ئۆپۆزیسیۆنی دژی ڕێژیم و هەڵوێستی ئێمە

کەماڵ کەریمی

لە دوو حەوتووی ڕابردوودا دوو کۆبوونەوەی جیاواز و بە دوو مەبەستی جیاواز لە دەرەوەی وڵات و لە دوو وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو. لە هەر کام لەم کۆبوونەوانەدا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی دژی کۆماری ئیسلامی پێشتر کاریان بۆ کردبوو و دەوریان تێیدا هەبوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان کە بەڕەسمی بۆ هەر دووکیان دەعوەت کرابوو، بە هۆکاری تایبەت لە سەر چۆنیەتیی بەڕێوەچوون و باسەکانی ئەو کۆبوونەوانە بەشداریی تێدا نەکرد.

کۆبوونەوەی یەکەم کە لە ئەمریکا بەسترا و ئەوەی لێی دیار بوو بە جۆرێک بۆ ڕێکخستنی، لابییەکی دژ بە کۆماری ئیسلامی لە ئەمریکای لە پشت بوو و بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن کە لەگەڵ شۆڕای میللیی بەرگری و ڕێکخراوی موجاهێدین هاوئاهەنگییان هەیە؛ بەشداریی بەرچاویان لە کۆبوونەوەکەدا هەبوو. ئەم کۆبوونەوەیە کەوا دیار بوو بە مەبەست هاوکات لەگەڵ کۆڕی ساڵانەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢٥ی سێپتامردا ڕێک خرابوو، زۆرتر بە دوای ئەوەوە بوو لە کاتی بەشداریی سەرۆکی زۆربەی وڵاتانی دنیا لە کۆبوونەوەی ئەو ڕێکخراوەدا لە نیۆیۆرک دەنگی بوون و ناڕەزایەتی ئۆپۆزیسیۆنی دژ بە ڕێژیم بە گوێی هەموواندا بدا و لە ڕاستیدا زۆرتر ئاکسیۆنێک بوو بۆ نیشاندانی هاوئاهەنگیی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ئێران لەگەڵ سیاسەتەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی و بە ئامانجی ڕووخانی ڕێژیم کە ئیستە داواکاریی زۆربەی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ئێرانە.

بەشداریی چەند کەسایەتییەکی ئەمریکایی لەو کۆڕەدا و قسە و باسەکانیان لەسەر ئێران و کۆماری ئیسلامی بە تایبەت لە پانێلەکانی ڕۆژی دووهەمی کۆبوونەوەکەدا کە داخراوتر بوو گرینگیی خۆی هەبوو. هەرچەند بەداخەوە ئەوجارەش بە هۆی تێنەگەیشتن لە ڕاستییە پێویستەکان بۆ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ئێران و داهاتووی ئەو وڵاتە و هەوڵدان بۆ خۆسەپێنیی سیاسی نەکرا هەموو ئۆپۆزیسیۆنی کارا و خەباتگێڕ لەو کۆبوونەوەدا لە دەوری یەک کوببنەوە.

کۆبوونەوەی دووهەم کە لە ٢٨ی سێپتامبر و لە شاری لەندەن بەڕێوەچوو کارێک بوو کە نزیک بە ساڵێک بوو لە لایەن چەند کەسایەتییەکی ئێرانییەوە هەوڵی بو دەدرا. کۆبوونەوەیەک کە بە بێ بەشداریی حیزبەکان و ئەوەی دیار بوو تەنیا بە کۆکردنەوەی کۆمەڵێک کەسایەتیی سیاسی و ڕووناکبیری پێک هاتبوو. ئەم کۆبوونەوە کە بۆ ڕاگەیاندنی دروستبوونی ڕێکخراوێکی نوێ لەژێر ناوی «شورای مدیریت گذار» بەڕێوە چوو، بە جیاوازییەکەوە لەگەڵ کۆبوونەوەکەی نیۆیۆرک، لەهەوڵی داڕشتنی بەرنامەیەکدا بوو بۆ چۆنیەتیی گۆڕانکارییەکانی دوای ڕووخانی کۆماری ئیسلامی. بەرنامەیەک کە لەوێشدا دەرکەوت ئەو ڕەوتەش ئامادە نەبوون کەمترین سەرنچ بدەنە کێشە سەرەکییەکانی بەشی زۆری دانیشتووانی ئێران و بە تایبەت نەتەوەکانی بەشدار لە پێکهاتەی کۆمەڵگەی ئێران. وەک لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دیارە « پاراستنی تەواویەتی ئەرزیی ئێران، دێموکراسیی پارلمانی لەسەر ئەساسی جیایی دین و دەوڵەت و هەروەها مافی مرۆڤ»، کۆمەڵە پرسێکن کە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بەرنامەی بەشەکانی دیکەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نییە و هەموو لایەک کردوویانەتە سەردێڕی دروشم و باسەکانیان. ئەمەش هۆکارێک بوو کە حیزبی دێموکراتی کوردستان سەرەڕای دەعوەت کردنی ڕەسمی ئامادە نەبوو بەشداریی ئەم کۆبوونەوانە بێ کە زۆر بە گرینگییەوە باسی لێدەکرا.

