مێتۆدەکانی شەڕی نەرمی ڕێژیم لە فەزای مەجازیدا

ئەیوب شەهابی‌ڕاد

بۆ ڕێژیمە دیکتاتۆرەکان زۆر ئاسانتر دەبوو ئەگەر هەموو جینایەت و سەرکوتکارییەکانیان لە کەشێکی بێدەنگ و دوورلە دەنگ و هاواری میدیاییدا دابا. پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندییەکانی تاقمی دەسەڵاتدار، هەمووکات بەشێکی دانەبڕاو بوە لە سروشتی ڕێژیمە ستەمکارەکان. پێشتر بەهۆی نەبوونی میدیا و وشیاریی پێویستی کۆمەڵگەکان، خۆیان بەردەوام دەکردەوە و ئێستاش هەوڵ دەدەن خۆیان لەگەڵ هەلومەرج و ئیمکاناتی نوێ بگونجێنن. بەڵام ئەم خۆ گونجاندنەی ئێستایان کە بە سەردەمی شۆڕشی تێکنۆلۆژیی زانیاری و پێوەندییەکان ناوی دەرکردوە، دوو دیوی هەیە. دیوێکی تاریک و لە هەمان کاتدا ئاشکرا کە ڕۆژانە وێنا دزێوەکانی دەبینرێ و دیوەکەی تری کە شاراوەیە و پێی دەڵین شەڕی نەرم و بەشێکی زۆری هێز و وزەی ئەمجۆرە شەڕە لەنێو فەزای مەجازیدایە.

کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ئەوەی کە وزە و ئیمکاناتێکی زۆر بۆ چالاکیی جۆراوجۆری خۆی لەنێو دنیای مەجازیدا بەکار دێنێ، بەڵام هیچکات نەیشاردۆتەوە کە ترسێکی گەورەی لەم بوارە لە خەباتی مافخوازانەی نەتەوەکانی ئێران هەیە.

بۆ سەلماندنی ترسی ڕێژیم لە فەزای مەجازی و لە هەمان کاتدا گرینگیی ئەم فەزایە، ئاماژە بە چەند لێدوان و پلانی خامنەیی لەم پێوەندییەدا دەکەین. ناوبراو بە ئاشکرا گوتوویەتی کە: «فەزای مەجازی بە ئەندازەی شۆڕشی ئیسلامی گرینگە». یان بڕیاردانی ڕاستەوخۆی ناوبراو بۆ پێکهێنانی «شۆڕای عالیی فەزای مەجازی» و پاشان دیاریکردنی ئەرکی ئەم شۆڕایە بۆ دروستکردنی «ناوەندی میللیی فەزای مەجازیی وڵات».

پێویستە بڵێین کە ئەم لێدوان و بڕیارانەی خامنەیی، دەسپێکی هەموو پلان و بەرنامەکانی دواتری ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیم لە فەزای مەجازیدا بوون.

شەڕی نەرم و جۆرەکانی ئەم شەڕە، تەنیا تایبەت بە کۆماری ئیسلامی نییە و لانیکەم لە بواری ڕاگەیان و پرۆپاگانداوە، هەر خاوەندارێکی ئەم بوارە، بەشێوەیەکی هێزەکی لە جۆرێک شەڕی نەرمدایە. بەڵام بۆ ئەوەی باشتر و ڕوونتر مێتۆد و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی نەرم لە فەزای مەجازی‌دا بناسین، ئەم پرسە لە دوو ڕەهەندەوە شی دەکەینەوە.

یەکەم، ڕەهەندی سەخت‌ئامێری، واتە هەموو ئەو ئامێر و توانا تێکنۆلۆژیکانەی لەم بوارەدا بەکار دێن.

لێرە ئاماژە بە چەند نموونە لە چالاکییەکانی ڕێژیم لەم بوارەدا دەکەین:

دروست کردنی دەیان ناوەندی فەرمی و نافەرمیی پێوەندیدار بە فەزای مەجازی و ئەرتەشی سایبێری بە مەبەستی پێکهێنانی تۆڕێکی بەرینی سیخوڕی و درزکردنە نێو هەژماری هاووڵاتییان و بەتایبەت چالاکانی مەدەنی و شۆڕشگێڕان. دەرکردنی یاسای تایبەت بە فەزای مەجازی بە مەبەستی بە یاسایی کردنی گرتن و سەرکوتی چالاکانی ئەم بوارە. کۆنتڕۆڵی هەموو (ئای ئێس پییەکانی) خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە ئێراندا بە مەبەستی چاودێری و فیلتێرینگی سیستماتیک. دروستکردنی هەزاران ماڵپەر، هەژمار، کاناڵ و پێگەی زانیاریی ساختە بە مەبەستی لە داو خستنی خوێنەرانیان. کڕینی ئامێر، پرۆگرام و سیستەم گەلێکی پێشکەوتوو لە وڵاتانی دەرەوە بەتایبەت چین و ڕووسیە. دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر کەسی پسپۆر. کۆنترۆڵ و چاودێری کردنی هاوردەکردنی ئامێرە زیرەکان، بەتایبەت گووشییەکانی مۆبایل. دروستکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە پرۆگرامەکانی تایبەت بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە نێو خۆی وڵات.

