سەربەخۆیی دادگای مێکونووس و میدیای کۆماری ئیسلامی

عومەر باڵەکی

دارابی لەو کتێبەدا هەر وەکی پێشتر باسمان کرد زۆر باس لەوە دەکا کە دادگا کەوتۆتە ژیر کاریگەریی دژبەرانی کۆماری ئیسلامی و پێی وایە دادگا سەربەخۆیی خۆی نەپاراستوە بەڵکوو هەموو هەولی دادگا ئەوە بووە کە دارابی مەحکووم بکرێ و لە ڕێگای دارابییەوە کۆماری ئیسلامی تاوانبار بکرێ. لە لاپەرە١٤٠ی کتێبی “نەقاشیی قاوەخانە”دا بۆ دیفاع لە خۆی دەڵێ: (….لە ئێران و جیهاندا بە میلیون ئێرانی وەزارەتی و ئیتلاعاتین! تەواوی بەڵگە و ئەدلەکانی دەزگای ئیتلاعاتی و قەزایی ئاڵمان لەژێر کاریگەریی پڕوپاگەندەی تاقم و گرووپی دژبەری کۆماری ئیسلامیدا بوو ….). لە لاپەرەی ١٦٠دا هەر لەسەر ئەو بابەتە دەدوێ و دەڵێ: (… بۆ کەسانێک کە ڕقیان لە کۆماری ئیسلامی بوو چ شتێک لەوە باشتر کە یەکێک لە لایرنگران و هەودارانی ئینقلاب و ئەویندارانی ئیمام کەوتۆتە بەر تیغی جەفا و، ئێستا بۆ پاکانە حیساب دەبی ئەو هەلە بقۆزنەوە. هۆکاری سەرەکیی دوژمنایەتیی ئەو گرووپانە لەگەڵ من، وەفاداری بە ئێران بوو …). ئەو لە درێژەدا و لە لاپەرەی ١٦٢دا دەڵێ: (…ئۆپۆزیسیون لەیەکەم رۆژی دوای روداوی میکۆنووس ماشێنی خرابکاری خۆی وەگەڕ خستبووە و خۆپێشاندان وگردبوونەوەی جۆراوجۆریان بەرێوەدەبرد بۆ ئەوەی کاریگەرییان هەبێ لەسەر ڕەوتی دادگا….). لە لاپەرەی ١٦٣دا دارابی ئیشارە بەوە دەکاتەوە کە حوکمی دادگا لەژێر هەژموونیی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیدا دراوە و دەڵێ: (… دیتمان لە کۆتاییدا ئەوان سەرکەوتن و بە هات و هاوار و جەوسازی توانییان کاریگەرییان هەبێ لەسەر ڕەوتی دادگا و پێی ئێرانیش بکێشنە دادگا …)

