کۆماری ئیسلامی لە دووڕێیانی هەڵدێران و خۆبەدەستەوەداندا

کەریم فەرخەپوور

ڕیژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەسپێکی حوکمڕانیی خۆیدا بە بڕیاری هەناردەکردنی شۆڕش بۆ دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، تووشی هەڵەیەکی مێژوویی بوو کە ماوەی چل ساڵە بەرۆکی بەرنەداوە. حاکمانی ئێران بەو دروشمە لایەنگرانی خۆیان تووشی چاوەڕوانییەکی بێ‌جێ و دراوسێکانیان تووشی نیگەرانی کرد. لایەنگرانی خەت و بیری خومەینی ویستیان بەو دروشمە بەرەو بیابانەکانی وڵاتانی عەڕەب و ناوچەکانی دیکەی خۆرهەڵاتی نێوەڕاست بکەونە ڕێ، هەر بۆیە هاوسێکانی وڵاتی ئێرانیش هیوایەکیان بە دۆستایەتی و پێوەندی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ئیدئۆلۆژییە پاوانخوازە نەما. بێجگە لە سەددام حوسێن کە ئەویش زۆرتر ویستی لەو بۆشاییەی دەسەڵاتی ئێران بۆ هەڵوشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی ئەلجزایر کەلک وەربگرێ و هێرشی سەربازی کردە سەر خاکی ئێران، وڵاتانی دیکەی دەوروبەر هیچیان ئامادەەییان نەبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستێوەردان و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامی و زۆرتر لە چاوەڕوانیدا مانەوە و حاڵەتی دیفاعییان بەخۆیانەوە گرت.

خومەینی دوای خواردنەوەی جامی ژاری ئاگربەستی شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی ئێران وعێراق، ڕێژیمەکەی پشوویەکی هاتەوە بەر و ئەمجار بەکردەوە  لە هەوڵی هەناردەکردنی شۆڕش و پەلوپۆ هاویشتن بوو بۆ ناوچەکە. لەگەڵ ئەوەی کە لە کاتی شەڕدا بەشێک لە شیعەکانی عێراقی ڕێكخستبوو و پشتیوانی لێدەکردن، دواتر بە بیانووی دیفاع لە فەلەستین و فەلەستینییەکان بوو بە پشتیوانی ئەسڵی و ئاشکرای حیزبوڵڵای لوبنان و لەو ڕێگەیەوە توانی گرووپ و میلیشیای جۆراوجۆر پێک بێنێ و ئەوەش سەرەتایەک بوو بۆ دستێوەردان و ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا. هەرچەند هەر لە سەرەتای هاتنەسەرکارییەوە دروشمی دژی ئەمریکا و ئیسڕائیلی بەرز کردبۆوە، بەڵام تا ئەو ساڵانەی دوایی هاوکاری و ڕێکخستنەکانی لە ناوچەکەدا زۆرتر شاراوە و بە نهێنی مابوونەوە.

ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەراست بۆ زلهێزەکانی جیهان و ڕۆژاواییەکان، بەهۆی دواکەوتوویی خەڵکەکەی، یەکلایی کردنەوەی ناکۆکییەکانی خۆیان لەو ناوچەیە، قاڵکردنەوەی کەلوپەلەکانیان، نەوت و کانگەی ژێرزەوی و بە تاڵانبردنی سەروەت و سامانی ناوچەکە، گرینگییەکی تایبەتی بۆ ئەوان هەیە. هەر بۆیە ڕێگە نادەن لایەنێک بە تەنیا یا دەوڵەتێکی دیکە هێژموونی خۆی بەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا بسەپێنی. مێژووی ئەم ناوچەیە نیشانی داوە کە هەر کاتێک دەوڵەتێکی ناوچەکە کەمێک پێشکەوتنی بەخۆیەوە دیتبێ و هێز و دەسەڵاتێکی پەیدا کردبێ، بەجۆرێک لە جۆرەکان کەوتۆتە بەر ڕەحمەتی! یەکێک لە زلهێزەکان و نەیانهێشتوە جێ پێ بەوان لێژ بکا یا ببێتە بەربەست لەسەر ڕێگەی بەرەوپێشچوونی پیلان و پلان و پڕۆژەکانیان و زۆربەی وڵاتانیش ئەو تاقیکردنەوەیان بەخۆیانەوە بینیوە و نموونەی تازەی ئەوانەش حکوومەتی پاشایەتی و حکوومەتی سەددام بوون. وڵاتانی زلهێزی جیهان هەردەم لەبیری نانەوەی ئاژاوە و ناکۆکی لەو ناوچەیە دابوون تا بتوانن دوو مەبەست بپێکن. یەکەم سازکردنی شەر و ئاژاوە هەتا بتوانن جبەخانەکانیان بەتاڵ و بازاڕی چەک و تەقەمەنی و پیشەسازیی خۆیان لەو ناوچەیە قاڵ بکەنەوە. دووهەم بۆ ئەوەی کە ئەو وڵاتانە پێشکەوتن بەخۆیانەوە نەبینن و هەمیشە چاولەدەستی زلهێزەکان بن و ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆیان لە بوونی ئەوان لە ناوچەکەدا ببینن و حاکمان بیانکەنە چەتری سەریان بۆ پاراستن و درێژەپێدانی  دەسەڵاتەکەی خۆیان.

