کۆبونەوەی تایبەتی نوێنەری حدک لەگەڵ پارلەمانتار و دیپلۆماتی سویدی توماس هامەربێری

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠/١٠/٢٠١٩ بەڕێزئارێز ڕەمەزانی بەرپرسی بەشی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کومیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سوئید کۆبونەوە و دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەڕێز تۆماس هامەربێری دیپلۆمات و پەرلەمانتاری حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئید ئەنجام دا. تۆماس هامەربێری پەرلەمانتاری سۆسیال دێموکراتی وڵاتی سوئیدە وچەندین بەرپرسایەتی گرینگی هەبووە وەک: سکرتێری گشتی پێشوی ئامنستی اینترناشنال، نوێنەریپێشوی نەتەوە یەکگرتوەکان لە سەر پرسی مافی مرۆڤ، نوێنەری پێشوی کۆمیسیۆنی ئەوروپا بۆ پرسی مافی مرۆڤ. لە سەرەتای ئەم دیدارەدا بەڕێز ڕەمەزانی باسی لە دۆستایەتی دێرینە و ٣ دەیەی کورد و حیزبی سۆسیال دێموکراتی سوئیدی کرد کە بەڕێز هامەربێری یەکێکە لە دۆستە کۆنەکانی کورد، بەتایبەت قاسملوی شەهید، بوژانەوە و نۆژەن کردنەوەی ئەم دۆستایەتیە گرینگیەکی تایبەتی هەبوو بۆ نوێنەری حدک و جەختی لەسەر بەردەوامی ئەم دۆستایەتیە کردەوە. لە بەرامبەر دا بەڕێز هامەربێری بە ڕێزەوە باسی لەو دۆستایەتیە کرد و ئاماژەی بە گرینگی وتایبەت بوونی دۆستایەتیەکەی لەگەڵ قاسملوی شەهید کرد. هەروەبا باسی لەوەش کرد کە دوکتۆر قاسملو شەوێک پێش لە شەهید بونی میوانی بەڕێزیان بوەو کۆبونەوەیەکیان ئەنجام داوە پێش چونی بۆ دانیشتنەکانی لەگەڵ نوێنەرە ترۆریستەکانی ئێران. جێگای ئاماژەیە کە یەکەم جارە بەڕێزیان باس لەم دۆستایەتیە و نزیکی خۆی لەگەڵ دوکتۆر قاسملو دەکات و تا ئێستا ئەم کۆبونەوانە بە شاراوەیی ماونەتەوە.

 لە درێژایی ئەم دیدارەدا بەڕێز ڕەمەزانی باسی لەوە کرد کە ساڵێک لەمەوبەر و لە سەردانی بۆ قەڵای دێموکرات و چیا سەرسەختەکانی کوردستان و نزیکی لە تێکۆشەرانی حدک، لە نزیکەوە بینەری فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئێران بوە کە چاوەدێری پێشمەرگەکانی حدک یان کردوەو دوا بەدوای موشەک بارانی قەڵا بەو ئامانجە گەیشتوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران پێش لەوەی کە موشەک باران و هەڕەشە لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، چەک و تەقەمەنیەکانی لەسەر قەڵا و تێکۆشەرانی دێموکرات تاقی دەکاتەوە. بابەتێکی دیکە ئەم دیدارە بۆ باس لە تێرۆریزمی نیودەوڵەتی کۆماری ئیسلامی ئیران تەرخان کرا. بەڕێز رەمەزانی ئاماژەی بە کردەوە تێرۆریستییەکانی ئەو ڕژیمە کرد و گوتی کە ڕژیمی تاران بەروەوامە لە تێرۆری چالاکانی سیاسی و ئیعدامی گەنجان و کوشتنی کۆڵبەران، کە ئەمە نیشاندەری ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی سەرچاوەی تیرۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا. بەڕێز ڕەمەزانی لە بەشێکی دیکەی ئەو دیدارە دا باسی لەوە کرد کە گەلی کورد بۆ ئەستاندنی مافەکانی خۆی هەموو کات هەوڵی داوە کە لە ڕێگەی ئاشتی و وتووێژەوە بە مافەکانی خۆی بگات، بەڵام بە داخەوە لە لایەن گشت حکومەتە داگیرکەرەکانەوە بە ئاگر و ئاسن و کوشتن و تێرۆر ولامی دراوەتەوە. دۆستایەتی و پاڵپشتی حدک لە ڕۆژئاوا یەکێکی تر لە بابەتەکانی ئەو دیدارە بوو. بەڕێز ڕەمەزانی باسی لە هێرشی بەرفراوانی هێزی توکمە و پۆشتە و پەرداخی حکومەتی تورکیە بە چەک و کەرەستەی سەربازی ناتۆوە کرد بۆ سەر خەڵکی بێتاوان و سڤیلی خۆرئاوای کوردستان. بەڕێز ڕەمەزانی باسی لەوە کرد کە ئەو هیزە کوردیانەی لەو بەشی کوردستانن، بە توانانترین و تۆکمە ترین هیزی کوردی بوون لە بەرامبەر لەشکری جەهل و نەزانی داعش دا و ئەو ڕیکخراوە تێرۆریستییە کە مەترسی بوو بۆ سەر هەموو جیهان بە چۆک دا هێنا.  لە وڵامی پرسیارێکی بەڕێز هامەربێری دا کە ئەگەر ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە هاریکاری بەشەکانی دیکەی کوردستان بێ، ئایا حدک ئامادەی هاوکارییە؟ بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدک وتی: حیزبی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی گەش و پڕ لە شانازی هەیە بۆ هاوکاری و پشتگیری پارچەکانی دیکەی کوردستان و لە پەیوەندی لەگەڵ هاوکاری بە ڕۆژئاوای کوردستانیش، بە لەبەرچاو گرتنی حەساسییەتی سیاسی ناوچەکە بێگومان ئامادەیە هاوکارییە، هاوکات ئەو جۆرە بڕیارانە پەیوەندییان بە دەفتەری سیاسی حیزبەوە هەیە و ئەوان ئەتوانن بڕیاری کۆتایی بدەن.

لە کۆتایی دیدارەکە دا بەڕێز هامەربێری خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەردووک لا تۆکمەتر بێ.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- کومیتەی سوید