لە پێشدا ئەوە بڵێین کە حیزبی دێموکرات بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی دیکتاتۆری و کۆنەپەرستانەی کۆماری ئیسلامی هەمیشە باوەڕی قووڵی بە پێوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە دێموکرات و پێشکەوتنخوازەکانی ئێران هەبووە و هەوڵ و تێچووی زۆریشی بۆ گەیشتن بە پێکهێنانی بەرەیەکی دێموکراتیک و پێشکەوتنخواز داوە. بەرزکردنەوەی دروشمی بۆ پێشەوە بەرەو بەرەیەکی دێموکراتیک لە کۆنگرەی چوارەمی حیزب و دواتر بەشداری لە شۆڕای میللیی بەرگری و هەوڵی دوکتور شەرەفکەندی بۆ کۆکردنەوەی هێزە ئێرانییەکان کە لە بێرلین لە کاتی وتووێژ لەگەڵ بەشێکیاندا تێرۆر کرا و بەشداریی ئەم حیزبە لە دوو پێکهاتەی سیاسیی حیزبە ئێرانییەکان وەک یەکیەتیی هێزە چەپ و دێموکراتەکان و بەرەی دێموکراسیخوازانی ئێران کە چەندین حیزب و گرووپی ئێرانی تێدا بەشدارن، ئەم باوەڕە سیاسییە بەڕوونی دەردەخا. بەڵام ئێستا دوای چل ساڵ خەباتی بەردەوام لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات زۆر قۆناغی بەرەو پێش بڕیوە و نەتەوەی کورد وەک یەکێک لە نەتەوەکانی پێکهاتەی ئێران بە وشیاریی نەتەوەیی لە ئاستێکی بەرزدا دەڕوانێتە داهاتووی خۆی و حیزبی دێموکراتیش وەک حیزبێکی بەرپرس لە ئاست داخوازی و ویستە نەتەوەییەکانی بەرپرسانە دەڕوانێتە سازدانی ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانە.

ئەوەی پێویستە بۆ داهاتووی ئێرانی پاش کۆماری ئیسلامی گرینگی پێ بدرێ ئەوەیە کە، لە پاڵ بیری دێموکراسی و هەوڵدان بۆ هێنانە سەرکاری دەسەڵاتێکی دێموکراتیک، باس لە هۆکارەکانی جێگیر نەبوونی دێموکراسییە لە ئێراندا و ئەمە تەنیا بە بەرزکردنەوەی دروشمی دێموکراسی و ئازادی جێبەجێ نابێ. لە ئێرانێکی فرەنەتەوە و فرەزمان و فرەکولتووردا، دیتنەوەی ڕێگەی پێکەوەژیانی ئەم فرەچەشنییانە دەبێ لە پێش هەموو شتێکدا بێ. کورد کاتێک دەتوانێ خۆی بە خاوەنی ئێران بزانێ کە وەک نەتەوەیەک هەست بە سەروەریی خۆی بکا و بزانێ کە وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵات و تەواوییەتی ئەرزی چاوی لێ ناکرێ، وەک ئەوەی کە ئێستا بەداخەوە بیر و زەینی زۆربەی ئێلیت و سیاسییەکانی ئێرانی داگرتوە. کورد و حیزبە پێشکەوتنخوازەکانی کە نوێنەرایەتیی ئەم گەلە دەکەن دەزانن کە ئۆپۆزیسیۆنێک دەتوانێ ئیددعای گۆڕانی پێشکەوتنخوازانە بکا و داهاتوویەکی باشتر لەوەی ئێستا هەیە بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری بێنێ، کە بە دوور لە مەزنیخوازیی ئێرانی بوون چاو لە کێشەی ئەو نەتەوانە بکەن کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا و کۆماری ئیسلامیدا بە بیانووی جۆراوجۆر چەوساونەتەوە و هەوڵی لە نێوچوونیان دراوە. ئەوە هەمیشە ڕێگەیەک بووە بۆ دەسەڵاتداریی دیکتاتۆری هەتا ئازادی و دێموکراسی لە ئێراندا پێ لەبار بەرن. هەر بۆیە پێداگری لەسەر ئەوەی کە کورد بەشداری لە هاوپەیمانییەکی ئێرانیدا دەکا کە بەڕوونی باس لە کورد و کێشەکانی و ڕێگە چارەکانی بکا، ڕێکارێکی سیاسیی دروست و پێویستە.