ژنی کورد و خەباتەکەی لە دوو سەنگەری بەبایەخ‌دا

شەقام” لە پشت “قەڵا”

شەونم هەمزەیی

بیانووی نووسینی ئەم بابەتە یادێکە لە شەهیدان سۆیلا قادری و نەسرین حەداد، دوو چالاکی سیاسیی کورد، دوو تێکۆشەری بواری یەکسانیخوازی، دوو سەرکردەی شەهیدی حیزبی دێموکراتی کوردستان و، دوو لیدەری ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستان کە ساڵی ڕابردوو لە هێرشە مووشەکییەکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر قەڵای دێموکرات شەهید بوون.

سۆیلا و نەسرین وەک دوو ژنی کۆمەڵگەی کوردستان لە دەست زوڵم و ستەم و چەوسانەوە ڕاپەڕیبوون، ستەمی نەتەوایەتی و ستەمی ڕەگەزی؛ ستەمێک کە بە درێژایی مێژوو لە نەتەوەکەیان وەک کورد و لە خۆیان وەک ژن کراوە. ئەوان هەم چالاک و هەم پێشمەرگە و هەم سەرکردە لە کاروانی شۆڕش و جووڵانەوەیەک بوون کە بۆ نەهێشتنی ئەم ستەمانە بەڕێوەیە. ئەو دوو شۆرەسوارە لەو مەسیرەدا گلان، گیانیان بەخت کرد، بەڵام خولیا و ئامانجە بەرزەکانیان؛ خولیا و باوەڕ و بەرنامەی ئێمەمانان و دەکرێ بڵێم هەموومانە.

سۆهەیلا و نەسرین کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوون، هاوکات دوو کەسی دیاری بزووتنەوەی ژنانی کوردستانیش بوون. لە یەک ساڵەی شەهیدبوونی ئەم دوو کەسایەتییە دیارەی بزووتنەوەی ژنانی ڕۆژهەڵاتدا، کورتە باسێک دەکەین لە بزووتنەوەی ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خاڵی هاوبەش و هاوکات جیاوازییەکانی لەگەڵ بزووتنەوەی ژنان لە ئێراندا.

بزووتنەوەی ژنان تابعێکە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی، هەلومەرجێک کە تێیدا ژن وەک مرۆڤێک دەگا بە ئاستێک لە تێگەیشتن و فامکردنی مافە سروشتی و مرۆییەکانی کە لێی زەوت کراوە، جا لایەنی زەوتکەر نیزامێکی کۆمەڵایەتیی پیاوسالار بووبێ، یان نیزامێکی سیاسیی دژەژن. لەو هەلومەرجەدا ژنان خۆیان ڕێک دەخەن، تواناکانیان لە کاری گرووپیدا دەنێنە سەر یەک و لە هەناوی کۆمەڵگەدا دەست دەکەن بە خەبات، نافەرمانی، وشیارکردنەوەی گشتی و هەوڵدان بۆ گۆڕان.

بزووتنەوەی ژنان لە ئێران مێژووەکەی بۆ شۆڕشی مەشرووتە لە ساڵی 1906ی زایینی دەگەڕێتەوە و تێیدا ژنان دیارتر دەردەکەون و ڕۆڵی بەرچاو لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەم سەردەمدا دەگێڕن. بەڵام زۆر زوو زاڵبوونەوەی هەم نیزامی سیاسیی سەرکوت و هەم تۆخکردنەوەی بەها و بایەخەکانی کۆمەڵگەی نەریتی پاڵی بە ژنانەوە نا و تووشی وەستانی کرد، بەڵام ئەم وەستانە کۆڵدان و دەستەوەستانی نەبوو.

مێژووی خەباتی ژنانی کوردیش بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە کە تێیدا مەستوورەی ئەردەڵان دەبێتە یەکەم مێژوونووسی ژنی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئەو سەردەمەی ژنانێکی وەک ڕەوشەن بەدرخان، حەفسەخانی نەقیب و میناخانمەکان قوتابخانەی کچان دەکەنەوە و کچان بۆ خوێندن و فێربوونی زانست هان دەدەن.

لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بزووتنەوەی ژنان مۆرکی تایبەت بە خۆی وەردەگرێ و بە دامەزرانی ڕێکخراوەی ژنان و کاری پەروەردەیی و فێرکاری و سیاسی قۆناغێکی دی لە خەبات و ژیانی سیاسیی ژنان دەنووسێتەوە. لە بڕگەیەکی دیکەی مێژووییدا و دوای شۆڕشی گەلانی ئێران ئیدی خەبات و تێکۆشانی سیاسی و مەدەنی و مافخوازانەی ژنی کورد ئیتیکێتی تایبەتیی خۆی دەدرێتێ و ئیدی ناکرێ و ناتوانرێ ژنان پەراوێز بخرێن.

لە ئاستی ئێراندا بەشداری لە خۆپیشاندانی بەرینی 17ی ڕەشەممەی 1357، 20 ڕۆژ دوای سەرکەوتنی شۆڕش دژی ڕێژیمی پاشایەتی بۆ “ناگوتن” بە حیجابی زۆرەملێ و دواتر گوڵکردنی ژنانی کورد لە چالاکییە سیاسی و مەدەنییەکانی کوردستانی سەردەمی ڕووداوەکانی دوای شۆڕش؛ ئاماژەگەلێک بوون کە دەریان خست بزووتنەوەی ژنان لە ئێران و کوردستان ڕچە و ڕێگەی خۆیان دیوەتەوە. سەلماندی کە ژنان ئیدی پەراوێز ناخرێن، وە ناکرێ نادیدە بگیرێن. خۆپیشاندانە مێژووییەکەی مەریوان و بەشداریی ژنان لە ڕیزەکانی هەرە پێشەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە سیاسییەکان، دروستبوونی کارگرووپە جۆراوجۆرەکان لە بواری بەشداری پێکردن بە ژنان و پەروەردە و فێرکردنیان و؛ هەروەها بەشداریی ژنان لە ڕیزی پێشمەرگانە و تێکۆشانی سیاسی و نەتەوەییدا کەسایەتیی تایبەتیی بە جووڵانەوەی ژنانی کورد بەخشی. ژنان لەو قۆناغە بەولاوە سەلماندوویانە کە بەهێزن، کە شوێندانەرن، کە بەفیکر و خەللاقن، کە ئازادخواز و شوناس‌ویستن و ئامادەن باج و هەزینە و تێچووی خەباتگێڕیی خۆشیان بدەن.

هەڵبەت لەم بەشە لە خەباتی ژناندا ناکری ڕۆڵی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لەبەرچاو نەگیرێن و حیزبی دێموکراتی کوردستان و کۆمەڵە بە بیروباوەڕی پێشکەوتنخوازانەی خۆیان ڕۆڵی گرینگیان هەبووە لەو قەڵەمبازەی بزووتنەوەی ژناندا. ئەم پێناسە نوێیەی ژنان لە خەباتی نەتەوایەتی و خەبات بۆ یەکسانیی ڕەگەزی لە خۆیان کرد و حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە پشتیان بوون، ڕێی لە زۆر بەرنامە و ئیدۆلۆژیی کۆماری ئیسلامی گرت و لەو پێوەندییەدا کوردستان ناوچەیەکی جیاواز بوو لە ئێران. بەمەش ڕەوتێک لە بزووتنەوەی ژنانی کورددا دەستی پێکرد کە تا ئێستاش لە گۆڕمی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە.

ژنان ئەمڕۆکە لە هەموو نافەرمانییەکان، کایە سیاسی و مەدەنییەکان، چالاکییە ئەدەبی و ژینگەپارێزییەکان، بۆنە نەیەوەیی و نیشتمانییەکان، نافەرمامی و ناڕەزایەتییەکان ئەگەر پێشەنگیش نەبووبن، بەڵام شانبەشانی پیاوانی نیشتمانەکەیان لە سەنگەردان. جا هەر لێرەدا جێی خۆیەتی سڵاو بنێرین بۆ زارا محەممەدی کە ئێستا زیاتر لە سێ مانگە لە زیندانی ئیتلاعات دایە و چارەنووسی ناڕوونە، بە کام تاوان؟ بە تاوانی خۆشویستنی نیشتمانەکەی، بە تاوانی فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان، بە تاوانی پاراستنی ئەدەب و کولتووری نەتەوەکەی. وە ئەوانە میرات و سامانی مەعنەویی سۆیلا و نەسرینن کە زاراکانی نیشتمان بەبایەخەوە دەیپارێزن و بۆی تێدەکۆشن.

