پۆلیسی سوید دادەورێکی پێشووی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی شاری ستۆکهۆڵم، بە تاوانی کۆمەڵکوژی بەندکراوانی سیاسی دەستگیر کرد

بە گوێرەی هەواڵێک کە لە مێدیاکانی وڵاتی سوید دا بڵاو کراوەتەوە, پۆلیسی وڵاتی سوید کەسێکی ئێرانیی بە ناوی حەمید نووری، بە تاوانی کۆمەڵکوژی بەندکراوانی سیاسی دژبەری ڕژیمی ئیسلامی, لە بەندیخانەکانی ئێران و لە هاوینی ١٣٦٧ی هەتاوی دا دەستگیر کردووە. حەمید نووری تەمەنی 58 ساڵە و لە دوای ئاگربەستی نێوان ئێران و عێراق, بەرپرسی ئێعدام و کوشتنی سەدان بەندکراوی سیاسی بووە و کۆمەڵێکی زۆر لە نەیارانی سیاسی ڕژیمی ئیسلامی لە شاری کەرەج کوشتووە.

بە وتەی دوو شایەتحاڵی ڕووداوەکانی ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی، حەمید نوری لە سەروبەندی ئێعدامی بە کۆمەڵی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا، جێگری دادوەری ئینقلاب محەممەدی مقیسه‌ای بووە و فەرمانی ئێعدامی دەیان هەزار کەس لە ئەندامانی ڕێکخراوی موجاهدینی خەڵک و ڕێکخراوە چەپەکانی ئێرانی داوە.

جێگەی ئاماژەیە کە حەمید نووری بە فەرمانی دادوەری دادگای سوید تا ٤ حەفتەی دیکە لە بەندیخانە دا دەمێنێتەوە و دادوەر داوای لە سکاڵاکاران کردووە کە لە ماوەی ئەو ٤ حەفتەیە دا بەڵگەنامەی پێویست سەبارەت بە دەست تێدا بوونی حەمید نووری لە کۆمەڵکوژی بەندکراوای سیاسی دا ڕادەستی دادگا بکەن.
ئەو کەسە پێشتر و بە غیابی حوکمی گرتنی لە لایەن دادگای سویدەوە بۆ دەرچوبوو, پاش دابەزینی لە فڕۆکەخانەی ستۆکهۆڵم لە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو دا, لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر کراو و ئەمڕۆ چوارشەممە بە بڕیاری دادوەر و بە پێی بەڵگەی پێویست حوکمی هێشتنەوەی لە بەندیخانە دا دراوە.
لە دوای هاتنە سەرکاری ڕژیمی ئیسلامی,یەوە, ئەوە جاری یەکەمە کە کەسێکی گرێدرای ڕژیمی تاران, بە تاوانی کوشتن و ئێعدامی نەیارانی سیاسی, لە لایەن وڵاتی سویدەوە دەستبەسەر و ڕووبەڕوو دادگا بکرێتەوە.

هەر لەو پەیوەندییە دا ئاگینس کالامارد، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ڕووداوەکانی ئێعدام و کۆمەڵکوژی، خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەو هەنگاوەی حکومەت و دادگای سوید دەربڕی و گرتنی حەمید نووری، بە هەنگاوێکی گرینگ و کاریگەر لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵکوژیی بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دا ناوبرد.