غەریبی

جەلال مەلەکشا

من زۆر لە غەریبی دەترسم

وەرە با باوەشت بکەم بە نیشتمان

بە وەرزی زریاندا ڕەت دەبم

هەتا دێم هەستمەوە،

شەپۆلێ بەسەرما دەڕووخێ

ئەمخاتە گێژەنی بێئامان

هەتا چاو بڕ ئەکات

شەپۆل و گێژاوە

دەست‌کورتتر لەوەم کە،

لە پاپۆڕ دانیشم

بەلەمی هیواشم شکاوە

وەرە وەک بەندەرێ

ئامێزت بکە بە لەنگەرم

تەنیایی دەستڕێژم لێ ئەکات

من زۆر لە غەریبی دەترسم

بانگم کە…

با ئەوین بکەم بەسەنگەرم

شکاوە، شکاوە

بەلەمی نەجاتم شکاوە

من بۆنی هەڵۆ،

لەهەناسەی بای زریان دەبیسم

وا دیارە بۆ کۆتر دەرفەتێ نەماوە…