ڕەهەندی دووهەمی شەڕی نەرمی ڕێژیم کە لایەنی نەرم ئامێرییە بە قۆرغکردنی هەموو راگەیەندنەکانی وەک رۆژنامە، رادیۆ و تەلەڤزیۆن دەستی پێکردوە. واتە پاشخانی شەڕی نەرمی ڕێژیم بۆ سەرەتاکانی داگیرکارییەکانیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا دەگەڕێتەوە.

بۆ تێگەیشتنی وردتر لە ئامانجەکان و مێتۆدی کارکردی ڕێژیم لە شەڕی نەرمدا، پێویستە ئاماژە بە دوو خاڵی سەرەکی بکەین:

یەکەم، تەواوی ئەم دامودەزگا بەرفراوانە ئەمنییەتییەی ڕێژیم بۆ شەڕی نەرم بەکاریان دێنێ، بەهۆی نەبوونی ئامار، ناتوانین تێچووەکەی بە وردی بخەمڵێنین، بەڵام بێگومان بارگرانییەکی زۆری خستۆتە سەر بوودجەی گشتیی وڵات. ئەم ئیمکاناتە زۆرە مادی و مرۆییەی کە ڕێژیم لەم پێناوەدا بەکاریان دێنێ، تەنیا لە خزمەت پاراستنی دەسەڵاتی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆیدایە.

دووهەم، 40 ساڵە بە  قۆرغ کردنی تەواوی دامودەزگا ڕاگەیەندنە کلاسیکەکانی وەک ڕادیۆ، تەلەڤزیۆن و ڕۆژنامە بانگەشەی ڕەوایی دان بە خۆی دەکا. ئایدیا و ئادیۆلۆژییەکانی خۆی دەرخوادی کۆمەڵگە دەدا. بەڵام لەلایەکی ترەوە بەردەوام هاواری ئەوە دەکا کە خەڵک چاو و گوێیان هەر لەلای ڕاگەیەندنەکانی دەرەوەی وڵاتە. بەتایبەت پاش پەرەسەندنی ئینتەرنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، خەڵکی ئێران بێ گوێدانە تۆڕی بەرفراوانی سیخوڕی و ئەمنیەتیی ڕێژیم، بەلێشاو بەشدارییان تێدا کرد و ئێستا یەکێک لە چالاکترین کۆمەڵگەکانن لە فەزای مەجازیدا.

فەزای مەجازی بە پێی تایبەتمەندی و ئیمکاناتێک کە هەیەتی، هەم سەرچاوەیەکی بێ‌کۆتایە بۆ زانیاری و فێربوون و هەم مەیدانێکی بەرفراوانە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا، شکڵ گرتنی ڕای گشتی و ڕێکخراوبوونی زیاتری کۆمەڵگە. بەڵام ئەم مەیدانە بەرفراوانە بە هەمان ئەندازە کە ڕێژیم لاوازتر دەکا، هەوڵ و پەلەقاژەکانیشی بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئەم فەزایە زیاتر دەکا.

ئەگەر لە ژیانی هەقیقیی کۆمەڵگەدا، ڕێژیم لە هەوڵی بەئەفیوون کردنی کۆمەڵگە دایە و، لە ڕێگەی سەرکوت، زیندان و ئێعدامی بەردەوامی مافخوازان، توانیویەتی تا ڕادەیەک شەقام کۆنترۆڵ بکا، بەڵام هەموو ئامانجەکانی لە بواری شەڕی نەرم‌ لە فەزای مەجازیدا کە بریتین لە: بانگەشە بۆ ڕەوایی دان بە خۆی، بڵاوکردنەوەی ترس و خۆف لەم فەزایەدا، ڕێگرتن لە سەر‌هەڵدانی ڕای گشتی و ڕێکخراوبوونی زیاتر کۆمەڵگە، بێ ئەنجام ماوەتەوە. چونکە بەشداریی بەردەوام و ڕوو لە گەشەی زیاتری خەڵک لەم فەزایەدا، ئەوەندەی هیوا بەخشە بۆ داهاتوو، بە هەمان ئەندازە لێدانی مۆرێکی ڕەش و بێ ئاکامە لە کۆی ئەم سیستمە و دامودەزگا ئەمنییەتییەکانی.