ئەو چەند نموونەی سەرەوە لە قسەکانی دارابی لەبارەی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی دەکرێ ئەم خوێندنەوەیەی بۆ بکرێ کە دارابی خۆیشی دەزانێ کاریگەریی ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی ئێران بە ڕادەی زانیارییەکانی دەزگای ئەمنی و لێکۆلێنەوە و پۆلیسی ئالمان و وڵاتانی ڕۆژئاوایی کاریگەرییان لەسەر ڕەوتی دادگا نەبووە. دووهەم، دارابی بۆیە وا بە کارەکانی ئۆپۆزیسیون تووڕەیە چونکە پێی وابوو پێگەی کۆماری ئیسلامی ئەوندە بەهێزە کە ئەو تیرۆرەش بە چارەنووسی تیرۆرەکانی دیکە کە تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر خاکی ئورووپا ئەنجامیان داوە، دەچێ. بەڵام دەبینێ لە لێکدانەوەکەیدا بە هەڵە چووە، چونکە پۆلیس و دەزگای قەزایی ئاڵمان هەم خێرا وەخۆ کەوتن و هەم هەتا ڕادەیەکی زۆر کە لە مێژووی لانیکەم ئەو سەدەیەدا نموونەی نەبووە، سەربەخۆیی خۆیان پاراست و نەچوونە ژێر کاریگەریی ساتوسەودای سیاسی و ئابووریی دەوڵەتی ئاڵمان و ئێران. سێهەم دارابی بە کردەوە لە ڕەوتی کاری دادگا و لە زینداندا هەستی پێ کردبوو کە کۆماری ئیسلامی نەک بۆ دارابی و بۆ باقی تیرۆریستەکانیش هیچی پێ ناکرێ، تەنانەت زیاتر لە هەولی ئەوەدایە لە هیج کوێ ناوێک لە کۆماری ئیسلامی نەبردرێ. چوارەم، بۆ مەگەر دیفاع و بەرگری لە خۆکردن هەر بۆ دارابی و هاوبیرەکانی دروست و قانوونییە؟ بۆچی بۆ ئۆپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی و بنەماڵەی قوربانییەکان لەجێی خۆیدا نییە کە دژ بەو هەموو کردەوە ناجوامێرانە و دژە مرۆیانەی ڕێژیم دەرحەق بەوان کردوویانە ناڕزایەتی دەرنەبڕن و داوای مافی خۆیان نەکەن؟ لێرەدا چەندین پرسیارێک ڕوو بە دارابی دروست دەبن، چۆنە وەک بۆ خۆی دەڵێ لە ئێران و جیهاندا بە میلیون کەس وەزارەتی و سەر بە ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامین، ئی چۆنە لە نیوان ئەو میلیۆنانەدا قورعە بە ناوی دارابی دەرچوو؟ دارابی مەگەر جیا لە تیرۆریستێک کێ بووە هەتا ئوپۆزیسیونی کۆماری ئیسلامی دوژمنایەتیی بکەن و لەو هەلە کەلک وەربگرن و پاکانە حیسابی لەگەڵدا بکەن؟ لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا پێگەی دارابی و کەسانی وەک ئەو لە کوێ جێ دەگرێ کە دەستبەسەرکردنی ناوبراو ببێتە هۆی لاوازیی کۆماری ئیسلامی؟ خۆ کەسانی وەک دارابی کە لاینگری قورس و قایمی کۆماری ئیسلامین لە وڵاتی ئاڵمان زۆر بوون، بۆ ڕاست پۆلیسی ئاڵمان بەگژ ئەودا هات و سەروسۆراغی کەسانی دیکەی نەگرت؟ وەڵامەکە بۆ هەموو ئەوپرسیارانە یەک وەڵامە و ڕوونە. چونکە هەموو بەڵگەکان دەیانگوت دارابی لە پشت هەموو ئامادەکارییەکی تیرۆری میکوونوسدا بووە. خاڵێکی جێگای سەرنج کە پێویستە لێرەدا ئیشارەی پێ بکری ئەوەیە کە گەڵالەی تیرۆرەکە وا داڕێژرابوو کە هەموو ئەوانەی لە تێرۆرەکە بەشدار دەبن خەڵکی ئێران نەبن، یا ئەگەر خەڵکی ئێرانن نیشتەجێی وڵاتانی ئورووپایی بن، بۆ ئەوە هەر لە ئیحتمالێکدا ئەگەر پۆلیسی ئالمان بەدوای سەرداوێکەوە بوو، پێ ئێران گیر نەبێ. هەر بۆیە چەند ڕۆژ پێش لە کردارە تیرۆریستییەکەی ڕیستورانتی میکۆنووس هەر وەک پێشتر باسمان کرد دارابی حەجمینی نییە و بەدایمە لەنێوان شاری هامبوورگ و بێڕلین لە هاتوچۆدایە و دەیەوێ ئەم شوێنەونکەیە بیانوویەک بێ بۆوەی بڵێ ڕۆژی تیرۆرەکەدا هەر لە بێڕلین نەبووە.

کازمی دارابی و دەزگای راگەیاندنی ئێران

کازم دارابی ڕەخنەی توند لە ڕۆژنامەکان و دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران هەیە و پێی وایە لە ڕووداوی تیرۆری میکوونوسدا غافلگیر بووبن و هەواڵەکانیان زۆر کرچوکاڵ بووە. ئەو دەڵێ ئەگەر ئاڵمانێک لە تاران دەستبەسەر کرابا دەزگای ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەکانی ئاڵمان دنیایان لە سەرسەری خۆیان دادەنا، بەڵام بە پێچەوانەوە ڕۆژنامەکانی ئێران زیاتر سەیرکەری ڕووداوەکان بوون. ئەو لە لاپەرەی ١٦٤ کتێبەکەدا دەڵێ ئەگەر لە ئێران کەسێکی ئاڵمانی بە تاوانی کردەوەیەکی وەک قاچاغ، یا دزی گیرابا، بە خاترجەمی میدیاکانی ئاڵمان کۆڵیان نەدەدا و هەموو ڕۆژێ شتیان لەسەر دەبوو و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییان وەڕێ دەخست و فشاریان دێنا بۆ دەوڵەت و دەزگای قەزایی وڵاتەکەیان کە پێوشوێنی ئەم کەیسە کەون؛ بەڵام لە ئێران ڕۆژنامەکان سەیرکەری ڕووداوەکە و گیرانی من بوون و بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێکی کورت و ناڕوون قەناعەتیان دەکرد…”

