بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری ئالبۆرگ لە وڵاتی دانمارک .

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ۳۱ی ئاگۆستی ٢٠١٩ ، ڕێوڕەسمێک بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە شاری ئالبۆرگ لە دوورگەی یوولەندی وڵاتی دانمارک بەڕێوە چوو کە تێیدا ژمارەیەک لە ئەندامان، لایەنگران، دۆستانی حیزب و نوێنەری پارت و ڕێکخراوە کوردستانییەکان بەشدار بوون .
ڕێوڕەسمەکە بەسرودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب و ساتێک بێ دەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەھیدانی حیزب و گەل دەستی پێکرد.
پاشان پێشکەشکاری بەرنامە ئیبراهیم ڕەسووڵزادە وێرای سەرەخۆشی بە بۆنەی شەهیدانی تازەی حیزبی دێموکراتی کوردستان و بەڵێنی درێژەدانی ڕێبازی پیرۆزیان، لە وتەیەکی کورت دا بە نوێنەرایەتی کۆمیتەی گشتی و کۆمیتە ناوچەی یوولەندی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە دانمارک بەخێرھاتن و پیرۆزبایی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٤مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی لە ئامادە بووان و میوانەکان کرد .
پاشان کاک ڕەحیم خالید نژاد بەرپرسی کۆمیتەی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان لە وڵاتی دانمارک بە بۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ یادی دامەزرانی ٧٤مین ساڵوەگەڕی حیزبەوە پەیامی دەفتەری سیاسی حیزبی پێشکەش بە بەشداربووان و ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکە کرد .
لە درێژەی رێوڕەسمەکەدا لە لایەن ئەندامان و دۆستانی حیزب و نوێنەرانی ڕێکخراو و حیزبە کوردستانیەکان، مۆمی ٧٤ساڵی دامەزرانی حیزبەکەمان داگیرسا.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کۆمەڵێک لە لایەنە سیاسی و کۆمەڵە کوردی و کلتوریەکان پەیام و بروسکەی پیرۆزباییان نارد بوو .
کە بریتی بوون لە :
⁃ پەیامی پارتی دێموکڕاتی کوردستان 
⁃ پەیامـی ڕێکخراوی دێموکڕاتیکی یارسان
– بروسکەی پارتی ئازادی کوردستان
– بروسکەی یەکیەتی نیشتیمانی کوردستان
⁃ بروسکەی پارتی سوسیالیستی کوردستان
⁃ بروسکەی کۆمەڵەی کلتووری ئێزدیان لە دانمارک.
⁃ بروسکەی پارتی دێموکڕاتی کوردستان -سوریە
⁃ بروسکەی فیدڕاسێۆنی کۆمەڵە کوردیەکان لە دانمارک.
⁃ بروسکەی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
⁃ بروسکەی پارتی ئازادی ژیانی کوردستان -پژاک.
⁃ ناردنی پەیامی ھاوبەشی یەکیەتی لاوان و یەکیەتی ژنانی دێموکڕات .
لە بڕگەی کۆتاییدا هونەرمەندی دەنگ خۆش خەلیل زەهاوی و ژەنیاری بەتوانا ئارمان ڕەزایی سروودێکی تایبەتیان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و بە هونەرەکەیان کەشێکی خۆشیان بۆ بەشداران پێک هێنا.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان کۆمیتەی دانمارک