لەگەڵ ئەوەشدا دەرد و مەینەتییەکانی ژنی کورد لە ئێران، لە هەڵاواردنەکان و لە توندوتیژی و بێمافییەکان کەم نین و بەدەر لە هەڵاواردن و توندوتیژیی حکومەت و چەوسانەوە بەدەست قانوون و دەسەڵاتەوە، ژنان ستەمی میللی‌ و نەتەوەییشیان لێدەکرێ. لە هەژاریدا هێشتنەوە و پشتگوێخستنی کوردستان لە گەشەی کۆمەڵایەتی و مرۆیی کە لەلایەن دەسەڵاتەوە دەکرێ، بەشی سەرەکیی قوربانییەکانی ژنانن. با هەر دوو نموونە بێنمەوە: هیچمان تا ئێستا نەمانتوانیوە سووتانی کچانی شیناوێ لەبیر خۆمان ببەینەوە، کارەساتێک کە لە کوردستان چەند جاری دیکەش دووپات بۆتەوە. یان ئەگەر کۆڵبەرێک بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆ، تەقینەوەی مین لە بن پێیدا یان هەڵدێران دەکوژرێ یان نقوستان دەبێ، باری قورسایی ژیانی ئەم خێزانە دەکەوێتە سەر شانی ژنی ماڵ، بە هەموو ئەو مەینەتییانەی لەو سۆنگەیەوە بەسەری دێ. هەژاری و بێکاری، زۆربوونی تەڵاق، توشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، پەرەسەندنی خۆکوشتنەکان و دەیان خەساری کۆمەڵایەتی هەموو لە سۆنگەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەسەر ژنانی کورد دێن.

سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بەتایبەت لە کوردستان بۆ ئەوە نییە ژنان تواناسازییان تێدا بکرێ و قانوون پشتیان بگرێ و هاوبەش بن لە کایە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان؛ بەڵکوو هەموو سیاسەت و بەرنامەکانی حکومەت لە خزمەت سەرکوتی ژنان و مافەکانیانە. وە ئەوەش بڵێم کە تێچووی سەربزێوی و نافەرمانی و دەنگهەڵبڕین لە کوردستان بۆ ژنان زیاترە، بەڵام بەو حاڵەش بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان لە پێناو پساندنی ئەم کۆت و بەندانە و دەستەبەری مافە مرۆییەکانیان بەردەوامە.

کە دەڵێین بزووتنەوە، مەبەست مانا تایبەتە فمینیستییەکەی نییە، بەڵکوو لە وڵاتێکدا و لە سایەی دەسەڵاتی ڕێژیمێکدا کە ژنان تامی تاڵی هەموو هەڵاواردن و بێمافییەک بە گیان و دڵ دەچێژن، هەرچەشنە ناڕەزایەتییەک، هەر چەشنە جموجۆڵ و تەنانەت دەمەلاسکەی نەریت و بایەخەکانی ڕێژیم بە لەچکەفریدان یان دووچەرخەسواری و شاخەوانییەکیش لە ڕیزی بزووتنەوەدا جێ دەگرن.

لێرەدا جێی خۆیەتی کە باس لە ناحەقییەکیش بکەین کە لە چالاکانی ژنی کورد، لە زاراکان و ژنە تێکۆشەرەکانی دیکەی کورد دەکرێ و هەموو ئەو تاوانەش لە سۆنگەی کوردبوونی زاراکانە:

