڕیزی و یه‌کگرتنه‌وه‌ی دێموکراته‌کان. لە ڕاپۆرتدا به‌رچاوڕوونیی ئەوە دراوه‌ که‌ حیزبی ئێمه‌ بۆ ئه‌و پڕسه‌ گرینگه‌ تا ئێستا چ ئیقدامێکی کردوه و‌، بۆ داهاتوو چۆن ده‌ڕوانێته‌ ئه‌و پرسه‌ گرینگه‌، که‌ چاوه‌ڕوانیی زۆربه‌ی خه‌ڵكی کوردستانە.

ئیقدامی حیزبی دێموکرات بۆ تێکۆشان بۆ پێکهێنانی ناوه‌ندی هاوکاریی حیزبه‌کانی کوردستانی ئێران به‌ کارێکی دروست و جێگای په‌سه‌ند داندراوه‌ و هه‌وڵی حیزبی ئێمه‌ به‌هێزکردنی ئه‌و ناوه‌نده‌یه و ئەمە بە ئەرکێکی پێویست لەسەر شانی هەمووان دەزانێ‌.

پوختە و دەرەنجام:

لە ڕاپۆرتدا گۆشه‌یه‌ک له‌ کار و چالاکیی ئۆرگانه‌کانی حیزبمان خستە‌ ڕوو بۆ ئەوە وێڕای ڕێزگرتن له‌ ماندووبوونی هه‌موو هاورێیان، خاڵه‌ باش و لاوازه‌کانیش باس بکەین و مه‌جالێک بڕخسێنین بۆ ئه‌وه‌ی هاوڕێیان تێبینی و سەرنجی خۆیان له‌سه‌ر تێکۆشانی ئۆڕگانه‌کانی حیزب له‌ نێوان دوو کۆنگرەی حیزب بخه‌نه‌ ڕوو. له‌ به‌شی کۆتاییدا به‌ پێویست ده‌زانین ئاماژە‌ به‌وه‌ بکه‌ین که‌ له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا ته‌نانه‌ت پێش کۆنگره‌کانی ١٥ و ١٦ی حیزبیش له‌نێو ته‌شکیلاتی حیزبدا تێبینی له‌سه‌ر شێوه‌ی مودیریه‌تی حیزب هه‌بووه‌ و ته‌نانه‌ت باسی مودیرییه‌تی حیزب زۆر جار له‌ دەفتەری سیاسی و له‌ کۆبوونه‌وەکانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیشدا کراوه‌‌. هەروەها بۆ چاره‌سه‌ری گونجاو چه‌ند جارێک هه‌یئه‌ت پێک هاتوه و راپۆرتیش دراوه‌ته‌وه‌ به‌ ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی؛ به‌ڵام له‌ جێبه‌جێکردندا به‌و جۆره‌ نه‌بووه‌ که‌ وڵامدەری چاوه‌ڕوانیی ته‌شکیلات و کار و چالاکیی حیزب بێ.

له‌ ڕاستیدا چۆنیه‌تیی هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له‌ کۆنگره‌ی ١٦ی حیزب و دەست لەکارکێشانەوەی سکرتێری حیزب له‌ بەرپرسایەتی و بەجێگەیاندنی ئەرکەکانی له‌و ماوه‌یه‌دا، زۆرتر بوو به‌ باس و خواسی هاوڕێیان له‌ مودیرییه‌ت و چالاکیی حیزب. دیاره‌ ئه‌وه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک له‌ بایەخ و کاری حیزب و هاوڕێیانی حیزبی لەم ماوەیەدا که‌م ناکاته‌وه‌، به‌تایبه‌ت وه‌ک باوه‌ و ده‌ڵێن حیزب له‌ ته‌نگانه‌دا جوانه‌، هه‌م له‌کاتی کشانه‌وه‌ی سکرتێری حیزب و هەم به‌تایبه‌ت له‌ دوای مووشه‌کبارانی کۆبوونەوەی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیدا، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ٦ که‌س له‌ ئه‌ندامانی ڕێبه‌رایه‌تی و ٨ که‌س له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حیزب شه‌هید بوون و، کاره‌ساته‌که‌ قورس بوو، به‌ڵام شاندانه‌ به‌ر کار و خۆڕاگری و هه‌ماهه‌نگی، ئومێد و هیوای دروست کرد و له‌ ڕاستیدا به‌تاڵاییه‌ک له‌ کاره‌کاندا به‌دی ناکرێ. به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ له‌ ته‌واویه‌تی خۆیدا که‌ ڕووداوێک دێتە پێشێ‌ و هه‌ره‌وه‌ز و هیممه‌تی جه‌معی دروست ده‌بێ، هه‌موو کێشه‌کان چاره‌سه‌ر کراون. بۆیه‌ دەبێ وه‌ڵامێکی گونجاو بۆ پرسیاره‌کان و ڕێگاچاره‌یه‌ک بۆ ئەم پرسە بدۆزینه‌وه‌ تا شێوه‌ی مودیریه‌تی حیزبی پێ باشتر بکه‌ین. ‌

لە کۆتاییدا و بە پێداگری لەسەر ئەوەی «یەکڕیزی و تێکۆشان و هیوا بە دواڕۆژ زامنی سەرکەوتنمانن»؛ دەڵێین:

سڵاو لە حیزبی دێموکراتی کوردستان، دامەزرێنەری یەکەم کۆماری کوردستان!

سڵاو له گیانی پاکی شه‌هیدانی رێگای ڕزگاریی کوردستان به‌تایبه‌تی ڕێبه‌رانی شه‌هیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان، قازی و قاسملوو و شه‌ڕه‌فکه‌ندی!

سڵاو له خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان، سه‌رچاوه‌ی هێز و بەردەوامیی حیزبی دێموکرات!

سڵاو له زیندانیانی سیاسیی کورد که سه‌مبولی خۆڕاگریی گه‌له‌که‌مانن!

سڵاو لە بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی!

سڵاو له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێموکڕات که به فیداکاری و له‌خۆبوردوویی خۆیان ئاڵای حیزبی دێموکراتیان هه‌روا شه‌کاوه ڕاگرتوه!

سڵاو له پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دێموکراتی کوردستان که ئامادەن بۆ هەر چەشنە گیانبازییەک لەپێناو سەرخستنی بزووتنەوەی کورد و ڕزگاریی نیشتمانەکەمان!

بەرز و شکۆدار بێ ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان!

سەرکەوتوو بێ کۆنگرەی حەڤدەیەمی حیزبەکەمان!

***