بە رێوەچوونی یادی ١٧ ی خەرمانان لە وڵاتی سوئیس

رۆژی یەکشەممە ٨ ی سێپتامبری ٢٠١٩ رێورەسمێکی یادکردنەوە بۆ شەھیدانی ١٧ ی خەرمانان و رێبەری شەھیدمان دکتور سادق شەرەفکەندی تازەترین شەھیدانی حیزب بەرێوەچوو.
سەرەتای رێورەسمەکە بە سروودی نەتەوایەتی ئەی رەقیب لەلایەن کۆڕی سرودی یەکێتی لاوان دەستی پێکرد، پاشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە کاک رەحمان ئیبراھیم زادە “شۆکە” بەرنامەکە دەستی پێکرد.

لە بڕگەی یەکەمی ڕێوڕەسمەکە دا ھاوڕێ زاھیر قادر حاجی بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویس بەخێرھاتنی میوانەکانی کرد و پەیامی کۆمیتەی بەو بۆنەوە پێشکەش کرد. پاشان لە لایەن ھوونەرمەند ئارەش یاری مەقامێک بۆ شەھید پێشکەش کرا.

بە دوای ئەو دا باسێکی سیاسی لە لایەن بەریز خالید حەسەنپوور ئەندامی رێبەری حیزب پێشکەش کرا کە سێ تەوەری لەخۆگرتبوو . تەوەری یەکەم لەسەر رووداوی ١٧ خەرمانان بوو کە، ئەندامی رێبەری حیزب بەدرێژە لەسەر ھۆکارەکانی ئەو ھێرشە مووشەکیە راوەستا و، مووشەبارانی قەڵای دێموکراتی بۆ دەورو نەقشی حدک لە نیوو جووڵانەوی کورد لە رۆژھەڵات گێراوە . خالید حەسەنپور لە درێژەی قسەکانیدا باسی مانگرتنی ٢١ی خەرمانانی کرد کە، بەرھەمی بانگەشەی ناوەندی ھێزە کوردستانیەکان، حیزبی دیموکراتی کوردستان و چاڵاکانی مەدەنی بوو . حەسەنپور تەوەری دوھەمی قسەکانی لەسەر تیرۆری دوکتور سادقی شەرەفکەندی و ھاوریانی بوو . کە لەوبەشەدا بە درێژە باسی دەورو نەقشی شەرەفکەندی لە نێوو حیزبدا کرد و گوتی شەرەفکەندی و دوکتور قاسملوو دوانەێکی لە رووی فیکری و تەشکیلاتیەوە تەبا بوون و، ئەو تەباییە سیاسیە تەشکیلاتیەش ببوە ھۆی وەحدەتی سیاسی و عەمەلی لە نێوو حیزبدا . لە درێژەی قسەکانیدا حەسەنپور ئاماژەی بە قۆناغی دوای شەھید بوونی ئەو دوو رێبەرە کرد کە، چوون ناتەبایی لە ئاستی سەرێدا بوو بە ھۆی لەتبوونی حیزبی دێموکرات . بەشی سێھەمی قسەکانی خالید حەسەنپور تەرخانکرابوو بۆ بارودۆخی کۆماری ئیسلامی . کە لەو بەشەدا ئەندامی رێبەری حیزب پیەی وابوو لە دوو رێگا زیاتر لە بەر کۆماری ئیسلامی نیە . یان دەبێ رێژیم دەگەڵ ئەمریکا بسازێ و لە سیاسەتی ھەناردە کردنی شۆرشی ئیسلامی و غەنیکردنی ئۆرانیووم وازبێنێ، یان ئەو وەزعەی ئێستا درێژەبدا . کە درێژەدانی ئەو بارودۆخە بەسەرنجدان بەوەی ھەناردەی نەوت وەک تەنیا بەرھەمی ھەناردە زۆری لەکەمێداوە، ئیمکانی ئیدارەی وڵاتێکی پانوبەرینی وەک ئێرانی لە توانادا نیە.
مەقام و لاوانەوەیەکی تر لە لایەن ھوونەرمەند ئارەش یاری،یەوە بەشیکی دیکەی ڕێوڕەسمەکە بوو.
پاشان لە لایەن بەرێوەبەری بەرنامە کاک رەحمان شۆکە داوا لە ھاوڕێی ھەست ناسک و دەست بەقەڵەم کاک عەلی سوورەچۆمی کرا کە پارچە پەخشانێک پێشکەش بکات ، ھەروەھا داوا لە خاتوو “زۆیا”ی ھوونەرمەندی نیگارکێش کرا کە پەردە لە سەر وێنەی شەھیدی سەرکردە دکتور سادق شەرەفکەندی لا بدات کە بە دەست کێشابوویەوە. دوا بە دوای ئەویش لە لایەن ھاوڕێ عوسمان ئیبراھیمی” ترشی” تێکۆشەری دێرین وەک پێشنیارێک داوا کرا کە قەڵای حیزب لە کۆیە بە “قەڵای شەھیدانی ١٧ ی خەرمانان ” ناودێر بکرێ.
لە برگەی کۆتاییش دا کۆمەڵێک ھونەرمەندی رۆژئاوای کوردستان کە بەشداری ڕێوڕەسمەکە بوون، بە پێشکەش کردنی چەند سروودی شۆڕشگێرانە کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەکە هێنا. کورتەیەك لەووتەکانی بەرێز کاک خالید حەسنپوور ئەندامی رێبەری حیزبی دێموکراتی کوردستان لە سمینارەکەدا:

حیزبی دیموکراتی کوردستان- سویس