پرسی شەھیدانی ١٧ی خەرمانانی قەڵای سەربەرزی دێموکرات جارێکی دیکە گەیشتەوە کابینەی دەوڵەتی کانادا

رۆژی پێجشەمە رێکەوتی ١١ی سیپتامبر، لەسەر بانگھێشتنی نوسینگەی بەرێز ران مەکانن ئەندام پارڵمانی فیدرالی، ھاورێ محەمەد خادمیانی بەرپرسی پەیوەندیە بیانیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە وڵاتی کانادا بەشداری لە گردبوونەوەی فراوانی حیزبی لیبراڵی لە شاری ڤەنکۆڤەر کرد. لەو گردبونەوە گشتیەی حیزبی لێبراڵ جەستن توردۆ، سەرۆک  وەزیرانی کانادا، زیاتر لە ٢٠ ئەندام پاڕلمان و ٦ وەزیری کابینە و دەیان ئەندامی باڵای حیزبی و حکومەتی بەشدار بوون. بەرپرسی پەیوەندیەکانی حیزب لەگەڵ بەشێکی بەرچاو لەو سیاسەتمەدارانەی کانادا دیدار و چاوپێکەوتنی کرد و تیرۆزمی دەوڵەتی رژیمی ئێران و سیاسەتی تێکدەرانە و ئاژاوەگێریانەی دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆری تارانی باس کرد.

لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت دەگەڵ وەزیری بەرگری کانادا، بەرێز “ھەرجیت سەجان”  لە ساڵیادی شەھیدانی نەمری ١٧ی خەرمانانی قەڵای سەربەرزی دێموکرات، ھاورێ محەمەد خادمیانی داوای لە دەوڵەتی کانادا کرد کە زۆر بە جیدی و راشکاوانە و زیاتر لە جاران بۆ رێگری و بەربەرکانی دەگەڵ سیاسەتەکانی شەرەنگێزی و پاڵپشتی و پەرپێدانی رەھای تیرۆرزمی دەوڵەتی رژیمی ئێران لە ناوچەکە و جیھاندا،  پێشەنگی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بێت. بەرێز “ھەرجیت سەجان” وەزیری بەرگری کانادا جارێکی دیکە تاوانی موشەکبارانی ١٧ی خەرمانانی مەحکوم کرد و کوتی کانادا چەندین ساڵە پێشەنگی ئامادەکردنی گەڵای پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکانە. بەرێزیان وێرای داوای بەردەوامی و پتەوە کردنی پەیوەندەکان، خوازیاری پشگیری کوردانی دانیشتووی کانادا لە حیزبی لیبراڵ لە ھەڵبژارنی پارڵمانی مانگی داھاتووی بوو.

پەیوەندیەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان- کانادا

Be the first to comment

Leave a Reply

Your email address will not be published.


*