بەداخەوە ئەگەر ستەمی دەسەڵات و سیستم لە ژنان چەندقاتە، کەچی ڕەنگدانەوەی ئەم سەرکوت و سڕینەوەیەی ژنانی کورد لە میدیاکانیشدا وەک یەک نییە، مەبەستم تەنانەت میدیاکانی ئۆپۆزیسیونی دژبەری ڕێژیمە. بۆ نموونە “نەسرین ستوودە” و “ئاتنا داییمی” دوو زیندانیی سیاسیی ژن لە ئێرانن کە کارەکانیان بەنرخ و بایەخە، بەڵام ئەوەندەی باس دەکرێن و لەلایەن میدیا و کۆڕ و کۆمەڵەکانی مافی مرۆڤەوە دەخوێندرێنەوە، نەک نیو ئەوەندە بەڵکوو سەتا یەکی ئەوان باسی زێنەب جەلالیان ناکرێ کە سزای ئەبەدی دراوەتێ، یان باسی زارا محەممەدی ناکرێ کە بە تاوانی وانەگوتنەوەی بە منداڵان بێسەروشوێن کراوە. ئەوانە هەمووی لە سۆنگەی کوردبوونی زێنەب و زارایە و هەروەها دەربڕی یەک ڕاستیی گرینگیشە: ئەویش ئەوەی جووڵانەوەی ناوەندتەوەر قەت ناتوانێ هەڵگری خواست و گوتاری ژنانی نەتەوە نافارسەکان و یەک لەوان ژنانی کورد بێ.

ئەوە پێمان دەڵێ دەردی ژنی کورد و داڵغەی ژنی کورد و مافی ژنی کورد و گوتاری ژنی کورد جیاوازە لە ئی ژن لە ناوەند، لە تاران، لە ئیسفەهان و مەشهەد. پێمان دەڵێ ڕوانگەی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر کوردستان لە سەر چەندی و چۆنیی زەوتکردنی مافی ژنان، لەسەر سەرکوتی ژنان و نەدیتنی ژنانی کورد چەندەی کاریگەریی نەرێنی داناوە. وە شتێکی دیکەشمان پێدەڵێن. ئەویش ئەوەی خەباتی ژنان لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتیدا و لە نێو ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتدا و، کۆبوونەوەیان لەبن چەتری گوفتومانی حیزب و یەکیەتیی ژناندا چەندە بەجێ و ڕەوا و لە هەمانکاتدا دەقیقە. چونکی بەشداریی ژنانی کورد لە ڕیزی جووڵانەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد و لە ڕیزی ڕێکخراوەی یەکیەتیی ژناندا نەک هیچ ناتەباییەکی لەگەڵ خەباتی ئەوان بۆ یەکسانیی ڕەگەزی نییە، بەڵکوو باشترین سەنگەر و مەتەرێزیشە. سەنگەر و مەتەرێزێک کە سۆیلا قادری و نەسرین حەدادی پێشەنگ هەڵیان بژارد و لەو سەنگەرەشدا گیانیان دانا.

دوا قسە:

ژنان لە ئێران و ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مافەکانیان دەستەبەر نابن، هەتا وەک نیوەی کۆمەڵ نەیەنە نێو مەیدانی بەکردەوە و بەشدارییان لە کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و مەدەنییەکان. هەڵبەت ڕوونە بەشداری و هاوبەشیی ژنان لە هەموو جومگە سیاسی و مەدەنییەکانی کۆمەڵگە کاتێک وەدی دێ کە ژنان و پیاوان مافی وەک یەکیان هەبن لە هەموو بوارەکانی کۆمەڵایەتیدا، دامەزراوەی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەبێ بۆ بەدواداچوونی ئامانج و مەبەستەکانیان، ئەو ڕێکخراو و دامەزراوانەش ئازادیی بەکردەوە و تێکۆشانی مەیدانییان هەبێ، ئەمنییەت هەبێ، ئازادی هەبێ، وە ئەوانەش کۆمەڵێک شتی بنەڕەتی و ساختارین کە لە بوونی کۆماری ئیسلامیدا وەدی نایەن… نە بۆ کۆمەڵگە و نە بۆ ژنان…

بۆیە لەو قۆناغەدا هەموومان دەبێ دەست لەنێو دەستی یەکتر و یەکڕیز و یەک مەبەست و یەک ئامانج، لەپێناو ڕووخان و نەمانی ئەم ڕێژیمەدا تێ بکۆشین و خەونی گەورەی شەهید سۆیلا و سۆیلاکان، شەهید نەسرین و نەسرینەکان وەدی بێنین.