بەشداری بەرینی ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ڕێپێوانەکانی ڕۆژانی ۱۹ و ۲٠ی ئۆکتوبر لە وڵاتی سوئێد بۆ پشتگیریکردن لە ڕۆژئاوای کوردستان

بە مەبەستی پشتگیری لە خۆڕاگری گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکومکردنی هێرشی ناڕەوایانەی حکومەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان کە بۆتە هۆی شەهیدبوون و برینداربوونی سەدان هاووڵاتی و ئاوارەبوونی سەدان هەزار کەس، ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە شارەکانی ستۆکهۆلم، یۆتبۆری، هێلسینگبۆری، ڤێسترۆس و ئۆرۆبرو چالاکانە بەشداری خۆپێشاندانەکان بوون و پەیامی حیزبیان گەیاندە ئامادەبوان کە بریتی بوو لە پشتگیری لە خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و مەحکومکردنی ئەو هێرشە دڕندانەیەی حکومەتی تورکیە. شایانی باسە کە حیزبی ئێمە یەکێکە لەو حیزبانەی کە لە پلاتفۆرمی ڕۆژئاوا حزووری هەیە و لە بەڕێوەبردنی ڕێپێوانەکاندا هاوکاری دەکا.