وەک گوترا کازم دارابی گلەیی و ڕەخنەی تەواوی لە میدیای ئێران هەیە لە شێوەی خۆ بە خاوەن‌نەکردنی بابەتەکە، بەتایبەتی کە ناوبراو هاووڵاتی ئێرانییە و چاوەڕوانیی ئەوەی بووە کە ڕۆژنامەکان و دەزگای ڕاگەیاندن وایان سەرنج دابا بە بابەتەکە کە توانیبایان بیرورای گشتی ئێران بجووڵێنن و ئەوانیش کاریگەریان هەبێ لە سەر دەزگای حاکمەی وڵات بۆ ئەوەی لە بەرابەر دەوڵەت و دەزگای قەزایی ئاڵمان هەڵوێستی توند بگرن.

دارابی لەوەدا حەق بە خۆی دەدا ڕەخنەی لە رۆژنامەکانی ئێران هەبێ چونکە لە بەرامبەر کارێکدا کە ناوبراو بۆ خزمەت بە ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی کردوویەتی، دیفاع کردن لە نابراو و ورووژاندنی بیروڕای گشتی بە مافی خۆی دەزانێ. بەڵام دارابی لە شتێکدا یا خۆی گێل دەکا یا لێی نازانی، ئەویش ئەوەیە کە وێکچواندنی ڕۆژنامەکانی ئاڵمان لەگەڵ رۆژنامەکانی ئێران کارێکی هەڵەیە،  چونکە سیستمی ئاڵمان ئەزموونی زیاتر لە چەند سەت ساڵ دێموکراسیی هەیە و ئەگەر لە قۆناغێک لە مێژوودا بە هۆکاریك ڕەوتی دێموکراسی لەم وڵاتە بە لاڕێشدا چووبێ، هەر زوو خەڵکی ئاڵمان هەوڵیان داوە بیخەنەوە سەر ڕێرەوی ڕاستەقینەی خۆی. هەر بۆیە دەزگای ڕاگەیاندن بە گشتی وەک یەكیک لە ئامرازەکانی بەرێوەبردنی وڵات کار دەکا و هەر کاتێک بیهەوێ توانیویەتی بیروڕای گشتی وڵات بە قازانجی بەرژەوەندیی وڵات و خەڵک بوروژێنی. بەڵام لە ئێران بە تایبەت لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا دەسەڵاتدارانی نیزام هەموو هەوڵیان ئەوە بووە کە ڕاگەیاندن و هەموو میدیاکان تەنیا لە خزمەت بەرژەوەندیەکانی ئەواندا بن و بەتەواوی خراونەتە ژێر کونترۆل و چاوەدیریی دەزگاکانی پاراستنی نیزام. دارابی ئەگەر ئەوکاتیش بە هۆی غروری گەنجیەتی هەستی بەو ڕاستییە نەکردوە ئێستا کە لە ئێران دەژی و تەمەنێکی تێپەراندوە و ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگەی ئێرانی لە نزیکەوە هەست پێ کردوە، دەبێ ئەوە بزانی کە بیروڕای گشتیی ئێران لەگەڵ رێکاری تیرۆر و پەروەردەکردنی تیرۆریزم نین ونەبوون، هەر بۆیە ئەوکاتیش کە تەنانەت فەزای سیاسیی نێوخۆی ئێران وەک ئیستاش نەبوو؛ دەسەڵاتدارانی تاران ترسیان هەبوو بە ئاشکرا ڕابگەیەنن کە کەسێکی ئێرانی لەگەڵ چەند کەسی لوبنانی بەهۆی تیرۆری سێ لە ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کەسێکی دیکەی دۆستی کوردان کە دژبەری ڕێژیم بوون، لە لایەن پۆلیس و دەزگای قەزایی ئاڵمانەوە گیراون و خەریکە دەستی دەوڵەتیش ڕوو دەبێ لە دەست تێداهەبوونی لەو تیرۆرەدا. دارابی دەبێ ئەو ڕاستییە بزانی لە ئاڵمان  لەسەر دەستی خەڵک حکومەت پێک دێ و حکومەت و دەزگای بەرێوەبەری وڵات لە بەرامبەر بیروڕای گشتی و بەرژەوەندیی خەڵکدا بەرپرسیارە و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانی خۆی لە دەنگی خەڵک بێ نیاز ببینێ، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا ئەوی حیسابی بۆ نەکرێ دەنگی خەڵکە، چونکە کەسێک لە سەرەوەی هەموو قانوونەکانە کە خۆی بە نوینەری ئیمامی زەمان و لە رێگای ئەویشەوە بە نوێنەری خوا دەزانی لە سەر زەوی. ئەوە معادلەیەکی ڕوونە و خەڵک لەو هاوکێشەیەدا جێگای نییە، بۆیە بیروڕاشیان ناتوانی کاریگەریی هەبێ لەسەر بڕیار و قانوونەکانی نیزام.

