دیداری نێوان بەرپرسی پێوەندییەکانی حدک لە فەرانسە و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە

 ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی یانزەی سێپتەمبری ۲۰۱۹ی زایینی لە نووسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە پاریس، دیدارێک لە نێوان بەرپرسی پێوەندییەکانی حێزبی دیموکراتی کوردستان لە فەڕەنسا هاوڕێ ئازاد مستۆفی و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەڕەنسا بەڕێز دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی ڕێکخرا. لەم دیدارەدا سەرەتا بەڕێز دکتۆر عەلی دۆڵەمەڕی باسی دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچە و دۆخی نێودەوڵەتی و هەروەها کەشی سیاسی عێراق و بەتایبەت باروودۆخی باشووری کوردستانی کرد. بەڕێزیان پێداگر بوو لەسەر ئاشتەوایی نیشتمانی و پێکەوە ژیان و پاراستنی دەسکەوتەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. لە بەشێکی تری دانیشتنەکە، باس ڕۆڵی حکوومەتی فەڕەنسا و مێژووی ئەم وڵاتە کرا لە پشتیوانیکردنی خەباتی ڕەوای گەلی کورد، کە هاوڕێ ئازاد مستۆفی پێداگری لەسەر ئەوە کردەوە، پێویستە کورد لە تاراوگە ڕۆڵێکی بەرچاوتر ببینێ لە یەکگرتوویی و پێشاندانی خواستەکانی لەو وڵاتانەی لێی نیشتەجێن. لە کۆتاییدا هەردوولایەن بە پێویستیان زانی ئەم جۆرە دیدار و چاوپێککەوتنانە درێژەی هەبێ و هاوکاریی هێزە کوردستانییەکان لە بواری کردەوەیی لە داهاتوودا، پتر خۆبنوێنێت.

حیزبی دیموکراتی کوردستان- فەڕانسە