بەشداری هەیئەتێکی کومیتەی ح د ک لە کۆبوونەوەی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانییەکان لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد هاوسەرۆکی سوریای دیموکراتیک لە واشنگتۆن

ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ٢٨ی ئۆكتۆبری ٢٠١٩ شاندێكی حیزبی دێموكراتی كوردستان به‌ سه‌رپه‌رستی خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ واشنگتۆن له‌ دیدارێكی تایبه‌تیدا، وێڕای زۆربه‌ی حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئیلهام ئه‌حمه‌د ھاوسەرۆکی ئەنجومەنی سوریای دێموکرات كۆبۆوه‌.
به‌ڕێز ئیلهام ئه‌حمه‌د وێڕای ده‌ربڕینی سپاسی خۆی بۆ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی به‌شدار له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ بۆنه‌ی پشتگیری و خۆپیشاندانه‌كانی كوردانی ده‌ڤه‌ری واشنگتۆن، ڕاپۆرتێكی له‌ چاوپێكه‌وتن و دانیشتنه‌كانی خۆی له‌ ئه‌مریكا باس كرد.
ناوبراو باسی له‌وه‌ كرد كه‌ سه‌رجه‌م چاوپێكه‌وتنه‌كانی له‌گه‌ڵ سیناتۆر و كۆنگرێسمه‌نه‌كان ده‌رئه‌نجامی باشی هه‌بووه‌، به‌تایبه‌تی دانیشتنه‌كه‌ی له‌ كۆنگرێسی ئه‌مریکا و ڕوونكرده‌وه‌ی پێویست بۆ ئه‌ندامانی كۆنگرێسی به‌ ده‌سكه‌وتێكی گرینگ وه‌سف كرد.
دواتر ئاماده‌بووان سه‌رنج و تێبینی خۆیان باس كرد، شایانی باسه‌ له‌م دانیشتنه‌دا به‌ڕێز سینه‌م محه‌ممه‌د ئه‌ندامی كۆنسه‌ی رێڤه‌به‌ری ته‌ڤده‌م و نوێنه‌ری خۆسه‌ری دیموكرات له‌ ئه‌مریكا هاوڕێی ئیلهام ئه‌حمه‌د له‌ دانیشتنه‌كه‌دا حزووریان هه‌بوو.
به‌ڕێز كاك خه‌بات ئیبڕاهیمپوور به‌رپرسی كومیته‌ی حیزب له‌ واشنگتۆن، خۆڕاگری خه‌ڵكی ڕۆژاوای كوردستانی به‌رز نرخاند و باسی له‌وه‌ كرد كه‌ خه‌ڵكی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ ناوخۆ وه‌ك هه‌میشه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رپرسانه‌ و دڵسۆزانه‌ پشتگیری خۆیان به‌نیسبه‌ت خه‌باتی ڕۆژاوا ده‌ربڕیوه‌ و ئاماژه‌ی به‌مه‌ دا كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای بڕیار و ڕاسپارده‌كانی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموكراتی كوردستان و به‌تایبه‌تی سكرتێری گشتی حیزب به‌ڕێز كاك مسته‌فا مه‌لوودی، به‌ هه‌موو هێز و تواناوه‌ ئاماده‌ین بۆ داكۆكی له‌ خه‌باتی ڕه‌وای گه‌له‌كه‌مان له‌ سووریا.
له‌ كۆتایی دانیشتنه‌كه‌دا سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بڕیاریان دا ١٣ی مانگی نۆڤامبر به‌ به‌شداری به‌رچاوی كوردانی سه‌رانسه‌ری ئه‌مریكا، ڕێپێوانێكی گه‌وره‌ به‌ دژی هێرشی ڕژیمی توركیا و پڕۆتێستۆ كردنی قه‌تڵوعامی خه‌ڵك له‌ واشنگتۆن به‌ڕێوه‌ ببه‌ن.