هەر لەم بارەوە پەرویز دەستماڵچی لە کتێبی “تیرۆر بە ناوی خودا”دا دەنوسێ: “… دەسەڵاتدارانی تاران بە پشتبەستن بە تەجروبەی خۆیان، دوای تیرۆری بێڕلین سەرەتا بە خوینساردی و خۆشلوێ نەکردن بێدەنگییان هەڵبژارد. هەواڵی تیرۆری بێڕلین بە چەشنێک لە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی کۆماری ئیسلامیدا بڵاو بۆوە کە گۆیا وەک هەموو جارێ گرووپە نەیارەکان لەگەڵ یەکتر پاکانە حیسابیان کردوە، یا دەستی ڕێکخراوەکانی سیخوڕی ڕۆژئاوایی تێدایە کە دەیانەوی ڕوخساری کۆماری ئیسلامی لەبەرچاوی کۆمەڵگەی جیهانی دزیو بکەن.”

دوای گیرانی دارابی و ئاشکرابوونی ناوبراو وەک ئەندامی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی، یەکەم نیشانەکانی دەست تێداهەبوونی کۆماری ئیسلامی لە تێرۆری بێڕلین  بۆ پۆلیس و دەزگای لێکۆلێنەوەی قەزایی ئاڵمان دەرکەوت. هەر بۆیە لەیەکەم دژکردەوەدا کۆماری ئیسلامی ڕاگەیاند هەر جۆرە دەست تێدابوونی دەزگاکانی پێوەندیدار بە کۆماری ئیسلامی لەو تیرۆرە ڕەت دەکرێتەوە و ئەوە تەنیا پڕوپاگەندەی گرووپ و دەستەکانی سەر بە زانیونیزم و ئیمپریالیزمە بۆ بەدناوکردنی نیزامی کۆماری ئیسلامی.

بەڵگەنامەی نهێنیی ژمارە ٨١١٥٥ کە لە گۆڤاری “فۆکوس″دا چاپ و بڵاو بۆوە،  باس لەوە دەکا کە “بەپێی ڕاپۆرتێکی نهێنی دەسەڵاتدارانی ئێران دەستیان هەیە لە تێرۆری میکوونوسدا”.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان سکاڵای لەسەر گۆڤاری فوکوس لە دادگا تۆمار کرد و بە بیانووی ئەوەی گوایە ئەم ڕۆژنامەیە بوختانی بە ئێران کردوە و دەمگۆی و درۆی بڵاو کردۆتەوە، داوی سێ سەت هەزار مارکی قەرەبوو کرد. لە دادگا پاریزەرەکانی گۆڤاری فوکوس بە خستنەڕووی کۆپی ئەسل لە بەڵگەنامە نهێنییەکە قسەکانی خۆیان سەلماند و باڵوێزخانەی ئێران سکالاکەی دۆڕاند و ئەوەش بوو بە بەڵگەیەکی گرێنگ بۆ سەلماندنی ئەوە کە ئێران بڕیاردەری ئەسلیی تیرۆری میکوونوس بووە و لە دادگای میکوونوس وەک یەکێک لە بەڵگەکان دادگا پشتی پێ بەستووە.

درێژەی هەیە…