بێگومان جڵەونەکردنی کۆماری ئیسلامیی و ڕێگەپێدانی بۆ ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا، بوو بەهۆی ئەوەی کە کێشەی تایفی و مەزهەبی و شیعە و سوننی ساز بێ و ئەوەش بە قۆناغی زۆر سەخت و دژواردا تێدەپەڕێ و ئاوا بە ئاسانی ئەو ئاگری ڕق و قینە دانامرکێ و بۆ دەیان ساڵی دیکەش ناوچەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو مەنجەنیقەدا دەکوڵێ. هەربۆیە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست هەر چاو لەدەستی وڵاتانی زلهێز و خاوەن تێکنۆلۆژیی جیهانە و زلهێزەکانیش ئێستا لەهەموو کات زیاتر جێ پێیان لە ناوچەکەدا قایم بووە و ڕەنگە ئەوجار کارێکی ئەوتۆیان بە کۆماری ئیسلامی نەمابێ کە بەو شێوەی ئێستا هەوسارپساو لە ناوچەکەدا تەڕاتێن بکا. هەر بۆیە دەیانهەوێ جڵەوی بکەن یا بەشێوەیەک بیخەنە سەر لێواری هەڵدێرگەی مێژوو. دوو حکوومەتی پاشایەتی و سەددام حوسێن نموونەی ئەو پلانانەن کە زلهێزەکان و ڕۆژاواییەکان لەسەریان تاقی وکردنەوە و دوای ئەوەی کە گەیاندیاننە لوتکەی دەسەڵاتی سەرکوت و سەربازی، هەر لەوێشەوە هەڵیانداشتنە نێو چاڵەڕەشەکانی مەرگ و لەسەر گۆڕی ئەوان دیوارێکی لەرزۆکی دیکەیان بونیاد نا و ئەویش کۆتاییەکەی هەر بەرەو وێرانییە. زلهێزەکان لەسەر زۆر شت نالێک و ناکۆکن، بەڵام بەرژەوەندییە گەورەکانیان وا بەیەکەوە گرێی داون کە ئامادە نین یەکتر فیدای ڕێژیمێک بکەن کە داهاتوویەکی نییە و پشت وەدیواری شکستە نادەن.

وڵاتانی خاوەن دەسەڵات و بەرژەوەندی، ئێستا دوای چل ساڵ، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان تووشی داوێک کردوە کە دەرچوونی گەلێک سەخت و زەحمەتە. ئەو ڕێژیمە بەو بەرزە فڕییە پێی وابوو ئاسمان ساف و بێگەردە و بیری لە زستانی تووش و هەڵەمووت نەکردبۆوە. ڕێژیم پێی وابوو تا قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی بەرینتر بێ، هێز و دەسەڵاتیشی زۆرترە و نەیزانی کە کۆنتڕۆڵ کردنی ئەو هەموو مەیدانە و پاراستنی هێز و دەسەڵاتەکەی چەند گران لەسەری دەکەوێ و کۆتایی ڕێگەکە بەرەو چ هەڵدێرێک دەچێ.

ئێستا هەوڵدان بۆ وەدەستهێنانی چەکی ناوکی، مووشەکی بالستیک، تێرۆر و پشتیوانی لە تێرۆر، پێکهێنانی گرووپی تێرۆریستی، ئاژاوە نانەوە و هێژموونخوازی، پاراستنی هێزەکانی لە سووریە، پەنادان بە تاڵیبان، لەکارکەوتنی ڕێککەوتننامەی بەرجام، گەمارۆکان، بە تێرۆریست ناساندنی گەورەترین هێزی سەربازیی ڕێژیم کە سپای پاسدارانە، دروشمە بریقەدارەکان و قەیرانە کەڵەکەبووەکانی نێوخۆی ئێران، گرانی، بێکاری و برسیەتی هەموویان بوونەتە بەڵای سەری ئەو ڕێژیمە و لە دووڕێیانێکی دژواردا گیری کردوە کە بە هەرکامیاندا ڕەت بێ، تووش کۆمەڵێک چاڵ و چاڵنج دەبێ و گیانی ساغڵەمی لێ بەدەر نابا.

ڕێژیم لەو دووڕێیانەدا یا دەبێ تەسلیمی ویستی ئەمریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێ کە لە پەلوپۆی دەخەن، یا دەبێ درێژە بەو سیاسەتە هەڵانەی بدا کە خەڵکی ئێران لەوە زیاتر تەحمولی ئەو هەموو برسیەتی و بێکاری و نەهامەتیە ناکەن و بەهۆی بێزارییەوە دێنەوە سەر شەقامەکان و تەخت و بەخت و عەمامە و عەبای ئاخوندەکان تێکە